06:41 - 11/03/2020
پەیسەر دواین زانیاری دەربارەی سیناریۆیەكی شیعەكان ئاشكرا دەكات
پەیسەرپرێس زانیاری دەربارەی سیناریۆیەكی شیعەكان
بۆ مانەوەی كابینەی حكومەت ئاشكرادەكات، ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت زۆرینەی
شیعەكان پشتیوانی مانەوەی عادل عەبدولمەهدی و كابینەكەی دەكەن.
عەبدولمەهدی دەمێنێتەوە
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی
ئاگادارەوە دەستی كەوتووە شیعەكان لەسەر سیناریۆیەك رێككەوتوون كە ئەگەر نەگەیشتنە
رێككەوتن لەسەر كاندیدێك ئەوە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی دەمێنێتەوە تا ئەوكاتەی
لەسەر كاندیدێكی نوێ رێككەوتن دەكەن ئەگەریش هەر رێككنەكەوتن ئەوە تا هەڵبژاردنی
داهاتوو عادل عەبدولمەهدی سەرۆكایەتی حكومەت دەكات.
جێگرەكانی دەسەڵاتی سەرۆك وەزیران وەرناگرن
تارق حەرب شارەزایی دەستوری عێراقی بەپەیسەرپرێسی
راگەیاند ئەگەر عادل عەبدولمەهدی پۆستەكەی جێبهێڵێت لە دوای ئەو 15 رۆژەی لەدەستور
دیاریكراوە بۆ دیاریكردنی كاندیدێكی نوێ ئەوە سامرغەزبان سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران
دەگرێتە دەست و ئەگەریش ئەویش جێیهێشت ئەوە فواد حوسێن كارەكانی سەرۆكی حكومەت بەرێدەكات
بەڵام سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت هیچیان نابنە سەرۆك وەزیران و عادل عەبدولمەهدی
ت رێككەوتنی لایەنەكان دەمێنێتەوە.
زۆرینەی شیعەكان بەمانەوەی عەبدولمەهدی رازین
غالب محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
بەپەیسەرپرێسی راگەیاند زۆرینەی شیعەكان بەگەرانەوەی عادل عەبدولمەهدی رازین، جگە
لە هاوپەیمانیەتی نەسر و پێدەچێت سەدریش رازی نەبێت، ئەگەر تا هەفتەی داهاتوو لەسەر
كاندیدێك رێكنەكەون ئەوە حكومەتی كاربەرێكەردەمێنێتەوە.
عەلاوی بووە قوربانی سەدر
غالب محەمەد دەڵێت ئەو چاوپێكەوتنەی كەناڵی شەرقیە
لەگەڵ موقتەدا سەدر ئەنجامیدا و شەوی 24 ی شوبات پەخشكرا دۆخی ناو ماڵی شیعەی پەرتەوازەكرد،
چونكە لەو چاوپێكەوتنەدا سەدر رایگەیاند كە ئەو كاندیدی سەرۆك وەزیران دادەنێت، شیعەكان
توڕەبوون كە رێگەنادەن سەدر هەموو شتێك بێت، ئەگەرنا شیعەكان بەبێ لایەنەكانی تری
دەیانتوانی كابینەكەی عەلاوی تێپەرێنن، 170 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لەوێ بوون
ئەگەر بچونایە ژوورەوە كابینەكە تێدەپەری،بەڵام لێدوانەكە وایكرد كورد و سوننە و بەشێك
لەشیعە بە سەدر بڵێن تۆ هەموو شتێك نیت و رێگەنادەین ئەم كابینەیە تێپەرێت.
بژاردەی بەردەم سەدر چیە؟
غالب محەمەد دەڵێت ئەگەر ئەمجارە لایەنەكان لەسەر
كاندیدێك رێكبكەون ئایە سەدر كە خاوەنی 54 كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانە كێشە دروست
ناكات؟ یان خۆپیشاندان دژی ئەنجومەنی نوێنەران ناكات؟ بۆیە دەبێت كاندیدی سەرۆك وەزیران
رێككەوتنی لەسەر بكرێت بۆ ئەوەی كێشە دروست نەبێت.
عێراق لەدۆخێكی خراپدایە
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت عێراق لە
رووی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لەدۆخێكی خراپدایە جگە لەوە لەبواری ئابوری بەهۆی
دابەزینی نرخی نەوت لەدۆخێكی باش دانیە هەروەها دۆخی ئەمنی عێراق باش نیە، بۆیە پێویستە
لایەنەكان بەزووی لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیران رێكبكەون بۆ ئەوەی چارەسەری ئەم دۆخە
بكات.
مالكی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە رەتدەكرێتەوە
غالب محەمەد دەڵێت بەهیچ شێوەیەك خۆپیشاندەران
بە گەرانەوەی نوری مالكی رازی نابێت، هەروەها سیستانی پشتیوانی گەرانەوەی نوری
مالكی ناكات.
رۆژی 1/12/2019 عادل عەبدولمەهدی وەك وەڵامدانەوەیەك
بۆ داواكاری خۆپیشاندەران دەستی لەكاركێشایەوە و رۆژی 1/2/2020 محەمەدتۆفیق عەلاوی
لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت راسپێردرا
بەڵام بەهۆی ئەوەی دووجار رێژەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان بەكابینەكەی
بەدەست نەهات رۆژی 1/3/2020 دەستی لەپێكهێنانی كابینەی حكومەت كێشایەوە و داوایكرد
سەرۆك كۆمار كەسێكی تر بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت رابسپێرێت.