ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

07:49 - 08/03/2020

شه‌مخانى له‌ به‌غدا به‌ دواى سه‌رۆك وه‌زیرانێكدا ده‌گه‌ڕێ‌

پەیسەر

كاتێك قاسم سوله‌یمانى شلیله‌ى ده‌سه‌ڵاتى عێراقى ده‌چنى، شه‌وانه‌ له‌ به‌غداوه‌ سه‌ركرده‌ شیعه‌كانى به‌ ده‌ورى بڕیارێكدا كۆ ده‌كرده‌وه‌، دواى ئه‌و ئیدیى به‌رپرسه‌كانى عێراق له‌ به‌غداوه‌ بڕیاریان بۆ نادرێت، عێراق ئیدى بۆ چاره‌سه‌رى هه‌ر بارودۆخێك چاوه‌ڕێیه‌، له‌ كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ نهێنییه‌كانى قه‌ته‌ر، لوبنان یاخود ئوردنه‌وه‌ سه‌فقه‌یه‌كى ئاماده‌كراوى پێ بگات. 

عه‌لى شه‌مخانى چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ تارانه‌وه‌ هاتووه‌و به‌ شه‌قامه‌كانى به‌غدادا هاتوچۆ دەکا، ده‌یه‌وێت بۆشایی قاسم به‌ یه‌كجارى ئێران ره‌نج به‌ خه‌سار نه‌كات، بۆیه‌ش هه‌وڵى چڕوپڕى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ده‌ستپێكردووه‌و له‌گه‌ڵ یار و نه‌یار كۆڕى مه‌جلیسى گه‌رم كردووه‌. 

زانیارییه‌كان چین؟

عه‌لى شه‌مخانى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى باڵاى ئاسایشى نیشتمانیى ئێران له‌ به‌غدایه‌، هه‌وڵ ده‌دات كۆده‌نگى نێو ماڵى شیعه‌ له‌سه‌ر كاندیدێكى دڵخوازى ئێران مسۆگه‌ر بكات، بۆ ئه‌وه‌ش كۆبوونه‌وه‌ى چڕوپڕى له‌گه‌ڵ كردوون، ئه‌وه‌ى مایه‌ى سه‌رنجى زیاتره‌، كۆبوونه‌وه‌ى شه‌مخانییه‌ له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمیى سه‌رۆكى ده‌زگاى هه‌واڵگرى نیشتیمانى عێراق.

ناوى كازمى بۆ كاندیدكردنى بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران ده‌مێكه‌ له‌ نێو ناوانه‌، به‌ڵام ئه‌و وه‌ك دۆستى هه‌ره‌ نزیكى ئه‌مریكییه‌كان ناوى رۆیشتووه‌ و به‌ركه‌وتنى زۆرى له‌گه‌ڵ گروپه‌ میلیشیا شیعییه‌كان هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت ئێران له‌ پشتى په‌رده‌وه‌ كارى بۆ لابردنى كازمیى ده‌كرد له‌ پۆستى سه‌رۆكى ده‌زگاى هه‌واڵگریى. كۆبوونه‌وه‌كه‌ى شه‌مخانى له‌گه‌ڵ كازمى له‌ كاتێكدا ناوى چه‌ند كاندیدى دیكه‌ش له‌سه‌ر مێزى دانوستانه‌كانه‌، خوێندنه‌وه‌ى تایبه‌ت هه‌ڵده‌گرێت. 

گریمانه‌ى سه‌ره‌كى ئه‌وه‌یه‌ شه‌مخانى سه‌رقاڵى ئاماده‌كردنى سه‌فقه‌یه‌ك بێت، بۆ ئه‌وه‌ى كاندیدێكى ئه‌مریكى- ئێرانى ببێته‌ سه‌رۆك وه‌زیران، هه‌م به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى تاران بپارێزێت هه‌م بازنه‌ى پێكگه‌یشتنى تاران و واشنتن بێت، له‌ به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنى دڵنیایى له‌ كازمى بۆ جێبه‌جێكردنى به‌رنامه‌ و پرۆژه‌ ئێرانییه‌كان، پشتیوانیى كوتله‌ شیعییه‌كانى به‌ پاككراوى بخرێته‌ به‌ر ده‌ست. گریمانه‌یه‌كى دیكه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شه‌مخانى وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كى ئه‌منى كۆمه‌ڵێك مه‌له‌فى ئه‌منیى له‌گه‌ڵ کازمى شه‌نوكه‌و كردبێت یاخود نیگه‌رانییه‌كانى خۆى سه‌باره‌ت به‌ كوشتنى سلێمانى گه‌یاندبێت و تاوتوێى هه‌ندێك زانیارى له‌گه‌ڵ كردبێت. 

ناوى عامرى و گه‌ڕانه‌وه‌ى مالیكى

شیعه‌كان له‌نێو خۆیاندا تا ئێستا نه‌سازاون به‌ڵام پێشهاتى نوێ ئه‌وه‌یه‌، ناوى نورى مالیكى و هادى عامرى وه‌ك كاندیدى سه‌رۆك وه‌زیران فڕێدراوه‌ته‌ سه‌ر مێزى دانوستان، ئه‌وانه‌ى ساڵانێكى زۆره‌ بژارده‌ى ئێرانن، ئه‌گه‌رچى هێشتا ئه‌سعه‌د عیدانى و محه‌مه‌د شیاع سودانیش، ئاوت نه‌كراون و قسه‌یان له‌سه‌ر ده‌كرێت.

جه‌مال كۆچه‌ر سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ په‌یسه‌ر قسه‌یكردوو پێى وابوو رێككه‌وتنى شیعه‌كان قورس نییه‌،" شیعه‌كان له‌ كۆتاییدا رێكده‌كه‌ون و نێوانیان ئه‌وه‌نده‌ خراپ نییه‌، وه‌ك كورد نین كه‌ به‌ بوغزه‌وه‌ سیاسه‌ت بكه‌ن".

گه‌ڕانه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى

دوایین پێشهاته‌كان به‌ جۆرێكن، كاراكردنه‌وه‌ى حكومه‌ته‌ كار به‌ڕێكه‌ره‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى سیناریۆیه‌كى لاواز نییه‌، له‌نێو ئه‌و سیناریۆیانه‌دا كه‌ له‌سه‌ر مێزى دانوستانى شیعه‌كانن، خه‌ریكه‌ لایه‌نه‌كان ده‌گه‌نه‌ ئه‌و بڕوایه‌ى بژارده‌ى گونجاو مانه‌وه‌ى عادله‌، به‌ تایبه‌ت دواى چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ى محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى له‌ ركابه‌رى به‌ ده‌ستهێنانى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران.

سه‌درییه‌كان پێیان وایه‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كانى دیكه‌ موئامه‌ره‌یان له‌ دژ كردوون، به‌وپێیه‌ى له‌ ١٨٧ په‌رله‌مانتارى شیعه‌، ٦٠ بۆ ٧٠ په‌رله‌مانتاریان چوونه‌ دانیشتنى په‌رله‌مان بۆ متمانه‌دان به‌ عه‌لاوى، دانیشتنى په‌رله‌مان شكستى هێنا و نیساب ته‌واو نه‌بوو، سه‌درییه‌كانیش وه‌ك كاندیدى خۆیان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ عه‌لاوى ده‌كرد، پێناچێت ئیتر به‌ ئاسانى رازى ببن كاندید دابنرێت له‌ ده‌ره‌وه‌ى خواستى ئه‌وان. ئه‌وه‌ش به‌ربه‌ستێكى دیكه‌ى رێككه‌وتنه‌و چانسى گه‌ڕانه‌وه‌ى عه‌بدولمه‌هدى زیاتر ده‌كات، كورد و سوننه‌ و به‌شێك له‌ شیعه‌كانیش پێشوازى له‌م بژارده‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌ى عه‌بدولمه‌هدى سێ به‌ربه‌ستى گه‌وره‌ى له‌ پێشه‌.

یه‌كه‌م؛ ئه‌مرییكییه‌كان رایان له‌سه‌رى باش نییه‌، عه‌بدولمه‌هدى له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكى خۆپیشاندان زۆر زیاتر له‌ ئێرانییه‌كان نزیك بووه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت دواى بابه‌تى ته‌قه‌ى قه‌ناس بەدەستەکان و كوشتنى خۆپیشانده‌ر.

دووه‌م؛ مه‌رجه‌عییه‌تى باڵاى شیعه‌كان لە عێراق له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌، له‌پێناوى ئه‌وه‌ى كۆتایى به‌ خۆپیشاندان بێت و هه‌ژموونى شیعه‌كان له‌وه‌ زیاتر زیانى پێ نه‌گات.

سێیه‌م؛ شه‌قام به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى عه‌بدولمه‌هدى داناكه‌ون و رازى نین. 

شه‌مخانى چى پێ ده‌كرێت؟

هێشتا شه‌مخانى له‌ ده‌ستپێكى مانۆڕه‌كه‌یدایه‌ و ئه‌وسه‌رى هه‌وڵه‌كانى دیار نین، به‌ڵام پێده‌چێت رازى نه‌بێت به‌ ده‌ستى به‌تاڵ بگه‌ڕێته‌وه‌ تاران، شه‌مخانى ئه‌گه‌رچى ئه‌ركه‌كه‌ى قورسه‌، چونكه‌ پڕكردنه‌وه‌ى بۆشایى به‌رینیی سوله‌یمانییه‌ له‌ گفتوگۆكانى دانانى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، به‌ڵام ئه‌وە په‌یوه‌ندى ئه‌منى توندوتۆڵى له‌گه‌ڵ گروپه‌ ئه‌منى و میلیشیاكان هه‌یه‌ و شاره‌زاى زۆرى هه‌یه‌ له‌ كارووبارى عێراق و په‌یوه‌ندیشى له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌كانى زۆر باشه‌. خۆى كه‌سایه‌تییه‌كى سه‌ربازیى دێرینه‌ و دانوستانكاره‌ عێراقییه‌كانیش زۆرینه‌یان كه‌سایه‌تى ئه‌منین.

له‌گه‌ڵ گه‌یشتنى شه‌مخانى، ناوى مالیكى و عامریش ئاماده‌بوو له‌سه‌ر مێزى دانوستان، دیار نییه‌ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ى ئه‌و دوو ناوه‌، بۆ ئه‌وه‌یه‌ نه‌یاره‌كانى ئێران به‌ كاندیدى كه‌مێك نه‌رمتر له‌وان رازى ببن، یاخود له‌و بابه‌ته‌ جدیین، له‌ كاتێكدا ده‌زانن شه‌قام مل ناده‌ن بۆ كاندیدى له‌و جۆره‌. 

یه‌كه‌م هه‌نگاوى شه‌مخانى دواى نه‌مانى سوله‌یمانى له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا سه‌رنجى زۆرى له‌سه‌ره‌، پێده‌چێت ئێران زۆر به‌ ته‌نگ گرتنه‌وه‌ى دۆخى له‌ جێ چووى عێراقه‌وه‌ بێ، تا له‌وه‌ زیاتر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى نه‌كه‌ونه‌ به‌ر مه‌ترسیى. جارێ دیارنییه‌ شه‌مخانى وه‌ك سوله‌یمانى له‌ عێراق كه‌شتییه‌ك ده‌خاته‌ڕێ كه‌ سوكانه‌كه‌ى به‌ ده‌ستى ئیمامه‌كانى قومه‌وه‌ بێت، یاخود ئه‌مجاره‌ بارودۆخه‌كه‌ گۆڕاوه‌و شه‌مخانى به‌ چنگى پڕه‌وه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌؟