ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:10 - 08/03/2020

كێشەی بنەماڵەی ئالی سعود ، یاخیبوون یان خیانەت؟‌

پەیسەر

 كێشەو ململانێكانی عەرەبستانی سعودیە لە چەند رۆژی ڕابودوودا گەشتۆتە لووتكە، چەندین كەس لە بنەماڵەی پاشایەتی لە لایەن پاسەوانانی پادشاگەنجەكەوە دەستگیر كراون، بێدەنگییەك سەراپی سعودیەی داگیر كردووە، پاشای سعودیەش دەڵێت ئەمەریكیەكان پێیان گوتووم نیازیان وایە كودەتا بكەن.

 

رۆژی هەینی ڕابوردوو هێزە ئەمنیەكانی عەرەبستانی سعودی لە هەڵمەتێكی بێ پێشینەدا چەندین ئەمیرو دەسەڵاتداریی وڵاتەكەیان دەستگیركرد، بە پێی راپۆرتە رۆژنامەوانیەكان ژمارەیان زیاترە لە بیست كەس و لەناویاندا ئەمیر ئەحمەدی كوڕی عەبدولعەزیز و نایفی كوڕی و محمدی كوڕی نایف هەن.


نایف كوڕی ئەحمەدی كوڕی عەبدولعەزیز، كە سەرپەرشتیاری یەكەم و بەرپرسی هێزەكانی هەواڵگریی و هێزە وشكانیەكانەو بەرزترین پلەی سەربازیی هەیە لە عەربستانی سعودیەدا، بە پێی هەواڵێكی رۆژنامەوانی ئەمیر محمد سەلمان لە دوای هەلمەتی دەستگیركردنەكان فەرمانی كردووە بەسەرجەم ئەمیرەكان كە دەبێت لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان پۆست بكەن و پابەندی و ملكەچی خۆیان دووپات بكەنەوە. هەر بۆنموونە عەبدوڵا كوڕی سوڵتان كوڕی ئالی سعود لە توێتێكدا نوسیویەتی: هەركەس ئێوە بپارێزێت دەیپارێزین، هەركەس دژایەتیتان بكات دژی دەبین، ئێمە لەسەر ئەو پەیمانەمان بەردەوامین و ئەو پەیمانەشمان بە خوای خۆمان داوە، هەموو فەرمانێك لە دوای فەرمانەكانی خودا بۆ تۆیە، لە كۆتایی پۆستەكەشیدا نوسیوتی: هەموومان سەلمانین هەموومان محمدین.
ئاژانسیس هەواڵدەریی رۆیتەرز لەبارەی هەڵمەتەكەوە نوسیویەتی: ئەو ئەمیرانە بۆیە دەستگیركراون چوون بەتەمای كودەتابوون، بۆیە بەرپرسانی عەرەبستانی بە تۆمەتی خیانەت دەستگیریان كردوون.


سەرچاوەكانی هەواڵ باس لەوە دەكەن كە ئەمیر محمدی كوڕی نایف و براكەی نەواف لە كاتێكدا بووە كە لە رۆژی هەینی لە چادرگەیەكدا بوون لە دەشتاییەكانی عەربستانی سعودیە، ئەحمەدی كوڕی عەبدولعەزیزیش لە ڕاوەماسی گەڕاوەتەوەو نامەیەكی دراوەتە دەست و بانگهێشت كراوە بۆ ئەوەی بچێت بۆ بینینی ئەمیری سعودیە، بەڵام كاتێك گەشتوەتە پێشەوە دەستگیركراوە، بە پێی وتەكانی خۆی گوتویەتی نازانێ لەسەرچی دەستگیركراوە. هەروەها ئەمیر فەهد كوڕی عەبدوڵا لە یەكێك لە ئوتێلەكانی ریازی پایتەختدا دەستگیركراوە.
سەرچاوەیەك بە ئاژانسی هەواڵدەری رۆیتەرزی ڕاگەیاندووە كە محەمەدی كوڕی سەلمان، كەئێستا پادشای وڵاتەكەیەو  تەمەنی تەنها 34 ساڵەو گوایە لە ڕێگەی دەزگای هەواڵگریی ئەمەریكاوە زانیویەتی كە ژمارەیەك لە ئەمیرەكان سەرقاڵی ئەنجامدانی كودەتان لە دژیی، ئەویش ویستوویەتی بەرلەوەی ئەوان دەست بدەنە كارەكەیان ئەك دەستپێشخەری بكات و كۆتایی بەو پلانە بهێنێت و هیچ كەسێك لە گۆڕەپانەكەدا وەك نەیارو كێبەركێكار نەمێنێتەوە.
وەك شارەزایانی بنەماڵەی ئالی سعودباسی دەكەن ئەمیر ئەحمەد كوڕی عەبدولعەزیز دوو مانگ و نیوە لە دەرەوەی وڵات گەڕاوەتەوە بۆ ڕیاز و خۆی لە هەموو دەركەوتنێك دەپارێزێت و نایەوێت بكەوێتە بەرچاوی خەڵك. هەروەها باسیان لەوە كردووە زۆر بەدوورە بیری لەوە كردبێتەوە كە ببێتە پادشای وڵاتەكەی و بەهیچ شێوەیەكیش بیری لێنەكردووەتەوەو توانای ئەوەشی نیە فەرمانڕەوایەتی بدرێتە دەست. بەڵام وەك رۆیتەرز باسی كردووە ئەو یەكێكە لەوانەی كە نیگەران و ناڕازیی بوە بە پادشایەت ئەمیر محمد لە ساڵی 2017 دا. هەرچی پادشای سعودیەشە گوتوویەتی ماوەی ساڵێك دەبێت خراوەتە ژێر چاودێرییەوەو هەڵس و كەوتەكانی گوماناوی بوون.


بە پێی ڕاپۆرتەكەی رۆیتەرز، ماوەیەكی زۆرە پادشا گەنجەكەی سعودیە دەستی كردووە بەداخستنی هەموو دەروازەكان لە بنەماڵەكەی و  هیچ دەروویەكی بۆ نەهێشتوونەتەوە تا لەو ڕێگەیەوە لە دژی بوەستنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لە 2017 ەوە تائێستا ناوبەناو دەستگیری كردوون و دواتر ئازادی كردووە، بەڵام لە دوای ئەوەی رۆژنامەنووسی بەناوبانگی سعودی لە توركیا لەناو كۆنسوڵخانەی سعودییەدا كوژرا لە 2018 دا و پەنجەی تاوان بۆ پادشا گەنجەكە ڕاكێشرا، ئیتر ئەویش دەستی لە گرتن و بەرتەسكردنەوەی ئازادییەكانیانی كردووە.
بەپێی ڕاپۆرتە رۆژنامەوانیەكان لەنێو بنەماڵەی پاشایەتی عەربستانی سعودیەدا چەند كەسێكبیر لەوە دەكەنەوە كە كار بۆ بەدەست هێنانی دەسەڵاتی یەكەمی سعودیە دەكەن، ئەوانیش بریتین لە ئەمیر ئەحمەد برای بچووكی شا سەلمانەو تەنها ئەو كوڕەی لە ژیاندا ماوە، ئەوەش بە گەورەترین گریمانە دادەنرێت و لە نێو بنەماڵەو هێزی سەربازیی سعودیەدا پشتیوانی دەكرێت، بەڵام توێژەرانی رۆژئاوایی و ئەوانەی كە شارەزای بنەماڵەی ئالی سعودن بەدووری دەزانن ئەو پیاوە تەمەن 84 ساڵەیە بیەوێت ببێتەوە بە پادشای عەرەبستانی سعودیە، بەڵام ئەوەی كە گومانیان لێی هەیە ئەوەیە كە كوڕەكەی ئەو كارەبكات و دەسەڵاتی مەعنەوی باوكی وەك هەلێك بقۆزێتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی رۆژنامە ئەمەریكیەكان پاسەوانی تایبەتی ئەمیر محمد كوڕی سەلمان هەستاون بەو كارەوە زیاتر لە 20 كەسیان لە بنەماڵەی فەرمانڕەوا دەستگیركردووە.


سیناریۆكانی ئەم ڕوداوە لە چەند ئەگەر و پێشبینییەك دەرناچێت:
1-ئەگەر ئەو تۆمەتەیان بەسەردا ساغ ببێتەوە كە بەتەمای كۆدەتابوون، ئەوا بە پێی یاسای وڵاتی سعودییە دەچنە ڕیزی خیانەتی گەورەوەو سزاكەشیان لە سێدارەدان  یان زیندانی هەمیشەیی كەمتر نیە.
2- پێشبینی دووەم تەنها كۆمەڵێك جموجوڵی خێزانی و نیگەرانی بووەو هیچ ئامانجێكی كودەتا لە پشتیەوە نەبووە، ئەگە روابێت تا كاتی یەكلایی بوونەوەی لە زیندان دەمێننەوەو دواتر لە ژێر چاودێریی دەمێننەوە.
3- گۆڕینی پشتاوپشتی دەسەڵاتە لە نێوان ئامۆزاكاندا، چوون ئەوانەی دەستگیركراون زۆرینەیان لەبەرە بابی دیكەن و گوایە چاویان لە كورسی دەسەڵاتە، دەزگا ئەمنی و سەربازییەكانی وڵاتیش بەشێكی زۆریان لایەنگریی ئەو بۆچوونە دەكەن.
4-وەك باس دەكرێـت بەشێك لەوانەی كە دەستگیركراون ڕەخنەی توندیان لەبڕیاری ڕاگرتنی حەج و عەمرە گرتووە كە بە هۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆناوە ئەمساڵ عەرەبستانی سعودیە ڕایگرتووەن. ئەمیر محمدیش ئەو كارەی بە مەترسی زانیوە كە بۆچوونەكانی ئەو بەهەند وەرنەگیرێن و ئەوەش دەروازەیەك دەبێت كە لە كاروباری دیكەشدا پشت لە قسەو فەرمانەكانی بكەن.


بە پێی بۆچوونی ئەو شارەزایانەی كە باس لەدۆخی عەرەبستانی سعوجیە دەكەن، دەڵێن: پێشتر زانایان و مەشایخ و سەرۆك عەشیرەتەكان گیراون و نەهێڵراوە ئۆپۆزسیۆن لە وڵاتەكەیان سەربگرێت. بەڵام سەیرەكە لەوەدایە بێدەنگیەگی گەورە لەنێوخۆی وڵاتی عەربستانی سعودیەدا بەڕێوە دەچێت و كەسیش نازانێت ئەو بێدەنگییە تا كەی درێژە دەكێشێت.