ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

09:35 - 26/02/2020

ئایا ئێران ده‌بێته‌ چه‌قی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست؟‌

پەیسەر

له‌ مانگی 12ی ڕابردوودا چه‌ندین چالاكی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئێران بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ چه‌ندین كه‌س له‌ وڵاته‌كه‌یان تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بوون.
ڕۆژنامه‌نووسێكی ئێرانی كوته‌ شوێنپێ هه‌ڵگرتنی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌، له‌كاتی به‌دواداچوونه‌كانیدا پزیشكێك له‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی شاری قوم په‌یوه‌ندی پێوه‌كرد و ته‌ئكیدی له‌ ڕاستی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ كرده‌وه‌، ڕۆژنامه‌نووسه‌كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ تویته‌ره‌كه‌ی خۆی بڵاوكرده‌وه‌‌ كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ تایبه‌ته‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتبوون. به‌ڵام ڕۆژێك دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی تویته‌كه‌ی، خۆی و تویته‌كانیشی دیارنه‌مان.

 
به‌رله‌ ناوه‌ڕاستی مانگی ڕابردوو، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئێران ئه‌و هه‌واڵانه‌ی ڕه‌تكرده‌وه‌ كه‌ ژنێكی ته‌مه‌ن 62 ساڵ دوای تووشبوونی به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ شاری قوم مردبێت، ئه‌م حاڵه‌ته‌ هه‌مان حاڵه‌ت بوو كه‌ ڕۆژنامه‌نووسه‌ ئێرانییه‌كه‌ به‌رله‌ دیارنه‌مانی باسی ده‌كرد.

چه‌ند ڕۆژێك دواتر دامه‌زراوه‌ی سیاسی وڵات و خه‌ڵكی ئێران به‌و هه‌واڵه‌وه‌ سه‌رقاڵبوون كه‌ گوایه‌ ئه‌نجومه‌نی پاراستنی ده‌ستوور زۆرینه‌ی پاڵێوراوه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی ڕه‌تكردووه‌وه‌، باس بووه‌ باسی بایكۆتكردنی پرۆسه‌ی ده‌نگدان.

له‌ناكاو و دووڕۆژ به‌رله‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی ئێران، به‌تایبه‌ت ڕۆژی 19ی ئه‌م مانگه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئێران ڕایگه‌یاند، دوو كه‌س به‌هۆی تووشبونیان به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ مردوون. له‌و ڕۆژه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆوه‌ ئێران مردنی 15 كه‌س و توشبوونی 95 كه‌سی تری به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ ڕایگه‌یاند.

ده‌شێت ئه‌و ئامارانه‌ دروست و ورد نه‌بن و ژماره‌ ڕاسته‌كه‌ زۆر له‌وه‌ زیاتر بێت، وه‌ك هه‌ندێك ده‌ڵێن، به‌ڵام هیچ كه‌سێك له‌ناو ئێران و ده‌ره‌وه‌یدا ناتوانێت له‌وه‌ دڵنیابێت. وه‌ك بووه‌ به‌ باو له‌ناو كۆماری ئیسلامی ئێراندا، شه‌فافیه‌ت له‌ ڕاگه‌یاندنی ئاماره‌كانی هیچ ڕووداوێكدا نییه‌.

سه‌ره‌تا كۆرۆنا له‌ قوم بڵاوبووه‌وه‌
سه‌ره‌تا ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ حه‌وته‌م گه‌روه‌ شاری ئێراندا بڵاوبووه‌وه‌ كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی ده‌گاته‌ نزیكه‌ی ملیۆنێك و 228 هه‌زار كه‌س. قوم له‌دوای شاری مه‌شهه‌د به‌دووه‌م شاری ئێران داده‌نرێت له‌ڕووی گه‌شتیارانی شیعه‌وه‌، ئێرانی بن یان گه‌شتیاری عه‌ره‌بی وڵاتانی دراوسێی ئێران.

مه‌زاری فاتیمه‌ی كچی پێغه‌مبه‌ر و موسای جه‌عفه‌ر حه‌وته‌م ئیمامی شیعه‌كان و مزگه‌وتی جه‌مكه‌رانی تێدایه‌ كه‌ شوێنێكی ئایینی پیرۆزه‌ بۆ گه‌شتیاران. گه‌وره‌ترین حه‌وزه‌ی ئایینی ئێرانیشه‌، به‌پێی سه‌نته‌ری شوێنه‌واری فه‌رهه‌نگی قوم، ساڵانه‌ نزیكه‌ی دوو ملیۆن و 500 هه‌زار گه‌شتیاری بیانی و 20 ملیۆن گه‌شتیاری ئێرانی ڕووی تێده‌كه‌ن.
یه‌كه‌م حاڵه‌تی مردن به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێوه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌م شاره‌دا تۆماركرا، له‌دوای چینیش زۆرترین حاڵه‌تی تووشبوونی به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ تێدا تۆماركراوه‌.

كیانوش جهانپور، وهته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئێران ڕایگه‌یاند، دوو هاوڵاتی به‌ ته‌مه‌نی شاری قوم به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌ مردوون، هۆكاره‌كه‌شی كه‌می به‌رگریی له‌شیان و به‌ساڵاچوونیان بووه‌. به‌ڵام هیچ زانیارییه‌كی دیكه‌ی له‌باره‌ی ڕه‌گه‌ز و ته‌مه‌نی توشبووه‌كانی تره‌وه‌ ئاشكرانه‌كرد.

هیچ ده‌نگێك له‌ ده‌نگی هه‌ڵبژاردن به‌رزتر نییه‌
له‌ كۆنقرانسی ڕۆژنامه‌وانی وه‌زیری ناوخۆی ئێراندا عه‌بدولڕه‌زا ڕه‌حمانی فه‌زلی له‌ 21ی ئه‌م مانگه‌دا كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، ڕۆژنامه‌نووسێك پرسیاری ئه‌وه‌ی لێكرد كه‌ بۆچی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ دوانه‌خراوه‌، یان به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ له‌ شاری قوم دوانه‌خراوه‌؟ وه‌زیری ناوخۆ وه‌ڵامیدایه‌وه‌ و وتی، دواخستنی هه‌ڵبژاردن ده‌بووه‌ هۆی دواخستنی پێكهێنانی په‌رله‌مان. بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنێت كه‌ دۆخه‌كه‌ له‌ قوم مه‌ترسیدار نییه‌ وتی، ڕێژه‌ی ده‌نگدان له‌ قوم گه‌یشتووه‌ته‌ 42% .

ڕۆژنامه‌نووسێكی ئێرانی ئه‌وه‌ی ئاشكراكرد كه‌ حه‌سه‌ن ڕوحانی سه‌رۆك كۆمار داوای له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ كردووه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ شاری قوم دوابخرێت، به‌ڵام به‌توندی ڕه‌تیكردووه‌ته‌وه‌ و پێی ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی وتویه‌تی دۆخه‌كه‌ هێنده‌ مه‌ترسیدار نییه‌.

جێگری وه‌زیری ته‌ندروستی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنای له‌ قوم ڕه‌تكرده‌وه‌ و خۆشی تووشبوو

 دوای ئه‌وه‌ی كۆرۆنا به‌ خێرایی له‌ ئێران بڵاوبووه‌وه‌ و گه‌یشته‌ شاره‌كانی تر، تاران و شاری ئه‌راكی نزیك قوم، ئه‌مه‌د ئه‌میر ابادی په‌رله‌مانتار له‌سه‌ر بازنه‌ی شاری قوم وتی، ژماره‌ی توشبووان له‌ شاره‌كه‌یدا گه‌یشتووه‌ته‌ 50 كه‌س و حكومه‌تی به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرد كه‌ ڕاستییه‌كان ده‌شارێته‌وه‌.

هه‌ر زوو ئیره‌ج حه‌ریرچی جێگری وه‌زیری ته‌ندروستی ئێران ئه‌و وتانه‌ی ڕه‌تكرده‌وه‌ و وتی، هیچ كه‌س مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ ژماره‌ی توشبووه‌كان ڕابگه‌یه‌نێت، ڕاستیه‌كان ته‌نها لای وه‌زاره‌تی ته‌ندروستین و دۆخه‌كه‌ش له‌ قوم تا ڕاده‌یه‌ك سه‌قامگیره‌. به‌ڵا دوای ئه‌م لێدوانه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ جێگری وه‌زیری ته‌ندروستی خۆشی تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بووه‌.

كه‌حمود نه‌به‌وی پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌ گوازراوه‌كان و مامۆستای زانكۆی شه‌هید به‌هه‌شتی ده‌ڵێت، قسه‌كانی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ زیاده‌ڕۆییان تێدایه‌، وتیشی، ڕاسته‌ شاری قوم به‌دۆخێكی دژواردا ده‌ڕوات و زۆرترین ڕێژه‌ی تووشبوونی به‌راورد به‌ شاره‌كانی دیكه‌ی ئێران تێدا تۆماركراوه‌، به‌ڵام وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و پزیشكه‌كان هه‌موو هه‌وڵه‌كانیان خستووه‌ته‌گه‌ڕ تا ڤایرۆسه‌كه‌ كۆنترۆڵ بكه‌ن.

به‌ڵام دوور له‌ لێدوانی به‌پرسانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ و پزیشكه‌كان، ترس باڵی به‌سه‌ر شاری قومدا كێشاوه‌ و خه‌ڵكی شاره‌كه‌ ده‌ستیانكردووه‌ به‌ جێهێشتنی.

سه‌ركردایه‌تی باڵا: نا بۆ پارێزبه‌ندی ته‌ندروستی

 
كۆرۆنا له‌ ئێران خێرا بڵاوده‌بێته‌وه‌، چه‌ند پزیشكێك داوایان له‌ حكومه‌ت كرد خوێندنگه‌كان و زانكۆكان و شانۆكان و سینه‌ماكان دابخات، داواشیان كرد شاری قوم به‌ڕووی هاتوچۆدا دابخه‌ن، به‌ڵام تا ئێستا حكومه‌ت ئاماده‌نییه‌ ئه‌و كاره‌ بكات.

له‌ 22ی ئه‌م مانگه‌دا مه‌سعود سه‌قه‌فی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای ئێران ڕایگه‌یاند، خوێندنگه‌ و زانكۆكان داده‌خرێن، له‌هه‌مان كاتدا هه‌موو چالاكییه‌ ڕۆشنبیرییه‌كان له‌ شاره‌كه‌دا هه‌ڵپه‌سێردران، به‌ڵام هێشتا شاره‌كه‌ به‌ڕووی شاره‌كه‌دا دانه‌خراوه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ سه‌نته‌ری قه‌یرانه‌كانی شاری قوم ڕایگه‌یاند، سه‌ركردایه‌تی باڵای وڵات ڕه‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ شاره‌كه‌ به‌ڕووی هاتوچۆدا دابخه‌ن و پێیانوایه‌ ئه‌و كاره‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێ له‌دڵی هه‌موو خه‌ڵكی وڵاتدا بڵاوده‌كاته‌وه‌ و وڵات ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانی تر ده‌كاته‌وه‌.

ده‌شڵێت، ئه‌گه‌ر شاره‌كه‌ به‌ڕووی هاتوچۆدا دابخرێت خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌مووی ده‌ڕژێنه‌ به‌رده‌م دوكان و ده‌رمانخانه‌كان، ئه‌وه‌ش قه‌یرانی كه‌می خۆراك و ده‌رمان دروستده‌كات و په‌یامێكی زۆر خراپ ده‌داته‌ دانیشتوانی شاره‌كانی تریش، له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ ته‌نها ناوه‌نده‌كانی خوێندن (ئایینی و نا ئایینی) داخران و ماچكردنی مه‌رقه‌دی فاتیمه‌ی زه‌هرا قه‌ده‌غه‌كرا، به‌ڵام دانه‌خراوه‌.

حكومه‌ت: نه‌خۆشخانه‌كان ئاماده‌ن و هه‌موو پێداویستییه‌كیان تێدایه‌

 دوای ئه‌وه‌ی چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای تاراندا كرد و له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێراندا كۆبووه‌وه‌، ڕاگه‌یاندنه‌كانی ئێران بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ مورته‌زا ڕه‌حمان زاده‌، سه‌رۆكی شاره‌وانی 13ی تاران تووشی كۆرۆنا بووه‌ و خراوه‌ته‌ پارێزبه‌ندی ته‌ندروستییه‌وه‌.

ئیلهام فه‌خاری ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای تاران به‌ ڕۆژنامه‌ی هه‌مشه‌ری ڕاگه‌یاند، كه‌ تووشی كۆرۆنا بووه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ سه‌ره‌تادا دوودڵ بووه‌، ئه‌و یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ی له‌گه‌ڵ ڕه‌حمان زاده‌ كۆبووه‌ته‌وه‌، ده‌شڵێت، هێڵنجی توندی داوه‌ و تای لێهاتووه‌ و چووه‌ته‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كان و دووجار پشكنینی بۆ كراوه‌.

ئیلهام به‌ ڕاشكاوی نه‌یوت كه‌ له‌ خۆیه‌وه‌ تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بووه‌، ئه‌و كه‌وته‌ پیاهه‌ڵدان به‌ شان و باڵی نه‌خۆشخانه‌كاندا كه‌ شوێنیان بۆ تووشبووانی ڤایرۆسه‌كه‌ جیاكردووه‌ته‌وه‌ و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی كاری باشی له‌و ڕووه‌وه‌ كردووه‌ و سه‌ره‌ڕای سزاكانی سه‌ر وڵاته‌كه‌ی ئامێری پزیشكی زۆری هێناوه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا پزیشكێكی نه‌خۆشخانه‌ی یافت ئابادی تاران ده‌ڵێت، تا دێت دۆخی نه‌خۆشخانه‌كه‌ خراپتر ده‌بێت، ئامێری پێویستی تێدا نییه‌، جلوبه‌رگ و ده‌مامكی پزیشی تێدا نه‌ماوه‌، ده‌شڵێت كاتێك وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییان ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ هیچیان بۆ نه‌ناردوون.

به‌ وته‌ی ئه‌م پزیشكه‌، نه‌خۆشخانه‌كه‌ بۆ ئه‌و جۆره‌ نه‌خۆشیه ناشێت، ته‌نها دوو یان سێ ژوور بۆ تووشبووانی كۆرۆنا ئاماده‌كراوه‌، ئه‌وه‌ش نه‌خۆشه‌كانی تری ناو نه‌خۆشخانه‌كه‌ی تووشی ترس و دڵه‌ڕاوكێ كردووه‌.

ئایا كرێكاره‌ چینییه‌كان هۆكاری بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ن؟

 تا ئێستا هۆكاری ڕاسته‌قینه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ ئێران نه‌زانراوه‌، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت كه‌ سه‌ره‌تا له‌ شاری قوم سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و له‌وێوه‌ گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ شاره‌كانی تری ئێران وڵاته‌ عه‌ره‌به‌ دراوسێكانی ئێران. ئێستا ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی له‌وه‌ ده‌ترسێت ئێران ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌ك له‌ عێراق و لوبنان و ئیمارات و كوه‌یت چه‌ند حاڵه‌تێكی تووشبوونیان به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ ڕاگه‌یاند، سه‌رجه‌میشیان له‌و خه‌ڵكانه‌وه‌ بوون كه‌ له‌ ئێران گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

چه‌ندین قسه‌وباس له‌سه‌ر هۆكاری بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌ ئێران كراون و ده‌ڵێن، سه‌رچاوه‌كه‌ی ئه‌و كرێكاره‌ چینیانه‌ن كه‌ له‌ ئێران كارده‌كه‌ن، به‌ تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی مینو موحرز پیزشك و ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی نه‌خۆشییه‌ درمه‌كان ڕایگه‌یاند، سه‌رچاوه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ ئه‌و كرێكاره‌ چینیانه‌ن له‌ قوم كارده‌كه‌ن.

ڕه‌خنه‌ی زۆر له‌ حكومه‌ت گیرا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێوشوێنی پێویستی له‌وباره‌یه‌وه‌ نه‌گرتووه‌ته‌ به‌ر و له‌ كاتی خۆیدا گه‌شته‌كانی له‌گه‌ڵ چین ڕانه‌گرتووه‌، به‌ڵام حكومه‌ت وه‌ڵامیدایه‌وه‌ و وتی له‌سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه‌ گه‌شته‌كانی بۆ چین ڕاگرتووه‌، به‌ڵام باسی له‌ ڕێڕه‌وه‌كانی دیكه‌ی وڵاته‌كه‌ی نه‌كرد.

ڕۆژنامه‌نووسێكی ئێرانی ده‌ڵێت، حكومه‌ت ده‌ڵێت كه‌ گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی بۆ چین ڕاگرتووه‌، به‌ڵام هیچی له‌باره‌ی كرێكاره‌ چینییه‌كانه‌وه‌ نه‌وت، یان باسی ئه‌وه‌ی نه‌كرد كه‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌م كرێكارانه‌ له‌ وڵاته‌كه‌یانه‌وه‌ پشكنینیان بۆكراوه‌ یان نا؟

له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ڕایگه‌یاند، ئه‌و خوێندكاره‌ ئێرانیانه‌یان هێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ شاری ووهانی چین ده‌یانخوێند ز له‌ڕووی ته‌ندروستییه‌وه‌ جیاكراونه‌ته‌وه‌ ، به‌ڵام هه‌ندێك گومانیان هه‌یه‌ حكومه‌ت له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕاست بكات و ده‌ڵێن، ئه‌مانه‌ ۆكارێكی تری بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ن.

زیانه‌كانی كۆرۆنا له‌ سزاكانی ئه‌مه‌ریكا زیاترن
هاوكات له‌گه‌ڵ باسكردنی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌ ئێران، حكومه‌ت هه‌موو چالاكییه‌ هونه‌ری و ڕۆشنبیرییه‌كانی ڕاگرت، سینه‌ماكانی داخست، ئه‌مه‌ش زیانێكی زۆری دارایی به‌ كه‌رتی ڕۆشنبیری و هونه‌ریی گه‌یاند، خه‌ڵك له‌ شوێنی قه‌ره‌باڵغ سڵده‌كه‌نه‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌ چێشتخانه‌ و قاوه‌خانه‌كانیش.

ئومێد حسێنی زاده‌ پسپۆڕی ئابووری ده‌ڵێت، كۆرۆنا گورزێكی قورس له‌ ئابووری ئێران ده‌دات، ئه‌م گورزه‌ هیچی له‌ سزاكانی ئه‌مه‌ریكا كه‌متر نابێت، ده‌شڵێت، هه‌زاران چێشتخانه‌ و قاوه‌خانه‌ له‌ تارانی پایته‌خت هه‌ن كه‌ سه‌دان هه‌زار كه‌س كاریان تێدا ده‌كه‌ن و له‌پڕ بێكار ده‌بن، له‌ چ دۆخێكیشدا بێكار ده‌بن له‌و دۆخه‌ ئابووری و داراییه‌ خراپه‌ی ئێرانی تێكه‌وتووه‌.

هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی چه‌ندین گه‌شت به‌ به‌های ملیۆنان دۆلار
ئێرانییه‌كان چاوه‌ڕوانبوون له‌ كه‌متر له‌ مانگێكی تردا بكه‌ونه‌ پشووی نه‌ورۆزه‌وه‌، به‌ڵام له‌جیاتی خۆئاماده‌كردن بۆ ئه‌و پشووه‌ ئێرانییه‌كان گه‌شتی ناوخۆییان پێباشتره‌، له‌ترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا گه‌شته‌كانیان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.

ڕۆژنامه‌ی هه‌مشه‌هری بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، چه‌ندین گه‌شت به‌ به‌های 20 ملیۆن دۆلار هه‌ڵوه‌شێنراونه‌ته‌وه‌، هێڵه‌كانی ئاسن و نووسینگه‌كانی گه‌شتكردن و كۆمپانیاكانی فڕۆكه‌وانی پابه‌ندن به‌ گێرانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و پارانه‌ بۆ خاوه‌نه‌كانیان، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گه‌شته‌كان په‌یوه‌ندییان به‌و دۆخه‌وه‌ ه‌یه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی تێكه‌وتووه‌.

كۆمپانیا فڕۆكه‌وانییه‌ مه‌ده‌نییه‌كان زیانی زۆر ده‌كه‌ن
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی خێرای ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ ئێران، چه‌ند وڵاتێك گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانیان بۆ ئه‌م وڵاته‌ ڕاگرت، مه‌سعود ئه‌سعه‌دی سامانی سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی هێڵی ئاسمانی ئێران به‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانی وڵاته‌كه‌ی وت، هێڵه‌ ئاسمانییه‌كانی هه‌ریه‌ك له‌ عێراق، كوه‌یت، ئه‌رمینیا گه‌شته‌كانیان بۆ تارانی پایته‌خت وه‌ستاندووه‌، ده‌بێت كۆمپانیا ئێرانیه‌كان باجی ئه‌وه‌ بده‌ن، ئه‌وه‌ش كه‌رتی فڕۆكه‌وانی ڕووبه‌ڕووی زیانێكی زۆر ده‌كاته‌وه‌.

نه‌هامتییه‌كان یه‌ك یه‌ك نین
ده‌توانرێت بوترێت كه‌ دوو ساڵه‌ ئێرانییه‌كان قورسترین دۆخ به‌ڕێده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت دوای پاشه‌كشێی دۆناڵد تره‌مپ له‌ ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌، له‌و كاته‌وه‌ به‌چه‌ندین قه‌یرانی یه‌ك له‌دوای یه‌كدا ده‌ڕۆن تا گه‌یشتنه‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا و هێنده‌ی تر باری ژیانیان قورس بوو.
وان هه‌موو ڕۆژێك شه‌ڕی مانه‌وه‌یان ده‌كرد و هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی قوتی ڕۆژانه‌یان ده‌دا، ئێستا له‌به‌رده‌م ده‌رمانخانه‌كاندا ڕیزده‌به‌ستن بۆ كڕینی ده‌مامك و پاكه‌ره‌وه‌كان، هه‌موو جارێكیش به‌ ترسێكی زۆره‌وه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ دێنه‌ ده‌ره‌وه‌.