ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

07:00 - 28/01/2020

هه‌رێمی سوننه‌.. كارتى فشار یاخود سه‌ره‌تاى كۆتایى عێراق؟‌

پەیسەر

ئاڵۆزبوونى زیاترى دۆخى عێراق، جارێكى دیكه‌ كه‌ڵكه‌ڵه‌ى درووستكردنى هه‌رێمێكى سه‌ربه‌خۆى خستووه‌ته‌وه‌ سه‌رى سوننه‌كانه‌وه‌، ئه‌وان به‌ نه‌رمى هه‌نگاوه‌كانیان ده‌ستپێكردووه‌، به‌ڵام له‌ پشتیوانى ئه‌مریكا دوودڵن. شیعه‌كانیش كه‌وتوونه‌ته‌ خۆیان و پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ ماناى سڕینه‌وه‌ى عێراقه‌.

كۆبوونه‌وه‌ى باڵاى سووننه‌كان له‌ دووبه‌ی 

رۆژی ١٢ی ئه‌م مانگه‌ میدیاكانی عێراق بڵاویانكرده‌وه‌، كه‌ رۆژانی ٩ و ١٠ی ئه‌م مانگه‌، هه‌ریه‌ك له‌ محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، سه‌عد به‌زاز، جه‌مال كه‌ربولی، محه‌مه‌د كه‌ربولی، ئه‌بو مازن، محه‌مه‌د تەمیم، فلاح زیدان، ره‌عد دهله‌كی و زیاد جه‌نابی و محه‌مه‌د ئیقبال له‌ شاری دووبه‌ی له‌ ئیماراتی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو كۆبوونه‌تەوه‌.

ئامانجى كۆبوونه‌وه‌كه‌ شه‌نوكه‌وكردنى دروستكردنی هه‌رێمێكی سوننه‌بووه‌ له‌ناو عێراق. رۆژی ١٤ی ئه‌م مانگه‌ش دیڤید شه‌نكه‌ر یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، له‌ ئیماراتی عه‌ره‌بی چاوی به‌ محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه‌وتووه‌.

كورد: هه‌ركاتێك ئه‌و پرسه‌ بووه‌ كارێكی جدی دیراسه‌ی ده‌كه‌ین

میاده‌ نه‌جار ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند، تا ئێستا به‌ فه‌رمی هیچ داواكارییه‌كیان بۆ دروستكردنی هه‌رێمێك بۆ سوننه‌ له‌ناو عێراق پێنه‌گه‌یشتووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ببێته‌ داواكاری رای گشتی ئه‌و ناوچانه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێت شاره‌زایانی یاسایی و سیاسی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن، به‌جۆرێك كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌رێمه‌ دروست بێت، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی عێراق و سوننه‌ ده‌بێت یان نا، پێویستی به‌ دیراسه‌یه‌كی گشتگیر هه‌یه‌.

نه‌جار گوتى، ئه‌گه‌ر دروستبوونی هه‌رێمی سوننه‌ قۆناغی ده‌نگۆ تێپه‌رێنێت و ببێته‌ داواكاری فه‌رمی سوننه‌كان، ئه‌و كاته‌ كورد دیراسه‌ی ده‌كات و وه‌ڵامه‌كه‌شیان به‌ جۆرێك ده‌بێت، كه‌ له‌ به‌رژه‌وەندی ئاسایش و سه‌قامگیری و ئابوری عێراق ده‌بێت.

سه‌درییه‌كان دژى بیرۆكه‌ى هه‌رێمى سوننه‌ن

شیعه‌كان به‌ گشتى بیرۆكه‌ى دروستكردنى هه‌رێمێكى دیكه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، پێشتریش له‌ قۆناغى حكومڕانى مالیكى چه‌ند جارێك له‌ به‌سره‌وه‌ داواكارى به‌رزكرایه‌وه‌ بۆ دروستكردنى هه‌رێمێكى سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵام به‌ هۆكارى سیاسى ره‌تكرایه‌وه‌. 

ریاز مه‌سعودی سه‌ركرده‌ له‌ ره‌وتی سه‌در به‌ په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاند، ئه‌گه‌رچی پرسی دروستكردنی هه‌رێمه‌كان له‌ده‌ستوردا هاتووه‌ به‌ڵام ئه‌وان پشتیوانی ناكه‌ن، گوتیشی هه‌رێمی كوردستان پێش ساڵی ٢٠٠٣ دروست بووه‌، ئه‌گه‌رنا رێگه‌یان به‌دروستكردنی نه‌ده‌دا، به‌ڵام له‌كاتی په‌سه‌ندكردنی ده‌ستور له‌ ساڵی ٢٠٠٥ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك دیفاكتۆ هه‌بووه‌.

مه‌سعودی ده‌ڵێت، هه‌رێمی سوننه‌ دروست ببێت كێشه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت له‌سه‌ر ناوچه‌ی جێناكۆك له‌ پارێزگاكانی نه‌ینه‌وا، كه‌ركوك، سه‌ڵاحه‌دین و دیاله‌، هه‌روه‌ها ئێران، توركیا و سعودیه‌ و دروستكردنی هه‌رێم له‌ عێراق به‌ته‌واوه‌تی ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌مریكا و به‌ریتانیاش پشتیوانی ناكه‌ن، پێم وایه‌ دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌ش ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌.

ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ى دوایى كاتێك بیرۆكه‌ى دروستكردنى هه‌رێمێكى سوننى كه‌وته‌ به‌ر گوێ، شیعه‌كان هه‌رزوو كه‌وتنه‌ خۆیان و گوتیان به‌ زووترین كات كاندیدى سه‌رۆك وه‌زیران یه‌كلایى ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌ میدیاكانه‌وه‌ وا قسه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ پێكهێنانى كابینه‌ى حكومه‌ت كێشه‌یه‌كى قورس نییه‌ و چاره‌سه‌ر ده‌بێت، شیعه‌كان ترسیان لێنیشتووه‌ له‌ چوونه‌ پێشى پلانى دروستكردنى هه‌رێمى نوێ، پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ پلانى سڕینه‌وه‌ى عێراقه‌.

مه‌سعودی گوتى:"ئێمه‌ پشتیوانی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستانیش ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی عێراق به‌ به‌هێزی بمێنێته‌وه‌ به‌ڵام دروستكردنی هه‌رێمی تر به‌ته‌واوه‌تی عێراق ده‌سڕێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی سوننه‌ دروست بێت له‌سه‌ر كێشه‌ی سنوری و ده‌روازه‌ سنورییه‌كان و داهات و چه‌ند شتێكی تر كێشه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غداد ده‌بێت، بۆیه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراقین و پشتیوانی هه‌رێمێكی شیعه‌ش له‌ به‌سره‌ ناكه‌ین، داوای حكومه‌تێكی ناوه‌ندی به‌هێز ده‌كه‌ین له‌ به‌غداد كه‌ یاساكانی له‌ هه‌موو عێراق كاری پێبكرێت، دادپه‌روه‌ری به‌دی بهێنێت و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان و سنووره‌كانی بپارێزێت، به‌ هه‌رێمكردن ده‌وڵه‌تان لاواز ده‌كات نه‌ك به‌هێزی بكات".

سوننه‌كان ترسیان هه‌یه‌

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند، سوننه‌كان ترسیان هه‌یه‌ له‌ نیازى ئه‌مریكا بۆ دروستكردنی هه‌رێمی سوننه‌، پێیان وایه‌ واشنتن ئه‌و هه‌نگاوه‌ وه‌ك كارتی فشار له‌دژی شیعه‌كان به‌كارده‌هێنێت، دواتر ده‌ستبه‌رداریان ده‌بێت بۆیه‌ نایانه‌وێت له‌ ئێستادا بچنه‌ ژێر باری ئه‌و هه‌نگاوه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌ر پرێس ده‌ڵێت، گفتوگۆی ئه‌مریكا و هێزه‌ سوننیه‌كان به‌جۆرێك بووه‌، ئه‌مریكا بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی زیاد بكات و سوننه‌كانیش بیپارێزن، له‌ به‌رامبه‌ردا به‌ پشتیوانی واشنتۆن سوننه‌ی عێراق ببنه‌خاوه‌نی هه‌رێمی خۆیان، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش سوننه‌كان له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران رۆژی ٥-١-٢٠٢٠ ده‌نگیان نه‌دا به‌ ده‌ركردنی سوپای ئه‌مریكا له‌ عێراق،"به‌ڵام ئه‌و هه‌نگاوه‌ كێشه‌ی زۆری له‌به‌رده‌مدایه‌، به‌و پێیه‌ی زۆرینه‌ی ناوچه‌ سوننیه‌كان به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌ وێران بوون و پێویستیان به‌ چه‌ندین ملیار دۆلار هه‌یه‌ بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یان، جگه‌ له‌وه‌ی خاوه‌نی سامانێكی سروشتی ده‌وڵه‌مه‌ند نین به‌راورد به‌ ناوچه‌كانی كورد و شیعه‌".

هه‌رێم له‌ ده‌ستووردا

به‌پێی ماده‌ی ١١٩ له‌ ده‌ستووری عێراق هه‌موو پارێزگایه‌ك یان زیاتر مافی دروستكردنی هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆی هه‌یه‌، له‌ماده‌كانی ١١٦، ١١٧، ١١٨، ١٢٠ و ١٢١ باسی ده‌سه‌ڵات و مافی هه‌رێمه‌كانی كردووه‌.