ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:29 - 26/01/2020

نهێنی ناوەخوازراوەكانی گۆرانیبێژە ئێرانیەكان چییە؟‌

پەیسەر

بەو پێیەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتی ئێران دراوسێیەكی دێرینەیە و رۆژهەڵاتی كوردستانیش لە ژێر سایەی ڕژێمە یەك لەدوا یەكەكانی ئێران زمانی فارسی بە یەكێك لەو زمانانە دادەنرێت كە زۆرینەیان شارەزای بن و لانی كەم تێگەیشتنیان لە زمانی فارسی هەبێت، ئەوە جگە لەوەی كە هونەری ئێرانیەكان تا ڕادەیەكی زۆر لە كوردییەوە نزیكە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاستی هونەریی و كەڵەكەبووی هەزاران ساڵەی فارسەكان كاریگەریی زۆری هەبووە لەسەر ئەوەی كورد گوێ لە گۆرانییە فارسییەكان بگرێت و بەشێكی زۆر لە گۆرانیبێژە كۆن و نوێیەكانی ئەو وڵاتە بناسێت، لە هەمان كاتدا میدیا كوردیەكانیش ڕۆڵی سەرەكییان دیوە لە قووڵ كردنەوەی ئەوبابەتەدا، كە هەندێك ناویان لێناوە داگیركردنی رۆشنبیریی و هونەریی.

میدیای كوردی كاریگەریی هەیە لە سەر بڵاوبوونەوەی گۆرانی توركی و فارسی و ئەوانی تریش

هەرچۆنێك بێت، بوون و نەبوونی –دەوڵەت- و كیانی سەربەخۆ كاریگەریی گەورەی هەیە لەسەر هەموو لایەنەكانی ژیان، كە هونەر و لەناو ئەویشدا گۆرانی توانای زوو بڵاو بوونەوەی هەیە، هەندێكجار زمانی گۆرانی زۆر كاریگەرە و ئەوەندەی لە ڕێگەی گۆرانیی و هونەرەوە دەتوانرێت كێشەیەك باس بكرێت یان چارەسەر بكرێت لەوانەیە لە ڕێگەیەكی دیكەوە ئەوەندە كاریگەریی نەبێت، مەگەر مرۆڤ گوێ لەو گۆرانییانەش ناگرێت كە مانایان نازانێت؟یان دەربڕین و هێنانە سەرزمانی زۆر لە گۆرانیەكوردییەكانیش مایەی تێگەیشتن نین و كەچی خەڵكیش هێشتا گوێی لێدەگرن، چ جای بگات بەو هەموو گۆرانییە ناشیرین و نادروستانەدا كە پڕیەتی لە سوكایەتی و ناشیرین كردنی بەرامبەر( لە ئاستی تاك و كۆمەڵدا)كەچی ژمارە بینەرانی نێو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان ئەوە مان پێدەڵێن كە بەڵێ دابەشكردنی موزیك و ئاواز و كلیپ و لایەنەكانی دیكە كاریگەررییان هەیە، ئەگینا  ئەگەر ئەو گۆرانیانە تەنها كار لەسەر ناوەڕۆك و دەق بكرێت نەك هەر قابیلی گوێگرتن نین بەڵكو دەبێت سزاش بدرێن لەبەر ئەوەی پێچەوانەی مافی تاكەكەس و شێواندنی باری رۆشنبیریی كۆمەڵایەتی و پێشێلكردنی دۆخی گشتی كۆمەڵگەیە.

گۆرانی كوردیش كاریگەریی لەسەر فارس و توركەكانیش داناوە

هونەری گۆرانی و ئاوازی فارسی بەشێوەیەكی گشتی بە یەكێك لەو ڕێگایانە دادەنرێت كە لەو ڕێگەیەوە پەیوەندییەكی كەلتووری و هونەری دروستكردووەو بەو دیوەكەی دیكەشدا وەك هێزێكی نەرم توانیویەتی كاریگەریی لەسەر هونەرو مۆسیقای كوردی دابنێت، لە هەمان كاتیشدا كەلتووری كوردی و هونەری گۆرانی كوردیش كاریگەریی لەسەر فارس و توركەكانیش داناوەو چەندین گۆرانی بەناوبانگیان لە بنەڕەتدا كوردین.چ ئەوانەی كە گوێگری گۆرانییە ئێرانیەكانن، چ ئەوانەش لە سەر شەقامن ئەگەر لە یەكێك بپرسیت ناوی گۆرانیبێژێكی فارس یان راستتر ئێرانیم پێ بڵێ، ئەو راستەوخۆ ناوی یەكێك یان زیاترت پێدەڵێت، خۆ ئەگەر گوێگری هونەری بێت لەوانەیە دەقی گۆرانییەك یان لانی كەم ناوی گۆرانییەك و زیاتریشت بیربخاتەوە، ئاخر زۆر دەمێكە ناوەكانی (موعینی ئەسفەهانی، هایدە، مەهەستی، حومەیرا، سیاوشی قومەیشی، داریوش و حومەیراو لەیلا فەروهەر)مان بیستووە، بەڵام لەوانەیە بۆ بەشێك لە خوێنەرانی كورد، گوێگرانی كورد ئەوە نوێ بێت كە ئەو ناوانە هیچیان ناوی ڕاستەقینەی ئەو گۆرانیبێژانە نین و تەنها  ناویی گۆرانی و هونەرییانە، ئەگەر بزانرێت ناوی تەواوییان چییەو هەندێك لەوردەكارییەكانی ژیانیان ئاگادار بن نوێ بێت، هەر بۆیە لەم ڕاپۆرتەدا ناوی تەواوی ژمارەیەك لەو هونەرمەندە گۆرانیبێژانەتان بۆ دەگوازینەوە.


موعین ئەسفەهانی:
موعین لە ساڵی ١٩٥١ لە شارۆچکەی نەجەف ئاباد لە دەوروبەری ئەسفەھان لە خێزانێکی ئایینی و قەرەبالغ لە دایکبووە. ناوی تەواوی (نەسڕوڵا موعین نەجەف ئابادی)ە و کوڕی حەوتەمی خێزانەکەیەتی، لە سەردەمی مناڵیدا قورئان خوێن بووە، شیعری شاعیرانی زۆر بە ڕەوانی خوێندوەتەوە لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا ئاشنای نۆتەکانی مۆسیقا بووە، ھەروەھا کاری مافور چنینیشی کردووە، لە ساڵی ١٩٨٠ یەکەم ئەلبوومی خۆی بە ناوی "یکی را دوست میدارم(کوردی: یەکێکم خۆش دەوێت) بڵاوکردەوە بەم ئەلبومەش توانی خۆی بە خەڵکی ئێران بناسێنێت. پاشان موعین لە ساڵی ١٩٨١ ئێرانی جێھێشت و کاری ھونەری موعین لە تاراوگە بەردەوام بوو، ساڵی ١٩٨٣ موعین بە ھاوبەشی ھایدە ئەلبومێکی بەناوی "گولھای غوربەت" بڵاوکردەوە و پڕفرۆشترین ئەلبومی ساڵ بوو، پاشان موعین ئەلبومی "پەریچەھر" ـی لە ساڵی ١٩٨٧دا بڵاوکردەوەو وەک ئەلبومێکی بەناوبانگ زۆرترین کۆپی لێفرۆشرا.

ساڵی ٢٠٠٩ دا بە ھاوبەشی لەگەڵ جەمشید کۆنسێرتێکیان لە کوردستان رێکخست

موعین لە ساڵی ١٩٨٩ ژیانی ھاوسەری لەگەڵ خانمێکی ئێسپانیایی پێکھێناوە، بوون بەخاوەنی کچێک بە ناوی "پەریچە". پاش جیابونەوەی لە ھاوسەری یەکەمی لە ساڵی ١٩٩٥ موعین بۆ جاری دووەم ژیانی ھاوسەری لەگەڵ خانمێک بە ناوی "ستارە" موعینی ھونەرمەند لەزۆربەی وڵاتانی جیھان کۆنسێرت و کاری ھونەری ئەنجامداوە و لە ساڵی ٢٠٠٩ دا بە ھاوبەشی لەگەڵ جەمشید کۆنسێرتێکیان لە کوردستان رێکخست، بەھۆی ئەوەی لەزۆربەی ئاھەنگ و کلیپەکانیدا چاویلکە بەکاردێنێت، ھەربۆیە ئەوەی لای ھەوادارانی دروست کردوە کە نابینایە، بەڵام موعین دوو چاوی ساغی ھەیە و تەنھا یەکێک لە پێلوەکانی لە سەردەمی گەنجیدا لە دەست داوە. موعین خاوەنی چەندین ئەلبووم و کاری ھونەری ناوازەیە کە دواین کاری تاکیی خۆی بە ناوی "مەردوم" لە ساڵی ٢٠١٢ کلیپ کردووە وە ئێستاش لە ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا دەژی.


هایدە :
لە ساڵی 1942 لە تاران لە دایك بوە، ساڵی 1968 گۆرانیەكانی لە ڕادیۆی تارانەوە بڵاوبوونەتەوە، بە یەكێك لە هەرە بەناوبانگەكانی گۆرانی فارسی دادەنرێت، ساڵی 1979 لە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی بەجێهێشتووە و چووەتە لەندەن، بەڵام 1981 چووەتە ویلایەتی لۆس ئەنجلۆسی ئەمەریكی ، دواتر لە ویلایەتی كالیفۆڕنیا رۆژێك لە دوای كۆنسێرتی بەناوبانگی كالیفۆڕنیا بەنەخۆشی جەڵەتی دڵ  گیانی لەدەست داوە، دوای خۆی 150 گۆرانی بەجێهێشتووە،  ناوی تەواوی (مەعصومە ددەبالا)یە، بەڵام  توانا هونەرییەكانی لە گۆرانیدا وای لێكرد كە جێگەی خۆی بكاتەوەو بۆ ماوەیەكی زۆر لەنێو گۆرانیی فارسیدا دەنگێكی دیارو بەرز بێت. لە چەندین شوێندا هایدە- یان ڕاستتر مەعصومە- باسی لەوە كردووە كە لەڕووی مۆسیقاوە –عەلی تەجویدی- هاوكاریی كردووەو پاشان زۆر گوێگری تایبەتی گۆرانپبێژ –دلكەش- دابووە. پاشان لە تاراوگە بە هاوكاریی –صادق نوجوكی- كارە هونەرییەكانی كردووە. دوای ئەوەی گیانی لە دەست داوە لە یەكێك لە گۆڕستانە بەناوبانگەكان –وست وودهۆلێۆد- ی كالیفۆڕنیا بەخاك سپێردراوە.


دلكەش:
عیصمەت باقرپور بابلی، كە ناوبانگی گۆرانیەكانی بە دلكەش ڕۆشتووە، ساڵی 1925 لە تاران لە دایك بووە، ئەو گۆانی كلاسیكی گوتووەو بەشێك لە هونەرمەندان بەدەنگە تایبەتەكەی سەرسام بوون و وەك مامۆستای خۆیان ناوی دەبەن لەوانەش هایدە و عەلی رەزای ئیفتیخاریی ،ئەو بە هەردوو زمانی فارسی و مازندەرانی گۆرانی گوتووە. یەكێك لە تایبەتمەندیەكانی عیصمەت ئەوەیە كە نەچووەتە قوتابخانە و خوێندەواریی نەبووە، بەڵام لە تەمەنی دوانزە ساڵیدا چەند پۆلێكی سەرەتایی خوێندو تەنها سەرەتایەك لە خوێندەواریی فێربوو، بەڵام هەر لە منداڵییەوە خاوەنی دەنگێكی تایبەتی بوو، یەكێك لەوانەی كە ناوبانگی عیصمەتی هێنایە پێشەوە سروودە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی ئێران بوو، لەگەڵ گوتنی گۆرانیە ناوچەییەكانی مازندەران، هەرچەندە لە ڕووی زانستییەوە شارەزاییەكی ئەوتۆی نەبوو لە بواری گۆرانیدا بەڵام دەنگە خۆشەكەی ڕێگەی خۆشكرد بۆ ئەوەی تەنها یەك گۆرانی لە ڕادیۆ تارانەوە بڵاوبكرێتەوە، دواتر كە پێشوازیی زۆری لێكرا، دواتر بە (خاوەنی قوڕگی زێڕین ) ناوبانگی دەركرد.

لە ڕووی زانستییەوە شارەزاییەكی ئەوتۆی نەبوو لە بواری گۆرانیدا 

دلكەش لە هاتنە سەركاریی كۆماری ئیسلامی بە تەواوی لە كاری گۆرانی گوتن دوور كەوتەوە، ئەو تا كۆتاییەكانی تەمەنی لەگەڵ كوڕە تاقانەكەی –سهیل فزون مایە- لە تاران ژیانی بردوەتەسەر، تا لە 1/10/2004 لە نەخۆشخانەی –ایران مهر-ی تاران بە هۆی نەخۆشی گورچیلەوە گیانی لە دەستدا، ئەو هەرچەندە گۆرانیبێژێكی بەناوبانگ بوو، بەڵام مەرگێكی زۆر تەنهایی هەبوو، تەنانەت كەس و كارەكەشی نەچووەنە ڕێوڕەسمی بەخاك سپاردنی، پاشان بەئامادەبوونی تەنها كوڕەكەی و چەند كەسێك لە گۆڕستانی –بەهەشتی زەهرا- بە خاك سپێررا، لە كاتێكدا هیچ كەناڵێكی ئێرانی بە دێڕێكیش ئاماژەیان بە مردنی ئەو گۆرانیبێژە بەناوبانگە نەدا.


مەهەستی:
مەهەستی دەنگێكی پڕ لە جۆش و خرۆشی ژنانە، هونەرمەندێكی سونەتی و پۆپی ئێرانی، كەمێك بەر لە رودانی ئینقیلابی ئێران چووە دەرەوەی وڵات و یەكەمجار بۆ بەریتانیاو دواتر ڕوی لە ئەمەریكا كرد، ناوی ڕاستەقینەی ئەو (ئیفتیخار ددەبالا) و هەندێكیش دەڵێن ناوی (خەدیجە)بووە، لە 16/11/1946 لە تاران لە دایك بووە، خوشكی بچووكی هایدەیە، ئەونازناوەی لە خۆشی شاعیری بەناوبانگی ئێرانی – مەهەستی گەنجەوی- كردووەتە نازناوی گۆرانی خۆی، هەرچەندە خێزانەكەی لەسەرەتاوەنەیاری گۆرانی گوتنی ئەو بوون و پێیان وابوو نابێت ژن گۆرانی بڵێت، بەڵام دواجار ئەو یاخی بوو، گوێی نەدا بەو نیگەرانیانەو ل هاوسەری یەكەمی جیابوویەو شوی كردەوەو بە پیاوێكی دیكە، بەڵام هێندەی نەبرد لەویش جیابوویەوە، مەهەستی تەنها لە هاوسەری یەكەمی یەك كچی هەیە بەناوی سەحەر.
مەهەستی ، یان ئیفتیخار، تا تەمەنی 40 ساڵی نەخۆشیی درێژخایەنی خۆی لە خەڵك شاردبوویەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی گە دەبوو بچێتە ژێر دەرمانی –كیمیاوی- پزیشكەكان گوتیان دەنگی لەدەست دەدات، دوای ئەوی لە ئاهەنگی نەورۆزی 2007 دا لە ئاهەنگی دوبەی نەخۆشییەكەی زۆری بۆ دێنێت، ناچار لەناو كەس و كارەكەیدا دەڵێت چەند ساڵە نەخۆشی شێرپەنجەی هەیە، بۆیە لە 25/6/2007  لە تەمەنی 60 ساڵیدا كۆچی دوایی كردو لە گۆڕستانی وست وود هۆلیۆد بە خاك سپێردرا.


حومەیرا:
حومەیرا دەنگێكی تایبەتی گۆرانیی فارسییە، لەبنەماڵەی بەناوبانگی ئەفشارییەكانە، لە بنچینەدا ئازەربایجانین، ساڵی 1944 لە تاران لە دایك بووە، باوكی حومەیرا یەكێك بووە لە خاوەن زەوی و گوندەكان بە پێی سەرچاوەكان زەوی 150 گوندی هەبووە، لەبەر ئەوەی كچە دەوڵەمەند بوو، ئامادەی زۆر بۆنەو ئاهەنگی گۆرانی بووە، ئەو هەر لە منداڵییەوە خولیای گۆرانی گوتن بوو، بەڵام كەلتووری بنەماڵەییان ڕێگەی بەوە نەدەدا تا دوای شووكردنی بە كەسێكی رۆشنبیری ئێرانی- پەروێز یاحەقی- كە دانیشووی ئەڵمانیا بوو، ئەو زۆر پشتی گرت و لە یەكەم گۆرانییەوە كە دەركەوت بووە جێگەی رەزامەندی گوێگرەكانی بەناوی – صبرم عطا كن- حومەیرا لە ساڵی 1965 ەوە بە فەرمی دەست بە گۆرانی گوتن كرد، بەڵام دواجار لە پەرۆێز جیابوویەوەو شووی كرد بە پیاوێكی كرواتی، بەڵام لەكاتی سەرهەڵدانی ئینقیلابدا ڕووبەڕووی بانگكردن و ئەزیەت و ئازاری زۆر دەبێت، ناچار بەخۆشاردنەوە لەڕێگەی خۆگۆڕین و میكیاژەوە بە قاچاخ لە ساڵە 1981  دەچێـتە ئەفغانستان و دواتر پاكستان، دواترئیسپانیا و پاشان دەچێتە كۆستەریكاو لەوێ دووچاری نەخۆشی خەمۆكی قورس دەبێت، دواتر(گرێ)لەناو مێشكیدا  دروست دەبێت، بەڵام تائێستا لە ژیاندا ماوەو جگە لە كاری هونەری سەرقاڵی هاوكاری كردنی منداڵانی بێ سەرپەرشتە.


گوگوش:
فائیقە ئاتەشین، ناوی ھونەریی (گووگووش) ە لەدایکبووی ٥ی ئایاری ١٩٥٠ لە تاران لە دایك و باوكێكی ئازەربایجانی روسیا هاتوەتە دونیاوە،  جگە لە كاری گۆرانیگوتن ڕۆڵگێرێکی سینەمایی بەناوبانگی ئێرانییە. یەکێکە لە ھەرە بەجەماوەرترین گۆرانیبێژانی ئێرانە کە توانیویەتی ھەوادارێکی زۆر لە ئێران و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای نزیک لەخۆی کۆبکاتەوە.
لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لەسەردەمی پێش ئینقیلابی ئیسلامی ئێران کاری کردووە و ناوبانگێکی زۆری ھەبووە «لەدوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران و جێھێشتنی ئێران بەرەو ئەمریکا دووبارە ئەم نازناوە ھاتەوە ناو گۆڕەپانی ھونەری ئێران.

گووگووش ناوێکی ئەرمەنی کوڕانەیە. لەتەمەنی منداڵیدا ئەرمەنییەکان بەم ناوە بانگیان دەکرد چونکە منداڵێکی بوو ڕەفتاری کوڕانە بووە، کەدواتر بۆکاری ھونەری ھەڵیدەبژێرێت. ھەندێک دەڵێن ئەم ناوەی لەکوڕێکی دراوسێی ئەرمەنی وەرگرتووە کە یەکەم خۆشەویستی بووە، گووگووش لەژێر کاریگەری خۆشەویستیە منداڵانیەکەی کاری کردووە، بۆچوونی تر ھەیە کە دەڵێن باوکی ئەم ناوەی بۆ ھەڵبژاردووە، بەڵام بەھۆکاری ڕامیاری لەفەرمانگەی تۆماری لەدایکبوان داوا لەباوکی دەکەن كە ناوێکی فارسی یان عەرەبی ھەڵبژێرێت باوکیشی ناوی فائقە لەناسنامەکەی تۆماردەکات، بەڵام لەماڵ و کۆڵان ھەر بە گووگووش بانگیان کردووە.

گوگوش بەناوی یەكەم خۆشەویستی ئەرمەنییەوە بووە

دوای ئەوەی گوگوش یان –فائیقە- دەگەڕیتەوە ئێران، بێدەنگی هەڵدەبژێرێت و لە گۆرانی گوتن دوور دەكەوێـتەوە، لەبەر ئەوەی بە پێی بڕیارەكانی ئێران گۆرانی گوتنی ژنان قەدەغە بوو،بەڵام لە ساڵی 1997 دا كاتێك محمدی خاتەمی بووە سەرۆك كۆماری ئێران كەمێك ئازادی هاتە كایەوە ، لەسەر داوای ژمارەیەك لە ژنان ئاهەنگێكی تایبەت بە ژنان بۆ گوگوش بەڕێوە برا، بەڵام ئەو ئاهەنگە تایبەتە لەڕێگەی بلوتوس و چەند ڕێگەی ترەوە چووە ناو خەڵك و دووبارە ناوی گوگوش كەوتەوە ناوان.

ئەوەی كەماوەتەوە ناوی ئەو هونەرمەندانە لە ژێر كاریگەریی سیاسەت و لە ترسی گیانیان دا نەبووە كە نازناویان هەڵبژاردووە، ئەوانەی كە باسكران لە سەردەمی ڕژێمی شاهەنشاهی ئێراندا بووە كە وەك باس دەكرێـت لە بواری هونەرو كایەكانی دیكەی ژیاندا گەلێك لە كۆماری ئیسلامی ئێران پێشكەوتووتربوو، بەڵام گۆڕینی ناوەكانیان پەیوەندی بە بواری كۆمەڵایەتی و هونەرییەوە هەبووە.