ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

07:09 - 25/01/2020

سەرۆك وەزیرانی لوبنان لە نێوان زانكۆی ئەمەریكی و پشتیوانی حزب الله دا‌

پەیسەر

سەرۆك وەزیرانە نوێیەكەی لوبنان بە پەسەندكردنی –مێشێل عۆن- سەرۆك كۆمار بوو بە سەرۆك وەزیران، دەوڵەتی نوێی لوبنان لە 20 كەس پێكدێت  و دەڵێت بەبێ ترس و دوودڵی چارەسەری دۆخی ئابووری وڵاتەكەی دەكات.

 
حەسان دەیاب كە بەشێك لە پاشخانی توانا كارگێڕییەكانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بۆماوەیەك وەزیریی پەروەردەی وڵاتەكەی بووە، دەیاب لەگەڵ دەستپێكردنی كارەكانی كابینەكەی ناوناوە –دەستەی ڕزگاریی- هەر بۆیە بەشێك لەو خۆپیشاندەرو ناڕازییانەی كە پێشتر نیگەران بوون بە چاویی ڕەزامەندییەوە لە داهاتووی ئەو كابینەیە ناڕوانن و بە پێچەوانەی دەسەڵاتدارانەوە بە كەسێكی سەربەخۆی نابینن. هەر بەهۆی فشاری خۆپیشاندانەكانەوە لە29/10/2019 دا سەعد حەریریی بەناچاریی دەستی لەكار كێشایەوە، لە مانگی 12 ی ساڵی پاردا حیزب و لایەنەسیاسیەكانی لوبنان ڕێكەوتن لەسەر دانانی حەسەن دەیاب، بەڵام لە هەڵبژاردن و دەستنیشانكردنی وەزیرەكاندا دووبارە ئەو وڵاتە چوەوە سەر ناكۆكیەكانی پێشوو.


دوای سێ مانگ لە دەست لەكار كێشانەوەی سەعدحەریریی لە سەرۆك وەزیرانی لوبنان، وەك شارەزایان باسی دەكەن سەرەتاكانی چاكسازیی لەو وڵاتە دەستیان پێكردووە، بەڵام هەندێكی دیكە پێیان وایە ئەوەی كە ئەمڕۆ ڕوودەدات چارەسەریی كاتییەو وەك چارەسەریی سەرەتایی وێنای دەكەن، نەك بنبڕكردنی كێشە لە مێژینەكانی ئەو وڵاتە.

حەسان دەیاب سەرەڕای زمانی دایكیی – عەربی – شارەزایەكی زۆر باشی زمانی ئینگلیزییە، 6/1/ 1959 لە بەیروتی پایتەخت لە دایك بووە، لە تەمەنی 10 ساڵیدا باوكی كۆچی دوایی دەكات، لە تەمەنی 17 ساڵیدا دچێتە بەریتانیا، كاتێك لە ناوەڕاستی حەفتاكانی سەدەی ڕابوردوودا لوبنان لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا بوو ئەو وەك پەنابەرێك لە بەریتانیا ژیانی بەسەر دەبردو سەرقاڵی خوێندن بوو، ساڵی 1981 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی ئەندازیاریی پەیوەندییەكانی لە دانشگای – متروپلیتین-ی لە شاری لیدزی بەریتانیا بەدەست هێناوە، پاشان ماستەری لە بواری سیستەمی پەیوەندیەكان لە دانشگای سیری بەریتانی(SURREY) بەدەست هێناوە، ئەم دانشگایە لە ڕێزبەندی زانكۆكانی جیهاندا ناوبانگی گەورەی هەیەو لە ڕێزبەندی هەر نایابەكانە، پاشان دكتۆرای لە بواری ئەندازیاری كۆمپیوتەر دا بەدەست هێناوە،  پاشان بۆ ماوەی ساڵ و نیوێك لە كۆمپانیای (IBM) وەم ئەندازیاریی شارەزا كاری كردووە.


دوای تەواوكردنی خوێندنەكەی لە ساڵی 1985 لە بەریتانیاوە دەگەڕێتەوە لوبنان و وەك مامۆستای وانەبێژ لە زانگۆی ئەمەریكی لە لوبنان دەس بەوانە گوتنەوە دەكات كە ئەو كات تەمەنی تەنها 27 ساڵ بوو، پاشان بەردەوام دەبێت لە زانكۆی ئەمەریكی تا لە نێوان 1998 تا 2001 وەك سەرۆكی كۆلێژی ئەندازیاریی كارەباو كۆمپیوتەر كارەكانی كردووە، لە ساڵی 2004  وەك سەرۆكی زانكۆی زەفار لە ئەردەن دەستی بەكاركردووە.

تا ئێستاش لە هەندێك لە زانكۆكانی لوبنان پەچە بۆ خوێندكارانی زانكۆ قەدەغەیە

حەسان بە یەكێك لەو كەسانە دەژمێرێت كە لە دژی پەچە-نیقاب- ی خوێندكارانی زانكۆ بوو، هەربۆیە بە پێی دەسەڵاتەكانی خۆی لە نێو زانكۆدا قەدەغەی كردووەو تا ئێستاش لە هەندێك لە زانكۆكانی لوبنان پەچە بۆ خوێندكارانی زانكۆ قەدەغەیە. لە هەمان كاتیشدا خۆی بەیەكێك لە پارێزەرانی مافەكانی ژنان دەناسێنێت، بەڵام كاتێك ویستی ئەزموونی قەدەغەكردنی پەچە لە ئەردەن جێبەجێ بكات، بەڵام نەیتوانی و ڕووبەڕووی هێرشی توند بوویەوەو وەك خۆی دیڵێت تەنانەت  مەترسی بۆ سەر ژیانیشی دروست كردووە. دوای ئەوە لە 2006 گەڕایەوە بۆ لوبنان و بوو بە یاریدەدەری زانكۆی ئەمەریكی لە بواری پەرەپێدان و گەشەكردندا.


ساڵی 2011 دایكیشی كۆچی دوایی كردووە، بەڵام مردنی دایكی كاریگەریی زۆری لەسەر دادەنێت، هەر بۆی ڕێكخراوێكی ناحكومی لە بواری ژنان دادەنێت بۆ ئەوەی لەوێوەی خزمەت بە ژنان بكات، هەر لەو ساڵەدا ئاشنایی لەگەڵ سیاسەت پەیدادەكات و لە كابینەكەی  نەجیب میقاتی دا دەبێـتە وەزیری پەروەردەو وەزارەتی خوێندنی باڵا. لە رۆژنامەو گۆڤارە زانستیەكانی وڵاتی لوبنان و بەریتانیاش چەندین توێژینەوەی زانستی بڵاوبوونەتەوە.

 تەنها وەزیرێكی لوبنانییە كە بڕوانامەی باڵای لە یەكێك لە باشترین زانكۆكانی دونیا بەدەست هێنابێت.

بە پێی وتەی شارەزایان لە مێژووی لوبنان دا حەسان بە یەكێك لە وەزیرە تەكنۆكراتەكان دادەنرێت لەبەر ئەوەی تا ئەو كاتەش بوو بە وەزیر هیچ پێشینەیەكی سیاسی و حیزبی نەبوو، بەڵكو لەتواناكانی خۆی جێگەی خۆی كردبوویەوە، لە هەمان كاتیشدا تەنها وەزیرێكی لوبنانییە كە بڕوانامەی باڵای لە یەكێك لە باشترین زانكۆكانی دونیا بەدەست هێنابێت.


لە هەمان كاتدا حەسان دەیاب لە زانكۆی هافاردی بەریتانی و لە بەشی یاسایی لە ساڵی 2017 دا بڕوانامەی- سەركردایەتی و گفت وگۆ- ی بەدەستهێناوە، هەرچەندە تواناكانی حەسان زۆریش بێت بەڵام لە كۆمەڵگەی لوبنانیدا پێویستی بە پشتیوانی حیزبەكان و ڕێكەوتن لەسەری هەیە، هەربۆیە هەریەك  لە حزب الله ی لوبنان و بزووتنەوەی ئازادی نیشتمانی و سونەكانی ئەو وڵاتە ڕەزامەندییان لەسەرداوە، بەڵام پشتیوانی حزب الله لە حەسان كە لەگەڵ ئەمەریكیەكان و رۆژئاواوە نزیكەی جێگەی سەرنجە، ئەوە لە كاتێكدا سونەكانی لوبنان پشتیوانی دەكەن كە پەچەی لەناو دانشگاكاندا قەدەغە كردووە.


لەكاتێكدا كەناوەی حەسان دەیاب بڵاو بوویەوە لەنێو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا قسەو باسی زۆری لەبارەوە كراو دیارترینیان تۆمەتباركردنیەتی كە لەلایەن ئەمەریكیەكانەوە دانرابێت لەبەر ئەوەی ئەزموونێكی زۆری هەیە لە زانكۆی ئەمەریكی و ئەوانەی كەنەیاریی دانانی ئەون وەك سەرۆك وەزیران نەیانشاردوەتەوە كە دوور نیە لە لایەن ئەمەریكیەكانەوە ئاڕاستە بكریت.


لە كاتێكدا كە حەسان دەیاب لەسەر كورسی دەسەڵات دانیشتووە لوبنان گیرۆدەی دەیان كێشەی گەورەی – ئابووری – سیاسی- و كۆمەڵایەتیە كە وەك شارەزایان باسی دەكەن لە دوای كۆتایی هاتنی جەنگی ناوخۆیی ئەو وڵاتەوە لوبنان بەوەها بارودخێكی و ئاڵۆزو ناهەمواردا تێنەپەڕییوە، پرسیار ئەوەیە لەسەردەمی ئەم سەرۆك وەزیرانە نوێ و تەكنۆكراتەدا ئاخۆ دەنگی ویزەی گوللـەی پلاستیكی و بۆمبی فرمێسك ڕێژ بەردەوام دەبێـ ت یان كۆتاییان پێدێت و ژیانی هاوڵاتیانی لوبنانی دەگەڕێتەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان؟ یان بەردەوامییان دەبێت و كابینەكەی ئەویش دەبێتە لاپەڕەیەكی مێژوو لە تۆماركردنی شكستەكاندا؟ داهاتوو ئەوە یەكلایی دەكاتەوە.