ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:26 - 10/01/2020

لە رۆژئاوای كوردستان بایەك پێچەوانەی ویستی ئەردۆغان هەڵدەكات!‌

پەیسەر

نزیكبوونەوەی نێوان بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و ئەنەكەسە، بانگهێشتكردنی هەسەدە و سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئیمارات و عەرەبستانی سعودی و ئەو گۆڕانەی بەسەر هەڵوێستی سووریادا هاتووە، گورزێكی گەورەیە بۆ خەیاڵەكانی سەركۆماری توركیا. 

عەرەبستانی سعودی و ئیماراتی عەرەبی كە لە لیبیا لەدژی ئەردۆغان شەڕی بە وەكالەت بەڕێوەدەبەن، پەیوەندیەكانیان لەگەڵ كوردی هەرێم و رۆژئاوای كوردستان پتەوتر دەكەن، ئەمەش كەناڵی دیپلۆماسی بۆ كورد دەكاتەوە. هەروەها لە رووی سەربازیەوە پەیوەندی كورد لەگەڵ رووسیا لە هەڵكشان دایە. ئەوەی هەرە گرنگیان هەڕەشەكانی توركیا كوردە ركابەرەكانی رۆژئاوای كوردستان نزیكی یەكتر كرد.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا بە پشتبەستن بە ئۆپاراسیۆنی سەربازی سوپای وڵاتەكەی لە باكووری و رۆژئاوای سوریادا سێ ئامانجی هەبوو:

 

هەڵوەشاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام بە درێژایی ٤٨٠ كم و قوڵایی ٣٢ كم، هەروەها نیشتەجێكردنی دوو ملیۆن ئاوارەی سوریا لەناوچە كوردنشینەكاندا.

بەڵام ئەردۆغان نەگەیشتە ئامانجەكانی. بە گوێرەی رێككەوتنی لەگەڵ ئەمریكا و رووسیادا، هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) جگە لە قامیشلۆ بە قوڵایی ٣٢ كم لە سنووردا كشایەوە، لەبەرامبەر ئەمەدا توركیا هێڕشەكەی وەستاند و لە ناوچەی نێوان سەرێكانیێ و گرێ سپی كە درێژیەكەی ١٢ كم مایەوە.

هێزی ئاسایشی كورد لەگەڵ پۆلیسی سەربازی روسی ئاسایشی ناوچەكانی منبج، كۆبانێ و جەزیرە دەپارێزن. لە دێرك، تا قامیشلۆ، حەسكێ و دێرەزور لەدەستی سوپای ئەمریكا دایە كە رێگای دەستبەركردنی پێداویستی لۆجستیكیە بۆ هەسەدە. سوپای سوریاش گەڕایەوە ئەو سنوورانەی كە لە دوای ٢٠١٢ جێیهێشتبوو.

ئەردۆغان نەیدەویست سوپای سوریا بگەڕێتەوە ناوچەكە، هەروەها ئەردۆغان هەموو هەوڵێكی خستەگەڕ بۆ ئەوەی یەپەگە و پەیەدە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا گۆشەگیر بكرێن. بەڵام ئەمەشی بۆ نەچووە سەر.

دەرەنجامی پێچەوانەی دیكەش هاتنە پێشەوە كە ئەردۆغان چاوەڕێی نەدەكرد. مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە كە بۆ یەكەم جار لە حوزەیرانی ٢٠١٩ رێككەوتنێكی لەگەڵ نەتەوەیەكگرتووەكان واژوكرد لە دوای ئۆپاراسیۆنی سوریادا لە گۆڕەپانی دیپلۆماسیدا بووە ناونیشانێكی سەرەكی. هەرچەندە عەبدی بەهۆكاری نادیار سەردانی واشنتنی نەكرد، بەڵام لەدوا هەفتەی تشرینی دووەم شاندێكی هەسەدە لە ئیمارات لەگەڵ سەرانی ئەم وڵاتە زنجیرەیەك گفتوگۆیان كرد. بەگوێرەی چەندین سەرچاوەی میدیایی دوای ئەم سەردانە شاندێكی دیكە هەسەدە بانگهێشتی عەرەبستانی سعودی كراوە. سەردانی هەسەدە بەم دوو وڵاتە سنووردار نەبووە و سەردانی میسڕ و ئۆردونیشیان كردووە.

 

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست (پەیسەر پرێس) كەوتوون:" شاندی هەسەدە لە ئاستێكی باڵادا بووە. شاندەكەی ئیمارات بەسەرۆكایەتی مەزڵوم عەبدی بووە. هەروەها غەسان یوسف سەرۆكی ئەنجوومەنی مەدەنی دێرەزور لەگەڵ شاندەكەدا بووە".

بەگوێرەی سەرچاوەیەكی دیكە:" مەزڵوم عەبدی لەناو شاندەكەدا نەبووە. بەڵكو شاندەكە بە سەرۆكایەتی رێدور خەلیل بەرپرسی پەیوەندیەكانی هەسەدە و موستەفا باڵی بەرپرسی راگەیاندنی هەسەدە ئەنجام دراوە". بەڵام هێشتا ئەم زانیاریانە لەلایەن هەسەدە نەپشتڕاست كراونەتەوە و نەنكۆڵیان لێكراوە.

لە ساڵانی ٢٠١٧ دا، رۆڵی سعودیە بەرچاو بوو لە دروستبوونی هەماهەنگی لە نێوان عەرەبەكانی دێرەزور و رەقا لەگەڵ هەسەدە. هەروەها بەهۆی پەیوەندی پڕ ئاڵۆزیان لەگەڵ توركیا تێڕوانینی ئیمارات و عەرەبستانی سعودی بەرامبەر بە كورد گۆڕانی بەسەردا هات. سامر ئەلسەهبان وەزیر دەوڵەت بۆ كاروباری دەرەوە لە ١٧ تشرینی یەكەمی ٢٠١٧ دا سەردانی هەرەیەك لە رەقا و عەین عیسای كرد. هەروەها لە مانگی ئایاری ٢٠١٨ دا شاندێكی هاوبەشی سەربازی عەرەبستانی سعودی، ئیمارات و ئۆردون سەردانی باكووری سوریایان كرد. سامر سەهبان بۆ جاری دووەم لەبەهاری ٢٠١٩ سەردانی دێرەزوری كرد و پشتگیری خۆی بۆ عەشیرەتە عەرەبەكان و هەسەدە راگەیاند.

ئیمارات یەكێكە لەم وڵاتانەی كاردانەوەی توندی نیشاندا لە بەرامبەر ئۆپاراسیۆنی سوپای توركیا، داوایكرد رێوشوێنی كرداری بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی قەتل و عامی كورد لەسەردەستی توركیا ئاستەنگ بكرێت.

 

میسڕ، كە بەهۆی پشتگیری بۆ ئیخوان لە حاڵەتی شەڕی سارد دایە دژ بە توركیا، بۆتە ئاكتەرێك كە زۆر بە ئاسانی دەتوانێ پەیوەندی لەگەڵ كورد ببەستێت. بەڕێوەبەرایەتی عەبدولفەتاح سیسی كاردانەوەی توندی هەبوو لە دژی توركیا، هەروەها سوپاسی مەزڵوم عەبدی كرد بەهۆی هەوڵەكانی بۆ پاراستنی یەكێتی خاكی سوریا.

وڵاتانی كەنداو تەنیا بە بەرەوپێشچوونی پەیوەندیەكانیان لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان سنووردار نەبوون. نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ١ كانوونی یەكەمی ٢٠١٩ سەردانی ئیماراتی كرد و لەگەڵ هەریەك لە محەمەد بن زاید جێگری شانشین، محەمەد بن راشید سەرۆك وەزیران و محەمەد بن سەلمان جێگری شانشینی عەرەبستانی سعودی كۆبوونەوەی كرد.

بەر لەو وادیە لە ٩ تشرینی دووەمی ٢٠١٩ نێچیرڤان بارزانی دیسان لە ئیمارات بوو. هەروەها ئەحمەد ئەلزاهیری كۆنسۆڵۆسی ئیمارات لە هەولێر لە ٣ كانوونی یەكەمی ٢٠١٩ چاوی كەوت بە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان.

ئۆپاراسیۆنی توركیا كە داگیركردنی ناوچەی سەرێكانیێ و گرێ سپی لێكەوتەوە، هەوڵەكانی یەكگرتنی كوردی لە رۆژئاوا زیندوو كردەوە. شاندێكی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سوریا (ئەنەكەسە) لە ٢٥ تشرینی یەكەمی رابردوو چاویان بە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە كەوت.

لە ساڵی ٢٠١٢ دا بەناوبژیوانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان ئەنەكەسە و تەڤدەم بۆ دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیەكی هاوبەش لە رۆژئاوای كوردستان رێككەوتنێكیان واژو كرد، بەڵام جێبەجێ نەكرا.

 

ئەمریكاش بۆ رەواندنەوەی نیگەرانیەكانی توركیا سەبارەت بە یەپەگە، داوایكرد كە پێشمەرگەی رۆژ بگەڕێتەوە باكووری سوریا. هەرچەندە پەیوەندی توركیا و ئەنەكەسە پەیوەندیەكی باشە، بەڵام یەكگرتنی دوو هێزی كوردی ویستی توركیا نەبوو، بەڵكو توركیا هەڵوەشاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری كردبووە ئامانج. 

پەیوەندی لەگەڵ دەرەوە و رێككەوتنی كوردی – كوردی لە ئێستادا هاوسەنگیەكان سەر لەنوێ رێكدەخاتەوە. دوای كشانەوەی ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان لە مانگی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩ دا، هاتنی سوپای توركیا بۆ ناوچەكە، دانوستان لە نێوان دیمەشق و كورد دەستپێكراوە. بەڵام هاتنی سوپای رووسیا و هەوڵە دیپلۆماسیەكانیان رێككەوتنێكی نوێی لێكەوتەوە.

بەگوێرەی گفتوگۆی نێوان مەزڵوم عەبدی، ئەلێكسەندەر چێكۆ فەرماندەی سوپای رووسیا لە سوریادا، سوپای روسیا لە هەریەك لە ئاموودا، تل تەمڕ و عەین ئەلعیسا دەمێنێتەوە.

 

قسەكانی عەبدی لەمبارەیەوە:" خۆشحاڵین بە پێشوازی كردن لە جەنەڕاڵ چایكۆ. بەردەوامین لەسەر هەوڵی هاوبەشمان بۆ بەرژەوەندی هەردوو وڵات" جەخت كردنەوەیە لەسەر گرنگی رۆڵی روسیا.

بەگوێرەی زانیاریەكانی (پەیسەر پرێس) شاندێكی باڵای روسیا ٢٣ مانگی كانوونی یەكەمی ٢٠١٩ لەگەڵ فەرماندەی هەسەدە كۆبوونەتەوە:" شاندی ناوبراو بە هەسەدەیان راگەیاندووە كە لەمەودوا رووسیا لە گفتوگۆكانی نێوان كورد – دیمەشق ئامادە دەبێت، سەرۆكی رووسیا سوورە لەسەر سەرخستنی گفتوگۆی نێوان هەردوولا و    چارەسەری سیاسیانەی كێشەی كورد".

هەموو ئەم رووداوانە خەیاڵ و ئامانجەكانی ئەردۆغان دەپووكێنەوە. هەرچەندە هەژموونی توركیا بەسەر ئەنەكەسە هەشبێت، بەڵام هاتنە سەرخەتی ئیمارات و سعودیە گورزێك لە هەژموونی توركیا دەدات و ئەنقەرە دەخاتە بارێكی نائاسایی. هەڵوێستەی ئەم دوو وڵاتە عەرەبیەی كەنداو بەر لەهەر حسابێكی دیكە بۆ بنخستنی پلانەكانی توركیایە.