ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:10 - 10/01/2020

هه‌ڵگرانی دوو ڕه‌گه‌زنامه‌كان چییان به‌سه‌ردێت؟‌

پەیسەر

ڕێكه‌وتی 8ی كانونی دووه‌می 2020، هاوكات له‌گه‌ڵ بۆردومانكردنی دوو بنكه‌ی سه‌ربازی ئمه‌ریكا له‌ عێراق له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌، فڕۆكه‌یه‌كی ئۆكرانی به‌ 176 سه‌رنشینه‌وه‌ له‌ ئاسمانی تاران تێكشكا و سه‌رجه‌میان گیانیان له‌ده‌ستدا.

سه‌ره‌تا و تا ئێستاش به‌رپرسانی هێڵی فڕۆكه‌وانی ئێران ده‌ڵێن فڕۆكه‌ ئۆكرانیه‌كه‌ به‌هۆی كێشه‌ی ته‌كنیكیه‌وه‌ كه‌وتووه‌ته‌ خواره‌وه‌ و به‌هیچ جۆرێك مووشه‌كی به‌رنه‌كه‌وتووه‌. به‌ڵام له‌ ئێستادا و به‌ پشتبه‌ستن به‌ چه‌ند گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی هه‌ریه‌ك له‌ كه‌نه‌دا و ئه‌مه‌ریكا و چه‌ند وڵاتێكی تر ده‌ڵێن، فڕۆكه‌كه‌ به‌ مووشه‌ك خراوه‌ته‌ خواره‌وه‌.

سه‌رنشینه‌كانی فڕۆكه‌كه‌ چه‌ندین هاوڵاتیان تێدابووه‌ كه‌ هه‌ڵگری دوو ڕه‌گه‌زنامه‌ن (82 ئێرانی، 63 كه‌نه‌دی، 11 ئۆكرانی، 10 سویدیی، 4 ئه‌فغانی، 3 ئه‌ڵمانی و 3 به‌ریتانی) هه‌ندێك له‌م سه‌رنشیانه‌ به‌ڕێوه‌بوون به‌ره‌و وڵاتی دووه‌میان و بۆ به‌سه‌ربردنی پشوو گه‌ڕابوونه‌وه‌ ئێران و زۆربه‌یان خه‌ڵكانی پسپۆڕ و هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی باڵای جیاواز بوون.

له‌ ئێران هیچ كه‌سێك بۆی نییه‌ هه‌ڵگری دوو ڕه‌گه‌زنامه‌ی جیاواز بێت، هیچ ئامارێكیش له‌باره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ڕه‌گه‌زنامه‌یه‌كی دیكه‌یان هه‌یه‌. ئه‌وانه‌شی كه‌ به‌هه‌ر هۆكارێك ڕه‌گه‌زنامه‌یه‌كی دیكه‌یان هه‌یه‌، له‌ گه‌ڕانه‌وه‌یاندا بۆ وڵاته‌كه‌یان تووشی گێچه‌ڵ و ده‌ستگیركردن و سزادان بوونه‌ته‌وه‌، له‌ زیندانیكردنه‌وه‌ بۆ زیندانیی هه‌تاهه‌تایی و ته‌نانه‌ت سزای له‌سێداره‌دانیش.

لێره‌دا باسی چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی ئێرانی هه‌ڵگری ڕه‌گه‌زنامه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌كه‌ین كه‌ هه‌ندێكیان تا ئێستاش له‌ زیندانه‌كانی تاراندان.

1-سیاماك و باقر نمازی (ئێرانی-ئه‌مه‌ریكی)

ئه‌م كوڕ و باوكه‌ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ دوو كه‌سن له‌و چوار كه‌سه‌ ئه‌مه‌ریكیه‌ی له‌ ئێران ده‌ستبه‌سه‌ركراون. سیاماك به‌پرسی پلانی ستراتیژی  كۆمپانیای 0كرسنت پترۆلیۆم)ه‌ كه‌ باره‌گای سه‌ره‌كی له‌ دوبه‌یه‌، یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌رگریی له‌ باشبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئێران ده‌كرد.

ساڵی 2015 كاتێك گه‌ڕایه‌وه‌ ئێران، له‌كاتی گه‌یشتنی به‌ فڕۆكه‌خانه‌ی تاران له‌لایه‌ن ئیتڵاعاته‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا كرا، پاشان له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌می هه‌مان ساڵدا له‌لایه‌ن سوپای پاسدارانه‌وه‌ ده‌ستگیركرا.

باقری باوكی كه‌ فه‌رمانبه‌رێكی خانه‌نشینی ڕێكخراوی (یونیسێف)ی سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌ ه‌یكگرتووه‌كان بوو له‌ مانگی شوباتی 2016دا ده‌ستگیركرا، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران مۆڵه‌تیان دایه‌ باقری كه‌ سه‌ردانی كوڕه‌كه‌ی بكات له‌ زیندان، به‌ڵام كه‌ خۆشی گه‌یشته‌ تاران ئه‌ویش ده‌ستگیركرا.

مانگی تشرینی یه‌كه‌می 2016 دادگای شۆڕشی ئێران به‌ تۆمه‌تی هاوكاریكردنی وڵاتێكی دوژمنی ئێران سزای 10 ساڵ زیندانیی به‌سه‌ردا سه‌پاندن. مانگی ئابی 2017 دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ سزاكه‌ی په‌سه‌ندكرده‌وه‌. پارێزه‌ره‌كه‌یان ده‌ڵێت، هه‌ریه‌ك له‌ سیاماك و باوكی ئه‌و تۆمه‌تانه‌یان ڕه‌تكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ دراوه‌ته‌ پاڵیان، سكاڵای له‌وه‌شكرد كه‌ خراونه‌ته‌ زیندانی تاكه‌كه‌سییه‌وه‌ و ڕێگه‌یان پێنادرێت پارێزه‌ره‌كه‌یان ببینن و له مافی به‌رگریكردن له‌ خۆیان بێبه‌شكراون و كێشه‌ی ته‌ندروستیان هه‌یه‌. به‌ وته‌ی پارێزه‌ره‌كه‌ی سیاماك ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی زۆر دراوه‌.

لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وهی تایبه‌ت به‌‌ حاڵه‌ته‌كانی ده‌ستگیركردنی هه‌ڕه‌مه‌كی سه‌ربه‌ كۆمسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ له‌ مانگی ئه‌یلولی 2017دا ڕایگه‌یاند، ده‌ستگیركردنی ئه‌م كوڕ و باوكه‌ پێشێلكردنی جاڕنامه‌ی جیهانیی مافه‌كانی مرۆڤ و یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كانه‌ له‌ بواری مافه‌ مه‌ده‌نی و سیاسیه‌كان و داوایكرد ئازاد بكرێن.

له‌ مانگی ئازاری 2018دا ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران به‌هۆی خراپی باری ته‌ندروستییه‌وه‌ ڕێگه‌یان به‌ باقر نمازی دا زیندان جێبهێڵێت، به‌ڵام خستیانه‌ ژێر چاودێری و هێشتنه‌وه‌ی زۆره‌ ملێوه‌. خێزانه‌كه‌شی داوایان له‌ ده‌سه‌ڵاتداران كرد، ڕێگه‌ به‌ باقری بده‌ن بۆ چاره‌سه‌ر بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.

2-شیوی وانگ (ئه‌مه‌ریكی-چینی)

خوێندكاری دكتۆرایه‌ له‌ زانكۆی برنستۆن و هاوڵاتیه‌كی ئه‌مه‌ریكی به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك چینییه‌. مانگی ئابی 2016 له‌ تاران ده‌ستگیركرا. وانگ بۆ نووسینی نامه‌ی دكتۆراكه‌ی كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ ده‌سه‌ڵاتی قاجارییه‌كان (1785-1925) سه‌رقاڵی لێكۆڵینه‌وه‌ بوو بۆ فێربوونی فارسی و گه‌ڕان به‌ناو ئه‌رشیفی نیشتمانی ئێراندا.تا مانگی ته‌مموزی 2017 ده‌ستگیركردنی وانگ ئاشكرا نه‌كرا، پاشان ئێران ڕایگه‌یاند كه‌ به‌ تۆمه‌تی هاوكاریكردنی وڵاتێكی دوژمن ده‌ستگیركراوه‌ و سزای 10 ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌. مانگی ئه‌یلولی هه‌مان ساڵ دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ تۆمه‌ت و سزاكه‌ی پشتڕاستكرده‌وه‌.

زانكۆی برنستۆن ده‌ڵێت، ئه‌و تۆمه‌ته‌ی ئاراسته‌ی وانگ كراوه‌ هه‌ڵبه‌ستراوه‌، تۆمه‌تباركردن و زیندانیكردنیشی نایاسایین.

مانگی تشرینی دووه‌می 2017 ته‌له‌فزیۆنی فه‌رمی ئێران گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی وانگی بڵاوكرده‌وه‌ و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یكرد كه‌ وانگ هه‌وڵیداوه‌ چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ریكا كۆبكاته‌وه‌. وانگ له‌و گرته‌یه‌دا ده‌ڵێت "چه‌نده‌ ئه‌مه‌ریكا زانیاری زیاتر له‌سه‌ر ئێران كۆبكاته‌وه‌ باشتر ده‌توانێت سیاسه‌ته‌كانی به‌رامبه‌ر ئه‌م وڵاـه‌ دابڕێژێت".

مانگی ئابی 2018 لیژنه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی ڕایگه‌یاند، ده‌ستگیركردنی وانگ بێ پاساو بووه‌ ه‌ پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی بۆ ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ هاوڵاتیه‌كی ئه‌مه‌ریكیه‌.

3-ئه‌حمه‌د ڕه‌زا جه‌لیلی (ئێرانی - سویدی)

پسپۆڕی بواری فریاكه‌وتنی ته‌ندروستییه‌. مانگی نیسانی 2016 ده‌ستگیركرا له‌كاتێكدا كه‌ بۆ كارێك له‌ سویده‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ ئێران.

ڕێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ڵێت، چه‌ند به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ئیتڵاعات جه‌لیلییان ده‌ستگیركردووه‌ و حه‌وت مانگ له‌ زیندانی ئه‌ڤینی تاران ده‌ستبه‌سه‌ربووه‌، سێ مانگیان له‌ زیندانی تاكه‌ كه‌سیدا بووه‌ و پاشان ڕێی پێدراوه‌ پارێزه‌ره‌كه‌ی ببینێت.

ه‌لیلی ده‌ڵێت مامه‌ڵه‌ی خراپی له‌گه‌ڵ كراوه‌ و ئه‌شكه‌نجه‌ دراوه‌ و ناچاركراوه‌ كه‌ بڵێت سیخوڕ بووه‌. ده‌شڵێت له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌ كه‌ ڕه‌تیكردووه‌ته‌وه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمیه‌كانی ئه‌وروپا و چه‌ندین دامه‌زراوه‌ی دیكه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و سیخوڕیكردن بۆ ئێران به‌كاربهێنێت.

مانگی تشرینی یه‌كه‌می 2017 جه‌لیلی به‌وه‌ تۆمه‌تباركرا كه‌ گه‌نده‌ڵی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ (فساد فی الارض) و سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا. پارێزه‌ره‌كه‌ی ده‌ڵێت دادگا پشتی به‌چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌ك به‌ستووه‌ كه‌ له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا و به‌زۆر لێیده‌رهێنراوه‌.

ئاسایشی تاران ڕایگه‌یاند كه‌سێكی تر به‌ هه‌مان شت تۆمه‌تباركراوه‌ و ناونیشانی 30 زانای ئه‌تۆمی و سه‌ربازی ئێرانی داوه‌ته‌ ئیسرائیل، دووان له‌و 30 كه‌سه‌ له‌ ساڵی 2010دا تیرۆركراون. مانگی كانونی یه‌كه‌می 2017 دادگای باڵای ئێران سه‌پاندنی سزای له‌ سێداره‌دانی به‌سه‌ر جه‌لیلیدا پشتڕاستكرده‌وه‌.

مانگی ته‌مموزی 2019 چه‌ند پسپۆڕێكی نێوده‌وڵه‌تی له‌ بواری مافه‌كانی مرۆڤدا ڕایانگه‌یاند، ڕێ به‌ جه‌لیلی نه‌دراوه‌ چاودێری ته‌ندروستی بۆ ده‌ستبه‌ر بكرێت، هه‌رچه‌نده‌ پزیشكه‌كا وتوبوویان پێده‌چێت تووشی شێرپه‌نجه‌ بووبێت.

4-عه‌بدولره‌سول دوری ئه‌سفه‌هانی (ئێرانی –كه‌نه‌دی)

دوری ژمێریار و ڕاوێژكاری پارێزگاری بانگی ناوه‌ندی ئێران بوو، ئه‌ندامی تیمی دانوستانكاری ئه‌تۆمی ئێران بوو له‌ ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌دا و به‌رپرسی كاروباری دارایی بوو.

مانگی ئابی 2016 سوپای پاسداران دوریان له‌ فڕۆكه‌خانه‌ ده‌ستگیركرد كاتێك ده‌یه‌ویست بچێته‌ كه‌نه‌دا، به‌وه‌ تۆمه‌تباركرا كه‌ زانیاری ئابووری فرۆشتووه‌ به‌ چه‌ند وڵاتێكی بیانی.

مانگی ئایاری هه‌مان ساڵ دادگای شۆڕشی ئێران تۆمه‌تی سیخوڕیكردنی بۆ ده‌زگای هه‌واڵگری به‌ریتانیا دایه‌ پاڵ و سزای پێنج ساڵ زیندانیی به‌سه‌ردا سه‌پاند.

مانگی تشرینی یه‌كه‌م دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ سزاكه‌ی په‌سه‌ندكرده‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ مه‌حمود عه‌له‌وی وه‌زیری ئیتڵاعات پێداگری له‌سه‌ر بێتاوانییه‌كه‌ی ده‌كرد.

عه‌لوی گوتی، ئه‌و لایه‌نه‌ی به‌رپرسه‌ له‌ بابه‌ته‌كانی تایبه‌ت به‌ سیخوڕی هۆبه‌ی كاری دژه‌ هه‌واڵگرییه‌ له‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی، به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌ست ئه‌و هبه‌یه‌ كه‌وتوون دوری ئه‌سفه‌هانی سیخوڕی بۆ هیچ وڵاتێك نه‌كردووه‌.

5-موراد تاهباز (ئێرانی –ئه‌مه‌ریكی –به‌ریتانی)

خاوه‌نكار و چالاكێكی بواری ژینگه‌یه‌، هه‌ڵگری هه‌ردوو ڕه‌گه‌زنامه‌ی به‌ریتانی و ئه‌مه‌ریكیه‌. مانگی كانونی دووه‌می 2018 ل هه‌ڵمه‌تێكدا بۆ سه‌ر ژینگه‌ پارێزان ده‌ستگیركرا. هاوڕێكه‌ی كاوس سه‌ید ئیمامی دوای چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌ ده‌ستگیركردنی له‌ بارودۆخێكی ته‌مومژاویدا له‌ زینداندا مرد.

ده‌سه‌ڵاتداران تاهباز و حه‌وت ژینگه‌پارێزی تریان به‌وه‌ تۆمه‌تباركرد كه‌ له‌ژێر ناوی پرۆژه‌ی زانستی و ینگه‌ییدا زانیاری نهێنیان له‌باره‌ی ناوچه‌ ستراتیژییه‌كانی ئێرانه‌وه‌ كۆكردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌م ژینگه‌پارێزانه‌ ئه‌ندامی دامه‌زراوه‌یه‌كی پارێزگاریكردن له‌ ئاژه‌ڵه‌ كێویه‌كانی وڵاتی فارس بوون، كامێرایان بۆ شوێنپێهه‌ڵگرتنی چه‌ندین جۆری جیاواز گیانه‌وه‌ر دانابوو كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی قڕبوونیان له‌سه‌ره‌، له‌ناویاندا پڵنگی ئاسیای.

پسپۆڕانی بواری مافه‌كانی مرۆڤ ده‌ڵێن، قورسه‌ له‌وه‌ تێبگه‌ین كه‌ چۆن ده‌توانرێت پارێزگاری له‌ ڕووه‌ك و گیانداران بكرێت له‌كاتێكدا ئه‌م كاره‌ به‌ سیخوڕیكردنه‌وه‌ گرێ بدرێت دژی ئێران. لیژنه‌یه‌كیش گه‌یشته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی به‌ڵگه‌یه‌كیان ده‌ستنه‌كه‌وتووه‌ بیسه‌لمێنێت ئه‌م كه‌سانه‌ سیخوڕ بوون. به‌ڵام له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌می 2018دا تاهباز و سێ هاوڕێی به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی (فساد فی الارض) تۆمه‌تباركران، كه‌ له‌ یاساكانی ئێراندا تۆمه‌تێكی گه‌وره‌یه‌، سیانی دیكه‌شیان به‌ سیخوڕیی تۆمه‌تبار كران، یه‌كێكی دیكه‌شیان تۆمه‌تی هاوكاریكردنی وڵاتێكی دوژمنی درایه‌ پاڵ.

ڕێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ڵێت، چه‌ندین به‌ڵگه‌یان ده‌ستكه‌وتووه‌ كه‌ ئێران چالاكانی ژینگه‌یی ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌دات تا دانپێدانانیان لێوه‌ربگیرێت، ئه‌وه‌ش كارێكی زۆر نادادپه‌روه‌رانه‌یه‌.

6-مایك وایت (ئه‌مه‌ریكی)

پێشتر له‌ هێزی ده‌ریاوانیی ئه‌مه‌ریكادا خزمه‌تی كردووه‌، مانگی ته‌مموزی 2018 له‌ شاری مه‌شهه‌د ده‌ستگیركرا، مایك سه‌ردانی هاوڕێیه‌كی كچی كردبوو كه‌ له‌ڕێی ئینته‌رنێته‌وه‌ ناسیبووی. ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران ده‌ڵێن، مایك له‌سه‌ر سكاڵای كه‌سێك ده‌ستگیركراوه‌.

مانگی شوباتی 2019 ڕاگه‌یاندنه‌كانی ئیران له‌ زاری حسێن په‌نایی جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ بڵاویانكرده‌وه‌، بابه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئاسایش و سیخوڕییه‌وه‌ نییه‌. به‌ڵام مانگێك دواتر ئاسایشی گشتی مه‌شهه‌د ڕأیگه‌یاند، مایك وایت تۆمه‌تبار كراوه‌.
جوان، دایكی وایت ده‌ڵێت، كوڕه‌كه‌ی سیخوڕ نییه‌، ڕه‌تیكرده‌وه‌ به‌وه‌ تۆمه‌تباربكرێت كه‌ تاوانێكی ده‌رهه‌ به‌ ڕژێمی ئێران ئه‌نجامدابێت.

جوان له‌ مانگی ئاداری هه‌مان ساڵدا گوتی، كوڕه‌كه‌ی چاره‌سه‌ری شێرپه‌نجه‌ی وه‌رده‌گرت، وتیشی له‌ كاتی ده‌ستگیركردنیدا ئه‌شكه‌نجه‌ دراوه‌ و له‌ دادگاشدا به‌ زمانی فارسی دادگایی كراوه‌ كه‌ كوڕه‌كه‌ی لێی تێناگات تا به‌رگری له‌خۆی بكات. ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانیش ده‌ڵێن به‌شێوه‌یه‌كی مرۆییانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ وایتدا كردووه‌.

7-ڕۆبه‌رت له‌فینسۆن (ئه‌مه‌ریكی)

پشكنه‌ری تایبه‌ت بووه‌، پێشتر ئه‌ندامی نووسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدراڵی ئمه‌ریكا بووه‌، دوای ئه‌وه‌ی له‌ مانگی ئاداری 2007 به‌ گه‌شتێك چووه‌ دورگه‌ی كیشی ئێران بێسه‌روشوێن بوو.

حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێت له‌فینسۆن كاری بۆ چه‌ند كۆمپانیایه‌كی گه‌وره‌ ده‌كرد. به‌ڵام ڕاگه‌یاندنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا باسیان له‌وه‌كرد كه‌ به‌ كارێكی ئاشكرانه‌كراوی ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا چووه‌ته‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ و له‌وێ چاوی به‌ داود سه‌ڵاحه‌دین كه‌وتووه‌، كه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵاتبوو.

سه‌ڵاحه‌دین ده‌ڵێت، له‌فینسۆن پێی گوتووه‌ كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر به‌قاچاغبردنی جگه‌ره‌ كردووه‌ له‌ كه‌نداوی عه‌ره‌بی و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی ئێران دوای كۆبوونه‌وه‌یان ده‌ستگیریانكردوون.

ساڵی 2011 چه‌ند وێنه‌یه‌كی له‌فینسۆن نێردران بۆ كه‌سوكاره‌كه‌ی، له‌ وێنه‌كاندا جلوبه‌رگی پرته‌قاڵی له‌به‌ردابوو (جلوبه‌رگی زیندانی) نووسراوێكی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ (فریامكه‌ون)

هیلاری كلینتۆن كه‌ ئه‌و كاته‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بوو گوتی، له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ له‌فینسۆن له‌ ناوچه‌یه‌ك له‌ باشووری خۆرئاوای ئاسیا ده‌ستبه‌سه‌ربێت. ئێران ڕه‌تیكرده‌وه‌ زانیاری له‌سه‌ر دۆخ و شوێنی له‌فینسۆن هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام داوا ده‌كات بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ ناو كه‌سوكاره‌كه‌ی.

دواتر نووسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدراڵی ئه‌مه‌ریكا خه‌ڵاتێكی به‌بڕی پێنج ملیۆن دۆلار ته‌رخانكرد بۆ هه‌ركه‌سێك زانیارییه‌ك له‌باره‌یه‌وه‌ بدات كه‌ ببێته‌ مایه‌ی زانینی شوێنی یان گه‌ڕأندنه‌وه‌ی بۆ ئه‌مریكا.

8-كه‌مال فروغی (ئێرانی – به‌ریتانی)

راوێژكاری پێشووی كۆمپانیای نه‌وت و غازی (پترۆناس) بوو، مانگی ئایاری 2011 له‌ ته‌مه‌نی 79 ساڵیدا ده‌ستگیركرا. خرایه‌ زیندانێكی تاكه‌ كه‌سییه‌وه‌ و ڕێی پێنه‌درا پارێزه‌ره‌كه‌ی بیبینێت تا ڕۆژێك به‌ر له‌ دادگاییكردنه‌كه‌ی له‌ ساڵی 2013دا. تۆمه‌تی سیخوڕیكردنی درایه‌ پاڵ و به‌ حه‌وت ساڵ زیندانیی سزادرا، ده‌بوو به‌پێی یاساكانی ئێران و به‌هۆی خراپبوونی باری ته‌ندروستییه‌وه‌ چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ئازاد بكرایه‌، به‌ڵام ده‌وترێت كه‌ تا ئێستاش له‌ زینداندایه‌.

9-كامه‌ران غه‌دیری (ئێرانی – نه‌مسایی)

سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری كۆمپانیای ڕاوێژكاریی (ئه‌ڤانۆك)ه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ بواری ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری له‌ نه‌مسا، غه‌دیری ساڵی 2016 كه‌ بۆ كارێك هاتبووه‌ ئێران ده‌ستگیركرا.

مانگی تشرینی یه‌كه‌می ڕابردوو ئاسایشی ئێران ڕایگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی به‌ سیخوڕیكردن و هاوكاریكردنی وڵاتێكی دوژمن تۆمه‌تبار كراوه‌ سزای 10 ساڵ زیندانیی به‌سه‌ر غه‌دیریدا سه‌پێنراوه‌.

نه‌كه‌ی سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ مێرده‌كه‌ی هیچ تاوانێكی نییه‌ و ته‌نها خاوه‌نكارێكی ساده‌یه‌ و سته‌می لێكراوه‌، ڕێكخراوه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤیش ده‌ڵێن، له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا ناچاركراوه‌ بڵێت سیخوڕ بووه‌. له‌ زینداندا ته‌ندروستی جه‌سته‌یی و ده‌روونیی كامه‌ران تێكچووه‌.

مانگی ته‌مموزی 2019 چه‌ند پسپۆڕێكی مافه‌كانی مرۆڤی سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ڕایانگه‌یاند، كامه‌ران له‌ چاودێری ته‌ندروستی بێبه‌شكراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ گرێیه‌كی شێرپه‌نجه‌یی له‌قاچیدا هه‌یه‌.

10-كارین وه‌فاداری و ئاڤرین نه‌یساری (ئێرانی – ئه‌مه‌ریكی)

ئه‌م ژن و مێرده‌ زه‌رده‌شتییه‌ هۆڵێكی نمایشی هونه‌رییان هه‌یه‌. مانگی ته‌مموزی 2016 له‌لایه‌ن سوپای پاسدارانه‌وه‌ ده‌ستگیركران. دوای دوو هه‌فته‌ داواكاری گشتی تاران ڕایگه‌یاند، دوو ئێرانی هه‌ڵگری ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئه‌مه‌ریكی به‌وه‌ تۆمه‌تباركراون كه‌ ئاهه‌نگیان بۆ دیپلۆماتكاره‌ بیانی و چه‌ند هاوڕێیه‌كی ئێرانییان ڕێكخستووه‌ و خواردنه‌وه‌ی كحولییان پێشكه‌شكردوون و ژن و پیاو له‌ یه‌ك شوێندا تێكه‌ڵ بوون.

به‌پێی ده‌ستووری ئێران زه‌رده‌شتیه‌كان یاسا كارپێكراوه‌ ئیسلامیه‌كان نایانگرێته‌وه‌، ئه‌و یاسایانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ خواردنه‌وه‌ی مه‌ی و تێكه‌ڵی ژن و پیاوه‌وه‌ هه‌یه‌.

سه‌ره‌تاكانی 2017 چه‌ند تۆمه‌تێكی تر درانه‌ پاڵ ئه‌م ژن و مێرده‌، هاوكاریكردنی دوژمنانی ئێران، چالاكییان دژی ده‌وڵه‌ت ئه‌نجامداوه‌ و له‌ڕێی باڵیۆزخانه‌ی وڵاتانه‌وه‌ سیخوڕییان كردووه‌ و سیخوڕیان بۆ په‌یداكردوون.

كانونی دووه‌می 2018 وه‌فاداری نامه‌یه‌كی له‌ زیندانی ئه‌ڤینی تارانه‌وه‌ نووسی و تیایدا ده‌ڵێت، دادگای شۆڕشی ئێران سزای 27 ساڵ زیندانیی به‌سه‌ردا سه‌پاندووه‌ و ژنه‌كه‌شی به‌ 16 ساڵ زیندانیی سزادراوه‌، له‌و نامه‌یه‌دا سه‌رجه‌م ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ڕه‌تكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئاراسته‌یان كراوه‌.

كوڕه‌كه‌یان ده‌ڵێت، دواتر سزاكه‌ی سه‌ر باوكی بۆ 15 ساڵ و ئه‌وه‌ی دایكیشی بۆ 10 ساڵ زیندانیی كه‌مكراوه‌ته‌وه‌.

مانگی ته‌مموزی 2018 ڕاگه‌یاندنه‌كان باسیان له‌وه‌كرد كه‌ ئه‌م ژن و مێرده‌ تا ڕۆژی دادگاییكردنه‌وه‌یان به‌ كه‌فاله‌ت ئازادكراون.

11-ئاراس ئه‌میری (ئێرانی – به‌ریتانی)

فه‌رمانبه‌ری ئه‌نجومه‌نی ڕۆشنبیری به‌ریتانی مانگی ئاداری 2018 كاتێك به‌سه‌ردان گه‌ڕایه‌وه‌ لای نه‌نكی له‌ تاران ده‌ستگیركرا و به‌وه‌ تۆمه‌تباركرا كه‌ دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران كاریكردووه‌.

مانگی ئایاری 2019 دادگای ئێران به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوی ئاراس بهێنێت ڕایگه‌یاند، هاوڵاتیه‌كی ئێرانی به‌ سیخوڕیی تۆمه‌تباركراوه‌، ئاراس به‌رپرسی نووسینگه‌ی ئێران بوو له‌ ئه‌جومه‌نی ڕۆشنبیری به‌ریتانی، به‌ وته‌ی دادگا ئاراس په‌یوه‌ندی به‌ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك و تیمی شانۆوه‌ كردووه‌ ا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئێران دابنێن و بچنه‌ ناو خه‌ڵكه‌وه‌.

سێر سیاران دیڤان سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری ئه‌نجومه‌نی ڕۆشنبیری به‌ریتانی ڕایگه‌یاند، ئه‌و ژنه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران باسی ده‌كه‌ن ئه‌میرییه‌، نیگه‌رانی خۆشی له‌ سزادانی نیشاندا و گوتی، ئه‌میری كاری ئه‌وه‌بووه‌ هاوكاریبكات تا له‌ به‌ریتانیادا ڕێزی زیاتر له‌ ڕۆشنبیری و كه‌لتووری ئێرانی بگیرێت.

مانگی ئابی 2019 وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ئێران ڕایگه‌یاند، دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ ئه‌میری به‌ 10 ساڵ زیندانی سزاداوه‌. جه‌یمس تایسۆنی ده‌زگیرانی ئه‌میری به‌ ئاژانسی بی بی سی ڕاگه‌یاند، حكومه‌تی ئێران ئاراس ئه‌میری وه‌ك كارتی فشار به‌كارهێناوه‌.

12-فه‌ریبا ئه‌دله‌خا (ئێرانی – فه‌ره‌نسی)

زانای ئه‌نسرۆپۆلۆج و تویژه‌ری زانكۆی ساینس بۆی پاریسه‌، مانگی حوزه‌یرانی 2019 له‌ تاران ده‌ستگیركرا. فه‌ریبا له‌ شاری قوم سه‌رقاڵی توێژینه‌وه‌یه‌ك بوو، سایتی ئێران وایه‌ر بڵاویكرده‌وه‌ (ماڵپه‌ڕی ئاواره‌كانی ئێرانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات) فه‌ریبا به‌ تۆمه‌تی سیخوڕی ده‌ستگیركراوه‌.

مانگی ته‌مموزی ڕابردوو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا ڕایگه‌یاند، له‌ ده‌ستگیركردنی فه‌ریبا ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌، داوای له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران كرد دۆخی ژیانی ئاشكرا بكه‌ن و ڕێگه‌ بده‌ن دیپلۆماتكاره‌ فه‌ره‌نسیه‌كان سه‌ردانی بكه‌ن. حكومه‌تی ئێران ئاماده‌نه‌بوو تۆمه‌ته‌كانی سه‌ر فه‌ریبا ئاشكرا بكات.

13-ئه‌نوشه‌ عاشوری (ئێرانی – به‌ریتانی)

مانگی ئابی 2019 وته‌بێژی دادوه‌ریی ئێران ئاشكرایكرد، هاوڵاتیه‌ك كه‌ هه‌ڵگری ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئێرانی و به‌ریتانییه‌ به‌ تۆمه‌تی سیخوڕیكردن بۆ ئیسرائیل ده‌ستگیركراوه‌ و دادگای تاران سزای 10 ساڵ زیندانیی به‌سه‌ردا سه‌پاندووه‌.

وتیشی، ئه‌نوشه‌ عشوری په‌یوه‌ندی به‌ ده‌زگای هه‌واڵگری موساده‌وه‌ هه‌بووه‌ و زانیاری هه‌واڵگری زۆری داوه‌ته‌ ئیسرائیل. غوڵام حسێن ئیسماعیلی باسی له‌وه‌شكرد، عاشوری سزای دوو ساڵی دیكه‌ زیندانی و 36 هه‌زار دۆلار غه‌رامه‌شی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌ به‌ تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی به‌ ڕێگه‌ی نایاسایی پاره‌ی ده‌ستكه‌وتووه‌.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا ڕایگه‌یاند، پشتگیری له‌ كه‌سوكاری ئه‌م پیاوه‌ به‌ریتانیه‌ ئێرانیه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ ئێران ده‌ستگیركراوه‌، داوایكرد ڕێگه‌ به‌ دیپلۆماتكاره‌كانی وڵاته‌كه‌ی بدرێت سه‌ردانی بكه‌ن و هاوكاری بكه‌ن.