ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:05 - 09/01/2020

چل ساڵ پێش ئێستا ترەمپ چۆن بیری لە ئێران كردوەتەوە؟‌

پەیسەر

نزیكەی هەفتەیەك دەبێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چاوەڕوانی تەقینەوەیەكی گەورەدایە، ئەویش ڕوداوی كوشتنی قاسمی سولەیمانی بوو ڕێكخەری كاروبارەكانی دەرەوەی ئێران و بەرپرس لەدۆسیەی سەرجەم كارەكانی ئێران لە دەرەوەی سنوورەكانی خۆی ،  قاسمی سولەیمانی بەدەر لەوەی چی لەسەر گوتراوە، ببوە جێگەی سەرنجی سەرجەم دەزگا ئەمنیەكان و لەم دواییانەشدا ئەمەریكا لە هەلێك دەگەڕا بۆئەوەی لە كۆڵی بكەنەوە، تا لە نیوە شەەوی 3/1/2020 بە ئاڕاستەكردنی موشوكێك بە بڕیاری دۆناڵد ترامپ لەناو فرۆكەخانەی بەغداد دا لەگەڵ ئەبوفەهمی موهەندیس و چەند كەسێكی دیكە كوژران.


بە پێی سەرچاوەكانی هەواڵ كاتێك ڕاپۆرتی كۆتایی دراوەتە دۆناڵد ترامپ كوشتنی قاسمی سولەیمانی بژاردەی چواروم بووە، بەڵام سەیرەكە لەوەدابووە كە ترامپ بژاردەی كوشتنەكەی پەسەند كردووە، ئەو بڕیارە نەك هەر بۆ خەڵك و ئێرانیەكانیش مایەی شۆم بوو، بەڵكو زۆرینەی بەرپرسەكانی ئەمەریكاشی توشی سەرسوڕمان كرد، بەجۆرێك بڕیاری لەو جۆرە بوەتە مایەی سەرسوڕمان  پرسیاری زۆری بەداوی خۆیدا هێناوە، هەموو ئەو پرسیارانەش لە دەوریی خاڵێك دەخولێنەوە كە ئەگەر ئێمە بگەینە ئەو خاڵەو لەبەرچاوی بگرین، دەبێتە وەڵامێكی گونجاوو پڕاوپڕی دۆخەكە، لەو كاتەدا كە ترامپ بڕیاری قاسمی سولەیمانی دەردەكات بیری لەچی كردووەتەوە؟


ترامپ لە كاتێكدا واژۆی لەسەر كوشتنی قاسمی سولەیمانی كرد نیوەی جیهان لە گەرمەی خەودا بوون، كاتێكیش نیوەی جیهان بێداربوون و چاوەڕوانی كەوتنەخوارەوەی موشەكەكانی ئێران بوون كە چەند سەربازگەیەكی ئەمەریكایان لە ئێران كردبووە ئامانج ترامپ بە رۆژنامەنوسانی  گوت: هەموو شت ئارامەو من دەڕۆم و بەیانی قسەتان بۆ دەكەم. پرسیار ئەوەیە ئاخۆ ترامپ پشتی بە چی بەستبوو وا لەگەورەترین حاڵەتی ناڕەحەتی خەڵكدا بێخەم قسە دەكات و بەرەو پێشەوە هەنگاوەكانی هەڵدەگرێت و بە هیچ شێوەیەك لا بۆ دواوە ناكاتەوە؟ وەنەبێت ئەم پرسیارانە تەنها بە مێشكی خەڵكی ئاسایی دونیادا هاتبێت، بەڵكو وەك سەرچاوەكان باسی دەكەن زۆرجار مایك پۆمپیۆ و مارك ئسپیریش هەمان پرسیاریان لا دروست دەبێت.


وێنای ئێران لە بیركردنەوەی ترامپ دا:
تۆماس ڕایت لێكۆڵەری یەكەم لە دەزگای بیریارانی ئەمەریكا –بروكینگز- توێژینەوەیەكی وردی ئەنجام داوەو گەڕاوەتەوە بۆ 50 ساڵ بەر لەئێستای دۆناڵد ترامپ، لە ماوەی نیو سەدەی ڕابوردوودا ترامپ چۆن ئێرانی ناسیوەو چی دەربارە گوتووە، بۆ ئەو مەبەستە چەندین بەڵگەی بەرجەستەی خستۆتە ڕوو، چل ساڵ بەر لە ئێستا دۆناڵد ترامپ لە رۆژی 6/10/1980 چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانی كردووە لە بارەی بارمتەگیراوەكانی ئەمەریكا لە ئێران لە ساڵی 1979، ترامپ چاوپێكەوتنێكی كردووە لە گەڵ رۆژنامەنوسێكی  بەناوبانگی بی بی سی بەناوی –رانابارت- ئەو رۆژنامەنووسە لەسەردەمی خۆیدا زۆر بەناوبانگ بووە لەدۆزینەوەی هەواڵی گەرم و پڕخوێنەرترین رۆژنامەنووسی ئەو سەردەمە بووە، كاتی چاوپێكەوتنەكە چەند هەفتەیەك بووە لە هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا، لەو هەڵبژاردنەدا جیمی كارتەر لەبەرامبەر ڕكابەرەكەی رۆناڵد ڕێگان دا دۆڕا، لەو كاتەدا بوو كە 52 بارمتەی ئەمەریكی لە سەفارەتی تاراندا كەوتبوونە دەستی ئێرانیەكان و گەورەترین شكستی سیاسەتی ئەمەریكابوو لە دەرەوەی سنوورەكانی، لەو چاوپێكەوتنەدا رانا لە دۆناڵد ترامپی 34 ساڵە دەپرسێت: بە بۆچوونی تۆ چۆن دۆخی ئەمەریكا باشتر دەبێت؟ ئەو لەوەڵامدا دەڵێت دەبێت ئەمەریكا بگاتە ئاستێك هەرچی وڵاتی دونیا هەیە ڕێزی بگرن، لەوێوە قسەوباسی گفتوگۆكەیان دەچێتە سەر باسی بارمتەكراوەكانی ئەمەریكا، ترامپ دەڵیت ئەوەی كە ئێران ئەو 52 كەسەی ئێمەی لای خۆی وەك بارمتە دەست بەسەر كردووە كارێكی ئێجگار گەمژانەیە، ئەگەر ئێمە هەروا دابنیشین و هیچ نەكەین، بە باوەڕی من زۆر ترسناكە، من دڵنیام ئەوان لە بەرامبەر هیچ وڵاتێكی دیكەدا ناتوانن ئەو كارە بكەن.


رۆژنامەنوسەكە لە ترامپ دەپرسێت واتە تۆ پێت وایە بڕۆنە ناو ئێران و پەلیان بگرن و بیانهێننەوە وەك ئەوەی لە ڤێتنام كردتان؟ ترامپ لەوەڵامدا دەڵێت: ڕێك وایە، من بەوشێوەیە بیری لێدەكەمەوە، هیچ دوو دڵییەكم لەوبارەوە نیە، ئەگەر ئێستا وڵاتەكەمان لە بواری نەوتدا دەوڵەمەند بوایە –كە من باوەڕم وایە دەبێت بگەینە ئەو ئاستە و زۆریش نیگەرانم پێی- ئەو وڵاتە جورئەتی ئەوەی نەدەكرد وامان لەگەڵ بكات. تۆماس ڕایت باس لەوەش دەكات كە هەریەك لە مێژوو نوسان - برند سیمز- لە دانیشگای كامبریج و -چارلی لیدر- لە كینگ كالیجی لەندەن، ئەو چاوپێكەوتنەیان بە هەند وەرگرتووەو لای خۆیان تۆماریان كردووەو پێیان وایە دەبێت بخرێتە ئەجێندای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاوە، بە پێی توێژینەوەكان چل ساڵ دوای ئەو چاوپێكەوتنە و یەك رۆژ لە دوای كوشتنی قاسمی سولەیمانی لە توێتێكدا دووبارە بووەتەوەو وەك ئاماژەیەك بەژمارەی بارمتەگیراوەكان گوتی لە 52 شوێنی گرنگی ئێران دەدەین و لە كۆتا قسەشیدا لە شەوی 9/1/2019 دا گوتی پێویستمان بە نەوتی ئێوە نەماوە.


رایتی رۆژنامەنووس بە خوێندنەوەی ئەو مێژووەو هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی نیوسەدە لەمەوبەری ترامپ هەوڵیداوە وەڵامێك بۆ ئەو كارە چاوەڕوان نەكراوە – كوشتنی قاسم سولەیمانی-  بداتەوە، رایت دەڵێت بە لێكۆڵینەوەو شرۆڤەی مێژوو دەگەینە ئەو ڕاستییەی كە یەكێك لە پاڵنەرە سەرەكەكیەكانی بریتی بووە لە تۆڵەكردنەوەی بارمتەگیراوەكانی 1980ی ئێران، دەگەینە ئەو ڕاستیەی ترامپ لەو كاتەوەی هیچ بەرپرسیارێتیەكی نەبووە بیری لای نەوت –وزە- و تۆڵەی بارمتەكان بووە لەگەڵ ئێران. توێژینەوەكان باس لەوەش دەكەن ترامپ بە وردیی چاودێریی هەڵكوتانە سەر سەفارەتی ئەمەریكا دەكرد لە بەغداد، كاتێك گەشتە ئەنجام خۆی یەكلایی كردەوە كە ئیتر كاتی هاتووە.


جگە لە تۆماس ڕایت ژمارەیەكی زۆر لە رۆژنامەنوسان لەماوەی ئەو هەفتەیەدا بەداوی ئەو نهێنیەدا دەگەڕان كەچی لەمێشكی ترمپدا دەگوزەرێت؟ ئەو كاتەی بڕیاری كوشتنی قاسمی سولەیمانی دەركرد چۆن بیری دەكردەوە؟ ئەوان گەشتوونەتە ئەو بڕوایەی داگیركردنی كۆنسوڵ و سەفارەتەكانی ئەمەریكا مایەی نیگەرانی ترامپن بەردەوام هەربۆیە لە كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا هەمیشە بەچاوی هیلاری كلنتۆنی دا دەدایەوەو دەیگوت ئێوە هیچتان پێنەكرا لەبەرامبەر هێرشكردنە سەر سەفارەتی ئەمەریكا لە بەنگازیی لیبیاو وەڵامێكتان بۆ كوشتنی سەفیرەكەمان نەبوو لە ساڵی 2012 دا . وەك باسیش دەكرێت تا ئێستەش دەچێتەوە سەر ئەو ڤپدیۆو وێنانەی كە چۆن چوونەتە سەر سەفارەتی ئەمەریكا لە بەغداد.


لەسەروبەندی كێشەی چوونە سەر سەفارەتی بەغداد یەكێك لەو ڕۆژنامەنوسانەی كە دەیزانی ترامپ چۆن بیردەكاتەوە نوسیویەتی: ترامپ چۆن دەتوانێت لە بەنگازییەكەی خۆی بكات لە بەغداد؟ هەر بۆیە تیمێكی تایبەتی لە هێزە دەریاییە تایبەتەكان ڕەوانەی بەغداد كردووە، كە كاری ئەو تیمە تەنها پاراستنی سەفارەت و كۆنسوڵخانەكانی ئەمەریكایە لە وڵاتە جۆراوجۆرەكان. هەر بۆیە زۆرینەی شرۆڤەكاران باس لەوە دەكەن كوشتنی قاسمی سولەیمانی لە تۆڵەی هێرشی سەر كۆنسوڵخانەكەی ئەمەریكادایە لە بەرواری 31/12/2019 دا و تەنها چوار رۆژ دوای ئەوەش قاسمی سولەیمانی و ئەبو مەهدیی موهەندیسیان كردەئامانج.
گەرچی ماوەیەكی زۆربوو سوپای پاسداران لە لایەن ئەمەریكاو دۆناڵد ترەمپەوە خرابووە لیستی تیرۆرەوە بەڵام هیچ فەرماندەیەكی سەربازیی ئەمەریكا لەو باوەڕەدا نەبوو كە بە خێرایی گەورەترین بەرپرسی ئەو سوپایە بكاتە ئامانج ئەوە لە كاتێكدا ڕۆڵی گەورەشی هەبووە لە تێكشكانی دوژمنە هاوبەشەكەیان –داعش-، هەر ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەكەن كە ئەمەریكا لە مێژووی خۆیدا یەك كاری تری لەو جۆرە ئەنجام داوە ئەویش كوشتنی فەرماندەیەكی سەربازیی بوو لە ساڵی 1963 بوو لەناو فڕۆكەیەكی یابانیدا بە ناوی ژەنراڵ یوكیاما. ئەڵبەتە بەجیاوازی ئەوەش كە ئەمەریكاو ئێران لە جەنگی فەرمیدا بوون، بەڵام تا ئێستاش ئەمەریكاو ئێران لە جەنگی ڕاستەوخۆدا نین و هەموو شەڕەكانیان بە نوێنەرایەتی و وەكالەت ئەنجام دەدەن.


ترامپ كاتێك گوتی ئەگەر ئێران وەڵاممان بداتەوەو ویەك سەربازمان بكوژێت 52 شوێن لەناو دەبەین، ئێران بەناردنی چەند مووشەك ڕقی خەڵكەكەی خۆی دامركاندەوەو تەنها یەك سەربازی ئەمەریكیش پێوە نەبوون، هەربۆیە لە كۆتا قسەكانیدا گوتی: هەرگیز ئێران نابێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی...
بە پێی وتەكانی رۆژنامەنوسان و ئەو كەسانە بێت كە شارەزای مێژووی نیو سەدەی دۆناڵد ترامپن كێشەی ترەمپ لەگەڵ ئێران پەیوەندی ڕاستەوخۆی وڵاتەكەیەتی لەگەڵ ئێران و لە گوتارەكەشیدا چەند جارێك دووبارەی كردەوە كە ئێرانیەكان لە ماوەی ئەو چل ساڵەی تەمەنیدا مردن بۆ ئەمەریكایان واز لێنەهێناوە