ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:02 - 07/01/2020

ئایا خەزعەلی خیانەتی لە سولەیمانی و ئەبومەهدی كردووە؟‌

پەیسەر

قەیس خەزعەلی ئەمینداریی گشتی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەقەو یەكێكە لە سەركردە دیارەكانی شێعەی عێراق و لەدوای 2003 ەوە جاروبار ناوی دەكەوێـتە ناوان و هەرجارەی بەشێوەیەك دەبێتە مانشێتی هەواڵەكانی عێراق، ئەو لەم رۆژانەدا كە قاسمی سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس كوژراوە هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوەی لە ئەمەریكا كردووەو لەكاتی هێرشكردنیش بۆ سەر سەفارەتی ئەمەریكالەناوچەی سەوزی بەغداد بە یەكێك لەو كەسانە هاتە ئەژمار كە بەشدارییان كردووەو ڕۆڵی هەبووە لە هاندانی خەڵكدا، بەڵام لە ئێستادا قسەوباس لەسەر ئەوەیە كە خەزعەلی هاوكاریی زۆری پێشكەش بە ئەمەریكیەكان كردووەو ئەوەی ئەوان لێیان ویستووە بە زیادیشەوە دەستیان كەوتووە. بو پێی بەڵگەنامەیەكی بڵاوكراوە خەزعەلی لە نێوان 2007 بۆ 2010 سەرجەم زانیاییە گرنگەكانی عێراقی داوە بە ئەمەریكیەكان.


خەزعەلی لە كاتێكدا كە وتەبێژیی سوپای مەهدیی بوو كە لەلایەن ئەمەریكیەكانەوەدەستگیركراوەو لە نێوان 2007 بۆ 2010 لە زیندان ماوەتەوە، لەو ماوەیەدا كە لە زیندان بووە زانیاریی زۆری داوە بە ئەمەریكیەكان بەتایبەتی باسی ڕۆڵی ئێران لە عێراق و چۆنیەتی پەیوەندیەكانی ڕێكخراوە شێعیەكان لە گەڵ ئێران، بە پێی ڕاپۆرتێكی نهێنی (سنتكام)  فەرماندەیی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق لە ساڵی 2018 دا بڵاوكراوەتەوە كە خەزعەلی بە تاوانی سەرۆكایەتی گروپێكی چەكداریی شێعەی ئێرانی لە عێراق دەستگیركراوە، بە پێی ڕاپۆرتەكە خەزعەلی چالاكی سەربازیی و هەواڵگریی لە دژی سوپای ئەمەریكا هەبووە لە عێراقدا بۆیە دەستگیریان كردووە، تاوانێكی دیكەی خەزعەلی كاركردنی بووە لەناو گروپێكدا كە خەریكی قاچاخچێتی تفەنگ و تەقەمەنی بووە و لە پێنج كەس پێكهاتوون و ئەو سەرۆكیان بووە، لە هەمان كاتدا گروپەكەی دەستی هەبووە لە كوشتنی نایاسایی و ڕەشەكوژیی دا، لە هەمان كاتدا پەلاماردانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەربەلا لە ساڵی 2007 دا دراوەتە پاڵ خەزعەلی و گروپەكەی كە بووەتە هۆی كوشتنی 5 سەربازیی ئەمەریكی.


بە پێی كەناڵی العربیە خەزعەلی لە كاتی زیندانیەكەیدا هاوكاریی زۆری سوپای ئەمەریكای كردووە، لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانیدا زانیاریی زۆری پێداون لەسەر چۆنیەتی پەیوەندی نێوان میلشیا شێعەكانی عێراق لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێرانی چۆن كاردەكەن و لەكوێ خولی تابەتییان پێدەبینن، هەروەهاچۆنیەتی قاچاخچێتی چەك و تەقەمەنییەكانی لە ئێرانەوە بۆ عێراق ڕوون كردوەتەوە، هەروەها خولی چەكدارە شێعەكانی عێراق لە ئێرانی باسكردووە و پێدانی ناوی ئەو ئەفسەرە ئێرانییانەی كە هاتوونەتە ناو سوپای عێراق و پلەكانیان لەناو عێراقداچیە هەموویانی پێشكەش بە ئەمەریكیەكان كردووە، لەو دانپێدانانەدا گوتوشیەتی  كاری هەموویان بۆ لێدان بووە لە سوپای ئەمەریكاو لەسەرداخوازیی ئێران بووە.


بە پێی ڕاۆرتێكی كەناڵی ئاسمانی الحرە، خەزعەلی كاتێك لەناو سوپای مەهدی دابووە بەردەوام بەداوی موقتەدا سەدرەوە بووە، بەڵام كاتێك دەستگیر دەكرێت ئەو هەموو شتێكی لەبارەی موقتەداوە بە ئەمەریكیەكان گوتووە، بە پێی ئەو ڕاپۆرتەی الحرە خەزعەلی بە ئەمەریكیەكانی گوتووە موقتەدا هیچ شتێكی بەلاوە گرنگ نیە بەرژەوەندی خۆی نەبێت، ئەو بەرژەوەندییە كەسییەكانی خۆی دەخاتە پێش هەموو شتێكەوە، هەروەها لەزیندانی ئەمەریكیەكاندا بە بێ هیچ زۆر لێكردنێك سەرجەم زانیارییەكانی لەبارەی چۆنیەتی دانانی وەزیرەكانی سەر بە موقتەدا سەدر كە لە لایەن ئێرانیەكانەوە دانراون و پشتگیریی كراون باس كردووە، هەربۆیە دوای ئەوەی لە موقتەدا سەدر هەڵدیگەڕێتەوەو كەتائیبی ئەهلی حەق دادەمەزرێنرێت، بەڵام هێندەی نەبرد موقتەدا ڕەخنەكانی لە ئێران توندتر كردەوەو خەزعەلیش لە ئێران نزیكتر كەوتەوە. هەر لەو ڕاپۆرتەی الحرە دا هاتووە سەرجەم زانیارییەكانی موقتەدا سەدری لە ڕووی ئەمنی و سەربازیی و ئابوورییەوە داوە بە ئەمەریكەیكان.


بە پێی ڕاپۆرتە رۆژنامەوانیەكان كاتێك خەزعەلی لە دەستی ئەمەریكیەكاندا بووە، میلشیا شێعەكان هەستاون بە دەست بەسەر كردنی هەندێك لە بەرپرسە ئەمەریكیەكان و دواجار لە بەرامبەر شەش كەس لەو بەرپرسانە بەردراوە، بەڵام ئەوانەی كە نەیاری خەزعەلین ،  پێیان وایە ئەوە پلانێكی چەواشەكارانە بووەو هیچی تر، ئەگینا ئەگەر ئەمەریكیەكان بیانویستایە دەیانتوانی ئەو كەسانەش ئازاد بكەن و خەزعەلیشیان لا بمێنێتەوە.
خەزعەلی و كەتائیبی ئەهلی حەق رۆڵی سەرەكییان بینیوە لە دروستكردنی پشێویی و دەركردنی خەڵك لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان و قوڵكردنەوەی ناكۆكی مەزهەبی و ئاینی و دوای دەركەوتنی ئەو گرووپە میلشیایە لە عێراق كێشەكان قوڵتر بوونەوەو شەڕە ناوخۆییەكانی عێراقیش پێیان نایە قۆناغێكی مەترسیدارترەوە. هەروەها شوێنی مانەوەو چۆنیتەی هاتوچۆكردنی بەشێك لەو سەركردانەی داوەتە ئەمەریكاو ئەو بەڵگە نامەیەش لە كۆتایی ساڵی 2018 دا لە لایەن سوپای ئەمەریكاوە دزەی كردە دەرەوەو بەشێك لە میدیاكانی جیهان بڵاویان كردەوە. یەكەم میدیایەكی ئەمەریكی رۆژنامەی (وڵ ستریت ژۆڕناڵ) بووە كە بەڵگەكەی بڵاوكردوتەوە لە مانگی ئابی 2018 دا. كاتێكیش خەزعەلی باس لەو نەهامەتیانە دەكات لە سەردەستی سوپای مەهدی و لایەنگرانی موقتەدا سەدرەوە  توشی عێراقیەكان دەبێت موقتەدا زۆر بەتوندی وەڵامی دەداتەوە، هەربۆیە بەردەوام لەنێوان خۆیاندا كێشەی گەورەیان هەیە.


تاوانەكانی عەسائیبی ئەهلی حەق لە 2017 لە لایەن ڕێكخراوە جیهانیەكانی مافەكانی مرۆڤ و  رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دانیان پێداناوەو بڵاویان كردووەتەوە  كە ئەو میلشیایە لە ئێرانەوە نزیك و بەشێك لە تاوانەكانی لە سەر داوای ئەوان ئەنجام دەدات بە هاوبەشی لەگەڵ هەندێك لە میلشیاكانی نزیك لە ئێرانی و ئەوانیش بریتین لە كەتائیبی حیزبوڵا و سەرایای سەلام و ڕێكخراوی بەدر.
راپۆرتەرۆژنامەوانیەكان باس لەوە دەكەن كە عەسائیبی ئەهلی حەق بودجەی مانگانەیان لە لایەن ئێرانەوە دابین دەكردێت كە خۆی لە ملیۆنەها دۆلاردا دەبنێتەوە، ئەوە سەرەڕای پشتوانی زۆری لۆجستی و پەروەردە و ڕاهێنانی جۆراوجۆر لەناو خاكی ئێراندا لەلایەن سوپای پاسداران و سوپای قودسەوە، ڕاپۆرتی ئەمەریكیەكان خەزعەلی زانیاری ئەوەی پێداون كە لە سەربازگەیەكی باكووری تارانی پایتەخت بەناوی –پادگان امام خامنەئی- چەندین كەسی سەر بەمیلشیاكانی شێعە خول و ڕاهێنانیان بینیوە، ئەو باسی لەوەش كردووە ئەو سەربازە عەرەبانەی فارسییان نەزانیوە وەرگێڕیی عەرەبییان بۆ دابینكردوون، هەروەها گوتوشیەتی حیزبوڵای عێراقی یەكێك بوون لەو گروپانەی بەردەوام خەڵكیان ناردووەتە ئەو سەربازگەیە بۆ ئەوەی ڕاهێنان بكەن.


بە پێی راپۆرتەكەی الحرە خەزعەلی دانی بەوەدا ناوە كە 2003 لەگەڵ سێ كەسی دیكە لەسەر داوای بەرپرسانی ئێرانی بەناوەكانی ئەحمەد شەیبانی و مستەفا یەعقوبی و عەباس كوفی چووەتە ئێران، بەپێی وتەكانی خەزعەلی لەو سەردانەدا لەگەڵ نوسینگەی سەدر و خودی موقتەدا ناسراوییان دروستكردووەو بەشێك لە ئەندامانی سەركردایەتی سوپای مەهدی یان پێ ناساندوون. هەر لەو گەشتەدا چاویان كەوتووە بە رەفسنجانی و مەحموودی شاڕوودی و لەگەڵ ئەوانیشدا باسیان لە دۆخی عێراق و حەوزە عیلمیەكانی قوم كردووە. پاشان چەند جارێك لەگەڵ بەرپرسانی سوپای پاسداران كۆبوونەوەیان كردووەو بۆ دواجاریش لەگەڵ قاسم سولەیمانی دانیشتووە، هەموو ئەو بابەتانەی كە لەگەڵ ئێرانیەكان ئەنجام دراوە هەمووی بۆ ئەمەریكیەكان باسكراوە.
لە ئێستادا كە ئاڵۆزییەكانی عێراق ڕووی لە زیادبوونە، ماڵی شێعە كەوتوەتەبەردەم هەڕەشەی ڕاستەقینەو دوو لەسەركردە باڵاكانیان لە بۆمبارانێكی ئەمەریكیەكاندا كوژراون، خەزعەلی بە یەكێك لەو سەركردانە دادەنرێت كە داوای تۆڵەكردنەوە لە ئەمەریكادەكەن و  لەناو ئەو سەركردە شێعییانەدا بووە كە چوونە سەر سەفارەتی ئەمەریكاو بەشێكیان ئاگرتێبەردا، هەر ئەویشە كە بە هەڕەشە توندەكانی داوای تۆڵەی كوژراوەكانی هەینی ڕابوردوو دەكات.


ئەوانەی كە لە نزیكەوە باس لە هەڵوێستی زیندانی خەزعەلی دەكەن پێیان وایە ئەو بەڵگەنامەیە ئەگەر ڕاستیش بێت و هەموو ئەو زانیارییانەشی دابێت بە ئەمەریكیەكان ، پێیان وایە ئەوە توانای سیاسیانەی ئەو بووە بۆ ئەوەی خۆی دەربازبكات و هەر بە هاتنە دەرەوەی لە زیندان گەورەترین میلشیای خاوەن باوەڕیی شێعانەی توندڕەو دروستكرد، شارەزایانی ئاینداریی شێعە باس لەوەش دەكەن لە بیروباوەڕییی ئاینزای شێعەدا –توقیە- كارێكی ئاساییە، واتە خۆشاردنەوەو حەڵاڵكردنی هەموو شت لە پێناوی سەركەوتن و بردنەوەدا، هەر بۆیە پێدەچێت خەزعەلی ئەو زانیارییانەی بەمەبەستی سیخوڕیی نەدابێتە ئەمەریكیەكان و ئەوانی بە هەڵەدا بردبێت، لە ئێستاشدا هێندە لەبەرامبەر ئەمەریكیەكان توندە هیچ سەركردەیەكی تریی شێعە هێندە توند نیە. لە نێو شەقامی سیاسی و سەربازیی عێراقیشدا خەزعەلی سەركردەیەكی دیاری شێعەكانی عێراقەو ناوی لەناو ناواندایە، ئیدی سیخوڕێكی ئەمەریكیەكان بێت یان سەركردەیەكی سەربازیی شتێك لە دۆخی ئێستای ئەو سەركردەیە كەم ناكاتەوەو هەموو ئەو شتانەش سەلماندنی زیاتری دەوێت.