ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

08:15 - 03/01/2020

چیرۆكی هه‌وڵدان بۆ كوشتنی سوله‌یمانی له‌ڕێگه‌ی هه‌ولێر و پاشگه‌زبوونه‌وه‌ له‌دواین ساتدا‌

پەیسەر

ڕه‌نگه‌ كوشتنی قاسم سوله‌یمانی، پیاوه‌ به‌هێزه‌كه‌ی ئێران له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕووداوێكی له‌پڕبێت و هه‌موو ئه‌وانه‌ی سه‌رقاڵی كاروباری سیاسی و سه‌ربازیی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستن به‌ هه‌واڵه‌كه‌ تووشی شۆك بوبن، به‌ڵام هه‌قیقه‌تێكی دیكه‌ هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ واشنتۆن 12 ساڵه‌ چاوی له‌سه‌ر سوله‌یمانییه‌ و به‌ر له‌و مێژووه‌ش هه‌لی كوشتنی بۆ هه‌ڵكه‌وت.

قاسم سوله‌یمانی له‌ڕێگه‌ی هه‌ولێر
جه‌نه‌ڕاڵ ستانلی مه‌ككریستال، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ تایبه‌ت و نهێنییه‌كانی ئه‌مریكا كه‌ ئه‌ركی چاودێریكردنی قاسم سوله‌یمانی له‌ ساڵی 2007 پێسپێدرابوو، بۆ ڕۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز-ی ئه‌مریكی ورده‌كاریی ئه‌و ڕۆژانه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ چاودێری جموجوڵه‌كانی فه‌رمانده‌كه‌ی فه‌یله‌قی قودسی كردووه‌، ئه‌و ده‌ڵێت "سه‌ره‌تای ساڵی 2007 سوله‌یمانی بووه‌ ئامانجی ئۆپه‌راسیۆنێكی نهێنی ئه‌مریكا، جه‌نه‌ڕاڵ قاسم له‌نێو كاروانی ژماره‌یه‌ك ئۆتۆمبێلدا له‌ ڕێگه‌ی هه‌ولێر ئۆتۆمبێله‌كه‌ی خۆی لێده‌خوڕی، بڕیاربوو بكرێته‌ ئامانج، به‌ڵام له‌ دواین ساتدا كاره‌كه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌".

له‌باره‌ی هۆكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی كوشتنی قاسم سوله‌یمانی ئه‌و جه‌نه‌ڕاڵه‌ ئه‌مریكییه‌ ده‌ڵێت، له‌پێناوی ئه‌وه‌ی كوشتنی سوله‌یمانی كاردانه‌وه‌ی سه‌ربازیی گه‌وره‌ی ئێران له‌ عێراق به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا دروستنه‌كات، بڕیاریاندا ته‌نیا چاودێریی كاروانی ئۆتۆمبێله‌كانی سوله‌یمانی بكه‌ن و ته‌قه‌ی لێنه‌كه‌ن.

له‌نێو فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر چی كردووه‌؟
قاسم سوله‌یمانی كه‌ به‌وه‌ ناسرابوو كه‌ مێژوویه‌ك له‌ په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ پارته‌كانی باشووری كوردستان هه‌یه‌، شه‌ڕی عێراق-ئێران وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هێزه‌ كوردییه‌كان كردووه‌ به‌ دۆست، زۆركات سه‌ردانی شاری هه‌ولێر و هه‌روه‌ها شاری سلێمانی ده‌كرد، به‌وته‌ی به‌رپرسانی ئه‌مریكا كه‌ قسه‌یان بۆ نیویۆرك تایمز كردوه‌، سوله‌یمانی ئه‌و هه‌سته‌ی هه‌بووه‌ كه‌ كه‌سێكی ڕام نه‌كراوه‌ و ده‌توانێت له‌ هه‌ركوێیه‌ك بیه‌وێت ده‌ربكه‌وێت، ته‌نانه‌ت جارێك له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر ڕێگه‌یدابوو فڕۆكه‌كه‌ی له‌ ته‌نیشت فڕۆكه‌یه‌كی سه‌ربازیی ئه‌مریكاوه‌ بوه‌ستێندرێت.

كوشتنی سوله‌یمانی له‌ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا تاوتوێكرا
به‌رپرسێكی باڵای ئه‌مریكا ئۆپه‌راسیۆنی كوشتنی سوله‌یمانی له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا به‌ "زۆر نهێنی" ناوده‌بات و ده‌ڵێت، دوای كوشتنی به‌ڵێنده‌ره‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ی سه‌ربازگه‌ی كه‌ی وه‌ن له‌كه‌ركوك، ئه‌مریكا بڕیاریدا ئه‌ندازیاری ئه‌و كاره‌ كه‌ سوله‌یمانی بوو بكوژێت.

به‌رپرسه‌كه‌ ده‌ڵێت، ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ پشتی به‌ زانیاریی كۆمه‌ڵێك پسپۆڕی نهێنی و شاره‌زای بواری ئه‌لیكترۆنی به‌ستبوو، هه‌روه‌ها فڕۆكه‌ی چاودێریی و كۆمه‌ڵێك ئامێری دیكه‌ هاوكاربوون بۆ دیاریكردنی شوێنی سوله‌یمانی و پاشان كردنه‌ ئامانجی ناوبراو له‌ ده‌وروبه‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا له‌به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی هه‌ینی.

ئه‌و ده‌ڵێت "پێشتر هه‌ریه‌كه‌ له‌ باراك ئۆباما، جۆرج بوشی كوڕ و جۆرج بوشی باوك له‌سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكادا ڕه‌تیانكردبوه‌وه‌ پڕكێشیه‌كی له‌وشێوه‌یه‌ بكه‌ن و بڕیاری كوشتنی سوله‌یمانی بده‌ن، چونكه‌ بۆچونیان وابووه‌ ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێو جه‌نگێكی كۆنتڕۆڵنه‌كراوه‌وه‌.

عێراق بژارده‌ی یه‌كه‌می وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئێرانه‌
باربارا لیف، دیبلۆماتكاری پێشووی ئه‌مریكا و شیكه‌ره‌وه‌ له‌ په‌یمانگه‌ی واشنتۆن پێیوایه‌ ئێران كاتی ده‌وێت بۆئه‌وه‌ی وه‌ڵامی كوشتنی سوله‌یمانی بداته‌وه‌ و هێشتا له‌ قۆناغی شۆكدایه‌.

به‌بۆچوونی ئه‌و دیبلۆماتكاره‌ی پێشووی ئه‌مریكا عێراق یه‌كه‌م شوێنه‌ كه‌ ئێران لێوه‌ی وه‌ڵامی كوشتنی قاسم سوله‌یمانی ده‌داته‌وه‌، هۆشداریشده‌داته‌ هاوبه‌ش و هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مریكا له‌وه‌ی كه‌ ئێران وه‌ك به‌شێك له‌ پلانی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌مریكا ته‌ماشایان بكات.

سوله‌یمانی وه‌ك پادشا مامه‌ڵه‌ی ده‌كرد
مارك پۆلیمێرۆپۆلۆس، ئه‌فسه‌ری پێشووی ئاژانسی هه‌واڵگریی ئه‌مریكا (CIA) باس له‌هه‌ڵسوكه‌وتی قاسم سوله‌یمانی ده‌كات و ده‌ڵێت، هاوشێوه‌ی "ُپادشا"یه‌ك مامه‌ڵه‌ی ده‌كرد و وای نیشانده‌دا كه‌س ناتوانێت ئه‌و له‌ عێراق بگرێت، هه‌وڵیده‌دا په‌یامی ئه‌وه‌ بگه‌یه‌نێت كه‌ دۆزینه‌وه‌ی ئاسان نییه‌، ته‌نانه‌ت له‌ گۆڕه‌پانه‌كانی جه‌نگ وێنه‌ی ده‌گرت و وه‌ك ئه‌وه‌ی گاڵته‌ به‌ ئه‌مریكا بكات، وێنه‌كانی بڵاوده‌كرده‌وه‌.