08:22 - 03/01/2020
قاسم سولەیمانی كێیە؟
فەرماندەیەكی باڵا و جەنڕاڵێكی باوەڕپێكراوی ئایەتوڵا خامنەی ئەمڕۆ لە لایەن هێزەكانی ئەمریكاوە بە فرۆكەیەكی بێ فرۆكەوان كوژرا، قاسم سولەیمانی
بە جێبەجێكاری پلانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دادەنرێت و یەكێك بوو لە
متمانەپێكراوترین كەسایەتی سەربازی و
سیاسی ئێران.
قاسم سولەیمانی لە ١-٥-١٩٥٧ لە گوندی قنات مولک لە ناوچەی کرمان لە ئێران لە دایک بووە،هەر لە تەمەنی گەنجیدا چۆتە
شاری کرمان، لەوێ کاری کردووە و لەناو خێزانێکی هەژاردا گەورەبووە، ماوەیەكی زۆر
كرێكاری كردووە و بژێوی بۆ خێزانەكەی پەیدا كردووە.
پیشەی باوکی جوتیاری بووە، ساڵی 2017 باوكی هەر لە كرمان كۆچی دوای كرد و دایکیشی لە ساڵی ٢٠١٣ کۆچی دوایی کردووە و
برایەکی بەڕێوبەری گشتی زیندانی تاران بووە لە ساڵی ١٩٧٥، كە وەک بەڵێندەری دامەزراوەی ئاوی کرمان کاری
کردووە، لە دوای کاریش خۆی سەرقاڵ کردووە بە یاری لەشجوانی هەڵگرتنی قورسایی.
سولەیمانی لە تاران
دەژیا، باوكی سێ كوڕ و دوو كچە، كەسانی نزیك لە خۆی باس لەوە دەكەن كە باوكێكی بە
سۆزە بۆ منداڵەكانی. بەرپرسانی ئەمنیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش دەڵێن: "رێز لە
هاوژینەكەی دەگرێ" و زۆرجار بۆ گەشتەكانی دەرەوەی وڵات لەگەڵ خۆیدا دەیبات.
بەگوێرەی راپۆرتێكی (نیویۆركەر)، بەدەست پرۆستاتێكی قورس و پشتئێشەوە دەناڵێنێ،
بەم حاڵەشەوە هاوڕێیەكی عێراقیی نزیكی سولەیمانی بە سەرسوڕمانەوە بە گۆڤارە
ئەمریكییەكە دەڵێ: "ئەو هەموو بەیانییەك كاتژێر چوار لە خەو هەڵدەستێ و نۆ و
نیوی شەو دەچێتەوە نێو جێگەی خەوتنەكەی".
قاسم سولەیمانی لە ساڵی ١٩٧٩
لەکاتی شۆڕشی ئێران دا پەیوەندی کردووە بە سوپایی پاسدارانەنەوە و لە ماوەیەكی كورتدا توانیویەتی پلەی بەرز بەدەست
بهێنێت، کاتێک سەدام حسێن لە ساڵی ١٩٨٠ هێرشی کردە سەرئێران، سولەیمانی وەک لێدەری
بەشێک لە سوپا ڕۆڵی بینیووە بە سەختی بریندار بووە لە ئۆپەراسیۆنی (تارق القدس )
کە لە بەینی وڵاتی ئێران و عێراق دا ڕوویدا.
یەكەم ئەزموونی شەڕی
قاسم سولەیمانی لە رۆژهەڵاتی كوردستان بوو، كاتێك لە تەمەنی 22 ساڵی لەگەڵ
یەكەیەكی سەربازی لە كرمانەوە رەوانەی مەهاباد كران. هەر لەوێ چاوی بە مەحموود
ئەحمەدینەژاد، سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران كەوت كە لە تەمەنی 23 ساڵیدا راوێژكاری
پارێزگاری سنە بوو. بەشداری لە هێرشەكانی سەر رۆژهەڵاتی كوردستان تاوەكو ئێستاش لە
ریزەكانی سوپای پاسداراندا وەكو نیشانەیەكی شانازی سەیر دەكرێ. ئەلفۆنێ پێیوایە
:"رەنگە ئەزموونی سولەیمانی لە كوردستان رۆڵی هەبووبێ لەوەی وەك فەرماندەی
سوپای قودس دەستنیشان كرا".
لەیەكێك لە چاوپێكەوتنە میدیاییەكانیدا باسی دۆخی خۆی و بەشداریكردنی لە
كایەكانی جەنگدا دەكاتو دەڵێت: گرنگترین
ئۆپەراسیۆن کە بەشداربووبێت ئۆپەراسیۆنی (عملیات فتح مبین) بوو کە لە بیر ناچێت کە
بە سەرکردایەتی (علی صیاد شیرازیی) بەڕێوەبرا لە ساڵی ١٩٨٢ دژی عێراق.
لە سەرەتای جەنگی
عێراق و ئێران، قاسم سولەیمانی كە رۆژئاواییەكان بە "فەرماندەی سێبەر"
ناوی دەبەن، رەوانەی كرمان كرایەوە بۆ ئەوەی سەربازی نوێ پێبگەیەنێ، بەڵام هێندەی
نەبرد جارێكی دیكە خۆی لە بەرەكانی پێشەوەی جەنگ بینییەوە. لە ماوەی هەشت ساڵی
جەنگەكە كە نزیك یەك ملیۆن كوژراوی لێكەوتەوە، سولەیمانی لە زۆربەی شەڕە
گەورەكاندا بەشدار بووە، لەوانەش شەڕی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری بۆستان لە پارێزگای
خوزستان لە 1981، ئۆپەراسیۆنی نەسری 4 لە 1987 كە تێیدا هێزەكانی ئێران هاتنە ناو
هەڵەبجە و سوپای عێراق چەكی كیمیایی بەكارهێنا، هەروەها لە شەڕی نیمچە دوورگەی فاو
لە پارێزگای بەسرە كە شكستەكەی هۆكاری ئاگربەستی نێوان هەردوو وڵات بوو، بەگوێرەی
زانیارییەكان سولەیمانی لە سەرەتاوە دژی هێرشی سەر فاو بووە.
لە ماوەی جەنگە هەشت
ساڵەكەدا، سولەیمانی بەهۆی ئازایەتی و مامەڵەی باش لەگەڵ سەربازەكانی ناوی
دەركردبوو، بە تایبەتیش بەهۆی ئەو جەولانەی كە لە نزیك هێڵەكانی سوپای عێراق
دەیكرد و تێیدا نەك هەر خۆی بە سەلامەتی دەهاتەوە، بەڵكو لە زۆربەی حاڵەتەكاندا
گیسكێكی لەگەڵ خۆیدا دەهێنا بۆ ئەوەی سەربازەكانی بیخۆن. بەگوێرەی راپۆرتەكەی
دژەتیرۆری ئەمریكا، هەر بەهۆی ئەمە بوو كە سولەیمانی لەناو سەربازەكاندا بە
"گیسكدز" ناوی دەركردبوو.
ئەلفۆنێ كە چەندین
پرۆفایلی لەسەر سولەیمانی ئامادە كردووە، دەڵێت سولەیمانی لەگەڵ فەرماندەكانی
سەرەوەی خۆی توند بووە، بە تایبەتیش لەگەڵ موحسین رەزایی، فەرماندەی پێشووی سوپای
پاسداران، هەر بۆیەش دوای لێكەوتنی رەزایی لە پۆستەكەی لە 1997 ، بوو بە فەرماندەی
باڵای سوپای قودس.
لەسەردەمیی سەدام حسێندا هەوڵی
پتەوکردنی پەیوەندی داوە لەنێوان کۆمەڵێک لە کوردانی باشور و رێکخراوی بەدر بە
سەرکردایەتی هادی عامری بۆ زیان گەیاندنی زیاتر بە سەدام حسێن چونکە کوردەکان و
رەوتی بەدر دژی سەدام حسێن بوون.
دۆستایەتیەكی زۆر پتەوی لەگەڵ
(عەلی خامنەیی) هەیە و یارمەتیدەرێکی باشی بووە لە هەموو ڕوویەکەوە زۆربەی کات بە
شەهیدی زیندوو بانگی کردووە یارمەتیدەری سەرەکی نوری مالکی بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی
سەرۆک وەزیران و هەوڵی هێشتنەوەی داوە لە پۆستەکەیدا.
(ریاض فرید حجاب)ی سەرۆک وەزیرانی
سوریا دەڵێت: سولەیمانی یارمەتیدەرێکی
باشی سوریا بووە هەوڵی کاریگەری داوە بۆ هێشتنەوەی بەشار ئەسەد لەسەر دەسەڵات لە
کاتی شەڕی داعشدا.
فەرماندە ئێرانییەكە
لە كۆبوونەوە فەرمییەكانیشدا كەمدووە. بەرپرسێكی پێشووی حكومەتی عێراق بە گۆڤاری
(نیویۆركەر)ی ئەمریكی گوتووە :"10 كەس لە ژوورەكە دانیشتوون، بەڵام كاتێك
سولەیمانی دێتە ژوورەوە، لەگەڵت دانانیشێ، بەڵكو لەوپەڕی ژوورەكە لە گۆشەیەك
بەتەنیا و بەبێدەنگی دادەنیشێ. قسە ناكات، تێبینی نادات، تەنیا دادەنیشێ و گوێ
دەگرێ، بەڵام بێگومان هەموو كەسانی ناو ژوورەكە بیریان لای ئەوە".