ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:28 - 01/01/2020

شێعەكان چۆن وازیان لە كونسوڵخانەی ئەمریكا هێنا؟‌

پەیسەر

دوو رۆژ سەركردەی باڵاو ئەندامانی حەشدی شەعبی لەبەردەم كۆونسوڵخانەی ئەمریكا لە ناوچەی سەوزی بەغداد گردبونەتەوە و بەشێكی زۆر لە بینای كونسوڵخانە و دیواری بیناكەیان سوتاندو لەبەردەم باڵەخانەی كونسوڵخانەكەدا ئاڵای حەشدی شەعبی بەرزكردەوە.

هەرچەندە تائێستاش بەتەواوەتی خۆپیشاندانەكان كۆتایی نەهاتووە، بەڵام حەشدی شەعبی بە بەیاننامەیەك داوای لە لایەنگرانی كرد بەتەواوەتی بەردەم كونسوڵگەری ئەمریكا چۆڵ بكەن و نەگەڕێنەوە ئەو شوێنە و رێز لە سەروەری عێراق و بڕیارەكانی حكومەتی عێراق بگرن، ئەوەش دوای ئەوە هات كە دۆناڵد ترەمپ و عادل عەبدولمەهدی بە تەلەفۆن قسەیان كردو  ترەمپ بە عادل عەبدولمەهدی وتبوو: سەلامەتی گیانی ئەمریكییەكان لە ئەستۆی حكومەتی عێراقدایە و  عادل عەبدولمەهدیش بەڵێنی دابوە ترەمپ كە دۆخەكە كۆنترۆڵ دەكات و نایەڵیت چی دیكە ئاگری ئاژاوەكان پەرە بسەنێت و ئاڵۆزیەكانی بەردەم كۆنسوڵخانەكە بەردەوام بێت.


لەدوای جوڵاندنی هێزی چالاكەمەدەنییەكان و هەوڵی بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران بە گازی فرمێسكڕێژ و برینداربوونی چەندین كەس، دەستەی باڵای حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەكدا داوای لە لایەنگران و ئەندامانی كرد كە بەردەم كۆنوسڵخانەكە چۆڵبكەن و بگەرێنەوە بۆ شوێنی خۆیان، رێز لەسەروەری و یاساو بڕیارەكانی حكومەتی عێراق بگرن و پابەند بن بە سەروەری و سیادەی عێراقەوە.

ئەوە لەكاتێكدایە پێشتر مایك پەمپیۆ ڕایگەیاندبوو كە عێراق لە دۆخێكی خراپدایە و ئێران لە پشت ئەو هێرشانەوەیە كەدەكرێتە سەر كۆنوسڵخانەكەیان و بۆ پاراستنی گیانی ئەمریكیەكانیش، ئەو وڵاتە هەموو رێوشوێنێك دەگرێتە بەر، هەر لەو چوار چێوەیەدا بە فەرمانی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ لە كوێتەوە ھێزێكی ڕاهێنراوی تایبەتی مارێنزی ئەمریكا لە رێگەی فرۆكەی سەربازیەوە گەیشتنە ناو باڵەخانەی كۆنسوڵخانە و ئامادەی هەموو بەرگریەك بوون لەكۆنسوڵخانەكەیان.

لەبارەی بەیاننامەكەی حەشدی شەعبی بۆ چۆڵكردنی بەردەم كونسوڵخانەكە، ئاژانسس زە هێڵ چەند نهێنیەكی ئاشكرا كردووە و دەڵێت چەند سیناریۆیەك لە پشت چۆڵكردنی خۆپیشاندەرانی بەردەم كۆنوسڵخانەكەی ئەمریكاوەن.

 

ئاژانسەكە نوسیویەتی، لە رێگەی ناوبژیوانێكی عێراقیەوە ئەمریكا و هێزە میلیشیا عێراقیەكان بەجۆرێك رێككەوتون كە شیعەكان واز لە كوسوڵخانەی ئەمریكا بهێنن، بەو مەرجەی بەشێوەیەكی مەدەنی كاربكەن بۆ ئەوەی خۆپیشاندەرانی ساحەی تەحریر نەمێنن و بەتەواوەتی كۆتاییان پێبهێنرێت، ئەوەش لە بەرامبەر ئەوەی كە گیانی هیچ ئەمریكیەك لە عێراق نەكەوێتە بەر مەترسی و هیچ هێزێك رووبەرووی هیچ هێزێكی دیكە نەبێتەوە.

زە هێل ئاماژە بە سیناریۆیەك دەكات و دەڵێ، یەكێك لە سیناریۆكان ئەوەیە كە كە جارێكی دیكە ئەمریكا و ئیسڕائیل هێرش نەكاتە سەر بنكە و بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە عێراق بە بیانوی هەبوونی موشەكی ئێرانی و حەشارگەی گەورەی ئێران لە عێراق كە بەهۆیەوە بەشێكی زۆر لە  چەكدارانی حەشد و هێزەشیعەكان دەكوژرێن و لە بەرامبەریشدا شیعەكان  هیچ  گرفتێك بۆ هێزەكانی ئەمریكا دروست ناكەن.

ئەوە لەكاتێكدایە ئەبوو مەهدی موهەندیس  و قەیز خەز عەلی پێشتر ڕایانگەیاند لە تۆڵەی كوشتنی چەكدارەكانیان پلانیان هەیە هەموو بنكە سەربازیەكانی ئەمریكا گەمارۆ بدەن و هێرش بكەنە سەریان و رووبەروویان ببنەوە و ئەمریكا لە  عێراق بكەنە دەرەوە.

ئەمریكاش ڕایگەیاندبوو، هەموو ئەم سیناریۆ و هەڕەشانەی شیعەكان لەبەر چاو ناگرن و رووبەرووی هەر هێرش و گوشارێك دەبنەوە كەبكرێتە سەر بنكە و بارەگاكانیان لە عێراق و هەر گومانێك هەبێت لەسەر ئەوەی ئێران دەیەوێت خاكی عێراق بەكار بهێنێت بێگومان بۆردومانی دەكەن و رووبەرووی دەبنەوە هێرش دەكەنە سەری.

بەشێك لە شیعەكان دەیانەوێت خۆپیشاندانەكانی عێراق كۆتایی پێبهێنن و سەرۆك وەزیرێك بە سودی خۆیان دابنێن، ئەوە ئەو شێعانەن كە نزیكن لە ئێرانەوە، بەڵام لایەنەكانی دیكە و هەروەها ساحەی تەحریریش بەتوندی دژی هەر كەسێكە كەنزیك بێت لە ئێرانەوە و سەرۆكایەتی عێراق بكات، هەرچی لایەنی سونیشە بەدوای بەدیلێكی نوێی دا دەگەرێت بۆ ئەوەی دۆخەكە بە قازانجی خۆی بشكێنێتەوە، ئەوە لەكاتێكدایە ئەمریكا چەندین جار داوای كردووە چانسی تر بە عادل عەبدولمەهدی بدرێت بۆ ئەوەی یتوانێت چاكسازی بكات و حكومەتەكەی بونیاد بنێتەوە.

ئەو سیناریۆیانەی لە بەدرەم پێكهێنانی حكومەتی نوێدان، هەموویان بەو ئاراستەیەدا دەڕۆن كە دەبێت  پێش هەر كارێكی ریشەیی لە عێراقدا دەبێت خۆپیشاندانەكان كۆتاییان پێبهێنرێت، لە لایەكی تریشەوە خۆپیشاندەران ئامادەنین پێش ئەنجامدان و بڕیاردانێكی رون و ئاشكرا مەیدانی تەحریر چۆڵ بكەن، ئەوەش وایكردووە كە بێسەرو بەرەی لە عێراقدا دروست ببێت.


هەروەها هەڵكوتانە سەر كونسوڵخانەی ئەمریكا لە بەغداد بووەتە هۆی ئەوەی ئاڵۆزییەكانی عێراق زیاتر ببن و چاوی میدای و هێزە سیاسیەكان لە ساحەی تەحریرەوە بچێتە سەر كۆنسوڵخانەكان، لەكاتێكدا شیعەكان داوای  چۆڵكردنی كۆنسوڵخانەكە دەكەن لەلایەن ئەمریكاوە و ئەمریكاش بەتوندی رەتیدەكاتەوە.

ئێستا ئاراستەكە بەشێوەیەكە پێدەچێت لەماوەی 48 كاتژمێردا  خۆپیشاندەران بەردەم كۆنسوڵخانەی ئەمریكا چۆڵبكەن و ئارامی بگەڕێتەوە بۆ ناوچەكە، ئەكەریش خۆپیشاندەران بەردەم كۆنسوڵخانەكە چۆڵ نەكەن پێدەچێت بە فشاری ئەمریكا، سوپای عێراق هێز بەكار بهێنێت بۆ ئەوەی ناوچەكە چۆڵبكەن ئەوەش لە هەر حاڵەتێكدا كە لایەنی شیعە ڕازی نەبێت بێگومان پێكدادان روودەدات وئالۆزی زیاتر لە نێوان حەشد و سوپادا ڕوودەدات.

ئەگەر  لەنزیك ترین كاتدا ئاڵۆزییەكانی بەردەم كۆنسوڵخانەی ئەمریكا هێور نەكرێنەوە ئەوا پێدەچێت سەربكێشێت بۆ بەكار هێنانی هێز و رووبەرووبونەوەی دەستەو یەخەی حەشد و ھێزەكانی دیكە لە عێراق دا ئەوەش پەلدەهاوێژێت بۆ رووبەرووبونەوەیەكی گەورەتر كە دۆخەكە بەرەو نا ئارامیەكی گەورە تر دەبات.