ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:11 - 01/01/2020

پارێزەری سەدام حسین و بەرگریكاریی بەشارئەسەد‌

پەیسەر

لەسەرو بەندی دادگایی كردنی سەدام حسین و سەرانی پێشووی ڕژێمی بەعسدا  ئەوەندەی گوێمان لە بڕیارەكانی دادگا دەگرت و بە تاسەوە بووین بزانین سەرئەنجامی دادگاكان بە كوێ دەگات، ئەوەندە گوێمان لە وردەكارییەكانی ئەو دادگاییانە نەدەگرت. سەدام حسین و رژێمەكەی تا ئێستەش تاوانبارێكی سەرەكین لای ئەو كەسانەی كە ستەمیان لێكراوەو لای هەندێكییش بە شەهید و سەركردەی عەرەب و ئومەی عەرەبی ناوی دەبرێت، هەرچەندە ژمارەی ئەو كەسانەی كەبە شەهید ناوی دەبەن ئێجگار كەمەو تاوانەكانی ئەوەندە زۆرن بەهیچ شتێك پاساو نادرێت، بەڵام سەیرەكە لەوەدایە كۆمەڵە پارێزەرێك بەبەلاش و بە بێ هیچ بەرامبەرێك خۆیان خستە مەترسییەوەو هاتنە ناو دادگاكانی عێراق و بە ئاشكراش پارێزگارییان لەو تاوانانە دەكرد كە سەدام حسین و رژێمەكەی بەرامبەر بە عێراق كردبوویان، یەكێك لەو پارێزەرە خۆبەخش و بێ بەرامبەرانە ژنێكی لوبنانی بەڕەگەز شێعەی نەتەوەییە بەناوی بوشرا خەلیل.


بوشرا خەڵكی باشووری لوبنانە، ساڵی 1979 كۆلێژی یاسای تەواو كردووە، هەر بە سروشتی خۆی ناكۆكی و نەیاریی هەیە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی وڵاتەكەی ، بەڵام بە بیروباوەڕ خۆی بە كەسێكی نەتەوەیی بەهێز دادەنێت، زۆ باوەڕی بە خۆی هەیە، تەنانەت پێی وایە لە ژیانیدا هیچ هەڵەیەكی نەكردووە لێی پەشیمان بوبێتەوە، هەرچییەكی كردووە، یان گوتووە لە ئەنجامی بیركردنەوەو باوەڕیی تەواوەوە بووە بۆیە لە هیچ شتێكی پەشیمان نیە. چوار جار (1992 ، 1996، 2000 ،2005) بەشداریی هەڵبژاردنەكانی لوبنانی كردووەو شانسی بوونە پەرلەمانتاریی نەبووە. ئەو هۆكارەكەی بۆ ڕێكەوتنی هێزەكان دەگەڕێنێتەوەو پێی وایە تا ئەو هێزانەش مابن وڵاتی لوبنان هەر لە جێگەی خۆی دەمێنێتەوە. كاتێكیش تۆمەتی بەناوبانگی دەدەنە پاڵ و پێیی دەڵێن بوشرا بەرگریی لە شەیتانیش دەكات ئەگەر بوانێت ناوبانگێكی تێدا دەست دەكەوێت ئەو لەوەڵامدا دەڵێت: ئەگەر بمویستایە ببەناوبانگ بم دەبوومە گۆرانبێژو ژیانی خۆشم نەدەخستە مەترسییەوە. هەرچەندە نایشارێتەوە كەئامانجی گەیشتن بووە بە پەرلەمان یان وەزارەت، بەڵام لە لوبنان لە سەر بنەمای مەحسوبیەت و دابەشكارییە تایبەتیەكانی وڵات دابەش دەكرێت نەك توانا كەسیەكان بۆیە نەیتوانیوە بگاتە ئەو پۆستانە. بوشرا پێی وایە لوبنان پێویستی بە چاكسازیی ڕیشەیی هەیە.


گەرچی بە پارێزەرێكی زیرەك و شارەزا دادەنرێت لەناو خانمە پارێزەرەكانی وڵاتانی عەرەبیدا بەڵام ئەو خۆی بە یەكێك لە پارێزەرە بەناوبانگەكانی هەموو عەرەب دەزانێت، لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بۆیان نوسیوە بوشرا خەلیل بەرگریی لە شەیتانیش دەكات بەس لەبەر ئەوەی ناوبانگی خۆی پێ گەورە بكات. بەڵام ئەو جاروبار بە توڕەیی و جاروباریش بە پێكەنینەوە وەڵامیان دەداتەوە.
بە بەلاش بەرگریی لە سەركردە عەربیەكان كردووە، بەو ئامانجەی كە لە دژی ئەمەریكەیكان وەستاوەتەوە. تەنانەت بەرگریی لە (هانیبەعل)ی كوڕی قەزافی كردووە لە دیارنەمان و سەرنگوم بوونی سەركردەی دیاری شێعەكانی لوبنان –موسا سەدر- لەبەرامبەر ئەوەشدا هیچ پارە یان بەرامبەرێكی وەرنەگرتووە.
سەردانی بەشار ئەساد و قەزافی و عەلی عەبدوڵا ساڵحی كردووە، تەنها لەبەر نەتەوەیی بوونی ئەو سەركردانە، ئەو پێی وایە زۆرینەی ئەو شتانەی لەدەستی دەرچوون بەهۆی ڕاستگۆیییەكانیەوە بووە. كاتێكیش ئاڵای لوبنان و سوریا پێكەوە دەخەنە بەردەستی ئەو ئاڵای لوبنان لە پێش هەموو ئاڵاكانی ترەوەیە، بەڵام نەتەوەی عەرەب یەك نەتەوەیە.


بوشرا ئەوەندەی بەشان و باڵی بەشار ئەسەددا هەڵدەدات بەو ئەندازەیە زەمی سەركردەكانی وڵاتی خۆی دەكات، ئەو پێی وایە بەشار ئەسەد سەركردەیەكی گەورەی عەرەبە، بەرگری لە نەتەوەی عەرەب دەكات، ئەو لە بەرنامەیەكی تەلەفیزیۆنیدا دەڵێا دەرگای وڵاتانی عەرەب لە عێراق شكێنرا ، لە سوریا وەستاوەتەوە، فەرماندە سەربازیەكانی بەشار ئەسەد سوپای نەتەوەیی عەرەبن.
بوشرا وێنەی تایبەتی لەگەڵ بەشار ئەسەد هەیە، بەڵام لە گەڵ لوبنانیەكان نیەتی، وەك خۆی دەڵێت لە لوبنان سەرۆكێكی وەك بەشار ئەسەدی تێدا نیە، لە دوای شەڕكردن لە دژی سوریا لە ژوورەكەی خۆم هەڵواسیوە، بۆ ئەوەی بڵێم من پشتیوانی لە هێزەكانی سوریا دەكەم.


ئەو پەیوەندی زۆری لەگەڵ ماڵباتی سەدام حسین لە ئەردەن هەبووەو تەنانەت لەڕێگەی كەسێكی تایبەتیشەوە هەندێك پەیامی ئاڵوگۆڕكردووە، كاتێك سەدام حسین دەستگیر دەكرێت و دەدرێتە دادگا، ناوی خۆی لە لیستی ئەو كەسانەدا تۆماردەكات كە دەیانەوێت بەرگریی لە سەدام حسین و كردەوەكانی بكەن، ئەو لەبارەی دادگاكەوە دەڵێت : دادگای یاسایی نەبوو سیاسی بوو، دادوەرو پارێزەرو تەنانەت زیندانەكانیش لە ژێر چاودێریی ئەمەریكیەكاندا بوون. ئەو دادگایە هەڵەی یاسایی زۆریان كردووە، مەبەستیان بوو هەرچۆنیان كردووە سەدام حسین بەو ڕۆژە بگەیەنن،ئەو نایشارێتەوە كەسێكی باڵا –كە ناوی ئاشكرا نەكردووە- بە سەدام حسینی گوتووە دەتوانین كارێكت بۆ بكەین و بتبەینە وڵاتی قەتەر، بەڵام ئەو ڕەتی كردووەتەوەو گوتویەتی بە پێی خۆم دەچمە بەر پەتی سێدارە.


بوشرا خەلیل لە یەكێك لە گرتە ڤیدیۆییەكانی سەردەمی دادگایی سەدام حسین دا دەردەكەوێت كە دەیوێت پەڵپ لەو دانپێدانانە بگرێت كە لە دادگای باڵای تاوانەكەكانی عێراق بەناوی سەدام حسین و تەها یاسین رەمەزانەوە پڕكراوەتەوە كە تیایدا هەندێك دەستەواژەی وەك (رژێمی پێشوو)، (سەرۆكی پێشوو)ی تێدایە ئەوە لە كاتێكدا نە قسەی تۆمەتبارەكانەو نە هیچ یەكێك لە دادوەری لێكۆڵەرو ڕێكخەری پەڕاو واژۆیان لەسەر نەكردووە، بەڵام دادوەر (رەئووف) ئەو پەڵپانە بە هەند وەرناگرێت، كاتێك دادوەر لێی دەپرسێت مەبەست تەنها ئەو دەستەواژانەیە یان كۆی وتەكان، بوشرا دەڵێت هەموو وتەكان، بەڵام دادوەر ئەوە بە هەند وەرناگرێت و رەتی دەكاتەوە.
كاتێك بوشرا بۆ دانیشتنەكانی دیكە سوور دەبێت لەسەر هەمان داواكاریی دادوەر رەئووف رەتیدەكاتەوە، بەڵام لە ئەنجامی سووربوون لە سەر داواكارییەكەی دادوەر بە توڕەییەوە ئەیكاتە دەرەوەی دادگایی كردن، بەڵام لە كاتی كردنە دەرەوەیدا جنێوێكی ناشیرین بە دادوەر دەدات و داگوەریش بە دەم هێوربوونەوەوە دەڵێت لە دەرەوەی دادگا چیت هەبوو بە نوسین پێشكەشی بكە.


كاتێكیش لێی دەپرسن تۆ چۆن بەرگریی لە تاوانە پاساو هەڵنەگرەكانی سەدام حسین دەكەیت. ئەو لە وەڵامدا دەڵێت: بەڵام من پارێزەرم، هەندێك دۆسیە هەیە بە هیچ شێوەیەك نابێت پارێزەرییان بۆ بكرێت،  لەوانە خیانەتی نیشتیمانی، سیخوڕیی تەنانەت ئەگەر سیخوڕیی بەسەر ئەمەریكیەكانیشەوە بكات، كڕین و فرۆشی مادەی هۆشبەر، من پارێزگارییم لە دز و پیاوكوژكردووە، زۆرینەی بابەتەكانیشم بردووەتەوە، بە پێی یاسا، سەدام حسین بەرگریی لە عێراق كردووە، لە لایەن گرووپە شێعەكانەوە هەڕەشەی لێكراوە( لەگەڵ ئەوەشدا من شێعەم و زۆریش بەرگریی لە شێعە بوونی خۆم دەكەم، باوەڕداریشم بە مەزهەبی شێعە) كوردەكان كێشەی بەش كردنی عێراقیان دەهێنانەیە پێشەوە، بەڵام ئەوان دەهاتن دەیانویست دەستی دەرەكی بەسەر سەدام حسین زاڵ بكەن،ئەو هەرچەندە زۆر پابەندە بە نەتەوەی عەرەبەوە بەڵام بیری شێعەگەرییەكەی زاڵ نەبووە بەسەریدا و دەڵێت: ئەگەر خودا بە سوونیش دروستی كردمایە خۆم دەبوومە شێعە، ئەوە بیروباوەڕیی خۆمە.
بوشرا زۆر جار بە ڕاشكاوانە باس لە بۆچوونەكانی خۆی دەكات و نایشارێتەوە كە لایەنگری كامیان دەكات، ئەو دەڵێت: ئەگەر ناچاربم لە دوو بژاردە یەكێكیان هەڵبژێرێم، لەنێوان ئەشعریی و  موعتەزیلەدا ، بێگومان موعتەزیلە هەڵدەبژێرم چوون لە عەقڵەوە نزیكترن، لە نێوان ئیبن سینا و فارابی لە لایەك و ئەبوحامیدی غەزالی لەلایەكی ترەوە هەبێت من ئیبن سینا و فارابی هەڵدەبژێرم. من لەگەڵ غەزالی نیم، بمەوێت لە ڕێگەی دڵمەوە خودا بناسم.

ئەو لە بارەی سەدام حسینەوە دەڵێت چەند هەڵەی ستراتیژیی گەورەی كردووە لەوانەش: كوشتنی محەمەد باقر سەدر، شەڕیی عێراق و ئێران، داگیركردنی كوەیت، بەڵام هەموو ئەو تاوانانەی تر كە ئەنجامدراون بە بێ فەرمان و ئاگاداریی سەدام حسین بوون، بۆیە ئەگەر تاوانبن خەڵكی تر تاوانبارن نەك سەدام حسین.
بوشرا خەلیل چەند جارێك لەگەڵ سەدام حسین بە دوو مەسی دانیشتوەو ڕێنمایی كردووەو گوێی لە قسەكانی گرتووە، بە پێی سەرچاوەكانی هەواڵ بوشرا لەگەڵ ماڵباتی سەدام حسین بووە كاتێك لە تەلەفزیۆنی جەزیرەوە هەواڵی لە سێدارەدانی سەدام حسین ی بینیوە، ئەو لەو بارەیەشەوە دەڵێت: ئەو پەتەی سەدام حسینی پێ لە سێدارە دراوە نایاساییە، سەدامنەخنكێنراوە، ملیان شكاندووە، چوون پەتی لە سێدارەدان گەردنی مرۆڤ دیاری ناكات، ئەو كارەشیان بەدەستی ئەنقەست كردووە. بوشرا تا ئێستاش لەتەلەفزیۆنە عەرەبییەكانەوە جاروبار بانگهێشت دەكرێت و كاتێكیش سەروو دڵی دەگرن ئەو تووڕە دەبێت و تەنانەت هێرشی زۆر توند دەكاتە سەر بەرامبەرەكانی، وەك ئەوەی كە لەبەرامبەر بەیەكێك لە میوانەكانی هاوڕێی گوت : تۆ سەماكەریت، دایكیشت هەر سەمای كردووە، بەڵام تەلەفزیۆنەكانی ئەو وڵاتە لە ڕێگەی بەرنامەی جۆراوجۆرەوە وایان لە بواشرا كرد كە پاساو بۆ ئەو قسانەی بهێنێتەوەو داوای لێبوردن بكات.