ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:36 - 31/12/2019

ئه‌و پیاوه‌ی 19 ناوی هه‌یه‌ و جێبه‌جێكه‌ری ئه‌جێندای ئێرانه‌ له‌ عێراق‌

پەیسەر

كه‌م كه‌س هه‌یه‌ ناوی ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی نه‌بیستبێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌و 19 ناوه‌ی كه‌ ئه‌و هه‌ڵگریه‌تی، پیاوێك به‌ 19 ناوه‌وه‌ كار بۆ لێدان له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق ده‌كات و ڕاوێژكاری داواكراوترین پیاوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌ كه‌ قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسه‌.


له‌پاش هێرشی ئه‌مریكا بۆسه‌ر حزبوڵڵای عێراقی، ئێستا تیشكده‌خرێته‌ سه‌ر مێژووی دروستبوونی ئه‌و میلیشیایه‌ و ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس دامه‌زرێنه‌ری حزبوڵڵای عێراقییه‌.

ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس كاتێك له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ خرایه‌ لیستی سزادانه‌وه‌ له‌ ساڵی 2009، ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌و 19 ناوی هه‌یه‌ و له‌ماوه‌ی كاركردنیدا له‌كات و شوێنی جیاوازدا ئه‌و ناوانه‌ی به‌كارهێناوه‌.

دیارترینیان (جه‌مال جه‌عفه‌ر، ئه‌بو مه‌هدی به‌سری، جه‌مال جه‌عفه‌ر ئیبراهیمی، جه‌مال ته‌میمی) ئه‌و ئێستا جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبییه‌ و به‌ئه‌ندازیاری جێبه‌جێكردنی ئه‌جێندای ئێران له‌ عێراق داده‌نرێت.

سه‌ره‌تای په‌یوه‌ندیی ئه‌بو مه‌هدی به‌ ئێرانه‌وه‌ بۆ ساڵی 1983 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كاتێك له‌گه‌ڵ حزبی ده‌عوه‌ و به‌ هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ حزبوڵڵا، ته‌قینه‌وه‌كانی باڵیۆزخانه‌ی وڵاتانی له‌ كوه‌یت ئه‌نجامدا، پاشان ساڵی 1985 هه‌وڵی تیرۆركردنی میری كوه‌یتی دا.

ئێستا ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس هه‌ڵگری ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئێرانییه‌ و بووه‌ته‌ ڕاوێژكارێكی دیاری قاسم سوله‌یمانی.

ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ له‌ نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس فه‌رمانی به‌ چه‌كداره‌كانی حزبوڵڵای عێراقیی كردووه‌ كه‌ هێرشبكه‌نه‌ سه‌ر خۆپیشانده‌رانی عێراق كه‌ ئێستا له‌به‌شێكی زۆر له‌شاره‌كانی عێراق ناڕه‌زایه‌تی ده‌رده‌بڕن.