ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:17 - 30/12/2019

یاسای دیشرمه‌ی عوسمانیه‌كان و یه‌نیچه‌رییه‌كان‌

پەیسەر

ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك، هه‌ر ئایین و ئایدۆلۆژیایه‌كی هه‌بێت، یاسایه‌كی دانا و خه‌ڵكی ناوچه‌یه‌كی ناچاركرد به‌شێك له‌ منداڵه‌كانیان ببه‌خشنه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌، منداڵه‌كانیان ببه‌ن و به‌ ته‌واوی له‌ كه‌سواریان دایانببڕن و ناچاریان بكه‌ن ئایینه‌كه‌یان بگۆڕن و بكرێنه‌ كۆیله‌ی سوڵتانه‌كان و ڕێگه‌یان پێنه‌درێت شوێنه‌كانیان جێبهێڵن و تێكه‌ڵ به‌ خه‌ڵكی بن، ته‌نانه‌ت ڕێگه‌یان پێنه‌درێت هاوسه‌رگیریش بكه‌ن. ئه‌مانه‌ له‌ سه‌رده‌مێكدا ڕوویانداوه‌ كه‌ ده‌بوو ئه‌م كارانه‌ ڕیشه‌كێش بكرانایه‌، ڕه‌نگه‌ ئه‌م جۆره‌ ڕه‌فتارانه‌ بۆ سه‌رده‌مه‌ دێرینه‌كان ده‌ستیان دابێت، به‌ڵام جگه‌ له‌ تاوان هیچ پێناسه‌یه‌كی تر هه‌ڵناگرێت. ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ئه‌م كاره‌ی كردووه‌ عوسمانیه‌كان بوون، ئه‌و یاسایه‌ش كه‌ ده‌ریان كردووه‌ یاسای (دیشرمه‌یه‌).

یاسای دیشرمه‌ یه‌كێك بوو له‌و یاسانه‌ی عوسمانیه‌كان بۆ ڕێكخستنی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان ده‌سه‌ڵاتداران و ڕۆمللیه‌كان دایانناوه‌

یاسای دیشرمه‌ یه‌كێك بوو له‌و یاسانه‌ی عوسمانیه‌كان بۆ ڕێكخستنی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان ده‌سه‌ڵاتداران و ڕۆمللیه‌كان دایانناوه‌. (ڕۆمللی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ی ئه‌وروپا ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ژێر ده‌ستی عوسمانیه‌كاندا بوون)، عوسمانیه‌كان له‌ڕێی ئه‌م یاسایه‌وه‌ جگه‌ له‌ وه‌رگرتنی باج و سه‌رانه‌، گیانی مرۆڤه‌كانیشیان زه‌وت ده‌كرد.

ده‌سه‌ڵاتدارانی عوسمانی ده‌چوونه‌ گوند و شارۆچكه‌ مه‌سیحی نشینه‌كانه‌وه‌ و منداڵه‌ كوڕه‌كانیان ده‌بردن و ده‌یانكردنه‌ كۆیله‌ی سوڵتانی عوسمانی

ساڵانه‌ یان دوو یان سێ یان چوار یان پێج ساڵ جارێك ده‌سه‌ڵاتدارانی عوسمانی ده‌چوونه‌ گوند و شارۆچكه‌ مه‌سیحی نشینه‌كانه‌وه‌، به‌ یارمه‌تی سه‌رۆك شاره‌وانی و قه‌شه‌ی كڵێسای شوێنه‌كه‌ له‌ 1000 منداڵه‌وه‌ تاوه‌كو 12 هه‌زار منداڵی كوڕی مه‌سیحییان كۆده‌كرده‌وه‌، منداڵه‌كان ته‌مه‌نیان له‌ نێوان (8 بۆ 18) ساڵاندا بوو، ئه‌گه‌ر كوڕێك تاقانه‌ بووایه‌ نه‌یانده‌برد، له‌ ماڵێكیشدا له‌ كوڕی گه‌وره‌وه‌ ده‌ستیان پێده‌كرد. دوای كۆكردنه‌وه‌یان منداڵه‌كانیان ده‌برده‌ توركیا و به‌ ته‌واوی و بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ له‌دایك و باوك و كه‌سوكاریان دایانده‌بڕین و دووریان ده‌خستنه‌وه‌ و ده‌یانكردنه‌ كۆیله‌ی سوڵتانی عوسمانی.

ئه‌م منداڵانه‌ له‌ شوێنێكی تایبه‌ت كۆده‌كرانه‌وه‌ و به‌زۆر ده‌كرانه‌ موسوڵمان و په‌روه‌رده‌یه‌كی ئیسلامیانه‌ په‌روه‌رده‌ ده‌كران، به‌تایبه‌ت په‌روه‌رده‌یه‌كی جیهادی

ئه‌م منداڵانه‌ له‌ شوێنێكی تایبه‌ت كۆده‌كرانه‌وه‌ و به‌زۆر ده‌كرانه‌ موسوڵمان و په‌روه‌رده‌یه‌كی ئیسلامیانه‌ په‌روه‌رده‌ ده‌كران، به‌تایبه‌ت په‌روه‌رده‌یه‌كی جیهادی، وایان لێده‌كرا گیانی خۆیان له‌پێناو ئیسلام و سوڵتاندا به‌خت بكه‌ن. له‌وێ له‌ده‌وروبه‌ر دایان ده‌بڕین و ڕیگه‌یان پێنه‌دهدرا هاوسه‌رگیری بكه‌ن. به‌ كورتی ئه‌م منداڵانه‌ ده‌كرانه‌ ئامرازی شه‌ڕكردن و جگه‌ له‌ شه‌ڕ هیچی تریان نه‌ده‌زانی.

ئه‌م منداڵانه‌ ده‌كرانه‌ ئامرازی شه‌ڕكردن و جگه‌ له‌ شه‌ڕ هیچی تریان نه‌ده‌زانی

سه‌ره‌تای یه‌نیچه‌رییه‌كان
یه‌نیچه‌ری له‌ توركیدا به‌ واتای (سه‌ربازی نوێ) دێت، خه‌لیل پاشا چندرلی وه‌زیر ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ی دایه‌ سوڵتان مورادی یه‌كه‌می سوڵتانی عوسمانیه‌كان، ئه‌ویش بیرۆكه‌كه‌ی به‌دڵ بوو و جێبه‌جێی كرد.

چیرۆكه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌، بۆ یه‌كه‌مجار سوڵتان ئه‌م منداڵانه‌ی ‌برده‌ لای یه‌كێك له‌ شێخه‌كانی ته‌ریقه‌تی بێكتاشیه‌كان، شێخ به‌ چه‌مكی عه‌باكه‌ی سه‌ری ده‌سڕین و پیرۆزبایی لێده‌كردن. شێخ به‌ سوڵتان مورادی گوت، با ناویان (یه‌نیچه‌ری) بێت واتا (سه‌ربازی نوێ). یه‌نیچه‌رییه‌كان كڵاوێكیان له‌سه‌ر ده‌كرد په‌ڕێكی پێوه‌بوو وه‌ك هێمایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ شێخ پیرۆزی كردوون، دواتر ئه‌م منداڵه‌ مه‌سیحیه‌ به‌ زۆر موسوڵمان كراوانه‌ ناونران یه‌نیچه‌رییه‌كان.

ئه‌م منداڵانه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك به‌سه‌ر خێزانه‌ جوتیاره‌ توركه‌كاندا دابه‌شده‌كران تاوه‌كو فێری زمان و كه‌لتوری توركه‌كان ببن، پاشان ده‌گوازرانه‌وه‌ بۆ سه‌ربازگه‌كانیان

ئه‌م منداڵانه‌ كه‌ له‌ وڵاتانی ئه‌وروپاوه‌ هێنرابوون و توركییان نه‌ده‌زانی، بۆ ماوه‌یه‌ك به‌سه‌ر خێزانه‌ جوتیاره‌ توركه‌كاندا دابه‌شده‌كران تاوه‌كو فێری زمان و كه‌لتوری توركه‌كان ببن، پاشان ده‌گوازرانه‌وه‌ بۆ سه‌ربازگه‌كانیان (زۆربه‌ی سه‌ربازگه‌كانیان له‌ ئه‌سته‌نبول بوو)، له‌وێ مه‌شق و ڕاهێنانی قورس و تاقه‌تپڕوكێنیان پێده‌كرا، سزا ده‌دران له‌ شه‌لاقكردنه‌وه‌ تا ده‌گه‌یشته‌ به‌ندكردن و خه‌ساندن و له‌سێداره‌دان. به‌ڵام دواتر مووچه‌یه‌كی زۆر و پارێزبه‌ندی یاساییان پێده‌درا و كه‌س نه‌یده‌توانی لێپرسینه‌وه‌یان لێ بكات، ئه‌مه‌ش به‌ تێپه‌ڕبوونی كات و به‌هۆی گۆشه‌گیرییه‌كه‌یانه‌وه‌، یه‌نیچه‌رییه‌كانی كرده‌ هێزێكی پته‌ و كه‌ دواتر كۆتاییان به‌ ده‌سه‌ڵاتی چه‌ندین سوڵتانیش هێنا.

یه‌نیچه‌رییه‌كان له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه‌ فه‌رمانده‌یی ده‌كران كه‌ پێی ده‌گوترا ئاغای یه‌نیچه‌ری، ئه‌م كه‌سه‌ ده‌بووه‌ فه‌رمانده‌ی به‌هێزترین له‌شكری سه‌ربازی عوسمانیه‌كان و له‌ ئه‌سته‌نبوڵ ده‌ژیا و وه‌ك ده‌سه‌ڵاتداره‌ باڵاكانی عوسمانیه‌كان ده‌چووه‌ ناو كۆڕوكۆبوونه‌وه‌كانی سوڵتانه‌وه‌ و بۆچوون و ڕای خۆی هه‌بوو.

یه‌نیچه‌رییه‌كان به‌هێزترین كه‌تیبه‌ی پیاده‌ی سوپای عوسمانییان پێكده‌هێنا

هه‌ندێك ده‌ڵێن یه‌نیچه‌رییه‌كان زۆرینه‌ی سوپای عوسمانیه‌كانیان پێكده‌هێنا، به‌ڵام یڵماز ئۆزتونا مێژوونووسی تورك ده‌ڵێت، یه‌نیچه‌رییه‌كان كه‌تیبه‌یه‌كی پیاده‌ی سوپای عوسمانییان پێكده‌هێنا (به‌هێزترین كه‌تیبه‌ی سوپا بوون)، ئه‌مه‌ش باشترین به‌ڵگه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بۆچی یه‌نیچه‌رییه‌كان زۆر به‌ ده‌سه‌ڵات و چاونه‌ترس بوون، ته‌نانه‌ت ده‌ستیان له‌كاروباری سیاسی وڵات وه‌رده‌دا تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی چه‌ندین سوڵتانیان له‌سه‌ركار لابردووه‌ و هه‌ندێكیشیان لێ كوشتوون.

عوسمانیه‌كان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد به‌رگریی له‌ دین ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ خۆیان ئایین و ڕێنماییه‌ ئاینییه‌كانیان پێشێل ده‌كرد. سیستمی (جه‌نگاوه‌ری كۆیله‌) له‌سه‌رده‌می عه‌باسیه‌كاندا‌ سه‌ریهه‌ڵدا، دوای ئه‌وانیش ئه‌ییوبیه‌كان و مه‌مالیكه‌كانیش ئه‌و سیستمه‌یان پیاده‌كرد، ئه‌وانه‌ی ئه‌م سیستمه‌ ده‌یگرتنه‌وه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا كۆیله‌بوون و موسوڵمان بووبوون، یان له‌ ئاكامی شكستهێنانیان له‌ شه‌ڕێكدا یان هه‌ندێك له‌ خێڵه‌كانی ئاسیا خۆیان كڕین و فرۆشتنیان به‌ خه‌ڵكه‌كانیانه‌وه‌ ده‌كرد و كردبوویاننه‌ كاڵای بازرگانی، واته‌ (جه‌نگاوه‌ری كۆیله‌) پێش ئه‌وه‌ی موسڵمانیش بێت و گه‌یشتبێته‌ ده‌سه‌ڵات هه‌ر كۆیله‌ بووه‌.

عوسمانیه‌كان منداڵێكی ئازادیان ده‌كرده‌ كۆیله‌، مه‌سیحیه‌كان له‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا پێیان ده‌وترێت ئه‌هلی زیممه‌ ئه‌گه‌ر باجیاندا ئیتر سه‌ر و ماڵ و ئاینیان پارێزراوه‌

به‌ڵام سیستم و یاسای دیشرمه‌ جیاوازه‌، عوسمانیه‌كان منداڵێكی ئازادیان ده‌كرده‌ كۆیله‌، مه‌سیحیه‌كان له‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا پێیان ده‌وترێت ئه‌هلی زیممه‌ ئه‌گه‌ر باجیاندا ئیتر سه‌ر و ماڵ و ئایینیان پارێزراوه‌. ئه‌مه‌ به‌و واتایه‌ دێت كه‌ عوسمانیه‌كان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی جزیه‌ و سه‌رانه‌یان له‌ ناوچه‌ مه‌سیحی نشینه‌كان ده‌سه‌ند، منداڵه‌كانیشیان لێ زه‌وت ده‌كردن و ده‌یانكردنه‌ كۆیله‌.

هه‌ندێك ده‌ڵێن، دوای ئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وت یه‌نیچه‌رییه‌كان ده‌سه‌ڵاتێكی زۆریان هه‌یه‌ و ده‌گه‌نه‌ ده‌سه‌ڵات، هه‌ندێك له‌ خێزانه‌ مه‌سیحیه‌كان پێیانخۆشبووه‌ مناڵه‌كانیان لێ زه‌وتبكرێت تا له‌ داهاتوودا به‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بیانبیننه‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی پێویستی به‌وه‌ نه‌بووه‌ یاساكه‌ (یاسای دیشرمه‌) به‌زۆر بسه‌پینێت.

عوسمانیه‌كان له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی ئیسلام جوڵاونه‌ته‌وه‌، به‌وه‌ی كه‌ مرۆڤێكیان ناچار كردووه‌ به‌زۆر موسوڵمان بێت، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ئایه‌ته‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت "لا إكراه في الدين" (ئایین به‌زۆر ناسه‌پێنرێت)، له‌كاتێكدا ئه‌مان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رنامه‌ڕێژ مه‌سیحیه‌كانیان ناچاركردووه‌ موسوڵمان بن.

پێشێلكارییه‌كی دیكه‌ی عوسمانیه‌كان به‌رامبه‌ر مه‌سیحیه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌، ئایینی ئیسلام حه‌رامیكردووه‌ ئه‌گه‌ر منداڵێك له‌گه‌ڵ دایكیدا به‌دیلگیران له‌یه‌كتر جیابكرێنه‌وه‌

پێشێلكارییه‌كی دیكه‌ی عوسمانیه‌كان به‌رامبه‌ر مه‌سیحیه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌، ئایینی ئیسلام حه‌رامیكردووه‌ ئه‌گه‌ر منداڵێك له‌گه‌ڵ دایكیدا به‌دیلگیران له‌یه‌كتر جیابكرێنه‌وه‌، چجای ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئازاد بوون و له‌ژێر ده‌ستی ئه‌واندا بوون.

نه‌فره‌تی یه‌نیچه‌رییه‌كان
كاتێك مرۆڤێك له‌ دایك و باوكی زه‌وت ده‌كه‌یت، ده‌یكه‌یته‌ كۆیله‌، له‌ دنیای داده‌بڕیت، ناچاری ده‌كه‌یت بێته‌ سه‌ر ئایینه‌كه‌ی تۆ، له‌ ئایینه‌كه‌ی خۆشت ته‌نها ئه‌وه‌ی فێرده‌كه‌یت كه‌ شه‌ڕت بۆ بكات، ڕێگه‌ی پێناده‌یت هاوسه‌رگیری بكات، دواتر له‌پڕ پارێزبه‌ندی و ده‌سه‌ڵاتی ده‌ده‌یتێ، دواتر ئێسقانه‌كانی خۆت ده‌شكێنێ و تۆڵه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ت لێده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌سرت هێناون. هه‌ر واشبوو.

كاتێك یه‌نیچه‌رییه‌كان زانیان ته‌نها خۆشه‌ویستیان بۆ خۆیانه‌ و هیچ كه‌سێك به‌هانایانه‌وه‌ ناچێت خۆیان نه‌بێ، كاتێك زانیان دورخستنه‌وه‌یان له‌ دایك و باوكیان نه‌یكردوونه‌ته‌ عوسمانیه‌كی عه‌یاره‌ 24 و جگه‌ له‌ شمشێره‌كه‌ی ده‌ستیان هیچ شتێك نه‌یگه‌یاندوونه‌ته‌ ئه‌و پێگه‌یه‌ی كه‌ هه‌یانه‌، ئاساییه‌ كه‌ جگه‌ له‌ لۆژیكی هێز به‌هیچ لۆژیكێكی تر بیرنه‌كه‌نه‌وه‌.

یه‌نیچه‌رییه‌كان دوایی كه‌وتنه‌ وێزه‌ی سوڵتانه‌كانی عوسمانی و شتێك یان یاسایه‌كیان به‌ دڵ نه‌بوایه‌ ڕه‌تیانده‌كرده‌وه‌

یه‌نیچه‌رییه‌كان دوایی كه‌وتنه‌ وێزه‌ی سوڵتانه‌كانی عوسمانی و شتێك یان یاسایه‌كیان به‌ دڵ نه‌بوایه‌ ڕه‌تیانده‌كرده‌وه‌

بۆ نمونه‌:

كاتێك سوڵتان محه‌مه‌دی دووه‌م مرد، یه‌كێك له‌ وه‌زیره‌كان كوڕه‌كه‌ی بانگ كرد تا جێی باوكی بگرێته‌وه‌، یه‌نیچه‌رییه‌كان شۆڕشیان كرد و پشتگیری شازاده‌ بایه‌زیدیان كرد و وه‌زیره‌كه‌شیان كوشت و پشێویه‌كی زۆریان له‌ ئه‌سته‌نبوڵ نایه‌وه‌ تا بایه‌زیدی دووه‌میان كرده‌ سوڵتان. كاتێك بایه‌زید گه‌یشته‌ كۆشك، یه‌نیچه‌رییه‌كان پێشیان پێگرت و داوایانلێكرد به‌رامبه‌ر كوشتنی وه‌زیر و ڕاوه‌ڕووت و نانه‌وه‌ی پشێوی له‌ ئه‌سته‌نبوڵدا لێبوردنیان بۆ ده‌ربكات. جگه‌ له‌وه‌ش داوایانكرد له‌پای ئه‌وه‌ی كه‌ گه‌یاندوویانه‌ته‌ ده‌سه‌ڵات پاره‌یه‌كیان بداتێ و ڕێزیان لێبنێت، ده‌ستبه‌جێ سوڵتان بایه‌زید به‌م داوایانه‌ ڕازی بوو.

كاتێك سوڵتان محه‌مه‌دی دووه‌م مرد، یه‌كێك له‌ وه‌زیره‌كان كوڕه‌كه‌ی بانگ كرد تا جێی باوكی بگرێته‌وه‌، یه‌نیچه‌رییه‌كان شۆڕشیان كرد و پشتگیری شازاده‌ بایه‌زیدیان كرد و وه‌زیره‌كه‌شیان كوشت و پشێویه‌كی زۆریان له‌ ئه‌سته‌نبوڵ نایه‌وه‌

دوای چه‌ند ساڵیك كه‌ كوڕه‌كانی سوڵتان بایه‌زید له‌ باوكیان هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ و شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ كرد، یه‌نیچه‌رییه‌كان پشتگیری سه‌لیمیان كرد و بایه‌زیدی دووه‌میان له‌ ده‌سه‌ڵات لابرد. كاتێكیش سوڵتان سه‌لیم له‌گه‌ڵ سه‌فه‌ویه‌كان كه‌وته‌ شه‌ڕه‌وه‌ یه‌نیچه‌رییه‌كان یاخیبوون و له‌ شه‌ڕه‌كه‌ پاشگه‌زیانكرده‌وه‌، ئه‌ویش له‌ ترسان پاشه‌كشێی كرد، به‌ تایبه‌ت كه‌ سوڵتان سه‌لیم له‌ پایته‌خت دوور بوو، دواتر تۆڵه‌ی لێكردنه‌وه‌ و چه‌ندینی لێ كوشتن.

كاتێكیش سوڵتان سه‌لیم له‌گه‌ڵ سه‌فه‌ویه‌كان كه‌وته‌ شه‌ڕه‌وه‌ یه‌نیچه‌رییه‌كان یاخیبوون و له‌ شه‌ڕه‌كه‌ پاشگه‌زیانكرده‌وه‌، ئه‌ویش له‌ ترسان پاشه‌كشێی كرد

كاتێك سوڵتان سه‌لیم مرد و سوله‌یمانی كوڕی بووه‌ سوڵتان، یه‌نیچه‌رییه‌كان داوایانلێكرد له‌ به‌رامبه‌ردا بڕێك پاره‌یان بداتێ، ئه‌ویش داواكه‌ی بۆ جێبه‌جێكردن. دوای ماوه‌یه‌ك یه‌نیچه‌رییه‌كان له‌ سوڵتان سلێمان توڕه‌بوون، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك پاشه‌كشێی كرد و شه‌ڕی نه‌كرد، ئه‌مانیش هیچ ده‌سكه‌وت و تاڵانیه‌كیان له‌و شه‌ڕه‌ ده‌ستنه‌كه‌وت، ڕاسته‌وخۆ په‌لاماری سه‌رای سه‌دریان دا و هێرشیان كرده‌ سه‌ر گه‌ڕه‌كی جووه‌كان و تاڵانیان كردن، دواتر ناوچه‌ی گومرگی ئه‌سته‌نبوڵیان تاڵان كرد، تا ئه‌و كاته‌ی سوڵتان نه‌ختێك ده‌سكه‌وتی نه‌دانێ هێورنه‌بوونه‌وه‌.

كاتێك سوڵتان مسته‌فای یه‌كه‌م ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ ده‌ست، موفتی و چه‌ند به‌رپرسێكی دوورخسته‌وه‌، ئه‌مانه‌ ده‌ستیانكرد به‌ پلاندانان بۆ له‌كارخستنی سوڵتان، له‌مه‌دا یه‌نیچه‌رییه‌كانیش هاوكارییان كردن

كاتێك سوڵتان مسته‌فای یه‌كه‌م ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ ده‌ست، موفتی و چه‌ند به‌رپرسێكی دوورخسته‌وه‌، ئه‌مانه‌ ده‌ستیانكرد به‌ پلاندانان بۆ له‌كارخستنی سوڵتان، له‌مه‌دا یه‌نیچه‌رییه‌كانیش هاوكارییان كردن به‌و ئومێده‌ی دواتر شتێكیان له‌ سوڵتانی نوێ ده‌ستبكه‌وێت. دوای سێ مانگ له‌ ده‌ستبه‌كاربوونی سوڵتان مسته‌فا دوورخرایه‌وه‌ و له‌شوێنی ئه‌و عوسمانی دووه‌م بووه‌ سوڵتان، هێنده‌ی نه‌برد عوسمانی دووه‌میش دوورخرایه‌وه‌ چونكه‌ كاتێك له‌گه‌ڵ پۆڵه‌ندیه‌كان كه‌وته‌ شه‌ڕه‌وه‌ یه‌نیچه‌رییه‌كان شه‌ڕیان بۆ نه‌كرد و داوایان لێكرد پاشه‌كشێ بكاته‌وه‌ بۆ ئه‌سته‌نبوڵ، به‌ڵام سوڵتان عوسمان داوایكرد هێزه‌كانی دیكه‌ی سوپا به‌شداری شه‌ڕه‌كه‌ بكه‌ن. یه‌نیچه‌رییه‌كان ترسیان له‌وه‌ هه‌بوو ئه‌مه‌ ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌ك كه‌ ده‌وڵه‌ت ده‌سبه‌رداریان بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ په‌لاماری كۆشكه‌كه‌یان دا و ده‌ستگیریانكرد، دوای لێدان و جنێوپێدانێكی زۆر له‌سه‌ر كار لایانبرد و كوشتیان و مسته‌فای برایان هێنایه‌وه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات كه‌ پێشتر خۆیان لایانبردبوو. دوای ئه‌مه‌ یه‌نیچه‌رییه‌كان ده‌ستیان له‌ دانانی وه‌زیره‌كانیش وه‌رده‌دا، كاتێكیش چه‌ند به‌رپرسێك ویستیان ڕووبه‌ڕوویان ببنه‌وه‌، ترس و تۆقاندن و پشێوییان له‌ پایته‌ختدا نایه‌وه‌، دواجار ئه‌و كه‌سه‌یان كاندیدكرد كه‌ فه‌رمانی پێدابوون جارێكی تر سوڵتان مسته‌فا دووربخه‌نه‌وه‌ و مورادی برازای (مورادی چواره‌م)یان كرده‌ سوڵتان، موراد 10 ساڵی یه‌كه‌می ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی له‌ژێر هه‌ژموونی یه‌نیچه‌رییه‌كاندا ته‌واوكرد.

كاتێك سوڵتان موراد ویستی ده‌سه‌ڵاته‌كانی بگه‌ڕێنێته‌وه‌ و فه‌رمانی دوورخستنه‌وه‌ی سه‌دری ئه‌عزه‌م خه‌سره‌ و پاشای ده‌ركرد و حافز پاشای له‌شوێنی دانا، خه‌سره‌ و ده‌ستیكرد به‌ كۆكردنه‌وه‌ی یه‌نیچه‌رییه‌كان و ئه‌وانیش حافز پاشایان كوشت، سوڵتان تۆڵه‌ی كوشتنی حافز پاشای كرده‌وه‌ و ئه‌ویش خه‌سره‌و پاشای كوشت، دواتر زه‌برێكی توندی له‌ یه‌نیچه‌رییه‌كان وه‌شاند و ناچاری كردن تا ماوه‌یه‌كی زۆر ملكه‌چ بن.

یه‌نیچه‌رییه‌كان سوڵتان ئیبراهیمی یه‌كه‌میان له‌ زینداندا خنكاند

له‌سه‌رده‌می سوڵتان ئیبراهیمی یه‌كه‌میشدا یه‌نیچه‌رییه‌كان ده‌ستوه‌ردانیان كرد و ڕه‌خنه‌یان له‌ سیاسه‌ته‌كانی ده‌گرت، ئیبراهیمی یه‌كه‌م پلانێكی بۆ كۆتایی پێهێنانیان دانا، به‌ڵام یه‌نیچه‌رییه‌كان پلانه‌كه‌یان ئاشكراكرد و له‌دژی كۆبوونه‌وه‌، له‌مه‌دا موفتی عوسمانیه‌كانیش پشتگیری كردن و فه‌رمانی دوورخستنه‌وه‌یان ده‌ركرد و منداڵه‌ حه‌وت ساڵانه‌كه‌یان له‌شوێنی كرده‌ سوڵتان. به‌ڵام هه‌ندێك له‌ پلانگێڕه‌كان به‌وه‌ ڕازی نه‌بوون منداڵێكی حه‌وت ساڵان ببێته‌ سوڵتانیان و ویستیان سوڵتانی پێشوو بگه‌ڕێننه‌وه‌، كاتێك ئه‌م ویسته‌یان گه‌یانده‌ یه‌نیچه‌رییه‌كان ئه‌وان ده‌ستبه‌جێ سوڵتانی دوورخراوه‌یان له‌ زیندانه‌كه‌یدا خنكاند تا جارێكی تر نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ كۆشك.

هاوشێوه‌ی سوڵتانه‌كانی پێشوو، سوڵتان محه‌مه‌دی چواره‌میش به‌ده‌ست یه‌نیچه‌رییه‌كانه‌وه‌ ناڵاندوویه‌تی و ڕووبه‌ڕووی چه‌ندین یاخیبوون بووه‌ته‌وه‌

هاوشێوه‌ی سوڵتانه‌كانی پێشوو، سوڵتان محه‌مه‌دی چواره‌میش به‌ده‌ست یه‌نیچه‌رییه‌كانه‌وه‌ ناڵاندوویه‌تی و ڕووبه‌ڕووی چه‌ندین یاخیبوون بووه‌ته‌وه‌، جارێك له‌لایه‌ن یه‌نیچه‌رییه‌كانه‌وه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی هه‌ندێك له‌ داواكارییه‌كانیان، جارێكی تریش شۆڕشی خه‌ڵك دژی زوڵم و زۆری یه‌نیچه‌رییه‌كان.

یه‌نیچه‌رییه‌كان سیاوه‌ش پاشایان كوشت و ژنه‌كانیان كردنه‌ سه‌بایا

سه‌رده‌می محه‌مه‌دی چواره‌میش به‌ شكستهێنانی سوپای عوسمانی له‌ جه‌نگێكدا كۆتایی هات كه‌ سه‌دری ئه‌عزه‌م فه‌رمانده‌یی ده‌كرد، یه‌نیچه‌رییه‌كان داوایان له‌ سوڵتان كرد سه‌دری ئه‌عزه‌م بكوژێت، ئه‌ویش بۆ دامركاندنه‌وه‌یان ناچار بوو ئه‌و كاره‌ بكات، به‌ڵام ئه‌م یاخیبوونه‌ كۆتایی نه‌هات تا سوڵتانیشیان له‌ ده‌سه‌ڵات دوورنه‌خسته‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ی سوڵتان سوله‌یمانی دووه‌میان له‌جێگه‌ی دانا و ئه‌ویش بڕێك پاره‌ی دانێ و لێبوردنی به‌رامبه‌ر گه‌نده‌ڵیه‌كانیان بۆ ده‌كردن، جارێكی تر یاخیبوون و په‌لاماری سه‌رای سه‌دریان دا و سیاوه‌ش پاشایان كوشت و ژنه‌كانیان كردنه‌ سه‌بایا.

له‌ سه‌ره‌تای ده‌سه‌ڵاتی سوڵتان ئه‌حمه‌دی سێیه‌مدا، سوڵتان ئه‌حمه‌د موفتی ڕاده‌ستی یه‌نیچه‌رییه‌كان كرد و ئه‌مانیش كوشتیان، یه‌نیچه‌رییه‌كان له‌وه‌وه‌ ڕقیان له‌ موفتی هه‌ڵگرت كه‌ به‌فه‌رمی بێبه‌ریی كردن له‌ هه‌موو ده‌سكه‌وتێك و ڕێگه‌ی پێنه‌ده‌دان تاڵانیی بكه‌ن. به‌م كاره‌یان یه‌نیچه‌رییه‌كان كه‌مێك دامركانه‌وه‌، سوڵتان ئه‌حمه‌د ئه‌مه‌ی وه‌ك هه‌لێك قۆسته‌وه‌ و تۆڵه‌ی له‌ سه‌ركرده‌كانیان كرده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مان جارێكی تر یاخیبوونه‌وه‌ و ده‌ستیاندایه‌وه‌ نانه‌وه‌ی پشێوی، له‌كاتێكدا وڵات كه‌وتبووه‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی بوترسی مه‌زنی قه‌یسه‌ری ڕووسیا.

له‌و كاته‌دا كه‌ ئه‌م سوڵتانه‌ چه‌ند دانووستانێكی له‌گه‌ڵ فارسه‌كاندا كرد، یه‌نیچه‌رییه‌كان حه‌زیان له‌ شه‌ڕ بوو، له‌ سوڵتان یاخیبوون و داوایانلێكرد سه‌دری ئه‌عزه‌م و فه‌رمانده‌ی ده‌ریایی و موفتی ده‌وڵه‌ت بكوژێت، سوڵتان ناچاربوو ڕێگه‌یان بدات سه‌دری ئه‌عزه‌م و فه‌رمانده‌ی ده‌ریایی بكوژن، به‌ڵام زۆر به‌ ئه‌سته‌م ڕازیكردن واز له‌ موفتی بێنن، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و دووانه‌یان كوشت سوڵتانیشیان له‌ ده‌سه‌ڵات دوورخسته‌وه‌.

یه‌نیچه‌رییه‌كان سوڵتان مسته‌فای چوارمیان له‌ ده‌سه‌ڵات دوورخسته‌وه‌ و له‌ زینداندا كوشتیان و مه‌حمودی دووه‌میان له‌شوێنی دانا

سوڵتان سه‌لیمی سێیه‌میش ویستی یه‌نیچه‌رییه‌كان له‌ناوبه‌رێت و چنگیان له‌ ده‌سه‌ڵات دوورخاته‌وه‌، سه‌لیمی سێیه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌كی پێشكه‌وتنخوازانه‌ی هه‌بوو، چه‌ندین خه‌ڵكی بیانی بانگ كرد و چه‌ندین خوێندنگه‌ی سه‌ربازیی سه‌رده‌میانه‌ی كرده‌وه‌، به‌ڵام یه‌نیچه‌رییه‌كان كه‌ هه‌ستیان به‌ مه‌ترسی پلانه‌كه‌ی سوڵتان كرد بۆسه‌ر خۆیان جارێكی تر یاخیبوونه‌وه‌، مردنی موفتییان قواسته‌وه‌ كه‌ پشتگیری له‌ چاكسازییه‌كانی سوڵتان ده‌كرد، یه‌كێكی توندتریان له‌ موفتیه‌ كۆنه‌كه‌ دانا، فه‌توایه‌كیان بۆ دوورخستنه‌وه‌ی سوڵتان سه‌لیم پێ ده‌ركرد به‌وه‌ی پێچه‌وانه‌ی شه‌ریعه‌ت جوڵاوه‌ته‌وه‌ و سیستم و شێوازی ڕێكخستنی سه‌ربازیی كافرانی به‌كارهێناوه‌، له‌ شوێنی سوڵتان سه‌لیم مسته‌فای چوارمیان كرده‌ سوڵتان، ئه‌میش هه‌مان ئه‌و شتانه‌ی به‌ده‌ستی یه‌نیچه‌رییه‌كان چه‌شت كه‌ ئه‌وانی پێش خۆی چه‌شتبوویان. دواجار ئه‌میشیان له‌ ده‌سه‌ڵات دوورخسته‌وه‌ و له‌ زینداندا كوشتیان و مه‌حمودی دووه‌میان له‌شوێنی دانا.

به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی یه‌نیچه‌رییه‌كان چاوه‌ڕوانیان ده‌كرد و وایان ده‌زانی كه‌ سوڵتانی نوێ ده‌بێته‌ بوكه‌ڵه‌ی ده‌ستیان، به‌هێزی سوڵتان تووشی سه‌رسوڕمان و حه‌په‌سانی كردن، سوڵتان ناچاری كردن ڕێز له‌ فه‌رمان و یاسا‌كانی بگرن و پێوه‌ی پابه‌ندبن، ته‌نانه‌ت پرۆژه‌ی نوێكردنه‌وه‌ی سوپاشی زیندووكرده‌وه‌ كه‌ سه‌لیمی سێیه‌م ده‌ستپێكردبوو و سه‌ری له‌پێناویدا دانابوو. یه‌نیچه‌رییه‌كان دژی ئه‌م سوڵتانه‌ نوێیه‌ش ڕاپه‌ڕین و هه‌وڵیاندا سه‌رای سوڵتان بسووتێنن، له‌كاتی به‌رگریكردنیدا له‌ كۆشك سه‌دری ئه‌عزه‌میان كوشت.

سوڵتان مه‌حمودی دووه‌م پلانی بۆ له‌ناوبردنی یه‌نیچه‌رییه‌كان داڕشت

سوڵتان ناچار بوو به‌ تۆپ لێیان بدات، ئه‌وانیش له‌ ئه‌سته‌نبوڵ ده‌ستیانكرد به‌ وێرانكردن و تاڵانی، ئه‌مه‌ سوڵتانی ناچاركرد ئارامی ڕابگه‌یه‌نێت و بۆ ڕێگرتن له‌ ڕژانی خوێنی خه‌ڵك لێبوردنی بۆ ده‌ركردن، به‌ڵام سوڵتان ژێربه‌ژێر له‌ پلانه‌كانی بۆ له‌ناوبردنی یه‌نیچه‌رییه‌كان به‌رده‌وام بوو.

ساڵی 1826 یه‌نیچه‌رییه‌كان له‌ گۆڕه‌پانه‌كانی ئه‌سته‌نبوڵدا كۆبوونه‌وه‌ و وه‌ك عاده‌تی خۆیان ده‌ستیانكرده‌وه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌، كاتێك بینیان سوڵتان به‌ تۆپ چوارده‌وری گرتوون حه‌په‌سان، ویستیان هه‌ڵبێن و گۆڕه‌پانه‌كان چۆڵبكه‌ن، به‌ڵام زۆر به‌ توندی ئابڵوقه‌ درابوون و هه‌زارانیان لێ كوژرا، دواتر سوڵتان مه‌حمودی دووه‌م فه‌رمانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌تاهه‌تایی یه‌نیچه‌رییه‌كانی ده‌ركرد.