04:18 - 06/12/2019
میلیشیا شیعەكانی نزیك لەئێران پلانی موشەكبارانكردنی خۆپیشاندەرانی عێراقیان هەبووە
بۆ یەكەمجار ئەمریكا و میلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێران لە عێراق ڕوبەڕوی پێكدادان دەبنەوە، بەڵام بەشێوەیەكی زۆر نهێنی و لەئۆپەراسیۆنێكی دابەزینی ئاسمانی ئەمریكییەكاندا، ئەویش دوای ئەوەی زانیاریی ئەوەیان پێدەگات كە میلیشیا شیعەكان بەنیازی ئەنجامدانی هێرشێكی گەورەن بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق.
موشەكبارانكردنی ناوچەی سەوز و خۆپیشاندەرانی تەحریر
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنامەی (العرب)ی چاپی لەندەنی لەزاری بەرپرسانی باڵای عێراقەوە دەستیكەوتووە، مانگی ڕابردوو ئەمریكییەكان زانیاریی ئەوەیان بەدەستگەیشتووە كە میلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێران دەیانەوێت لە ناوچەكانی باكووری شاری بەغدا سەكۆی موشەكی جێگیربكەن و ئامانجیان لەو كارەش موشەكبارانكردنی ناوچەی سەوز بووە كە چەندین شوێنی هەستیار دەكەونە ئەو ناوچەیە وەك باڵیۆزخانەی ئەمریكا، باڵەخانەكانی حكومەت و پەرلەمانی عێراق.
میلیشیا شیعەكان جیاواز لە بەئامانجگرتنی ناوچەی سەوز بە موشەك، پلانی ئەوەیان هەبووە گۆڕەپانی تەحریر بەئامانج بگرن كە بەشوێنێكی سەرەكی بۆ خۆپیشاندانەكانی عێراق دادەنرێت.
ئەمریكییەكان لەگەڵ چەند دەزگایەتی هەواڵگریی عێراق دەستیان بەو پلانەی میلیشیا شیعەكان دەگات، ئەویش لەچوارچێوەی هەماهەنگی هاوبەشی هەواڵگریی نێوان ئەمریكا و عێراق و ئەو پرۆتۆكۆڵە ئەمنییەی لەنێوانیاندا واژۆكراوە، هەربۆیە حكومەتی عێراق لەتەواوی پلانەكە و تەنانەت چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئەمریكا بۆ ئەو پلانە ئاگاداركراوەتەوە.
دوای ئەوەی ئەمریكییەكان زانیاریی ورد دەدەنە حكومەتی عێراق لەبارەی جێبەجێكردنی ئۆپەراسیۆنێك دژی ئەو میلیشیا شیعەیەی پلانداڕێژەری هێرشەكەیە، بەدیاریكراوی لەڕۆژی 26/11/2020 ئەمریكییەكان لەناوچەی (تارمیە) لە باكووری شاری بەغدا ئۆپەراسیۆنەكەیان ئەنجامدا.
ئۆپەراسیۆنی ئەمریكییەكان بۆسەر ئەو ناوچەیەی سەكۆ موشەكیەكانی تێدا جێگیركرابوو سەرەتا لە ڕێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە بووە و تیایدا سەكۆكان كراونەتە ئامانج و بۆردوومانكراون، پاشان فڕۆكە شەڕكەرەكانی ئەمریكا گەیشتوونەتە سەر ناوچەكە و لەدابەزینێكی ئاسمانیدا ڕووبەڕوی میلیشیا شیعەكان بوونەتەوە و توانیویانە سێ چەكداری سەر بەو میلیشیایانە بكوژن، كە ئەوەش ڕووداوێكی نوێیە لەڕووبەڕوبونەوەی ئەمریكییەكان و میلیشیا شیعەكان لەنێو خاكی عێراق و لەشەڕێكی ڕوبەڕوودا.
گێڕانەوەی جیاواز لەبارەی ناسنامەی ئەو سێ چەكدارەی میلیشیا شیعەكان هەیە، بەڵام وەك سەرچاوەیەكی هەواڵگریی جەختی لەسەر دەكاتەوە دەڵێت، ئەو سێ كوژراوە سەر بە عەسائیبی ئەهلی حەق بوون كە قەیس خەزعەلی سەرۆكایەتی دەكات و لەنێو پەرلەمانی عێراق خاوەنی 15 كورسی پەرلەمانە.
میلیشیا شیعەكان وەڵامی ئەو هێرشەی ئەمریكییەكان دەدەنەوە
ڕۆژی سێشەممە 3/12/2019 پێنج موشەك لەسەرچاوەیەكی نادیارەوە ئاڕاستەی بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد-ی ئەمریكییەكان لەئەنبار كرا، كە یەكێكە لە گەورەترین بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لەعێراق، هەرچەندە ئەو هێرشە موشەكییە هیچ زیانێكی گیانی بەسەربازە ئەمریكییەكان نەگەیاند، بەڵام هەرزوو بەرپرسانی ئەمریكا زانییان ئەوە وەڵامێك بووە لەلایەن میلیشیا شیعەكانەوە بۆ ئەو هێرشەی كرایە سەكۆ موشەكیەكانیان.
ماوەی دوو ساڵە چەكدارانی عەسائیبی ئەهلی حەق لە ئەنبار بوونیان هەیە، ئەوەش بەواتای ئەوەی بە ئاسانی دەستیان دەگاتە بنكەی سەربازی عەین ئەسەد كە لەو پارێزگایەیە، هەربۆیە ئەمریكییەكان گۆڕانكارییەكی تەواوەتییان لەكاری ئەو بنكە سەربازییەدا كردووە و ئێستا كردویانەتە سەنتەرێك بۆ ئۆپەراسیۆنە گەورە و پێشكەوتووەكانی ئەمریكا كە چەند هەزار سەربازێكی ئەمریكی لەو سەربازگەیە بوونیان هەیە، ئەوە جگە لە بوونی چەندین چەكی قورس و زرێپۆش فڕۆكەی جەنگی.
ئەمریكا عێراق و ناوچەكە ناداتە دەست ئێران
ئاماژەكانی ئەم چەند هەفتەیەی ڕابردوو لەدیدی زۆرێك لەبەرپرسانی ئەمریكاوە ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە كە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت گەڕێكی دیكەی ململانێكانی وڵاتەكەی لەگەڵ ئێران دەستپێبكات، ئەمجارە ئەمریكا بەشێك لەو پاكتاوەی هەژموونی ئێران لە عێراق ئەنجامدەدات.
جۆن ڕود، كە بەسێیەم گەورە بەرپرسی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا دەناسرێت لەبارەی مەترسییەكانی ئێران بۆسەر ئەمریكا دەڵێت "هێشتا ئاماژەكانی مەترسیی ئێران بۆسەرمان دەبینین، ئەوان دەتوانن هێرشی دوژمنكارانە دژ بەئێمە ئەنجامبدەن".
جۆن ڕود ناڕاستەوخۆ دان بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی ئەمریكا دژ بە میلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێران لەشاری بەغدا دەنێت و دەڵێت "ئاماژەی ڕوون و ئاشكرامان بۆ حكومەتی ئێران نارد لەبارەی ئەو كارە دوژمنكارییانەی بەنیازن ئەنجامیبدەن".
دوو بەرپرسی باڵای ئەمریكا كە قسەیان بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز كردووە نهێنییەك لەبارەی جموجوڵی نوێی ئێران لەنێو خاكی عێراق ئاشكرادەكەن و دەڵێن "بەدیاریكراوی لەمانگی ڕابردوودا جموجوڵی هێزەكانی ئێران بە چەكەكانیانەوە بیندراوە، بەڵام دیارنییە ئامانجیان لەو كارە چییە".
لەلایەكی دیكەوە ڕۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ-ی ئەمریكی لەزاری بەرپرسانی وڵاتەكەیەوە لەنوێترین ژمارەیدا ئەوەی بڵاوكردەوە، ئیدارەی ترەمپ تاوتوێی ناردنی 14 هەزار سەربازیی ئەمریكی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات، ئەویش بەمەبەستی ڕوبەڕوبونەوەی مەترسییەكانی ئێران.
دوای هێرشی ئەمریكییەكان عەبدولمەهدی دەستی لەكاركێشایەوە؟
هەرچەندە دوای پەیامەكەی ڕۆژی هەینی ڕابردووی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق عادل عەبدولمەهدی بڕیاریدا دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لەپۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشكەشبكات، بەڵام دەكرێت دیمەنەكە بەشێوەیەكی دیكەش تەماشا بكەین:
دوای چەندین هۆشداریی هێزە سیاسییە كاریگەرەكانی عێراق بۆ عەبدولمەهدی، دوای كوژرانی زیاتر لە 400 خۆپیشاندەر، لەپاش چەندین پەیامی سیستانی بەڵام عەبدولمەهدی سوربوو لەسەر ئەوەی لەپۆستەكەی بەردەوام بێت، ئەوەی ئێستا بووەتە جێگەی پرسیار ئەوەیە:
ئاخۆ ئەوە ڕێككەوتە كە دوای سێ ڕۆژ لە هێرشی ئەمریكییەكان بۆسەر میلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێران و كوشتنی سێ چەكداری ئەو میلیشیایانە، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشكرد؟
هەرچەندە بەڵگەیەكی ورد لەبەردەستدا نییە كە بیسەلمێنێت ئێرانییەكان لەپاش ئەو هێرشەی ئەمریكییەكان پشتیان لە عەبدولمەهدی كردووە، بەڵام ئەوە هەر وەك ئەگەرێكی كراوە دەمێنێتەوە بەتایبەت بۆ وڵاتێكی وەك عێراق، كە بەبێ ئێران بەپرسە عێراقییەكان پەنجە بەنێو ئاودا ناكەن.