04:29 - 26/11/2019
خەونی كۆنترۆڵكردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن ئێرانەوە
دوای ئەوەی حكومەتی عێراق لەلایەن ئەمریكاوە روخێندرا ئێران بۆ پاراستنی
خۆی و سنوری دەوڵەتەكەی و دروستكردنی پەرژینێكی بەهێز بە دەوری دەسەڵاتەكەیدا
بیرۆكەی دروستكردنی هیلالی شێعی داهێنا، ئەوەش بۆ ئەوە بوو بتوانێت بە ئاسانی
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی ناوچە شیعەنشینەكانی ڕۆژهەڵات بۆ خۆی یەكلایی
بكاتەوە و دەسەڵاتێكی تایبەت بۆ خۆی لە ناوچەكە دروست بكات.
هیلالی شیعی چەمكێكی سیاسی تایبەتی كۆماری ئیسلامی ئێرانە، داهێنەرەكەی خۆیەتی، لەلایەن ئێرانەوە وەك قوڵایی ستراتیژی دەستنیشانكرا، فەرماندەی سوپای قودس ڕاسپێردراوە بۆئەوەی ئەو هیلالەی كە ئێران باسی دەكات جێبەجێی بكات، وە بۆئەوەی لە تارانەوە رێگەیەكی
وشكانی بكەنەوە بە عێراقدا تێبپەڕێت و بە سووریادا بچێتەوە لوبنان. و بتوانێت سنورێك بە دەوری دەسەڵاتەكەی
خۆیدا بۆ خۆی دروست بكات.
فەرماندەی سوپای قودس ڕاسپێردراوە بۆ ئەوەی هیلالی شێعی جێبەجێ بكات
دوای كۆنتڕۆڵكردنی عێراق لەلایەن
ئەمریكاوە، هەروەها مانەوەی ئەمریكا لە چەند بنكەیەكی گرنگ لەو وڵاتەدا سوپای
قودس نەیتوانی هیچ جموجۆڵێكی ئەوتۆ بۆ كرداریكردنەوەی ئەو ستراتیژییەتە بخاتەروو بەهۆی
بەرپەرچدانەوەی هەر جووڵەیەكیان لەلایەن ئەمەریكاوە، كە جێی گومان بوایە.
ئێران لە ناوچەكە توانی دەسەڵاتی باڵا
پەیدابكات كاتێك لە ساڵی ٢٠١١ بە فەرمانی باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشووی
ئەمەریكا سوپای وڵاتەكەی لە عێراق كشایەوە، جموجووڵەكانی هێزی قودسی سوپای
پاسداران لە عێراق، دروست بوون و توانرا لە ناوچەكە رۆڵێكی زۆر ببینێت.
كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بوە هۆی ئەوەی ئێران لە عێراق هەژموونی زۆر پەیدا بكات
ئێران چۆن هاتە عێراق؟
دوای دروستبوونی داعش لە عێراق حوزەیرانی ٢٠١٤، كۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێگەی شیعەكانی
عێراقەوە توانی خۆی بخزێنێتە ئەو وڵاتەوەو لە بەغدا شەرعییەتی ئەوەی وەرگرت وەك هێزێكی فریادڕەس
لەناو عێراق-دا شەڕ بكات.
لەڕێگەی چەندهێزێكەوە توانی خۆی
بخزێنێتە ناو ڕیزەكانی عێراق، وەك هێزەكانی سوپای نیشتمانیی و سوپای پاسداران و هێزی قودسی سوپای پاسداران، بەهاوكاری
حزبوڵای لوبنان و سەربازانی ئەسەد بەرەو سنووری سووریا چووە پێشەوەوە، دەستیپێكرد لە
ڕێگەی خورماتووەوە توانییان بەتەواوەتی بێنەوە ناو خاكی عێراق.
ئێران لە ڕێگەی چەند سوپایەكەوە توانیویەتی خۆی بخزێنێتە ناو عێراق
هەموو ئەو گۆڕانكاری و قسانە تەنها
بەنهێنی مابوونەوە، ئەو هێزانەی كە پشتیوانی ئێرانیان دەكرد، هێشتا هیچ هێزێك نەبوو بە
فەرمی بڵێت، ئەو هێزانەی كە لە ناوچەكەن بۆ
خزمەتی ئێران كاردەكەن تا لە ئایاری 2015 محەمەد عەلی جەعفەری فەرماندەی سوپای
پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران، رایگەیاند، 200 هەزار چەكدار لە عێراق و سووریاوە پشتیوانی كۆماری ئیسلامی ئێران و
سیاسەتەكانی دەكەن و خەریكە دروستبوونی هیلالی شیعی بەرەو كۆتایی دەچێت، ئەوەش بووە
مۆتەكەیەكی گەورە بەسەر ئەمریكاوە، رەخنەی زۆر كەوتە سەر باراك ئۆباما و
دەسەڵاتی ئەمریكا لە ناوچەكە.
مەبەستی ئێران لە درووستكردنی پێكەوە
لكاندنی ئەو ناوچانە، كۆكردنەوەی شیعەیە لەناو جوگرافیایەكی هاوبەش بەبێ دابڕان
لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆئەوەی ئیمپراتۆرییەتێكی شیعی لەڕێگەیەوە دابمەزرێنێت،
لەبەرئەوەی یەك لە ستراتیژییەتەكانی كۆماری ئیسلامیی لەسەرەتای درووستبوونییەوە،
لەسەر داوای خومەینی، هەناردەكردنی شۆڕشی كۆماری ئیسلامییە بۆ وڵاتانی تری جیهان،
هەروەها هەژمونێكی گەورەی سیاسی خۆی دروست دەكرد.
هیلالی شیعی كوێ دەگرێتەوە؟
ئەو پڕۆژەیەی كە ئێران دایناوە بۆ
بونیادنانی هیلالی شیعی چەند وڵاتێك دەگرێتەوە كە چەند شوێنێكی ستراتیژی لە
خۆدەگرێت و ئێران دەكاتە خاوەنی وزە و پارە و هێز و توانایەكی زۆر.
یەكەم: ئێران
لە وڵاتی ئێران-دا هیلالی شیعی بە سنووری ئەهوازدا تێدەپەڕێت
دووەم: عێراق
لە خاكی عێراقیشدا هیلالی شیعی بە بەسرە و كەربەلا و نەجەف و پارێزگای بەغدا و
رۆژئاوای مووسڵ-دا تێدەپەڕێت.
سێیەم: سوریا
لە سووریا
بە باشووری پارێزگای دێرەزووردا دەڕوات و بە باكووری دیمەشقدا دەچێتەوە ناو لبنان.
گرفتێك لە بەردەم هیلالی شیعی لە و
سنورەدا دروست دەبێت، بریتییە لەوەی كۆمەڵێك لەو ناوچانەی ئەو هیلالە پێیدا
تێپەڕ دەبێت، سوننەی حەنەفی و شافیعی و عەلەوییەكانن و هەندێك مەسیحی و ئێزدیش
تیایدا نیشتەجێن، بۆ نموونە رومادی و سامەڕا لە عێراق و دێرەزوور لە سووریا كە
دانیشتوانیان سوننین.
هیلالی شیعی چۆن
سەریهەڵدا؟
بۆ یەكەمجار ساڵی 2004 مەلیك عەبدوڵا شای ئوردن، دەستەواژەی
هیلالی شیعی "Shia Crescent یا Shiite
Crescent"ی بۆ بە
دەسەڵاتگەیشتنی حكوومەتی شیعەی وەفادار بە كۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق، بەكار
هێنا.
شا عەبدوڵا لە شیعە دەترسێت
شا عەبدوڵا دوای ئەوەی بەگرنگی و مەترسییەوە دەیڕوانییە ئەو
هیلالەی كە باسدەكرا، هۆشداریدا ئەگەر ئەو پلانەی ئێران لە ناوچەكەدا سەربگرێت و حكوومەتەكانی ئێران، سووریا، عێراق و
حزبوڵای لوبنان بەیەكەوە بلكێن، هیلالێكی شیعی درووست دەبێت. شا دەیگوت، ئامانجی ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ حكوومەتی نوێی عێراق بۆ دروستكردنی ئەو
هیلالەیە.
پرۆسەی بە شیعەكردنی سونەكان
شا سەلمان عەبدولعەزیز پاشای سعوودیە،
ئاماژەی بە پرۆسەی"بە
شیعەكردنی عەرەبی سوننە" لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێران دا. ساڵی ٢٠٠٦ حوسنی موبارەك سەرۆكی ئەوكاتی میسر لە
كۆنفرانسێكی میدیاییدا رایگەیاند، شیعەكانی ناو جیهانی عەرەبی وەفادارییان بۆ
كۆماری ئیسلامی ئێران هەیە تا وڵات و خاكی خۆیان، بۆیە موبارەكیش هۆشداری لە ئەگەری درووستبوونی "هیلالی شیعی"دا. و پێیان وابوو ئەوە مەترسیەكی گەورە لەسەر
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی سونەكانی ناوچەكە دەكات.
هەوڵەكانی ئێران لەناودەچن
دای ئەوەی هیلالی شیعی بە مەترسییەكی گەورە ناوبرا و هەموو
جیهان بەوەیان زانی كە ئێران دەیەوێت كۆنتڕۆڵی ناوچەكە بكات، بەڵام لە سەرەتای
هاتنەسەركاری دۆناڵد ترەمپ، ئەگەرەكان لەبارەی دیدی نوێی ئەمەریكا بۆ ئێران بە دڵی
تاران نییە، پێچەوانەكەشی دروستە كاتێك پەیوەندییەكانی ئەمەریكا و سعوودیە
قۆناغێكی نوێی بەخۆوە بینی و هاوكات بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل،
چەندجارێك لەڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ شا سەلمان عەبدولعەزیزی دەسەڵاتداری سعوودیە
گفتوگۆی كردووە، دواتر لە سەرەتای مانگی نیسان میدیاكانی ئیسڕائیل و ئەمەریكا باسیان لە درووستبوونی "ناتۆی عەرەبی"كرد.
لە سەرەتای هاتنەسەركاری ترەمپ، ئەگەرەكان لەبارەی دیدی نوێی ئەمەریكا بۆ ئێران بە دڵی تاران نییە
ئەوەش دوای ئەوە هات كە رۆژنامەی
بەناوبانگی ئیسڕائیلی"ئورشەلیم پۆست" لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كردبوو، ئەمەریكا
و ئیسڕائیل هاوكاری وڵاتانی عەرەبی دەكەن، بۆئەوەی بە سەرۆكایەتیی سعوودیە هێزێكی
هاوشێوەی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژی زێدەڕۆییەكانی كۆماری ئیسلامی
ئێران درووست بكەن.
ڕۆژنامەكە دەڵێت: ئەمەریكا و ئیسڕائیل رەنگە راستەوخۆ هێزیان لەناو ئەو هاوپەیمانێتییەدا
نەبێت، بەڵام لەڕووی هەواڵگرییەوە پاڵپشتییان دەكەن، مانگێك دوای ئەو هەواڵە
دۆناڵد ترەمپ سەردانی ریازی كرد و لەگەڵ سعوودیە گرێبەستی فرۆشتنی چەكی بە سعوودیە، بە بەهای زیاتر لە ١٢٥ ملیار
دۆلار واژۆ كرد.
ئەمەریكا و ئیسڕائیل رەنگە راستەوخۆ هێزیان لەناو ئەو هاوپەیمانێتییەدا نەبێت، بەڵام لەڕووی هەواڵگرییەوە پاڵپشتییان دەكەن
هەر لەوكاتەشدا ریكس تیلەرسۆن وەزیری
دەرەوەی ئەمەریكا واژۆكردنی ئەو گرێبەستەی وەك پەیامێك وەسفكرد بۆ تاران و رایگەیاند، ئەو گرێبەستە پەیامێكی ئاشكرایە بۆ دوژمنی هاوبەشی ئەمەریكا و سعوودیە،
فرۆشتنی چەك بە سعوودیە واتای پاراستنی تەناهیی ناوچەكەیە لە بەرامبەر پەلامار و
دەستوەردانەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران.
ترەمپ هیلالی شیعی
وێران دەكات
كاتێك ترەمپ بوو بەسەرۆكی ئەمریكا ئیتر
هەموو شتێك بۆ ئێران لە ناوچەكە بووە ژەهرێك و بە قورگی هەموو ئێراندا چووە
خوارەوە، هەموو ئاماژەكانیش پیشانی دەدەن
واشنتن هەوڵەكانی بۆ رێگری لە جموجووڵەكانی ئێران لە عێراق و سووریا چڕكردووەتەوە.
یەكەم هەنگاوی ئەمەریكا بۆ پەكخستنی ئەو
پڕۆژە ئێرانییە هێنانە بەرباسی، سزا نوێیەكانی سەر ئێرانە كە گرنگترینیان خستنە ناو "لیستی رەش"ی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێرانە بە سەرجەم لقەكانیەوە. ئەوەیش
وایكردووە تا سەقامگیركردنی ئەو بڕیارانە ئێران جموجووڵەكانی خێراتر بكات و
لایەنی كەم بتوانێت ئەو بۆشاییەی لە مووسڵ بۆ گەیاندنی هیلالەكەی بە سووریا درووستبووە، بیانشكێنێت، بەڵام نەیتوانی ئەو هەموو گۆڕانكارییانە دروست بكرێت.
سزا نوێیەكانی سەر ئێران گرنگترینیان خستنە ناو "لیستی رەش"ی سوپای پاسدارانە
لە جووڵەیەكی گوماناوی و ناڕێكخراودا،
ماوەی دوو هەفتەیە لە سنووری شنگال و رۆژئاوای مووسڵ حەشدی شەعبی لە دەرەوەی هەموو
رێككەوتنەكانی گرتنەوەی مووسڵ، دەستیكرد بە "ئۆپەراسیۆن"ێكی بەرفراوان و چەند ناوچەیەكی دەورووبەری
شنگالی كۆنتڕۆڵكردووە و بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ئەو میلیشیا شیعییە، دەیانویست
لەرێگەی شەنگالەوە رێڕەوێك بكەنەوە بۆ گەیشتن بە سووریا، بەڵام لە بەرامبەردا هێزی كوردی لە
ناوچەكە بوو، رووبەڕووی ئەو هێزانە توانییان سەنگەر دروست بكەن.
چەند چەكدارێكی ئێزیدی كە ژمارەیان
ناگاتە ١٠٠ كەس، ماوەیەكی زۆرە لەگەڵ حەشدی شەعبیدان هێزێكیان بۆ درووست كراوە، ئەوانیش
لەو كردەوەیەی حەشدی شەعبی بەشدارن و سەرجەمی جووڵەكانیان لە دەرەوەی ئەو
سنوورەیە كە پێشمەرگە لە شنگال سەنگەری تێدا هەیە، بەڵام ئەوان لە سنوورەكانی
خوارووەوە نیازی پێشڕەوییان هەیە و تەنانەت لەو دواییەدا گوندی"قابوسیان"كۆنتڕۆڵكردەوە. هەڵوێستی كورد ئەوەیە پێشمەرگە سەنگەرەكانیان پتەو
بكەن و رێگە نەدەن هیچ هێزێك ئەو سنوورانە ببەزێنێت، كە پێشمەرگەی كوردستان
كۆنتڕۆڵی كردووەتەوە.
هەڵوێستی كورد ئەوەیە پێشمەرگە سەنگەرەكانیان پتەو بكەن
ئێستا گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بە
شێوەیەكە، شیعە بەهۆی سزاكانی ئێران و هەروەها هێرشە موشەكییەكانی ئیسرائیل
ناتوانێت پەل بهاوێت بۆ دەرەوە، كۆماری ئیسلامی ئێران پێدەچێت نەتوانێت
سەركەوتووبێت لە دروستكردنی ئەو هیلالە و لەگەڵ ئەوەش خەریكە خۆشی لەدەست دەدات، بەهۆی
ئەو سیاسەتانەوە كە هەیەتی هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوەدا.