ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:54 - 22/11/2019

ئەبومەهدی موهەندیس لە تەقاندنەوەی سەفارەتەكانەوە تا جێگری حەشدی شەعبی‌

پەیسەر

حەشدی شەعبی لەسەرەتاوە دامەزراوەیەكی سەربازیی میلشیایی و مەزهەبی بوو،  بەڵام دواجار خرایەنێو دامەزراوەی بەرگریی عێراق و بەفەرمی بووە ئۆرگانێك لە وەزارەتی بەرگری عێراق، شارەزایان باس لەوە دەكەن، شێوازی دامەزراندن و كاركردنی حەشدی شەعبی هیچ جیاوازییەكی نیە لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران، بەشێك لە شارەزایان بۆ ئەوەی دەگێڕنەوە كە دامەزرێنەرانی حەشدی شەعبی پێشتر لەناو سوپای پاسدارانی ئێراندا ئەفسەر بوون و بەشێكی دیكەش باس لەوە دەكەن حەشدی شەعبی گواستنەوەی ئەجێنداكانی كۆماری ئیسلامییە بۆ عێراق.

ئەبو مەهدیی موهەندیس كەسایەتی دیاری نێو حەشدی شەعبی و دەستەی دامەزرێنەر، بەیەكێك لەو كەسایەتیە دیارانە دادەنرێت كە ڕۆڵی سەرەكی هەیە لە هەموو وێستگەكانداو بۆ ئەو مەبەستەش نایشارێتەوە كە خۆی بە سەربازی قاسمی سولەیمانی –لێپرسراوی سوپای قودسی باڵی چەكداریی سوپای پاسداران لە دەرەوەی مەرزەكانی ئێران- دەزانێت و لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا بە زمانێكی فارسی ڕەوان دەڵێت: كاریگەریەكانی ئێران لەناو عێراقدا لە خودی حكومەتی عێراق زۆرترە. چەند ڕۆژێك پێش لە ئێستا گوتی داواكاریی خۆپیشاندەرانی عێراق دەخەینەبەر باس، ئەوەی كە یاسایی بێت جێبەجێی دەكەین، ئەگینا ڕێگە بە گێرەشێوێنی نادەین،  گوتوشیەتی هێزەكانی حەشدی شەعبی پشتیوانی لە سەرۆكوەزیران دەكات و چی پێبكرێت درێغی ناكات.

ئەبو مەهدی موهەندیس:
ناوی تەواوی (جەمال جەعفەر ئال ئیبراهیم)و  لە ئێران بە (جعفر ابراهیمی) ناسراوە، ساڵی 1954 لە شاری بەسرە لە باوكێكی عێراقی و دایكێكی ئێرانی لەدایك بووە، ساڵی 1977 ئەندازیاریی لەبواری تەكنۆلۆژیای پەیوەندیەكان –تەلەفۆن- ی تەواوكردووە، لە قۆناغی ناوەندییەوە پەیوەندی بە حیزبی دەعوەی ئیسلامییەوە كردووە، بەڵام كاتێك چالاكیەكانی دەعوە زیاد دەكەن، ئەبو مەهدی یەكێك دەبێت لەوانەی كە لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە داواكراو دەبێـت و فەرمانی لە سێدارەدانی بۆ دەردەچێت، بۆیە لە ساڵی 1979 بە قاچاخ دەچێتە وڵاتی كوەیت و لەگەڵ مستەفا بەدرەدین ناوێكدا –حزب الله- ی كوەیتی دادەمەزرێنن، پاشان تاوانبار دەكرێت بە ئەنجامدانی هەندێك كاری تیرۆرستی بۆیە بەرەو ئێران هەڵدێت و دەچێتە شاری ئەهوازی ئێران و لەوێوە دەچێتە كەمپەكانی ڕاهێنان، لە 1985 دەبێـتە ئەندامی سەركردایەتی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق و تا كۆتایی نەوەدەكان لە هێزەكانی فەیلەقی بەدردا كارو چالاكی ئەنجام دەدات. ئەوانەی كە لە ئەبومەهدییەوە نزیكن باس لەوە دەكەن ئەو حەزیی بەدەركەوتن نیەو كەسێكی بێدەنگەو خۆی لە میدیاكان دەشارێتەوە، حەسەن عەلەوی كە سیاسیەكی عێراقیی شێعە مەزهەبەو ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە لەبارەی ئەبومەهدییەوە دەڵێت: جیڤارای عێراقیەكانە.

پشێویەكانی ئەبومەهدی لە كوەیت:
كاتێك ئەبومەهدیی دەچێتە كوەیت وەك خۆی دەڵێت دەستی كردووە بە دروستكردنی ڕێكخستەنەكانی حزب الله و چەندین كاری سەربازییان ئەنجام داوە، بەشێك لە میدیاكان باس لەوە دەكەن تەقاندنەوەی سەفارەتەكانی ئەمەریكاو فەرەنسا لە كوەیت كە بووە هۆی كوژرانی پێنج كەس بە پلانی ئەو بووە. دادگاو بەرپرسانی ئەمنی كوەیت بە شوێنیەوە دەبن و وەك خۆی لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا بەزمانی فارسی دەڵێت: منیش زیرەك بووم و توانیم لە زیندانی كوەیتیەكان دەربازمم ببێـت، وەك میدیاكان باسی دەكەن مەهدی بە پاسپۆرتێكی تەزویری پاكستانی چووەتە ئێران. بەپێی هەواڵی میدیاكان حیزبی دەعوە لەكاتی ڕوداوەكاندا دانی بەوەدا ناوە كە چالاكیەكان ئەوان ئەنجامیان داوە لەتۆڵەی پشتیوانییان بووە بۆ عێراق لە كاتی جەنگی دژ بە ئێراندا.
میدیاكانی رۆژئاوا باس لەوە دەكەن لە ساڵی 1984 بە پلانی ئەبو مەهدی هەوڵدراوە بۆ ڕفاندنی فڕۆكەیەكی كوەیتی ، بەڵام سەری نەگرتووە، لە هەمان ساڵدا كاری بۆ تیرۆركردنی جابر سەباح ی ئەمیری كوەیت كردووە، بەڵام لەو هەوڵە دەربازیی بووە.

گەڕانەوە بۆ عێراق:
لە دوای 2003 گەڕاوەتەوە بۆ عێراق، لەیەكەم دەركەوتنیدا وەك ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیران-ئیبراهیم جەعفەریی- بۆ كارو باری ئەمنیەتی –ئاسایش- دەركەوتووەتەوە، دواتر لە ساڵی 2005 دا لە خۆی كاندیدكردووە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پارێزگای بابل، لەو ماوەیەشدا چووەتە نێو كەسانی ئەكادیمی و توێژینەوەیان كردووە لەبارەی رەوشی عێراقەوە لەنێو –ناوەندی توێژینەوەی عێراق، ساڵی 2007 ئەمەریكیەكان كەوتنە شوێن كەوتنی دۆسیەكەی و هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی مێژووی موهەندیس و داوایان لە سەرۆك وەزیرانی ئەوكات –نوری مالیكی-كرد كە رادەستیان بكات ، بەڵام ئەو ڕازیی نەبوو بۆیە جارێكی دیكە بەرەو ئێران هەڵاتەوە، كاتێكیش هێزەكانی ئەمەریكا ڕۆڵیان لە عێراقدا بەرەو كۆتایی دەچوو دووبارە گەڕایەوە، ساڵی  گەڕایەوەو حەشدی شەعبییان دامەزراندو ئەویش وەك جێگری بەرپرسی یەكەم دەست بەكار بوو، بە پێی سەرچاوەكان، ئەبو مەهدی كەسی یەكەمی ڕێكخراوەكەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی قۆناغی هەستیاریی دامەزراندن تێپەڕێنن و چاوی ئەمەریكیەكانیان نەچێتە سەر كردوویانە بە كەسی دووەم.

هاكی توێتەرەكەی ئەبو مەهدی:
رۆژی 12 سێبتەمبەر 2018 میدیاكانی عێراق باسیان لەوەكرد كە توێتەرەكەی ئەبوو مەهدی هاك كراوەو ئەبوو مەهدیش هەواڵەكەی پشتڕاست كردەوە، بەڵام توێتەر ڕوونكردنەوەی داوە كە داخستنی هەژماری توێتەری ئەبوومەهدی بەهۆی پابەند نەبوونی بووە بە یاساكان،  بەڵام حەشدی شەعبی ئەوەی ڕەتكردووەتەوەو پێیان وایە ڕاست نیەو دەستدرێژیی كردنە بۆ سەر بەرپرسێكی باڵای عێراق. بەڵام تا ئێستا دەرنەكەوتووە لە هەژمارەكەیدا چی هەبوەو پەیوەندیەكانی لەگەڵ كێ هەیەو پلان و بەرنامەكانی لەگەڵ كێ خستووەتە بەر گفت و گۆو فەرمانەكانی بەكێ دەدات و فەرمانیش بەكێی دیكە دەدات.

سپیكردنەوەی پارە:
بە پێی هەواڵێكی سكای نیوز لە مانگی كانوونی دووەمی 2018 دا ئەبوو مەهدی موهەندیس بڕی سێ ملیار دۆلاری ئەمەریكی بە نایاسایی بردووەتە ئێرانەوە، بۆ ئەوەی سامانەكەی لەژێر دەستی ئەمەریكیەكاندا نەبێت و بتوانێت هەركات ویستی هەڵسوكەوتی پێوە بكات.

ناكۆكیەكانی ناوخۆ:
بە پێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەكان لەنێوان فلح فەیاز و ئەبومەهدی موهەندیس دا لەسەر چۆنیەتی كاركردن و داڕشتنەوەی بونیادی ڕیكخستن و كارگێڕیی حەشدی شەعبی ناكۆكی دروست بووە، بەڵام بەسەردانێكی قاسمی سولەیمانی ناكۆكیەكان وەلا نراون و ڕێك بوونەتەوە، هەرچەندە پۆستی مەهدی موهەندیس كە جێگری بەرپرسیارێتی حەشدی شەعبیە لە لایەن فالح فەیازەوە هەڵوەشاوەتەوە بەڵام میانگیرییەكەی سولەیمانی جێگەی خۆی گرتووەو جارێ بێدەنگی لێكراوە. بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەوانی فەیاو  بە قاسمی سولەیمانی گوتووە كە بەهۆی كارەكانی ئەبو مەهدییەوە گرژی و ئاڵۆزییەكان لەگەڵ ئەمەریكیەكان بەرەو هەڵكشان ڕۆشتووەو پێیان باشە بۆ ماوەیەك لە كارەكان دووربكەوێتەوە. قاسم سولەیمانیش لە دۆخەكە تێگەشتووە بۆیە بەجۆرێك چارەسەری دۆخەكەیان بە بێدەنگی سپاردووە.

بەڵام بۆچوونی هاشم الهاشمی شرۆڤەكاری سیاسی عێراقی شتێكی دیكەیەو ئەو پێی وایە بەلادانی ئەبوو مەهدی لە پۆستی جێگری سەرۆكی حەشدی شەعبی واتە كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی سوپای پاسداران لەناو حەشدی شەعبیدا، چوون ئەو دامەزراوە لەگەڵ ئەو بۆچوونەی شێعەكاندایە كە دەبێت كاری ئەوان پاراستنی سەروەری خاكی عێراق بێت و سەروەرییە یاساییی یەكانی بپارێزن، سەركردایەتی ئێستای حەشد لەو باوەڕەدان گوێڕایەڵی تەواویان بۆ ئێران و سوپای پاسداران كۆتایی پێبێنن، و جۆرێك لە سەربەخوییان هەبێت، بەڵام پرسیار ئەوەیە: ئاخۆ قاسم سولەیمانی و تارماییەكەی –ئەبومەهدی موهەندیس- بەو دۆخە ڕازیی دەبن؟

پلانی داهاتووی ئەبوو مەهدی:
بەپێی چەند سەرچاوەیەكی میدیایی، پلانی دروستكردنی هێزی ئاسمانی حەشدی شەعبی لە لایەن ئەبوو مەهدییەوە پێشیار كراوە بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و  بۆ ئەو مەبەستەش هەموو توانا ئیداریی و مادیی و پەیوەندیەكانی بەگەڕ خستووە.

سێبەری قاسمی سولەیمانی:
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لەبارەی هەردوو كەسایەتی سەربازیی و ئەمنی (قاسمی سولەیمانی) و (ئەبو مەهدی موهەندیس) كراوە لێكچوونێكی زۆر لەنێوان هەردوو كەسایەتیەكەدا هەیە، دیارترینان بێدەنگی و دوور لەچاوی میدیاكان كارەكانیان ئەنجام دەدەن، نەفەس درێژیی و ئارامگرتن لەگەڵ دۆخە جۆراوجۆرەكان، گوێڕایەڵی بۆ ڕێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران، ئەنجامدانی ئەو كارانەی كە زۆر ناڕەحەت و دژوارن، دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵات، باوەڕبوون بە مەزهەبی ئاینی و سیاسی شێعەو كاركردن بۆ بە جیهانی كردنی و چەندین خەسڵەتی دیكەی هاوبەش.

هەرچەندە زۆرینەی راپۆرتە رۆژنامەوانیەكان باس لە ڕۆڵی ئەبوو مەهدی موهەندیس دەكەن لە عێراقی دوای 2003 دا بەڵام دواجار دێنەوە سەر ئەوەی كە ئەگەر قاسمی سولەیمانی لە پشتی كارەكانی حەشدی شەعبییەوە نەبێت كەسێكی وەك ئەبومەهدی بە بێ هیچ فەرمانێكی وەزاری ئاڵوگۆڕبە پۆستەكەی ناكرێت و لە بنەڕەتیشدا پۆستێكی هەستیاری وەك جێگری حەشدی شەعبی وەرنەدەگرت، لە ئێستاشدا چاوەڕێ دەكرێت ئەبوومەهدی موهەندیس بە جۆرێكی دیكەو لە بەرگێكی دیكەی دژ بە ئیسرائیل و ئەمەریكا دەربكەوێـتەوەو ئەجێنداكانی كۆماری ئیسلامی لە ئێران بە هاوكاریی قاسمی سولەیمانی جێبەجێ بكات.