ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:03 - 18/11/2019

​٧٠٠ لاپه‌ڕه‌ی نهێنی، بەڵگەی به‌رپرسانی عێراق و هه‌رێم بۆ ئێران‌

پەیسەر

له‌گه‌ڵ توندبوونی خۆپیشاندانه‌كانی عێراق و فشاره‌ نێوخۆییه‌كان له‌سه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌نامه‌ی هه‌واڵگریی دزه‌پێكراوی ئێران كه‌ به‌شێكیان په‌یوه‌ندییان به‌ عه‌بدولمه‌هدییه‌وه‌ هه‌یه‌، ده‌بێته‌ گورزێكی نوێ كه‌ به‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌كه‌وێت.

ڕۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز-ی ئه‌مریكی، له‌نوێترین ژماره‌ی خۆیدا سه‌دان به‌ڵگه‌نامه‌ی په‌یوه‌ست به‌ هه‌ژموونی ئێران له‌ عێراق، سوریا و لوبنان بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ به‌ڵگه‌نامه‌كان له‌م كاته‌ سه‌خته‌ی دۆخی عێراق و لوبنانى پێدا تێده‌په‌ڕێت، به‌زیانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته‌ بشكێته‌وه‌.

 ئێران بۆ ساڵانێكی زۆر له‌ڕێگه‌ی سیخوڕه‌كانیه‌وه‌ سه‌ركرده‌ عێراقییه‌كانی تاقیكردووه‌ته‌وه‌

كاركردن له‌سه‌ر به‌ڵگه‌نامه‌ نهێنییه‌كان و بڵاوكردنه‌وه‌ی كارێكی هاوبه‌شی ڕۆژنامه‌كانی ئیندیپێندنت و نیویۆرك تایمز-ه‌ كه‌ تیایدا تیشكخراوه‌ته‌، سه‌ر چۆنێتی كاركردنی ئێران بۆ سه‌پاندنی هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر عێراق.

به‌ڵگه‌نامه‌كان ئه‌وه‌ی ده‌رخستووه‌، ئێران بۆ ساڵانێكی زۆر له‌ڕێگه‌ی سیخوڕه‌كانیه‌وه‌ سه‌ركرده‌ عێراقییه‌كانی تاقیكردووه‌ته‌وه‌و هه‌ڵیسه‌نگاندوون، بۆئه‌وه‌ی دواتر ده‌ربكه‌وێت كام سه‌ركرده‌یان توانای سه‌ركردایه‌تیكردنی هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت موچه‌ی داوه‌ته‌ به‌شێك له‌و سه‌ركرده‌ عێراقییانه‌ی كاریان بۆ ئه‌مریكییه‌كان ده‌كرد، بۆئه‌وه‌ی له‌ڕووی سیاسی و ئابووری و دینییه‌وه‌ كار بۆ ئێرانیش بكه‌ن.

"فه‌رمانده‌ی كورد هه‌بووه‌ بۆ 87 یۆرۆ سیخوڕیی كردووه‌"
سیخوڕه‌كان وێنه‌ی ئه‌مریكییه‌كانیان به‌خۆیانه‌وه‌ ده‌به‌ست، بۆئه‌وه‌ی وای نیشانبده‌ن كار بۆ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر كاره‌كه‌یان سه‌ركه‌وتوو بوایه‌ ئه‌وا دیاریی وه‌ك فستق و كۆلۆنیا و زه‌عفه‌رانیان به‌دیاریی ده‌دایه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ عێراقییه‌ی هاوكاریكردوون، ته‌نانه‌ت جارێكیان یه‌كێك له‌فه‌رمانده‌ كورده‌كان، له‌به‌رامبه‌ر كاركردنی بۆ ئێرانییه‌كان 87.5 یۆرۆی وه‌رگرتووه‌.

بێ پاڵپشتی ئێرانییه‌كان هیچ كه‌س ناتوانێت بگاته‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق

له‌یه‌كێك له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كاندا په‌یوه‌ندی عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌ سوپای پاسدارانی ئێرانه‌وه‌ ئاشكراده‌كات، كاتێك عه‌بدولمه‌هدی له‌ سه‌رده‌می ڕژێمی پێشووی عێراق له‌تاراوگه‌ نیشته‌جێبووه‌، هه‌ربۆیه‌ كاتێك ناوبراو پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی له‌ساڵی 2018 وه‌رگرت، به‌بێ پاڵپشتی ئێرانییه‌كان نه‌ك ئه‌و، هیچ كه‌سێك ناتوانێت بگاته‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق.

به‌ڵگه‌نامه‌كان نیشانیده‌دات دوای ڕووخانی ڕژێمی سه‌دام حسێن، به‌ چ شێوه‌یه‌ك عێراق كه‌وته‌ ده‌ست ئێرانییه‌كان و تاران توانی له‌ كه‌نداوى فارسه‌وه‌ بۆ ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست كۆنتڕۆڵ بكات، ته‌نانه‌ت له‌ عێراق له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ كراوه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی ده‌ستپێكردنی یارییه‌ هه‌واڵگرییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، له‌به‌رامبه‌ریشدا ئه‌مریكا وه‌ك زلهێزی جیهان له‌به‌ڵگه‌نامه‌كاندا به‌ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ناتوانێت كێبڕكێی هه‌ژموونی ئێران له‌ عێراق بكات، چونكه‌ ڕۆژه‌كانی دوای ڕووخانی ڕژێمی عێراق، ئێران به‌رپرسه‌ هه‌ره‌ باڵاكانی خۆی له‌سوپای پاسداران و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی نارده‌ عێراق، به‌مه‌به‌ستی پاراستنی هه‌ژموونی ئێران، به‌ڵام دواتر ئه‌م كاره‌ له‌ سنوری پاراستنی هه‌ژمووندا نه‌مایه‌وه‌، به‌ڵكو بووه‌ زیادكردنی هه‌ژموونی تاران له‌ به‌غدا.

ئه‌م ڕاپۆرته‌ هه‌واڵگرییه‌ له‌نێوان ساڵانی 2014 و 2015 له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌رێك به‌ناوی (ا.و.م) و سكرتێره‌كه‌ی به‌ناوی (ئا) كه‌ له‌ "ڕێكخراوی هه‌واڵگریی" سه‌ر به‌ سوپای پاسداران كارده‌كه‌ن ئاماده‌كراوه‌، كه‌ خودی ڕێكخراوه‌كه‌ له‌ساڵی 2009 به‌فه‌رمانی عه‌لی خامنه‌یی، ڕابه‌ری باڵای شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران دروستكراوه‌، هه‌ردوو كارمه‌نده‌كه‌ی ئه‌و ده‌زگایه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی مه‌یدانیی له‌ عێراق كاریانكردووه‌.

عێراق، سوریا و لوبنان بۆ ئێران بابه‌تێكی هه‌ستیاری ئاسایشی نیشتمانیی ئه‌و وڵاته‌یه‌، هه‌ربۆیه‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی جه‌نه‌ڕاڵ قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس به‌رپرسانی باڵیۆزخانه‌كانی ئێران له‌و سێ وڵاته‌ ده‌ستنیشانده‌كرێن، ته‌نانه‌ت ده‌بێت ئه‌و باڵیۆزه‌ یاخود كارمه‌نده‌ باڵایه‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئێران له‌ به‌غدا، به‌یروت و دیمه‌شق پله‌یه‌كی باڵایان له‌نێو سوپای پاسداران هه‌بێت، ته‌ناته‌ت وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌و بابه‌ته‌دا هیچ ڕۆڵێكی نییه‌.

سه‌رۆك وه‌زیره‌كانی عیراق له‌نێو به‌ڵگه‌نامه‌ دزه‌پێكراوه‌كان ناویانهێندراوه‌، كه‌ په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌كان هه‌یه‌، ئه‌وانیش نوری مالكی، حه‌یده‌ر عه‌بادی و عادل عه‌بدولمه‌هدی-ن، ته‌نانه‌ت نوری مالیكی له‌نێو به‌ڵگه‌نامه‌كاندا وه‌ك تاكه‌ سه‌ركرده‌ی عێراقیی ناوی هێندراوه‌ كه‌ ئێران متمانه‌ی پێیه‌تی.

مالیكی وه‌ك تاكه‌ سه‌ركرده‌ی عێراقیی ناوی هێندراوه‌ كه‌ ئێران متمانه‌ی پێیه‌تی

دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌عێراق له‌ساڵی 2011 ئێران به‌خێرایی كاریكرد بۆ بانگهێشتكردنی ئه‌و به‌رپرسه‌ عێراقییانه‌ی كاریان بۆ ده‌زگای هه‌واڵگریی ئه‌مریكا (CIA) ده‌كرد، بۆئه‌وه‌ی چیتر كار بۆ ئێرانییه‌كان بكه‌ن سه‌ره‌تای ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئێرانییه‌كانیش له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ده‌ستیپێكرد، موچه‌ی گه‌وره‌ و دراوی ئاڵتوونی و ژماره‌یه‌ك دیاریی دیكه‌، دیارترین ئه‌و شته‌ به‌ به‌هایانه‌ بوون كه‌ ئێرانییه‌كان به‌و عێراقیانه‌یان ده‌به‌خشی كه‌ له‌ژێر چاودێریی ئێران سیخوڕیی بكه‌ن.

ئێران هه‌ر به‌ته‌نیا له‌نێو سه‌ركرده‌ شیعه‌كاندا شوێنێی خۆی قایم نه‌كرد، به‌ڵكو له‌نێو سوننه‌كانیشدا پێگه‌ی خۆی به‌هێزكرد، به‌گوێره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كان ڕاوێژكارێكی سه‌لیم جبوری، سه‌رۆكی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق "زۆر نزیك بووه‌، له‌ ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی ئێران".

ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ له‌بابه‌تی ئاشكرابوونی ئه‌و نهێنییانه‌ ئه‌وه‌یه‌، ته‌واوی ڕاپۆرته‌كه‌ كه‌ 700 لاپه‌ڕه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی و له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی نادیاره‌وه‌ نێردراوه‌ بۆ ڕۆژنامه‌كانی ئیندیپێندنت و نیویۆرك تایمز، له‌كاتێكدا حكومه‌ته‌كانی جیهان به‌ڵگه‌نامه‌ هه‌ستیاره‌كانیان زۆر به‌ نهێنی ده‌هێڵنه‌وه‌، به‌ڵام له‌م كاته‌دا دۆخی نێوخۆیی عێراق و لوبنان كه‌ له‌لێواری مه‌ترسیدان، هه‌روه‌ها خۆپیشاندان له‌ ئێران ده‌ستیپێكردووه‌، دزه‌پێكردنی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ كارێكی بێمه‌به‌ست نییه‌، سه‌رچاوه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ ڕه‌تیانكردوه‌ته‌وه‌ هیچ لێدوانێك بده‌ن، ته‌نیا ده‌ڵێن "با جیهان بزانێت، ئێران له‌نێو عێراقدا چی ده‌كات".

له‌نێو كاره‌ هه‌واڵگرییه‌كانی ئێران له‌ عێراق زۆرجار ڕووداوی كۆمیدی ڕوویداوه‌، بۆ نمونه‌ به‌هه‌ڵه‌ ده‌زه‌كردن و سیخوڕیكردن به‌سه‌ر په‌یمانگه‌یه‌كی ڕۆشنبیریی ئه‌ڵمانیا له‌ عێراق، هه‌روه‌ها به‌شێك له‌ ئه‌فسه‌ره‌ سیخوڕه‌كان له‌ تاران ڕوبه‌ڕووی لێدان بوونه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسه‌كانیان له‌ تاران، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕاپۆرته‌ هه‌واڵگرییانه‌ی ئاماده‌یانكردوه‌ زیاتر له‌ هه‌واڵ چووه‌ نه‌ك زانیاریی نهێنی و هه‌واڵگریی.

ڕێگریكردن له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ ڕابگه‌یه‌نێت، له‌نێو ڕاپۆرته‌ هه‌واڵگرییه‌كه‌ی ئێرانییه‌كان شوێنی خۆی هه‌یه‌ و بووه‌ته‌ ئامانجی كاركردنی ئێرانییه‌كان بۆ ڕێگریكردن له‌ هه‌ر هه‌وڵێكی جوداخوازیی كورد.

وه‌رگرتنی ئه‌و سیخوڕانه‌ی پێشتر كاریان بۆ سی ئای ئه‌ی ده‌كرد له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌، یه‌كێكی دیكه‌ بووه‌ له‌ ستراتیژه‌كانی تاران، بۆ نمونه‌ ساڵی 2014 كه‌سێك كه‌ ناوه‌ خوازراوه‌كه‌ی "دۆنی براسكۆ" بووه‌ و هاووڵاتی عێراق بووه‌، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سی ئای ئه‌ی ده‌پچڕێت، به‌ڵام ئێران سود له‌و ده‌رفه‌ته‌ وه‌رده‌گرێت و به‌سودی خۆی ئه‌و كه‌سه‌ به‌كارده‌هێنێت.

سیخوڕه‌ ئێرانییه‌كان له‌ هه‌موو شوێنێكی باشووری عێراق بوونیان هه‌یه‌

ئێران دۆنی براسكۆ ده‌باته‌ تاران و زانیاریی ئه‌وه‌ی لێده‌رده‌هێنێت كه‌ پێگه‌كانی سی ئای ئه‌ی له‌ عێراق له‌كوێدان، ماڵ و ئه‌و هۆتێلانه‌ی تیایدا ده‌مێننه‌وه‌ ده‌كه‌ونه‌ كوێوه‌ و ناویان چیه‌، چه‌ك و جۆری ڕاهێنانه‌كانیشیان چین، هه‌روه‌ها ئه‌و عێراقییانه‌ی دیكه‌ كه‌ هێشتا كاری سیخوڕیی بۆ ئه‌مریكا ده‌كه‌ن كێن؟

به‌رپرسانی عێراق ده‌ڵێن ئێستا سیخوڕه‌ ئێرانییه‌كان له‌ هه‌موو شوێنێكی باشووری عێراق بوونیان هه‌یه‌، له‌ ساڵی 2014 ئه‌فسه‌رێكی هه‌واڵگریی عێراق چاوی به‌ ئه‌فسه‌رێكی هه‌واڵگریی ئێرانی ده‌كه‌وێت، ئه‌فسه‌ره‌ ئێرانییه‌كه‌ پێشنیاز بۆ هاوتا عێراقییه‌كه‌ی ده‌كات له‌به‌رژه‌وه‌ندی تاران كاربكات، ئه‌م وێنه‌یه‌ نیشانیده‌دات له‌چ ئاستێكدا ئێران كار بۆ فراوانكردنی هه‌ژموونی خۆی له‌عێراق ده‌كات.

"ئێران وڵاتی دووه‌می منه‌ و خۆشمده‌وێت، سه‌رسامم به‌ سیستمی ده‌سه‌ڵات له‌ ئێران كه‌ له‌لایه‌ن یه‌ك كه‌سه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت، سه‌رسامم به‌ فیلمی ئێرانی" ئه‌مه‌ وته‌ی به‌رپرسێكی عێراقییه‌ بۆ ئه‌فسه‌رێكی ئێرانی، له‌میانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا بۆ كاركردنی هاوبه‌ش.

به‌رپرسه‌ عێراقییه‌كه‌ له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق پۆستێكی باڵای هه‌واڵگریی هه‌ستیاری هه‌یه‌، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌فسه‌ره‌ ئێرانییه‌كه‌ وتویه‌تی به‌ په‌یامێكی لیوا حاته‌م مه‌كسوسی هاتوه‌ته‌ به‌غدا، له‌به‌رامبه‌ردا به‌رپرسه‌ عێراقیه‌كه‌ پێیوتووه‌ "ئێمه‌ له‌ خزمه‌تی ئێوه‌داین، ئه‌وه‌ی پێویست بێت له‌ژێر فه‌رمانی ئێوه‌دا ئه‌نجامیده‌ده‌ین، ئێمه‌ شیعه‌ین و دوژمنێكی هاوبه‌شمان هه‌یه‌".

ته‌نانه‌ت به‌رپرسه‌ عێراقییه‌كه‌ له‌وه‌ زیاتر ده‌ڕوات و ئاماده‌یی خۆی بۆ خزمه‌تێكی مه‌ترسیدار نیشانده‌دات و ده‌ڵێت "هه‌موو زانیارییه‌ هه‌واڵگرییه‌كانی سوپای عێراق بۆتۆ"، ئه‌فسه‌ره‌ ئێرانییه‌كه‌ش داوای لێكردووه‌ "پڕۆگرامی به‌ئامانجگرتنی نهێنی" كه‌ ئه‌مریكا پێشكه‌شی عێراقی كردووه‌، ئه‌وانیش پێشكه‌شی ئێرانی بكه‌ن، پێده‌چێت ئه‌وه‌ به‌لای به‌رپرسه‌ عێراقییه‌كه‌وه‌ زۆر ئاسان بووبێت، چونكه‌ له‌وه‌ڵامدا گوتویه‌تی "ئه‌گه‌ر كۆمپیوته‌رێكی باشت پێیه‌، بمده‌رێ تا بتوانم به‌رنامه‌كه‌ت بۆدابه‌زێنم".

یه‌كێكی دیكه‌ له‌و كاره‌ هه‌ستیاره‌ هه‌واڵگرییانه‌ی ئه‌مریكا پێشكه‌شی عێراقی كردووه‌، چۆنێتی سیخوڕیكردنه‌ به‌سه‌ر ئامێری مۆبایله‌وه‌، كه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران و ده‌زگای هه‌واڵگریی عێراقه‌وه‌ ئه‌نجامده‌درا، ئێرانییه‌كان به‌دوای ئه‌و پڕۆگرامه‌دا عه‌وداڵبون، به‌ڵام به‌رپرسانی عێراق ئه‌وه‌یان زۆر به‌ كارێكی ئاسان بینیوه‌ بۆ پێشكه‌شكردنی به‌ ئێرانییه‌كان.

له‌كاتی داگیركردنی به‌شێكی زۆر له‌خاكی عێراق له‌لایه‌ن داعش-ه‌وه‌، باراك ئۆباما، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا مه‌رجی ئه‌وه‌ی بۆ نوێكردنه‌وه‌ی هاوكاریی سه‌ربازیی وڵاته‌كه‌ی بۆ عێراق ئه‌وه‌بووه‌، نوری مالكی كه‌ ئه‌وكاته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بوو له‌ پۆسته‌كه‌ی دوربخرێته‌وه‌ چونكه‌ به‌گوته‌ی ئۆباما "مالكی كه‌سێكی شه‌ڕانگێزه‌".

دانایی فه‌ر لیستی ئه‌و وه‌زیرانه‌ی داڕشتووه‌، كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ئێران-ه‌وه‌ هه‌یه‌

له‌ساڵی 2014 كه‌ ناوی حه‌یده‌ر عه‌بادی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق هێندرا، حه‌سه‌ن دانای فه‌ر، باڵیۆزی ئێران له‌ عێراق نیگه‌ران نه‌بوونی وڵاته‌كه‌ی له‌دانانی عه‌بادی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران نیشانداوه‌ و وتویه‌تی "عه‌بادی هاووڵاتییه‌كی به‌ریتانییه‌، كاندیدی ئه‌مریكییه‌كانه‌، به‌ڵام له‌هه‌موو سه‌رۆك وه‌زیره‌كانی پێشوو زیاتر له‌ده‌ستی خۆماندایه‌" دواتریش دانای فه‌ر لیستی ئه‌و وه‌زیرانه‌ی داڕشتووه‌، كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ئێران-ه‌وه‌ هه‌یه‌.

له‌نێو ڕاپۆرته‌كه‌دا ئێران به‌مشێوه‌یه‌ ته‌ماشای وه‌زیره‌ عێراقییه‌كانی كردووه‌:

وه‌زیری شاره‌وانی و په‌یوه‌ندییه‌كان و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ له‌گه‌ڵ ئێمه‌دایه‌
وه‌زیری ژینگه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سوننه‌یه‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵ خۆماندا كارده‌كات
باقر زبێدی، وه‌زیری په‌یوه‌ندییه‌كان كه‌ ئه‌وكاته‌ی وه‌زیری ناوخۆ بو و به‌رپرس بوو له‌ سزادانی زیندانییه‌كان به‌ كاره‌با تا مردن، كه‌سێكی"زۆر نزیكه‌"له‌ خۆمانه‌وه‌.

وه‌زیری خوێندنی باڵاش به‌لای ئێرانییه‌كانه‌وه‌ گونجاو بووه‌ و كێشه‌یان له‌گه‌ڵیدا نه‌بووه‌.

ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه‌ لیستی به‌شێك له‌وه‌زیره‌كانی كابینه‌ی پێشووی حكومه‌تی عێراقه‌ كه‌ ئێران په‌سه‌ندیكردووه‌.

باقر زبێدی، وه‌زیری په‌یوه‌ندییه‌كان و گواستنه‌وه‌ی حكومه‌تی پێشووی عێراق له‌هه‌مووان زیاتر خزمه‌تی به‌ ئێرانییه‌كان كردووه‌، جارێك له‌ جاره‌كان له‌ نوسینگه‌كه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ قاسم سوله‌یمانی كۆبووه‌ته‌وه‌، كه‌ سوله‌یمانی داوای ئه‌وه‌ی لێكردووه‌ ئێران پێویستی به‌ئاسمانی عێراقه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی چه‌ك و هاوكاریی سه‌ربازیی بۆ به‌شار ئه‌سه‌د-ی سه‌رۆكی سوریا.

جارێكی دیكه‌ ئه‌فسه‌رێكی هه‌واڵگریی ئێران په‌یامێكی قاسم سوله‌یمانی ده‌گه‌یه‌نێته‌ وه‌زیری گواستنه‌وه‌ی عێراق، كه‌ ئاسمانی عێراق بۆ گواستنه‌وه‌ی چه‌ك بۆ سوریا به‌كاربهێندرێت، باقر زبێدای وه‌ڵامی ئه‌فسه‌ره‌ ئێرانییه‌كه‌ ناداته‌وه‌، ته‌نیا ده‌ست ده‌خاته‌ سه‌ر چاوه‌كانی به‌واتای"به‌چاوان"پاشان هه‌ڵده‌ستێت و له‌ئه‌فسه‌ره‌كه‌ نزیكه‌بێته‌وه‌ و ناوچه‌وانی ماچده‌كات.

نێچیرڤان بارزانی له‌نێو ڕاپۆرته‌كه‌دا ناوی هاتووه‌

یه‌كێكی دیكه‌ له‌و كاره‌ی ئێرانییه‌كان له‌سه‌ر به‌رپرسانی عێراقی كردبوویه‌ ئه‌رك ئه‌وه‌بوو، دوای هه‌موو كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كان، گفتوگۆكانی نێو ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ بۆ تاران بنێرن.

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی هه‌رێمی كوردستان له‌نێو ڕاپۆرته‌كه‌دا ناوی هاتووه‌ به‌وه‌ی دوای كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی پێشووی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای به‌ریتانیا و ئه‌مریكا و حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق له‌شاری به‌غدا، بارزانی به‌په‌له‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئێران كۆبووه‌ته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی "هه‌موو شتێكیان پێبڵێت".

به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕاپۆرته‌كه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌ ناویان هێندراوه‌، ئه‌ویش گرێبه‌ستی نهێنی نێوان ئێران و هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌پێناو هاوكاریی سه‌ربازیی ئێران بۆشه‌ڕی دژ به‌ چه‌كدارانی داعش و پێدانی چه‌ك به‌ هه‌رێم، له‌به‌رامبه‌ر پێشكه‌شكردنی گرێبه‌ستی نه‌وت و گه‌شه‌پێدان به‌ئێرانییه‌كان.