ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:36 - 16/11/2019

ئاگرەكەی ئێران بەنزینی بەسەردا كرا‌

پەیسەر

چەند رۆژێكە نزرخی بەنزین بووەتە قسەوباسی ئێرانیەكان، هیچ تەلەفۆن و پۆست و پەیوەندییەك نیە باسی گرانبوونی بەنزینی تێدا نەبێت، گەرچی هاوڵاتیانی ئێرانی چاوەڕوان بوون دەسەڵاتدرانی وڵاتەكەیان باری سەرشانیان سووك بكەن، كەچی لە بڕیارێكی پڕ لە مەترسیدا نرخی بەنزینیان سێ ئەوەندەی پێشوو بەرزكردەوە. بە بیانووی كورتهێنانی ئەو بەشە بودجەیەی كە دەوڵەتی ئێران بۆ سووتەمەنی دایناوە، لەكۆتایی دەوامی فەرمی رۆژی پێنج شەممەدا بڕیاری گرانكردنی بەنزینی ڕاگەیەندراو پەرلەمانی ئەو وڵاتەش باس لەوە دەكات كە بڕیاری زیادكردنی نرخی بەنزین دەسەڵاتی حكومەتەو هەر بە دەسەڵاتی ئەویش دەمێنێتەوە، بەڵام دەبوو دەسەڵاتەكانی دیكەش ئاگاداربكاتەوە تا لانی كەم پشتیوانی تەواویان لەو هەنگاوە بكردایە.


بڕیارێكی قورس:
رۆژی پێنج شەممەی ڕابوردوو 14/11/2019 حكومەتی ئێرانی بڕیاریدا نرخی بەنزینی ئازاد لە هەزار تومانی ئیرانیەوە بەرزبكاتەوە بۆ سێ هەزار تومان و ئەگەر بە كارتی زیرەكی بەنزینیش بێت ئەوا لە 500 تومانەوە بوەتە 1500 تومان،  هەر هاوڵاتییەكیش بە كارتی بەنزین مانگانە دەتوانێت بڕێكی دیاریكراو ورەبگرێـت،   سەرەڕای ئەوەی دەرهێنانی كارتی زیرەكی بەنزین ڕێككاری تایبەت بەخۆی هەیەو بۆ هەر ئۆتۆمبێلێك زیاتر لە 60 لیتر بەنزینی حكومی وەرناگرێت و نرخەكەشی 1500 تومانەو یەك لیتر بەنزینی سۆپەری ئازاد بە 3500 تومان دەبێت، بە پێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانی ئێران حەسەن رۆحانی سەرۆككۆماری ئەو وڵاتە گوتویەتی: پێشنیازیی گرانكردنی بەنزین 5000 پێنج هەزار تومان بووە بەڵام ئێمە لەبەر بەرژەوەندی خەڵك قبوڵمان نەكردووەو ئەو نرخەمان بەباشتر زانییوە.

 


بڕەكەی دیاریكراوە:
بە پێی ئەو بڕیارە نوێیە، هاوڵاتیان  بەم شێوەیە بەنزین لە حكومەت وەردەگرن، ئۆتۆمبێلی تایبەت( خصوصی) مانگانە 60لیتر، تاییەتی دوو سووز(واتە ئەو ئۆتۆمبیلانەی كە بە بەنزین و غازیش كاردەكەن) تەنها 30 لیتر، تاكسیەكان 400 لیتر. تاكسی دوو سووز 200 لیتر، ماتۆڕ 25 لیتر، پیكابی –وانێت-ی بەنزین 200 لیتر، پیكابی دووسووز 60 لیتر، ئەو وانێتانەی كە بەنزین زۆرتر بەكاردەهێنن 300 لیتر، دوو سوزەكانی ئەم جۆرە وانێتە 120 لیتر و ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن( ئیسعاف) 500 لیتری مانگانە وەدەگرن. بۆ ئەو مەبەستە دامودەزگاكانی حكومەتی ئێران بەچڕیی دەسیتانكردووە بە بانگەشەو بڵاوكردنەوەی ڕێنمایی بۆ دەركردنی كارتی بەنزین و هەموو كارئاسانییەكیان بۆ ئەو مەبەستەكردووە.

لیژنەی سوتەمەنیش قسەی كرد:
غوڵامڕەزا تاجگرون سەرۆكی لیژنەی سوتەمەنی لە ئەنجومەنی شورای ئیسلامی ئێران –پەرلەمان- ڕوونی كردووەتەوە هەرچەندە ئەو دەسەڵاتە تایبەتە بە حكومەت، بەڵام دەبوو ئامادەسازیی بۆ ئەو بابەتە بكرایەو بەخێرایی بڕیاری لێنەدرایە، دەبوو بۆچوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی شوراو لایەنەكانی دیكەش وەربگیریایە تا ببوایەتە بڕیارێكی گشتی و هەموومان بەرگرییمان لەو بڕیارە بكردایە، هەرچەندە دەشزانم كەئەوە دەسەڵاتی ئەوانەو هەر بەدەسەڵاتی ئەوانیش دەمێنێتەوە. ئەو بەرپرسە گوتوشیەتی هەرچەندە ئەوان پشتیوانی لە بڕیارەكەی حكومەت دەكەن بەڵام نیگەرانی دۆخی گشتی میللەتەكەشن و بەدووریشی زانیوە كە ئەو بڕیارە رێبەری ئێرانی لەپشتەوە بێت.

 

پێشینەی هەیە:
بە پێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان گرانبوونی بەنزین و سوتەمەنی یەكەمجار نیەو لەهەردوو خولی سەرۆكایەتی ئەحمەدی نەژادیشدا نرخی بەنزین بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینییوەو لە 400 تومانەوە گەشتووەتە 800 تومان، واتە دووبەرامبەر بووەتەوە. بەڵام لە ساڵی یەكەمی سەرۆكایەتی حەسەنی رۆحانیدا لە 800 تومانەوە بوو بە 1000 تومان.

بازاڕی قاچاخ:
گرانبوونی بەنزین لەئێستەدا بازاڕی كڕین و فرۆشتنی كارتی زیرەكی بەنزین و پەنابردن بۆ تەزویركردنی بوژاوەتەوە، بەتایبەتی ئەو ئۆتۆمبێلانەی سوودیان لێوەرناگیرێت و ڕاوەستاون و كاریانپێناكرێت، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ناڕەزایەتی و نیگەرانی زۆری لێبكەوێتەوەو لەچەندین شارو شارۆچكەی ئێران خۆپیشان ئەنجام بدرێت و لەنێوان خۆپیشاندەران و پۆلیس دا بەیەكدا هەڵپرژان ڕووبدات و تا ئامادەكردنی ئەم ڕاپۆرتە 3 كەس كوژراو چەند برینداریش هەن.

بەرواودكارییەك:
بەرزكردنەوەی نرخی سوتەمەنی شتێكی تازەنەبووە كە چەند رۆژێكە خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، لە زۆربەی كابینەكانی حكومەتە یەك لەدوایەكەكانی ئێران قسەو باسی زۆری لەبارەوە كراوە، بیانووی هەموشیان هەرزانی نرخی سوتەمەنی بووە لە وڵاتەكەیان، كاتێكیش سوورتر دەبوون لەسەر گرانكردنی كە بەراوردیان دەكرد بەنرخی بەنزین لە وڵاتانی دیكە، بۆنموونە بەنزین لە وڵاتی توركیا 1.2 دۆلارە كە بەرامبەرە بە 11.350 تومانی ئێرانی لە بازاڕیی بۆرسەو  13.650 تومان لە  بازاڕی ڕەش، ئەو كەسانەی ئەم بەراودەیان كردووەتەپاساو باسیان لە بوارەكانی دیكە نەكردووە، تەنها نرخی بەنزینەكەیان لەبەرچاوگرتووە، رەخنەگرانی ئەو بابەتە دەڵێن دەبوو كاتێك بیر لە بەراوردكاری نرخی بەنزین بكرێت لەگەڵ وڵاتانی دیكە كە بژێویی و ئاستی بەرهەمهێنان و موچەكانیشیان بەراوردبكرایە. بە پێی سەرچاوەكان مووچەی فەرمانبەرێكی ئاسایی لە توركیا لە نێوان (600-800) دۆلاردایە بەڵام لە ئێران (80- 150) دۆلاردایە، كە جیاوازییەكەیان ئێجگار زۆرە.

 


پاساوێك و پێچەوانەكەی:
پاساوەكانی حكومەتی ئێرانی بۆ بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین بۆ سێ بەرامبەر ئەوەیە سزا ئابوورییەكانی ئەمەریكا تادێت زیادی كردووەو ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و هاناردەكردنی تەواوكەمیان كردووە، ئەوەش بووەتە هۆی كەمبوونەوەو كورتهێنانی بودجە، بەتایبەتی ئەو بەشەی لە سێكتەری وزەدا دەستیان دەكەوێت، هەربۆیە ئەوانیش دەستیان بۆ گرانی بەنزین بردووە، لە لایەكی دیكەشەوە بۆ كۆنترۆڵكردنی بردنەدەرەوەی قاچاخی سووتەمەنی بووە بۆ درەوەی سنوورەكانی ئیران، بۆچارەسەركردنی ئەو دۆخە حكومەت پەیمانی داوە كە یاران-دەستەبەری كۆمەڵایەتی-باشتر بكات، بەڵام چاودێران باس لەوە دەكەن ئەو پەیمانەی حكومەت ناچێتە بواری جێبەجێكردنەوەی چوون هەر ساڵی پار 45% ی یارانەكانی كەمكردەوە، یارانە لەسەردەمی سەرۆكایەتی ئەحمەدی نەژادەوە هاتەكایەوە كە بۆ هەركەسێكی خاوەن پێداویستی تایبەت یان بۆ ئەو كەسانەی كەهیچ دەرامەتێكیان نیە، مانگانە بڕی 45 هەزار تومانیان پێبدرێت. ئەمە لە كاتێكدایە خەڵك چاوەڕێیان دەكرد حكومەت فشارەكانیان لەسەر كەم بكاتەوە نەك ئەوەشی كەماوە لەسەر هاوڵاتیان قورستریی بكات.

وەزیری نەوتی ئێران لە لێدوانێكیدا بۆ تەلەفیزیۆنی ئێرانی ڕایگەیاندووە داهاتی ساڵانەی گۆڕانكاریی لە نرخی بەنزین دەگاتە 310 ترلیۆن ڕیاڵ

یارانە و نرخی بەنزین:
ئەوکاتەی تازە دەست بە دابەشکردنی پارەی یارانە کرا، مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران گوتی: ئەم پارەیە بەرەکەتی تێدایە. بەڵام لە راستیدا ئێستا پارەی یارانە بۆ حکومەتی ئێران بووەتە کێشەیەکی گەورە.
یارانە لە ساڵانی رابردوودا یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی بودجەی ئێران بووە. ساڵی 2010، کە یەکەمجار یارانە درا، بودجەی ئێران بەڕێژەی 30% بەرزبووەوە و لە ساڵی دواتردا بەڕێژەی 42 % بەرزبووەوە، ساڵی 2013 لە گەرمەی گەمارۆکاندا گەیشتە 43%.، چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە یەکێکە لە ئامانجەکانی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵانەی ئێران. بەجۆرێک پێشنیازکراوە یارانە بۆ نیوە کەم بکرێتەوە. سەرجەم بودجەی یارانەکانی 2017 ئێران 10 ملیار دۆلاربووە، کە نزیکەی 77 ملیۆن کەس وەریدەگرن. بۆ ساڵی 2018ش  نزیکەی 5 ملیار و 477 ملیۆن دۆلار بوو، بەم پێیەش ژمارەی ئەوانەی یارانە وەردەگرن کەمتر دەبێتەوە و دەگاتە نزیکەی 42 ملیۆن کەس. هەبۆیە ئەوانەی كە باوەڕیان بە پەیمانەكەی حكومەت نیە كە یارانەكان زیاتر بكات، چوون بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین پەیوەندی بەباری خراپی ئابووری یەوە هەیە. بیژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران لە لێدوانێكیدا بۆ تەلەفیزیۆنی ئێرانی ڕایگەیاندووە داهاتی ساڵانەی گۆڕانكاریی لە نرخی بەنزین دەگاتە 310 ترلیۆن ڕیاڵ، ئەو داهاتەش بۆ پشتیوانی لەو كەسانە تەرخان دەكرێت كە داهاتێكی سنوردارییان هەیە. بەڵام ئەو كەسانەی باوەڕ بەم لێدوانەی وەزیری نەوت دەكەن ژمارەیان زۆر نیە.

 


خۆپیشان و دروشمەكانی:
لە ساتی ڕاگەیاندنی بڕیارەكەوە تا ئێستا، خۆپیشاندانی ناڕەزایی زۆرینەی پارێزگاو شارە گەورەكانی ئێرانی گرتوەتەوە بە شیراز ئەسفەهان و قومیشەوە، بەشێك لە دروشمی خۆپیشاندانەكان سنووری ئابووری و نرخی بەنزینیشی تێپەڕاندووە، ئەوان بە دروشمی (رەزا شا رۆحت شاد) و (دیكتاتۆر شەرم بكە، برۆ وازمان لێبێنە) و (رۆحانی شەرم بكە، بڕۆ وازمان لێبێنە). لە زۆربەی شارەكانی ئێران پشتیوانی لە هەڵمەتی (ئۆتۆمبێلەكەت بكوژێنەرەوە) دەستی پێكردووە. بەتایبەتی ئەو ئۆتۆمبێلانەی كاروباری گشتی ڕادەپەڕێنن، ئەوانی دیكەش لە سەرشەقامەكان دەكوژێننەوە.

پەرەسەندن:
تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان هۆكارێكی گەورەن بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندانەكان و چاوەڕێش دەكرێت بەرەو هەڵشكانی زیاتر بڕوات، چوون هەواڵەكان باس لەوە دەكەن لە ناوچەی سیرجانی سەر بە بەهبەبەهان خۆپیشاندەران بانكێكیان سوتاندوەو لە لایەن هێزەكانی حكومەتیشەوە كەسێك كوژراوەو لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیش خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەردەوامە، لە شوێنەكانی دیكەش بریندار هەیە ، هەرچی میدیاكانی حكومەتیشە لە كاتی گواستنەوەی هەواڵی خۆپیشاندانەكاندا دەڵێن: خۆپیشاندانەكان هێمنانە بوون و هیچ توندوتیژییان لێنەكەوتوەتەوە.

كێ خاوەن بڕیارە:
لە ئێستادا زۆرێك لە دەزگابەرپرسەكان و كەسایەتیە دیارەكانی ئیران خۆیان لە لێدوان دەدزنەوەو نایانەوێت خۆیانی لە قەرە بدەن، لەناو ئەوانەشدا ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندیەكانی ڕژێمە و گوتویانە بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی بە ئێمەوە نییە.


سەری لە چییەوە دەردەچێت؟
چاودێران باس لەوە دەكەن گرانكردنی بەنزین بۆ سێ ئەوەندەی نرخی پێشووی پێناچێت وا بەئاسانی تێپەڕێت، ئێران لەژێر باری نالەباری سزاكانی رۆژئاوادایە، ئەوەی تۆزێك دۆخەكەی هێشتبوویەوە هەرزانی نرخی خۆراك و سوتەمەنیەكانی بوو، هەربۆیە پێدەچێت لە لایەن زۆرینەی خەڵكەوە قبوڵ نەكرێت و  سەرانی ئەو وڵاتەش دەزانن كە لەوانەیە كاردانەوەكانی خراپ بن.

دەروازەی سنووری شەلامجە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران داخراوە

هەربۆیە دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عیراق داخستنی دوو دەروازەی سنووری لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران ڕادەگەیەنێت:  بەهۆی خۆپیشاندانەكانی ئەو وڵاتەوەیە. عەلائەدین قەیسی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان لە دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە دەروازەی سنووری شەلامجە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران داخراوە. ڕاشیگەیاندووە، كە بەهەمان شێوە دەروازەی (شیب)ی سنووری بۆ جووڵەی گەشتیاران لە عیراقەوە بەرەو ئێران داخراوە، بەڵام بۆ كاروباری بازرگانی كراوە دەبێت و ئەوەش لەسەر داوای فەرمی وڵاتی ئێران بووە.

بەو پێیەی كە خۆپیشاندانی شەقامەكانی ئیران دەستیان پێكردووەو پێشبینیەكان بۆ روخانی ئەو ڕژێمە لە ئارادایە ئاگری ئەمجارەی بەنوین دەسەڵاتدانی ئێران دەگرێتەوەو لەو میانەیەشدا ئەمەریكا دەستێكی تێوەردەدات.