12:47 - 17/12/2018
کارەبای عێراق بووەتە قوربانی ململانێی ئێران و ئەمریکا
* دەزگای ستراتفۆری ئەمریکی
خواستی ساڵانە بۆ کارەبا لە عێراق لە ساڵی ٢٠١٨ لە لوتکەدا بوو و گەیشتە ٢٤ هەزار مێگاوات، و بەمشێوەیە ساڵانە بەبڕی لەسەدا ٧ زیاتر دەبێت، بەڵام توانای کەرتی کارەبای عێراق تەنها ١٦ هەزار مێگاواتە، کە ئەوەش زۆر کەمترە تەنانەت لەو خواستەش کە لەئێستادا بوونی هەیە، ئەو کورتهێنانەش گرفتی بۆ حکومەتی عێراق و هاووڵاتیانیش دروستکردووە. نەبوونی کارەبا و ئاو و دەرفەتی کار بووە هۆی خۆپیشاندانی بەرفراوان لە بەسڕەو ناوچەکانی دیکەی باشووری عێراق. بۆئەوەی کەرتی وزەی عێراق بتوانێت بەسەر ئەو دۆخەدا زاڵ بێت دەبێت بەسەر ژمارەیەک لە کێشەی تەکنیکی و ئابووری و سیاسیدا زاڵ بێت کە ئەمەش لە پڕۆسەیەدا ڕوودەدات کە سەخت و هێواشە.
عێراق بۆئەوەی بتوانێت بڕی بەرهەمی خۆی زیاد بکات، ناچارە کە لە ئێرانەوە هەم کارەبا و هەمیش گازی سروشتی هاوردە بکات، بۆ زاڵبوون بهسهر كورتهێنانهكهشدا، عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ ئێراندا هەیە بۆ هاوردەکردنی بڕی ١٢٠٠ مێگاوات کارەبا لە ئێرانەوە، بەڵام ئهوهش دۆخهكه چارهسهر ناكات، چونكه ڕووبەڕووی کێشەیەکی تر كه ئهویش سیاسییهو ناكۆكی نێوان ئێران و ئهمریكایه.
واشنتن داوای لە بەغدا کردووە کە پلانێکی تەواو دابڕێژێت بۆئەوەی خۆی سەربەخۆبێت و چیتر پشت بەو وزەیە نەبەستێت کە لە ئێرانەوە هاوردەی دەکات، ئەمەش یەکێکی ترە لەو تەحەددا گەورانەی لەبەردەم عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراقدایە.
كارهبای عێراق دهردهداره؟
كێشهی سهرهكی كارهبا و وزهی عێراق نادروستی ژێرخانی فیزیکی كهرتهكهیه، زۆرێک لە کارەبای عێراق بە ئامێری کۆنی تۆرباینی گاز بەرهەم دەهێنرێت کە تۆرباینەکان گازی سروشتی یان گازی شل وەکو سەرچاوەی وزە بەکاردەهێنن، ههروهها لهدوای بهرههمهێنانی كارهبا لهكاتی گواستنهوهیدا و تەنها لە هێڵی گواستنەوەدا تا گەیشتنی بە شوێنی مەبەست ٥٠%ی ئەو کارهبایە لەدەستدەچێت، كه له سیستمی پێشكهوتووی گواستنهوهدا ڕێژەی لەدەستچوونی کارەبا لەنێوان لەسەدا ٥ بۆ لەسەدا ١٥ یه نهك ئهو رێژه زۆره.
کەرتی کارەبای عێراقی هەستی بەو کێشەیە کردووە بە بنیاتنانی وێستگەی کارەبا بەشێوەیەک کە جوڵەی گواستنەوەی کارەبا بەشێوەیەکی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی بازنەیی بێت، کە میتۆدێکی زۆر سەرکەوتووە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵام بەکارهێنانی ئەو وێستگانە زۆر سنووردارن بەهۆی ئەوەی کە بڕێکی کەم لە گازی سروشتی و ئاو لەبەردەستدایە بۆ کارکردنی ئەو تۆرباینانە.
سەرەڕای ئەوەی کە عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە نەوت، بەڵام کورتهێنانێکی زۆری هەیە لە بەرهەمهێنانی گازی سروشتیدا، بهڵام تەرکیزی لەسەر ئەوە نەبووە کە وەبەرهێنان بکات بۆ دروستکردنی سیستمێک بۆ سوودوەرگرتن لەو گازەكهی. بەڵکو زۆرێک لە بەرهەمی گازی سروشتی و پێکهاتەکانی دەسووتێت. بۆنمونە، لە ساڵی ٢٠١٧دا توانیوویەتی بڕی ١٠ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن مەتر چوارگۆشە گازی سروشتی سوودلێوەرگرێت لەکۆی ٢٨ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن مەتر چوارگۆشەی گازی بەرهەمهاتوو لە کێڵگە نەوتییەکان، ئێستا عێراق هەوڵی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ سوودوەرگرتنی زیاتر لەوگازە ئەمەش لەڕێگەی ئەو هۆکارانەی لەسەر دەرچەی بیرە نەوتەکان دەدرێت، کۆمپانیای گازی بەسرە دەستی بە پڕۆژەیەکی لەوشێوەیە کردووە، کە پڕۆژەیەکی هاوبەشە بەبڕی ١٧ ملیار دۆلار لە ساڵی ٢٠١٣دا و بەهاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیاکانی شێڵ و میتسوبیشی. بەڵام تاوەکو ئێستا، ئەو پڕۆژە هاوبەشە توانیوویەتی بگاتە نیوەی ئامانجی بەرهەمهێنانی خۆی کە لەئێستادا ٥٧ ملیۆن مەتر چوارگۆشەیە لە ڕۆژێکدا، ئەگەر عێراق بتوانێت هەموو ئەو گازە سروشتییەی خۆیشی سوود لێوەربگرێت، هێشتا پێویستی بهوهیه گازی سروشتی هاوردە بکات.
لەئێستادا، کەرتی کارەبا پێویستی بە ٩ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن مەتر چوارگۆشە گازی سروشتی هەیە، و هەروەها ئەو وێستگە نوێیانەی کارەبا کە لە چەند ساڵی داهاتوو دەستبەکاردەبن پێویستیان بە ١٥ ملیاری دیکەش هەیە، بۆیه عێراق لە هەوڵی هاوردەکردنی گازی سروشتییەوهیه لە ئێران.
له ئهگهری چارهسهركردنی كێشهكانی كورتهێنان له گازی سروشتی، بهڵام هێشتا كهرتی كارهبای عێراق توشی كێشهی ئابوری و سیاسییهكان دهبێتهوه، یهكێك له رێگا چارهسهرهكان دۆزینەوەی وەبەرهێنانی زیاترە لەبواری ژێرخانی کارەبادا. هەروەها کەرتی کارەبای عێراقی لەڕوی ئیدارهدانهوه وەکو پێویست نیە بەراورد بەو خواستەی لەسەر کارەبا هەیە. لە ساڵی ٢٠١٧دا تەنها توانراوە بری لەسەدا ٢٨ی کرێی کارەبا لە هاووڵاتیان وەربگیرێت. ئەگەر تەنانەت بەشداربووان تەواوی کرێی کارەباش بدەن، هێشتا ئەو بڕە پارەیە لەئاستێکی زۆر کەمدایە، بانکی جیهانی لەوبڕوایەدایە کە لەنێوان کورتهێنان لە وەرگرتنی کرێی کارەبا و ژێرخانێکی هەژاری کارەبا، ئەو زیانەی بە کەرتی کارەبای عێراق دەگات بڕی بەرهەم بەڕێژەی لە 5.2% کەم دەکاتەوە.
چارهسهری كێشه سیاسییهكانی بهردهم كهرتی وزه
شتێکی ئاسان نییە کە لەڕووی سیاسییەوە بتوانرێت کێشەکانی ئەو کەرتە بەتەواوی چارەسەر بکرێن. ئەگەر کارەبای ئەو کەسانە ببڕێت کە کرێی کارەبا نادەن ئەوا ڕاستەوخۆ خۆپیشاندەران دەڕژێنەسەر شەقامەکان. دەکرێت عێراق کرێی کارەبا زیاتر بکات، بەڵام ئەوەش نائارامی لێدەکەوێتەوە. هەر هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی قەبارە و ژمارەی کارمەندانی وەزارەتەکەش بەهەمانشێوە دەبێتە هۆی خۆپیشاندان.
لەکاتێکیشدا هیچ بژاردەیەکی باش لەبەردەم عێراقدا نیە، پێویستە هەموو هەوڵێکی خۆی بخاتەگەڕ بۆ بەرهەمهێنانی زۆرترین کارەبا ئیتر گرنگ نیە کە چەند بودجەی فیدراڵی پێویست دەبێت، ئهویش به ئامانجی ئەوەی بتوانێت کەرتی وزە و کارەبا بکات بە کەرتێک بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانەكهی.
لەئێستادا کەرتی کارەبای عێراق پێویستە بەخێراییەکی زۆر گەشەبکات. چارەسەرکردنی ئەو کێشە زۆرو زەبەندانەی کە ئەو کەرتە هەیەتی یەکێکە لە کێشە زۆر گەورەکان، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ساڵانە داخوازی لەسەر کارەبا لە %٧ زیاد دەکات بۆ %١٠، پێویستە بەغدا بیر لەوە بکاتەوە کە چۆن توانای ئامێرەکان و دروستییان خێراتر بکات و پێشیان بخات.
كارهبا و ئێران وەڵامە ئاسانەکەی عێراق
لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، عێراق کارەبا و گازی سروشتی لە ئێرانەوە هاوردە کردووە وەکو ڕێگایەکی ئاسان و تاڕادەیەک هەرزان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا. هەروەها تاران هەمیشە خوازیاری ئەوەیە هەژموونی خۆی لە حکومەتی عێراقدا زیاتر بکات، هەربۆیە ئاسوودە بووە بە ڕێککەوتنێکی لەوشێوەیە.
لە ساڵی ٢٠١٣دا، عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ ئێران واژوو کرد بۆ هاوردەکردنی ٢٥ ملیۆن مەتر چوارگۆشە گازی سروشتی لە ڕۆژێکدا (ساڵانە ٩ ملیار و ١٠٠ ملیۆن مەتر چوارگۆشە)، بەمەبەستی بەکارهێنانیان بۆ وێستگەکانی کارەبا. بەشێوەیەکی گشتی، وێستگەکانی کارەبای عێراق بەهۆی هاوردەکردنی گازی سروشتییەوە لە ئێران دەتوانن بڕی پێنج هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنن. هەروەها لەگەڵ ئەو بڕە کارەبایەش کە ڕاستەوخۆ لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت، بەغدا بۆ یەک لەسەر سێی خواست لەسەر کارەبا پشت دەبەستێت بە تاران.
ههرچهنده گۆڕین و جێگرەیەوەیەک بۆ ئەو بڕە زۆرە ئاسان نییە. بهڵام لەڕووی تەکنیکییەوە، کڕینی گازی سروشتی و کارەبا لەئێران عێراق ڕووبەڕووی کێشە دهكاتهوه ئهویش به بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا لهسهر ئێران.
عێراق ناچارە له ڕێککەوتنەکانی بەردەوام بێت لەگەڵ ئەو دامەزراوانەی کە لەلایەن ئەمریکاوە گەمارۆیان لەسەرە. بهڵام بۆدروستنهبوونی سهرئێشه بۆی لهلای ئهمریكاوه پێشنیازی سیستمی ئاڵوگۆڕی کەلوپەلی کردووە لەبەرامبەر هاوردەکردنی گازی ئێران.
بەرپرسانی عێراق ڕایانگەیاندووە کە پلانێکی ١٨ مانگی دەستپێدەکەن بۆ کەمکردنەوەی هەناردە لە ئێرانەوە، هەروەها پلانێکی پێنج ساڵی ستراتیژی دادەنێن بۆ کەرتی وزە لە عێراق بۆ چارەسەرکردنی تەحەددا گەورەکانی پێکهاتەی ئەو کەرتە. هیوا دەخوازرێت کە ئەو پلانە ئەمریکا بەشێوەیەک هێور بکاتەوە کە بتوانێت ماوەیەکی زیاتر بدات بۆ خستنەگەڕی ئەو گەمارۆیە.
ستراتیژێکی سەختی درێژخایەن
هەر ستراتیژێکی عێراقی بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی کەرتی وزە و جێگرتنەوەی وزەی ئێران لەسەر سێ بنەمای سەرەکی دەبێت: زیادکردنی ژێرخانی ئابووری ناوخۆیی و وەبەرهێنان لە وێستگەکانی وزەدا، و پەیداکردنی گازی سروشتی زیاتر و سەرچاوەی کارەبا، هەروەها چاکسازی لە خودی کەرتەکەدا.
لە بودجەی ٢٠١٩دا، عێراق بڕی ٣ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری تەرخانکردووە بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی کەرتی کارەبا. ههروها عێراق لە دانوستاندا بووە لەگەڵ جێنێڵ ئینێرجی و سیێمێنس بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بە بەهای ١٥ ملیار دۆلار بۆ زیادکردنی توانای کارەبا. لە ٢١ی تشرینی یەکەمدا، جێنێڵ ئینێرجی ئەوەی ڕایگەیاند کە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ بەغدا واژوو کردووە بۆ بنیاتنانی وێستگەی کارەبا و بنیاتنانەوەی ژێرخانی کەرتی کارەبا بۆئەوەی توانای کەرتی کارەبای عێراق بەبڕی ١٤ هەزار مێگاوات زیادبکات. جێنێڵ ئینێرجی ڕایگەیاندووە کە بەپێی پلانەکەدا، هەزارو ٥٠٠ مێگاوات لەساڵی ٢٠١٩دا دەکەوێتەکار. هەر ڕۆژێک دوای ئەوە سێمێنس ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ بەغدا واژووکردووە (جیا لەوە) بۆئەوەی بڕی ١١ هەزار مێگاوات کارەبا لەماوەی چوار ساڵی داهاتوو بۆ عێراق بەرهەم بهێنن. هێشتا هیچ یەک لەو دوو ڕێککەوتنانە نەخراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەرچەندە لەڕێگەی وەبەرهێنانەوە لە کەرتی وزەدا بەپێی پلانێکی ماوەدرێژ دۆخی کارەبا بەشێوەیەکی زۆر باشتر دەبێت، بەڵام بەوخێراییە ناتوانرێ کێشەی کەرتی کارەبای عێراق چارەسەر بکرێت. بەغدا ئامانجی ئەوەیە کە چیتر پشت بە هاوردەی کارەبا نەبەستێت لە دەرەوە.
بەشێوەیەکی کاتی، دەکرێت عێراق پشت بە دراوسێکانی دیکەشی جگە لە ئێران ببەستێت بۆئەوەی بتوانێت ئەو کورتهێنانە پڕبکاتەوە. وڵاتانی کەنداو کە دەیانەوێت هەژموونی سیاسی و ئابووری خۆیان لەعێراق زیاتر بکەن، بەزوویی ئەو چانسە دەقۆزنەوە، ئەویش لەکاتێکدا کە بارودۆخ و هەندێ مەرج لەباربێت.
لە مانگی تەموزدا، لەکاتێکدا بەهۆی کەمی کارەباوە خۆپیشاندان دەستی پێکرد، سعودیە پێشنیازی بنیاتنانی وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبای کرد لەڕێگەی وزەی خۆرەوە کە بتوانێت سێ هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنێت و پێشنیازی کرد کە بەنرخێکی گونجاو لە سعودیەوە ئەو بڕە کارەبایە هەناردەی عێراق بکات. هەروەها عێراق لە پڕۆژەیەکدا داوای لە کوەیت کردووە کە بڕی ٣٠٠ مێگاوات کارەبا هاوردە بکات.
ئەگەر بتوانن بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ وزە بۆ عێراق دابین بکەن ئەوا سعودیە و هاوپەیمانەکانی هەنگاوێکی زۆر ستراتیژی هەڵدەگرن، کە دەرفەتێکی باشیان پێدەدات بۆ دەستپێکی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا. سعودیە بەنرخێکی گونجاو وزە بۆ وڵاتێکی وەکو میسر دابین دەکات لەبەرامبەر بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆی، هەرکاتێکیش ئەو وڵاتە لەئاست خواست و داواکارییەکانی ریاز نەبوو ئەوا هەناردەی وزە و بەرهەمەکانی بۆ ئەو وڵاتە ڕادەگرێت.
دەکرێت سعودیە بە هەناردەکردنی کارەبا ڕۆڵێکی هاوشێوە لە عێراق بگێڕێت، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا دەستی ئێران سنووردارتر دەکات لە عێراق. سعودیە و هەموو وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو دەتوانن وێستگەکانی کارەبای عێراق بە وڵاتانی کەنداوەوە ببەستنەوە بۆئەوەی بتوانن ڕاستەوخۆ کارەبا هەناردە بکەن. بەڵام بەهۆی ئەوەی کە سیستمی کارەبای کەنداو و عێراق بەهەمان فریکوێنسی کارناکات، لەبەرئەوە پەیوەستکردنی ئەو دوو سیستمە خەرجییەکی زۆری دەوێت.
تەنانەت ئەگەر عێراق بتوانێت هیچ پشت بە کارەبای ئێران نەبەستێت، ئەوا هێشتا سەختە دەستبەرداری گازی سروشتی ئێران ببێت. ئەگەر کۆمپانیای گازی بەسرەش وەکو خۆی ئامانجییەتی بتوانێت ساڵانە بڕی ٢٠ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن مەتر چوارگۆشە گازی سروشتی بەرهەمبهێنێت، ئەوا هێشتا عێراق بڕی ٤ ملیار کورتهێنانی دەبێت بۆئەوەی بتوانێت بۆ کەرتی کارەبا تەرخانی بکات. لەناو دراوسێیەکانیدا، تەنها ئێران هەناردەی گازی سروشتی دەکات بۆ عێراق. سعودیە پلانێکی درێژخایەنی گەشەپێدانی گازی سروشتی هەیە، بەڵام لەسەرەتادا لە بازاڕی ناوخۆدا ساغی دەکاتەوە. کوەیتیش هاوردەکاری گازی سروشتییە، بەهەمانشێوە تورکیا، هەربۆیەشە عێراق بژاردەیەکی زۆر کەمی لەبەردەمدایە. لەماوەی کورتدا، عێراق دەتوانێت گازی شلی سروشتی لە کوەیتەوە بۆ تێرمیناڵەکانی بەسڕە هاوردە بکات، بەڵام ئەویش پێویستی بە وێستگەی پەمپ و هێڵی گواستنەوە هەیە لە تێرمیناڵەکەوە. لەماوەی درێژدا، عێراق دەتوانێت هەوڵبدات دەستبەرداربێت لە سیستمی هاوردەی گازی شلی سروشتی کە لەناوخۆدا دروستی دەکات، یان دەکرێت بەتەواوی پشت ببەستێت بەو تێرمیناڵەی کە لە کوەیت بنیاتدەنرێت، کە بڕیارە لە ٢٠٢١ بکەوێتەکار. هەریەکێک لەو چارەسەرانە تێچوویەکی زۆری هەیە.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو خەرجیانەشدا، گەشەپێدانی پەیوەندی زیاتری ئابووری لەگەڵ وڵاتانی کەنداو لەڕووی سیاسییەوە بۆ عێراق سەختە. لەکاتێکدا کە تاڕاددەیەک پەیوەندییەکان لەنێوان هەندێ سەرکردەی شیعە وەکو موقتەدا سەدر و کەنداو هەیە، فراوانبوونی ئەو پەیوەندییانە لە قۆناغی سەرەتادان. هەر فراوانبوونێکی خێرای ئەو پەیوەندییە ئابوورییانە لەگەڵ کوەیت دەکرێت ببێتە مایەی هەراسانبوونی ئێران و عێراقییە ناسیۆنالیستەکان کە تاڕاددەیەکی زۆر دژی هەژموونی ئێران و وڵاتانی کەنداویشن لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا. عەبدولمەهدیش دەبێت کار لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئێراندا بکات کە دژی هەر پلانێکن بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودیە و وڵاتانی کەنداو، ئەمەش وادەکات عێراق بکەوێتە دۆخێکی قورسەوە.
ئەمریکا لە عێراق کاربۆ پلانێکی درێژخایەن دەکات بۆ کەمکردنەوەی هاوردەی وزە لە ئێرانەوە، لەبەرئەوەی کە واشنتن حکومەتی عێراقی پێویستە لە جەنگی دژی داعش، لەبەرئەوە لەئێستادا ناتوانێت عێراق نەبەخشێت و ڕووبەڕووی گەمارۆی بکاتەوە بەهۆی جێبەجێنەکردنی گەمارۆکان بۆسەر ئێران. هەروەها شکستی ئابووری عێراقیش لە بەرژەوەندی ئەمریکا نییە. بەوشێوەیە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە بەخشینی عێراق لە پرسی هاوردەکردنی وزە لە ئێرانەوە، بەڵام هێشتا چاوەڕێی ئەوە دەکات کە بەغدا پێشکەوتن بەخۆیەوە ببینێت لە کەمکردنەوەی هاوردەی وزە لە تاران. لەوەش گرنگتر، ئەمریکا دەتوانێت بەخشینی عێراق لەو گەمارۆیانە وەکو کارتێکی فشار بەکاربهێنێت بۆئەوەی عێراق پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیە و وڵاتانی کەنداو بەهێزتر بکات، هەموو ئەوانەش دەڕژێتە خزمەتی ئامانجەکەی ئەمریکا لە کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران بەسەر بەغداوە.
سەرەڕای هەموو ئەوانە، تاوەکو پلانی درێژخایەنی عێراق لە گەشەپێدانی سیستمی بەرهەمهێنانی کارەبا و گواستنەوەی کارەبا لە عێراق نەخرێتە جێبەجێکردنەوە ئەوا دۆخی کارەبا بە ناسەقامگیری و خراپی دەمێنێتەوە.
*دەزگای ستراتفۆر: پلاتفۆرمێکی جیۆپۆڵەتیک و هەواڵگری و بڵاوکراوەیەکی ئەمریکییە کە لە ساڵی ١٩٩٦دا دامەزراوە، بەشێوەی وەرزی پێشبینی خۆی بۆ ڕووداوەکانی جیهان بڵاودەکاتەوە، هەروەها شیکاری و توێژینەوەی تایبەت لەسەر پرسە ئابووری و سیاسییەکان دەکات.