01:05 - 26/10/2019
وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیا سه‌ری كامیان ده‌خوات
له‌چه‌ند كاتژمێری ڕابردوودا ئه‌نگرێت كرامب كارنباوهر، وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیا زۆرترین سه‌رنجی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌پرسی ئێستای سوریا به‌لای خۆیدا ڕاكێشاوه، ئه‌ویش به‌هۆی پێشنیازه‌كه‌ی كه ناوچه‌ی ئارام له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی و له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه به‌ڕێوه‌ببرێت، پێشنیازه‌كه ساده دێته به‌رچاو، به‌ڵام له‌ناوه‌ڕۆكدا هه‌ڵگریی چه‌ندین ڕه‌هه‌ندی گرنگ و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه هه‌م بۆ دۆخی سوریا، هه‌م بۆ ململانێی زلهێزانی ئه‌وروپا.
ناوه‌ندی سیاسی ئه‌ڵمانیا دوای پێشنیازه‌كه‌ی وه‌زیری به‌رگریی وڵاته‌كه‌یان تووشی شۆكبوون، چونكه دوای ساڵانێك له نكوڵیكردن له واقعی سیاسی سوریا، ئه‌وه یه‌كه‌مجاره ئه‌ڵمانیا به‌وشێوه به‌رفراوانه بیه‌وێت بوونی سه‌ربازیی و سیاسی خۆی له سوریا بسه‌لمێنێت.
هه‌ڵوێستی ئه‌ڵمانیا یهكلاكهرهوهتره به‌راورد به وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌وروپا
هه‌رچه‌نده له‌دوای له‌شكركێشی توركیا بۆ سوریا زۆرێك له‌وڵاتانی ئه‌وروپا ئیدانه‌ی ئه‌و كاره‌ی توركیایان كرد، به‌ڵام هه‌ڵوێستی ئه‌ڵمانیا یهكلاكهرهوهتره به‌راورد به وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌وروپا ئه‌ویش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك:
دیارترین هۆكار ئه‌وه‌یه كه ئه‌ڵمانیا ده‌یه‌وێت زیندوتر له‌ناوچه گه‌رم و پڕ ململانێكانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌تایبه‌ت سوریا ڕۆڵی هه‌بێت له دیاریكردنی نه‌خشه‌ی داهاتوو، ته‌نانه‌ت ئێستا له‌نێو ده‌سته‌بژێری سیاسی به‌رلین كۆده‌نگی له‌وباره‌یه‌وه دروستبووه و پێیان وایه كاتی ئه‌وه‌یه به‌رلین سه‌ركردایه‌تی ئاڕاسته‌ی سیاسی و سه‌ربازیی ئه‌وروپا له سوریا بكات.
ئه‌ڵمانیا ده‌یه‌وێت به‌و تیره‌ی ده‌یهاوێت چه‌ند نیشانه‌یه‌ك بپێكێت، هه‌م به‌ر به‌زیادبوونی هه‌ژموونی ڕووسیا له سوریا بگرێت، هه‌م شوێنگره‌وه‌ی ئه‌مریكا بێت له باكور و ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا له بری ئه‌وه‌ی ڕوسیا ئه‌و ڕۆڵه بگێڕێت، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌ردۆغان بۆ ناردنی په‌نابه‌ره سوریاكان بۆ ئه‌وروپا بكاته چه‌كێك و پێچه‌وانه‌ی ئه‌نقه‌ره به‌كاری بهێنێته‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیا سه‌رپه‌رشتی داڕشتنی پڕۆژه‌یاسای دروستكردنی ناوچه‌ی ئارام به‌سه‌رپه‌رشتی هێزه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ده‌كات و ده‌یه‌وێت له ڕۆژانی داهاتوودا ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌نگی له‌سه‌ر بدات.
ئه‌و جوڵه‌یه‌ی ئه‌ڵمانیا گۆمی مه‌نگی ئاماده‌بونی ئه‌وروپا له‌سوریا ده‌شڵه‌قێنێت، چونكه هیچ وڵاتێك هێنده‌ی ڕووسیا كاریگه‌ریی له سوریا نییه، بۆیه ئه‌ڵمانیا ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا له‌سوریا هاتوه‌ته ئاراوه به ده‌رفه‌ت ده‌زانێت بۆئه‌وه‌ی كاریگه‌ریی وڵاته‌كه‌ی و ئه‌وروپا له‌سه‌ر سوریا دابنێت.
شاره‌زایانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا باس لهوهدهكهن، به‌رلین له‌به‌رده‌م له‌دایكبوونی سیاسه‌تێكی نوێدایه، به‌شێوه‌یه‌ك كه پچڕانێك له‌گه‌ڵ ڕابردووی دروستده‌كات، چونكه له‌دوای جه‌نگی جیهانیی دووه‌مه‌وه ئه‌ڵمانیا په‌یڕه‌وی له سیاسه‌تی "ڕۆڵی ئیجابی" له ململانێ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌بینێت و كه‌متر پڕكێشی ئه‌وه ده‌كات هێزی سه‌ربازیی شه‌ڕكه‌ر بۆ ناوچه‌ی گه‌رمی ململانێكان بنێرێت، به‌ڵام وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیا به‌ئاشكرا به میدیاكانی وڵاته‌كه‌ی و جیهانی وت، ده‌یانه‌وێت هێزی سه‌ربازیی زه‌مینی بۆ سوریا بنێرن، ئێستا به‌رلین ده‌یه‌وێت ئه‌و بۆچوونه هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه كه پێیوایه ئه‌ڵمانیا دواكه‌وت و ڕوسیا به‌ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ توركیا ده‌ستی خۆی وه‌شاند.
به‌رلین له‌به‌رده‌م له‌دایكبوونی سیاسه‌تێكی نوێدایه
ئاڵنگارییه‌كان چین؟
فه‌ره‌نسا كه هه‌ڵوێسته‌كانی له‌باره‌ی سوریاوه نزیكه له هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌ڵمانیا، به‌ڵام پێناچێت بۆ دروستكردنی ناوچه‌ی ئارام به‌سه‌رپه‌رشتی هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان پاریس و به‌رلین هاوهه‌ڵوێست بن، چونكه وه‌ك ڕۆژنامه‌ی بیڵد-ی ئه‌ڵمانی ئاشكرایكردوه، فه‌ره‌نسا گومانی هه‌یه له‌وه‌ی ئه‌و پلانه جێبه‌جێبكرێت، پاریس ده‌زانێت ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیا له نیه‌تباشی بهرلینهوهیه، به‌ڵام هاوتا نییه له‌گه‌ڵ كاركردنی وڵاتانی ئه‌روپا له‌سه‌ر ئه‌رزی واقع، ئه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌ی بیڵد ئاماژه‌ی بۆكردووه دیوی ساده‌ی بابه‌ته‌كه‌یه، به‌ڵام له‌قوڵایدا ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه كه فه‌ره‌نساش چاوی له‌وه‌یه ببێته یاریكه‌رێكی سه‌ره‌كی له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سوریا.
هه‌رچه‌نده ئه‌ڵمانیا ده‌یه‌وێت به‌و هه‌نگاوه‌ی به‌ربه‌ستێك له‌به‌رده‌م له‌شكركێشی توركیا بۆ سوریا دابنێت، به‌ڵام خودی هه‌نگاوه‌كه خزمه‌تكردنه به توركیا چونكه ئه‌ڵمانیا ده‌یه‌وێت ناوچه‌ی ئارام دروستبكرێت ئه‌وه‌ش به‌واتای چوونی نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن په‌نابه‌ری سوری بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی كه له‌بنه‌ڕه‌تدا ناوچه‌ی خۆیان نییه و به‌زۆر له‌وێ نیشتهجێدكرێن، كه ڕۆژنامه‌كانی ئه‌ڵمانیا له‌وه‌سفی ناوچه‌ی ئارام له‌سوریا ده‌ڵێن "زیندانێكی كراوه" هاوكات كورده‌كان له‌ناوچه‌كانی خۆیان ئاواراره ده‌بن و گۆڕینی دیمۆگرافیاش یه‌كێكه له‌مه‌ترسییه‌كان.
هه‌رچه‌نده هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان له‌به‌رده‌م دۆخی ئێستای سوریا كراوه‌ن و پێده‌چێت پڕۆژه‌كه‌ی ئه‌ڵمانیا دواجار سه‌ری ئه‌ردۆغان بخوات و ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ڕوسیا هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، یاخود كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌بڕیارێك سوپای توركیا و چه‌كداره توندڕه‌وه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ناچار به كشانه‌وه له‌باكور و ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا بكه‌ن.
پێده‌چێت پڕۆژه‌كه‌ی ئه‌ڵمانیا دواجار سه‌ری ئه‌ردۆغان بخوات
له‌به‌رامبه‌ریشدا ده‌كرێت كورد یه‌كێك بێت له قوربانیه‌كانی ململانێی زلهێزه‌كان له‌پێناو سه‌پاندنی نفوزی خۆیان له سوریا، چونكه ئه‌گه‌ر بێتوو كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و به‌تایبه‌ت ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ڕه‌زامه‌ندی بدات له‌سه‌ر دروستكردنی ناوچه‌ی ئارام و چونی په‌نابه‌ره سورییه‌كان بۆ ئه‌و ناوچه‌یه، ئه‌وا كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان ساڵانێكی درێژ دور له‌ناوچه‌كانی خۆیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن و ئاواره ده‌بن.
هاوكات له‌م گه‌مه‌یه‌دا قوربانیی سێیه‌م هه‌یه ئه‌ویش وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیایه كه خاوه‌نی پڕۆژه‌ی ناوچه‌ی ئارامه به‌سه‌رپه‌رشتی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، چونكه وه‌ك ڕۆژنامه‌ی "فرانكفۆرته‌ر ئه‌لگماینه" ئاماژه‌ی بۆكردووه، كارنباوهر به‌و پێشنیازه‌ی ته‌حه‌دای ڕێكخراوی په‌یمانی باكوری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ) و بۆندستاگ (ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌ڵمانیا) و هاوپه‌یمانیی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌كات، ته‌نانه‌ت تا ئه‌و ئاسته‌ش ده‌چێت كه وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیا له‌ڕووی سیاسییه‌وه بكه‌وێت و ببێته قوربانیی ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا له‌سوریا هاتووه‌ته ئاراوه.
میدیای ئه‌ڵمانی یه‌كێك له مه‌ترسییه‌كانی دروستكردنی ناوچه‌ی ئارام به‌به‌شداریی وڵاته‌كه‌ی له‌وه‌دا ده‌بینێت، ئه‌و هێزه سه‌ربازییه‌ی ئه‌ڵمانیا كه له‌ناوچه‌ی ئارام جێگیرده‌كرێت ده‌بێت "هێزی شه‌ڕكه‌ر" بێت. چونكه ناوچه‌كه له‌به‌رده‌م مه‌ترسی هێرشی چه‌كدارانی داعشدایه.
تۆڕی هه‌واڵی (ARD)ی ئه‌ڵمانی پێیوایه ئه‌و پێشنیازه‌ی ئه‌ڵمانیا بۆ دۆخی سوریا كردویه‌تی سه‌ره‌تا ڕه‌هه‌ندێكی سیاسی هه‌یه پاشان ڕه‌هه‌ندێكی سه‌ربازیی، پرسیاری ئهوهشدهكات: كێ پێداویستییه‌كانی ناردنی ئه‌و هێزه‌ی ئه‌ڵمانیا بۆ سوریا دابینده‌كات؟ له‌كاتێكدا ئه‌وه تێچوویه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر ئه‌ڵمانیا ده‌كه‌وێت.
ژماره‌یه‌ك شاره‌زای سه‌ربازیی كه قسه‌یان بۆ ARD كردووه باس لهوهدهكهن، ئه‌گه‌ر ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی ئه‌ڵمانیا جێبه‌جێبكرێت، ئه‌وا پێویست به‌وه ده‌كات ده‌یان هه‌زار سه‌ربازی نێوده‌وڵه‌تی له‌ناوچه‌كه جێگیربكرێن، ئه‌ڵمانیاش له هێزی وشكانی و ئاسمانی پشكی له‌دابینكردنی ئه‌و هێزانه به‌رده‌كه‌وێت، كه پێناچێت ڕایگشتی ئه‌ڵمانیا به دۆخێكی له‌وشێوه‌یه قایل بن.
ڕوسیا كه یاریكه‌ری سه‌ره‌كی گۆڕه‌پانی سیاسی و سه‌ربازیی سوریایه، هه‌رزوو له‌پاش ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ توركیا له‌باره‌ی باكور و ڕۆژهه‌ڵاتی سوریاوه گوتی، ڕێككه‌وتنه‌كه‌یان پێویستی به‌وه نییه لایه‌نی دیكه تێیدا به‌شداربێت، ئه‌وه‌ش هۆشدارییه‌كی پێشوه‌ختی مۆسكۆ بوو بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا.
له‌دوای پێشنیازه‌كه‌ی ئه‌ڵمانیا ڕاسته‌وخۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا هه‌ڵوێستی خۆی ئاشكراكرد‌و گوتی، "ناوچه‌ی ئارام له باكور و ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا پێویستی به‌وه نییه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه سه‌رپه‌رشتی و چاودێریی بكرێت".