ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

10:00 - 17/10/2019

لەعێراق بازرگانی سێکسی نهێنی قوربانییەکەی کچانی تەمەن مناڵن‌

پەیسەر

بی بی سی لە بەدواداچون و لێکۆڵینەوەیەکی نهێنیدا ئاشکرای کردوە کە لە نوسینگەکانی هاوسەرگیری ئەنجامیداوەو هەندێك لە پیاوانی ئایینی بەڕێوەی دەبەن لەهەندێ شوێن کە نزیکە لە مەزارگە گرنگ و مەزهەبیەکانی عێراق، وە زۆرینەی ئەو پیاوە ئاینیانە کە پەیوەندییان پێوە کرا ئامادەییان هەبوە بۆ پێشکەشکردنی ( هاوسەرگیری کاتی) بۆ ماوەیەکی زۆر کورت ، کە هەندێ جار لە کاتژمێرێک تێپەڕناکات بۆ ئەنجامدانی کاری سێکسی . تەنانەت هەندێکیان ئامادەبون نەک تەنها بۆ ئاسانکاری دۆزینەوەی کڕیاری ئەو بوارە لە ژن و کچی گەنج ، بەڵکو بۆ ئامادەکردنی کچی زۆر مندال کە تەمەنیان لە (نۆ) ساڵ تێنەپەڕێت .

فیلمە دۆکیۆمێنتاریەکەی بی بی سی ئاماژە بەوە دەکات کە هەندێ لە پیاوانی ئاینی وەک (دەڵاڵ) ڕەفتار دەکەن و لە ژێر پەردەیەکی شەرعیدا کاری سێکسی لەگەڵ منداڵاندا ئەنجام دەدەن و ئاسانكاريي دەكەن.

لە كامێرای شاراوەوە دەرکەوتوە کە پیاوانی ئاینی منداڵە قوربانیەکان وا دەناسێنن کە ئەوان (بوکی حەڵاڵن) (هاوسەرگیری کاتی) بۆچونی جیای لەسەرە لە لایەن مەزهەبە فیقهیە ئیسلامیەکانەوە و هەروەها لە ناو مەزهەبی شیعەش . بەڵام هەندێ لە پیاوانی ئاینی شیعە ئەم هاوسەرگیریە کاتییەیان حەڵاڵ کردوە بە مەرجێ لەبەرامبەردا پیاوەکە مارەییەک بدات .

لەو دەوڵەتانەش کە زۆرینەیان سوننە مەزهەبن هاوسەرگیری( مسیار) واتە ئاسانکردن پەیڕەو دەکرێت

لەو دەوڵەتانەش کە زۆرینەیان سوننە مەزهەبن هاوسەرگیری( مسیار) واتە ئاسانکردن پەیڕەو دەکرێت، بەهەمان شێوە ، وە ئامانج لەم هاوسەرگیریە کە پیاو لەکاتی سەفەردا دەتوانێت ئەنجامی بدات ، بەڵام لە ئێستادا وا کاری پێدەکرێت کە ژن و پیاو بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت بتوانن پەیوەندی سێکسی ئەنجام بدەن . پیاوانی ئاینی لەم بارەیەوە ڕای جیاوازیان هەیە ، هەندێکیان لەو باوەڕەدان کە ئەم جۆرە هاوسەرگیریە زیاتر لە لەش فرۆشیەوە نزیکە ، وە هەندێکیشیان مشت و مڕیان هەیە لەسەر دیارکردنی ئەو ماوە کورتە کە لەم جۆرە هاوسەرگیریەدا پەیڕەو دەکرێت . ئەو بەدواداچون و لێکۆڵینەوەیەی کە بی بی سی پێی هەستا ئاوەی (دە) مانگی خایاند و لەو ماوەیەدا وێنەی ئەو پیاوە ئاینیانە گیراوە بە کامێرای نهێنی ، وە هەرەوها چاوپێکەوتنی کراوە لەگەڵ ئەو ژنانەی کە ڕو بە ڕوی کاری سێکسی بونەتەوە ، سەرباری قسە کردن لەگەڵ ئەو کەسانەی پارەیان داوە بەو پیاوە ئاینیانە تا هاوسەرگیری کاتییان بۆ بدۆزنەوە . ئامارەکان وای پیشان دەدات نزیکەی یەک ملیۆن ئافرەتی عێراقی بێوەژن کەوتون و ژمارەیەکی زۆریان بێ حاڵ و ماڵ کەوتون لەدوای ئەو جەنگانەی کە عێراق بە خۆیەوە بینی، ئەمە وای کردووە کە ناچار بن ڕازی ببن بە هاوسەرگیری کاتی لەبەر بژێوی وەک ئەوەی هەندێکیان ئاماژەیان پێ داوە لە لێدوانیان بۆ بی بی سی .

تیمەکە هەندێ بەڵگەیان دۆزیوەتەوە کە (هاوسەرگیری کاتی) لە هەندێ ناوچەدا ئاسانترە کە نزیکە لە شوێنە پیرۆزەکانەوە لە عێراق ، بۆ نمونە تیمەکە لەگەڵ (دە) کەس لە پیاوانی ئاینی قسەیان کردوە لە ناوچەی (کازمیە) لە بەغدا کە بە یەکێک لە گرنگترین ئەو شوێنە پیرۆزانە لە قەلەم دەدرێت بە لای شیعەکانەوە هەشت لەو پیاوە ئاینیانە ئامادە بوون کە گرێبەستی هاوسەرگیری کاتی بکەن ، بەلام نیوەیان دەیانوت کە ئەوان ئامادەن گرێبەستی هاوسەرگیری کاتی تەنها بۆ ژنانی تەمەن (12 بۆ 13)ساڵ ئەنجام بدەن . هەروەها تیمەکە پەیوەندیان کرد بە چوار لە پیاوانی ئایینی لە شاری کەربەلا کە گەورەترین شوێنی زیارەتکارانی شیعەیە لە جیهاندا ، ئەوانەی سەردانی ئەو مەزارگانە دەکەن ، دوان لەوانە ڕازی بون لەسەر ئەوەی کە گرێبەستی هاوسەرگیری کاتی بکەن لەگەڵ کچە منداڵەکاندا . هەرەوەها تیمەکە وێنەی چواری دیکە لە پیاوانی ئاینیان گرتوە بە نهێنی ، سیان لەوانە وتویانە کە ئەتوانن ئافرەت پەیدا بکەن بۆ ئەو کارە ، ئەمە لەکاتێکدا دوانیان وتویانە کە ئەتوانن لە کچە منداڵەکان پەیدا بکەن . سەید رەعد کە پیاوێکی ئایینی نیشتەجێی بەغدایە بە ڕۆژنامە نوسەکەی بی بی سی کە بە نهێنی چووەتە لای و پێناسی خۆی ئاشکرا نەکردوە ، کە شەرع سنوری بۆ هاوسەرگیری کاتی دانەناوە و پیاو دەتوانێت چەندی ویست هاوسەرگیری بکات لەگەڵ ژناندا و تەنانەت ئەتوانیت هاوسەرگیری بکەیت لەگەڵ ژنێکدا بۆ ماوەی نیو کاتژمێر ، وە لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەو هاوسەرگیریەدا دەتوانێت یەکسەر هاوسەرگیریەکی دیکە ئەنجام بدات . هەرەوها سەید رەعد لە وەلامی پرسیارێکی دیکەدا کە ئایا دروستە هاوسەری کاتی لەگەڵ کچانی منداڵدا : دەڵێت دەبێ وریا بیت تەنها ێافرەتەکە کچێنی لەدەست نەدات . هەروەها دەڵێت ئەتوانی گەمەو دەست بازی لەگەڵ بکەیت و..... وە کاتێ پرسیاری ئەوەی لێ کرا چی دەبێت ئەگەر کچەکە ئازاری هەبوو ، پیاوە ئاینیەکە زۆر بێ باکانە وەلامی دایەوە ، پەیوەندی بە خۆتانەوە هەیە و لەسەر ئەوە وەستاوە چەنێک ئارام دەگرێت لەتاو ئازار .

شەرع سنوری بۆ هاوسەرگیری کاتی دانەناوە و پیاو دەتوانێت چەندی ویست هاوسەرگیری بکات لەگەڵ ژناندا و تەنانەت ئەتوانیت هاوسەرگیری بکەیت لەگەڵ ژنێکدا بۆ ماوەی نیو کاتژمێر

کاتێک پرسیار لە شێخ سلاوی کرا، کە یەکێکە لە پیاوانی ئایینی شاری کەربەلا کە بە کە ڕۆژنامەنوسەکە بە کامێرایەکی نهێنی وێنەی دەگرت ، ئایا دەکرێت لەگەڵ کچێکی تەمەن دوانزە ساڵدا هاوسەرگیری کاتی بکەیت ؟ وەڵامی دایەوە بەڵێ لە سەرو هەشت ساڵەوە ئەتوانیت هاوسەرگیری کاتی لەگەڵ بکەیت و لەڕوی شەرعەوە هیچ کێشەیەکی نیە .

شێخ سلاوی هەمان قسەکانی سەید رەعدی دوپات کردەوە لەبارەی ئەوەی کە بابەتەکە تەنها پەیوەندی بە ئەوەوە هەیە کە کچەکە پەردەی کچێنی دەسکاری نەکرێت، ئیتر ئەتوانرێت گەمەی لەگەڵ بکرێت و لەدواەەش سێکسی لەگەڵ بکرێت هیچ کێشەی نیە بەمەرجێ کچەکە خۆی ڕازی بێت . پێش ئەوەی بڵێت بە ڕۆژنامە نوسەکە ، تۆ چۆن حەزت لێیە وابکە .

وە بۆ تاقیکردنەوەی ڕێ و شوێنەکانی هاوسەرگیری کاتی لەگەل کچانی تەمەن منداڵدا ، پەیامنێرەکەی بی بی سی وتی بە بەڕێز (ڕەعد) کە لە تەکسیەکدا دانیشتبوون ، من دەمەوێ هاوسەرگیری کاتی بکەم لەگەڵ کچێکدا کە تەمەنی (13)ساڵە و ناوی (شەیما) یە ، بەڕێز (ڕەعد) داوای نەکرد کە کچەکە ببینێت یان قسە لەگەڵ کەس و کارەکەی بکات ، بەلاَم ڕازی بوو کە گرێبەستی هاوسەرگیری کاتیم بۆ ئەنجام بدات تەنها لە ڕێگای تەلەفونەوە ، لە تەلەفون پێی وت (شەیما) ڕازی دەبیت بە هاوسەرگیری کاتی لەگەل فڵان کەس (پەیامنێرە شاراوەکەی بی بی سی) بۆ یەک ڕۆژ بە (150000)هەزار دینار ، پاش ئەوەی گوێی لە بەڵیی کچەکە بوو ، وتی بە پەیامنێرەکە : ئێوە ئێستا هاوسەری یەکن و بۆتان حەڵاڵە کە پێکەوە بن . داوای لە پەیامنێرەکە کرد کە بڕی (دوسەد دۆلاری) پێ بدات لە بری ئەو کارەی بۆی کردوە کە چەن خولەکێکی کەمی خایاند ، وەهیچ گوێی نەدا بە ئەوەی کە ئایا ئەم کچە (گریمانەییە) لەڕوی تەندروستیەوە چۆنە کە تەمەنی تەنها (13) ساڵە . یەکێک لە پیاوانەی کە خاوەنی هاوسەر بوو ، بەلام هەمیشە کاری هاوسەرگیری کاتی ئەنجام دەدا چێژی سێکسی لەگەڵ ئەوانەی نایناسن و پیاوانی ئایینی بۆیان دابین دەکرد ، وتی : ئەو کچەی تەمەنی (12) ساڵە وەک ئەوەیە پاداشت بکرێیت ، چونکە هێشتا پێنەگەیشتوە بەڵام باڵغە. هەر پیاوێکی ئاینی تەنها بۆ خۆی بڕی (500 تا 600، 800) دۆلاری دەست دەکەوێت بۆ هەر هاوسەرگیریەکی کاتی .

ئەم پیاوە لەو باوەڕەدایە کە کارەکەی لە چوار چێوەیەکی شەرعی و ئاینیدایە و دەڵێ : ئەگەر پیاوێکی ئایینی پێی وتیت کە هاوسەرگیری کاتی حەڵاڵە ، ئیتر تۆ تاوانت نەکردوە و بە گوناه بۆت ئەژمار ناکرێت .

(یەنار محمد) کە چالاکوانێکی بواری مافەکانی ژنە و سەرپەرشتی تۆڕێکی شێڵدەری ژنان دەکات لە سەرانسەری عێراقدا دەڵێت : ئەو کچانە واهەست ئەکەن کە کاڵایەکن و بازرگانیان پێوە دەکرێت نە مرۆڤ بن ، کە تۆ ئەتوانیت ئەو کاڵایە چۆنت بوێت بەکاری بهێنیت بە گوێرەی هەل و مەرجی گونجاو و ڕێگەپێدراو، واتە چیت ویست لەگەڵی ئەنجامی بدە بەڵام پەردەی کچێنی دەسکاری مەکە ، کە بۆ داهاتوو بۆ مامەڵە گەورەکە پێویستی پێیەتی ، کە مەبەست لێی هاوسەرگیریە . چونکە لەحاڵەتی لەدەست دانی ئەو پەردەیە ئیتر وا دەبینرێت کە بۆ هاوسەرگیری گونجاو نیە و تەنانەت ڕەنگە توشی کوشتن ببێتەوە لەسەر دەستی خێزانەکەی چونکە ئابڕوی بردون ، چونکە بە بڕوای (یەنار) هەمیشە ژنان و کچان بە شێوەیەکی گشتی باجەکە دەدەن . ئەو کەسانەی ئەم دۆکیۆمنتاریەیان دروست کردوە چەندین گفت وگۆی نهێنییان لەگەڵ پیاوانی ئاینی ئەنجام داوە کە تێیدا ئاماژە بەوە دەکەن ئەوان ئامادەن کچانی تەمەن منداڵ ئامادە بکەن بۆ ئەو کارە ، هەرەوەها دانپێدانانی کچێکی منداڵیان خستۆتە ڕوو کە یەکێک لە پیاوە ئاینیەکان بۆ ئەو مەبەستە بەکاری هێناوە ، وە هەندێ شایەت حاڵی تریش ئەمەیان پشت ڕاست کردۆتەوە .

هەرەوها تیمەکە بە نهێنی وێنەی یەکێک لەو پیاوە ئاینیانەی تۆمار کردوە کە کچێکی هێناوە بۆ پەیامنێرەکە بەمەبەستی هاوسەرگیری کاتی . وە ئاماژە بەوە دەکات لەدوای ئەوەی کە پەیامنێرەکە نەچووەتە پێشەوە بۆ ئەو هاوسەرگیریە گریمانەییەی کە بۆ یەک ڕۆژ بۆیان ئامادە کردوە ، بە بیانوی ئەوەی کە ئەم کچێکی زۆر هەرزەکاری دەوێت ، وە دەڵێ بە پیاوە ئاینیەکە کە دانەیەک لەو شێوەیەی بۆ بدۆزێتەوە ، ئیتر پیاوە ئاینیەکە وەک دەڵاڵێک هەڵسو کەوتی کردوە .

کەس ئەو کارانە ناکات جگە لە خەلکانی نەفس نزم کە ئەو کەسانە ناوەستن لە بەکار هێنانی ئاین بۆ تێر کردنی مەیل و ئارەزوی ناپەسەندی خۆیان

(غەیس تەمیمی) کە پیاوێکی ئایینی شیعە کە ئێستا لە تاراوگە دەژی لە لەندەن توشی ڕەخنە بویەوە لەبەر بەرهەڵستی بۆ ئەو توندڕەویە ئاینیە و ئەوەی کە پیاوانی ئایینی دەیکەن و ژنان بەکاردێنن بەناوی هاوسەرگیری کاتیەوە بەتایبەت ئەوانەی ئەو گرێبەستە لەسەر کچانی منداڵیش بە ئەنجام دەگەیەنن و دەڵێت : ئەوەی ئەو پیاوە ئاینیانە بەو پەیامنێرەیان وتوە ، پێویستە کە یاسا لەسەر ئەوە سزای توندی هەندێ لە پیاوانی ئایینی شیعەی عێراق نوسیویانە کە شەریعەتی ئیسلامی ڕێگا دەدات بە کاری سێکسی لەگەل کچانی تەمەن منداڵدا ، لە کاتێکدا (تەمیمی) داوا دەکات لە مەرجەعی شیعەکان دژی ئەو کارانە بوەستێتەوە و سەرکۆنەی بکات .

دوان لەو پیاوە ئاینیانەی کە بی بی سی وێنەی گرتون بە نهێنی کە خۆیان سیان بوون واباسی خۆیان دەکەن کە ئەوان شوێنکەوتەی ئایەتەولا سیستانین کە یەکێکە لە مەرجەعی باڵای موسلمانە شیعەکان . بەڵام نوسینگەی ئایەتوڵا سیستانی لە وەلامی پرسیارێکی بی بی سی ڕایدەگەیەنێت ئەم جۆرە کارانە هەرچەندە ئەوەی باستان کردوە ڕاستیە و بونی هەیە ، بەلاَم بە دڵنیاییەوە بێزراو و نەفرەت لێکراوە ، وە هەر کەسێک کە سەر بە مەرجەعە ئاینیەکان بێت ئەو کارانە ئەنجام نادات و هاوسەرگیری کاتی کە لە مەزهەبی (ئیمامیەکان) ڕێگای پێدراوە و ئەو هاوسەرگیریانەی لەسەر ئەو بنەمایەی کە هەموو مافێکی هاوسەرگیری ڕەچاو ئەکات جگە لە سەرجێیی ، ناکرێت وەک هۆکارێکی بازرگانی سێکسی مامەڵەی پێوەی بکرێت بەو شێوەیەی کە باس کراوە کە ڕێزی ژن و مرۆڤبوونی لەکەدار دەکات ، وە کەس ئەو کارانە ناکات جگە لە خەلکانی نەفس نزم کە ئەو کەسانە ناوەستن لە بەکار هێنانی ئاین بۆ تێر کردنی مەیل و ئارەزوی ناپەسەندی خۆیان . هەروەها وتەبێژی حکومەتی عێراقی بۆ بی بی سی عەرەبی وتی :ئەگەر هیچ سکاڵایەک لە دژی ئەو پیاوە ئاینیانە لە پۆلیس تۆمار نەکرێت ، ئاسان نیە بۆ دەسەڵات کە کار لەو کەسەدا بکات .