لەگەڵ ئەوەی سەردانی زۆرێك لە وڵاتانی ناوچەكەی كردووە و سەركردەی وڵاتانی دراوسێی بینیوە، لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ زۆرێك لەوڵاتانی ناوچەكە و جیهان ڕێككەوتنی ئابووری، ئەمنی، خزمەتگوزاری واژۆكردووە، بەڵام تا ئێستا عادل عەبدولـمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی ئەمریكای نەكردووە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆنەبوەتەوە، هەرچەندە بەرپرسانی عێراق هۆكارەكە بۆ كێشە لە رێكخستنی وادەی سەردانی عەبدولـمەهدی بۆ واشنتۆن كورتدەكەنەوە، بەڵام سەرچاوە سیاسییەكان نهێنی دیكە لەپشت پەردەی ئەو باسەوە هەڵدەدەنەوە. چوار داواكاری عەبدولـمەهدی بۆ بینینی ترەمپ ڕەتكراوەتەوە بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی (العرب) بەپشتبەستن بە سەرچاوە سیاسییەكانی ڕۆژنامەكە، لەماوەی ڕابردوودا حكومەتی عێراق چوار جار داوای لەكۆشكی سپی كردووە، كۆبوونەوەی نێوان عادل عەبدولـمەهدی و دۆناڵد ترەمپ ڕێكبخرێت، بەڵام كۆشكی سپی ئەو داواكارییەی ڕەتكردوەتەوە. سەرچاوەیەكی سیاسی باڵا لەبارەی توڕەیی ئەمریكا لە عادل عەبدولـمەهدی دەڵێت، ئێستا عێراق لە"ناوچەی خۆڵەمێشی" لەململانێی ئەمریكا و ئێران وەستاوە، ئەوەش بۆ ئەمریكا قبوڵكراو نییە و دەیەوێت ئەگەر عێراق هەڵوێستی ئاشكراشی نەبێت، ئەوا كاربكات بۆ كەمكردنەوەی هەژموونی ئێران لە عێراق، بەتایبەت لە پرسی حەشدی شەعبی و هەندێك میلیشیای نێو حەشد، كە بە ئاشكرا هەڕەشە لەبەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق دەكەن، تەنانەت دوای ئەوەی ڕۆژی دووشەممە 30/9/2019 عادل عەبدولـمەهدی ڕایگەیاند، ئاماژەكان لەلێكۆڵینەوەی بۆردومانكردنی حەشدی شەعبی بەرەو ئەوە دەچن ئیسرائیل كارەكەی ئەنجامدابێت، هەرزوو هەندێك لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كە لەمێژە چاوەڕێن ئەو قسەیە لەدەمی سەرۆك وەزیرانەوە دەربچێت، ئامادەكارییەكانی خۆیان بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل ڕاگەیاند. ڕۆژنامەكە باس لەوەدەكات، زۆركەس لە دیوی ڕووكەشی دیمەنەكەدا وایدەبینن ڕەتكردنەوەی دیداری عەبدولـمەهدی لەلایەن ئەمریكاوە، سەرەتای هەوڵەكانی دورخستنەوەی ناوبراوە لە پۆستەكەی، بەڵام پێچەوانەی ئەو بابەتە ڕاستە، چونكە لەدیدی ئەمریكا ئەوە ڕوونبوەتەوە كە ئێستا لایەنە شیعە نەیارەكانی عەبدولـمەهدی لە بیانوویەك دەگەڕێن بۆ دورخستنەوەی ناوبراو لەپۆستەكەی، جۆرە دیدارێكی لەوشێوەیەش لەنێوان ترەمپ كە ئەگەری هەیە سەرۆكی ئەمریكا داواكاریی قورس لەسەرۆك وەزیرانی عێراق پەیوەست بە ملیلیشیا شیعەكان بكات، لەئێستادا خزمەتی عەبدولـمەهدی ناكات، چونكە ترەمپ بەبێ دەستكەوت لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق ناچێتە كۆبوونەوەوە. عەبادی، بەربەستە گەورەكەی بەردەم عەبدولـمەهدی هەوڵەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ نێوەندگیریی لەنێوان ئەمریكا و ئێران، لەنێوخۆی عێراق كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتوەتەوە، لای حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق بابەتەكە لەشێوەی تەنز باسدەكرێت و لەنوێترین چاوپێكەوتنیدا عەبادی كە ئێستا چاوی لەپۆستەكەی عەبدولـمەهدییە دەڵێت "دەوڵەت پۆستەبەری خۆی هەیە، ئێمە وەك عێراق بۆ بەكارێكی لەوشێوەیە هەڵسین، ئەوە ئیشی ئێمە نییە"، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ سەردانی ئەمدواییەی عەبدولـمەهدی بۆ سعودییە و بەرنامەی سەردانی ناوبراو بۆ ئێران لە ڕۆژانی داهاتوودا، بەئامانجی هێوركردنەوەی دۆخی ناوچەكە، كە سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق ئەو نیازەی نەشاردوەتەوە و دەڵێ، دەیەوێت عێراق ببێتە هۆكارێك بۆ چارەسەری گرژییەكان. عەبادی لەڕەخنە ناڕاستەوخۆكانی لە عەبدولـمەهدی بەردەوامدەبێت و دەڵێت "پێویستە هەوڵێكی ڕاستەقینە بدەین بۆ ئەوەی ڕێگە بە هەڵگیرسانی جەنگ لەناوچەكە نەدەین، بەڵام گەیاندنی پەیامی لایەنە ناكۆكەكان بەیەكدی بەتەنیا بەس نییە" لەوەشدا ڕووی قسەكانی لە عەبدولـمەهدییە كە هەفتەی ڕابردوو پەیامی ئێرانییەكانی گەیاندە سعودییە. دورەپەرێزی ئەمریكا لە عەبدولـمەهدی هەر بەتەنیا لە ڕەتكردنەوەی دیداری ناوبراو لەگەڵ ترەمپ بچوك نابێتەوە، بەڵكو كاتێك ترەمپ بەنهێنی سەردانی بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد-ی وڵاتەكەی لەئەنبار كرد، ئەگەر دۆخەكە لەلایەن عەبدولـمەهدییەوە كۆنتڕۆڵنەكرایە و شیعە نەیارەكانی ئەمریكا هێورنەكرایەتەوە، دورنەبوو بەهۆی ئەو بابەتەوە هەڵوێستی توند دژی عەبدولـمەهدی بگیرێتەبەر. ئێستا سەرۆك وەزیرانی عێراق لەنێوان دوو بژاردەی سەختدایە، یان دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەمریكا بكات و كاتێك سەردانی ئەو وڵاتە دەكات بەڵێنبدات بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق دەپارێزێت، یاخود بەڵێن بە لایەنە شیعەكان بدات ڕێگە نادات لەلایەن ئەمریكاوە بكرێنە ئامانج، بەڵام چاودێران دەڵێن ئەو دوو بژاردەیە لەبنەڕەتدا هەردووكی ڕوویداوە و ڕوودەدات لەداهاتوودا، هەم ئەمریكا حەشدی شەعبی بەئامانجگرتوە، هەم چەند جارێك حەشدی شەعبی هەوڵی شكستخواردووی داوە بۆ بۆردومانكردنی دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا. لەنێوان عەبدولـمەهدی و عەبادی، كامیان فریادڕەسی عێراقن؟ هاوپەیمانی نەسر كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات، زیاد لەجارێك جەختیكردوەتەوە لەوەی شوێنگرەوەی عادل عەبدولـمەهدی ئامادەكراوە كە خودی عەبادییە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە كام لەو دوو كەسایەتییە بۆ ئێستای عێراق گونجاون؟ بەوتەی چاودێران عەبدولـمەهدی لایەنگریی تێزی "ڕاگرتنی هاوسەنگی لەگەڵ هەمووان"ە، واتا لەگەڵ سەرجەم لایەنەكانی نێو ململانێكانی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق بەیەك هەنگاو دوربێت. بەڵام عەبادی تەواو پێچەوانەی تێزەكەی عەبدولـمەهدی كاردەكات، لەگەڵ لایەنێكی نێو ململانێكان تا ئاستێكی توند دەڕوات، دیارترین نمونەش كێشەی چوار ساڵی ڕابردووی ناوبراو بوو لەگەڵ كورد و سوننە. خاڵێكی جیاوازی ئەو دوو كەسایەتییە بریتییە لە پەیوەندییان بە واشنتۆن و تارانەوە، عەبدولـمەهدی بەیەك هەنگاو لەهەردوو پایتەختەكەوە دوورە، هەرچی عەبدولـمەهدییە ئێستا نزیكە لە ئەمریكاوە و دووری ئەو لە ئێرانەوە وایكرد ساڵی ڕابردوو تاران سوربێت لەسەر وەرنەگرتنەوەی ویلایەتی دووەمی پۆستی سەرۆك وەزیران لەلایەن عەبدولـمەهدییەوە. نوێترین چاوپێكەوتنی ڕۆژنامەوانی كە لەگەڵ حەیدەر عەبادی ئەنجامدراوە، زۆر بە ڕونی لەڕۆڵی ئێران لە عێراق دەدات و كاتێك پرسیاری ئەو چەكانەی لێدەكرێت كە لەكاتی شەڕی دژ بە داعش درانە عێراق و دەگوترا چەكی ئێران بوون، عەبادی بە پێكەنینەوە وەڵامیدایەوە و وتی "ئەوە ڕوینەداوە، ئێرانییەكان چەكیان نەداوەتە عێراق، بەڵكو ئەمریكا بێبەرامبەر چەند جۆرێك چەكی دایە عێراق، نەك ئێرانییەكان". دواینجار كە عەبدولـمەهدی داوایكردووە ترەمپ ببینێت كاتێك بوو كە هێرشكرایە سەر بیرە نەوتیەكانی سعودییە، بەڵام بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان خاڵێك كە ئەمریكا هێشتا لەگەڵ عەبدولـمەهدی لەسەری ناكۆكە، كۆنتڕۆڵنەكردنی لێدوانی بەرپرسانی ئێران لە عێراق و سەركردەكانی حەشدی شەعبییە، ئەمریكا دەزانێت عەبدولـمەهدی توانیویەتی جڵەوی میلیشیاكان لەو ڕووەوە بكات كە هێرشنەكەنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، بەڵام واشنتۆن دەشزانێت لێدوانی ئاگرینی ئێرانیەكان لە عێراق و فەرماندەكانی حەشدی شەعبی، دەكرێت چەند كاریگەر بێت لەسەر ئەندامانی میلیشیا شیعەكان، تا ئەو ئاستەی بەبێ ئاگاداریی فەرماندەكان، چەكدارەكان دژ بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا چالاكی ئەنجامبدەن.
تورکیا چەندە جدییە عێراقیش هەر ئەوەندە!
عێراق؛ پڕۆژەی فاوی گەورە کوردستان؛ دوو بەرەکی بەردەوام !
بنەچەى پەتاکە لە کوێوە سەرچاوەى گرتووە؟
مرۆڤ لە بەخێوکردن زیاتری دەوێت