07:26 - 30/09/2019
كوژرانی پاسه‌وانه‌كه‌ی شا سه‌لمان..گێرانه‌وه‌و سیناریۆی دیکە
به‌ره‌به‌یانی رۆژی ٢٩ی ئه‌یلول، حكومه‌تی ریاز كوژرانی پاسه‌وانه تایبه‌تییه‌كه‌ی شا سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیزی راگه‌یاند، كه ناوی عه‌بدولعه‌زیز فه‌غه‌م بووه، دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی ناكۆكی شه‌خسیه‌وه له‌لایه‌ن هاوڕێیه‌كییه‌وه ته‌قه‌ی لێكرا له‌شاری جه‌ده‌ی رۆژئاوای سعودیه، به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی كه‌ناڵی هه‌واڵی سعودیه، هاورێی ئه‌و پاسه‌وانه دوای ئه‌وه‌ی ته‌قه‌ی لێكردووه و كوشتویه‌تی، ره‌تیكردووه‌ته‌وه خۆی راده‌ستی هێزه ئه‌منییه‌كان بكات، به‌هۆیه‌وه رووبه‌ڕووبونه‌وه ڕوویداوه و كوژرا.
گێڕانه‌وه‌ی فه‌رمی
گوته‌بێژی پۆلیسی شاری مه‌ككه به‌ئاژانسی هه‌واڵی سعودی(واس)ی راگه‌یاند، هێزه ئه‌منییه‌كان ته‌قه‌یان له بكوژی عه‌بدولعه‌زیز فه‌غه‌م كردووه و كوژراوه، حه‌وت كه‌سی تریش برینداربوون، وته‌بێژی پۆلیس ده‌ڵێت پاسه‌وانه‌تایبه‌تیه‌كه‌ی شا سه‌لمان سه‌ردانی ماڵی هاورێیه‌كی خۆی كردووه به‌ناوی تركی بن عه‌بدولعه‌زیز سبتی له جه‌ده، دواتر هاورێیه‌كی تریان هاتووه به‌ناوی مه‌مدوح بن مه‌شعه‌ل ئال عه‌لی و دواتر ده‌مه‌قاڵێ له‌نێوان فه‌غه‌م و مه‌مدوح ڕوویداوه، به‌هۆیه‌وه مه‌مدوح چووه‌ته ده‌ره‌وه و كه گه‌ڕاوه‌ته‌وه چه‌كی پێبووه‌و ته‌قه‌یكردووه، به‌هۆیه‌وه فه‌غه‌م كوژراوه و دووكه‌سی تریش له‌ماڵه‌كه برینداربوون كه یه‌كێكیان خزمه‌تكارێكی فلیپین-ی بووه، به‌پێی ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه ئال عه‌لی دوای ئه‌وه‌ی ره‌تیكردووه‌ته‌وه خۆی راده‌ست بكات و رووبه‌ڕووی هێزه ئه‌منییه‌كان بۆته‌وه به‌هۆیه‌وه پێنج ئه‌ندامی هێزه ئه‌منییه‌كان برینداربوون، دواتر كوژراوه‌و فه‌غه‌میش دوای گه‌یاندنی به‌نه‌خۆشخانه گیانی له‌ده‌ستداوه.
پاسه‌وانه باوه‌ڕپێكراوه‌كه‌ی پادشا
فه‌غه‌م ده‌رچووی كۆلێژی شا خالید بۆ پاسه‌وانی نیشتمانی بووه، له‌كه‌تیبه‌ی تایبه‌ت خزمه‌تیكردووه و دواتر به‌فه‌رمانی دیوانی پادشایه‌تی په‌یوه‌ندی به‌یه‌كه‌ی پاسه‌وانی پادشایه‌تییه‌وه كردووه و پله سه‌ربازییه‌كانی له‌ئه‌فسه‌رییه‌وه بڕیوه تاگه‌یشتووه‌ته پله‌ی لیوا له‌پاسه‌وانی پادشایه‌تی، به‌هۆی وریایی و هونه‌ری كاركردنیه‌وه نازناوی باشترین پاسه‌وانى له‌سه‌رئاستی جیهان له‌لایه‌ن رێكخراوی ئه‌كادیمیایی پێدراوه.
ئامۆژگاریيان كرد بۆ ئه‌وسه‌ری جیهان هه‌ڵبێت
گێڕانه‌وه‌ی فه‌رمی ده‌وڵه‌ت سه‌باره‌ت به‌كوژرانی پاسه‌وانه تایبه‌تییه‌كه‌ی شا سه‌لمان ئه‌وه‌یه، كه‌به‌هۆی ناكۆكی شه‌خسیه‌وه كوژراوه، به‌ڵام به‌شێك له‌به‌شداربووانی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان گومان له راستی ئه‌و گێڕانه‌وه‌ی حكومه‌ت ده‌كه‌ن و هه‌ندێكیان حوسییه‌كان تۆمه‌تبارده‌كه‌ن و هه‌ندێكی تریش چه‌ند لایه‌نێكی ناوخۆی.
له‌مانگی ئایاری رابردوو، محه‌مه‌د مه‌سعه‌ری زانای ئاینی و ئۆپۆزسیۆنی حكومه‌ت، هۆشداریدایه پاسه‌وانه تایبه‌تییه‌كه‌ی شای سعودی له‌وه‌ی شازاده‌ی جێ‌نشین له‌ناویبه‌رێت ئامۆژگاری ئه‌وه‌ی كرد كه ( بۆ ئه‌وسه‌ری جیهان هه‌ڵبێت) بۆیه كوژرانی فه‌غه‌م ئه‌و هۆشداریه دێنێته‌وه به‌رگوێ.
پێهه‌ڵداگوتن و خه‌فه‌تباری
تركی ئال شێخ، یه‌كێك له‌گه‌وره راوێژكاره‌كانی دیوانی پادشایه‌تی، وه‌سفی فه‌غه‌می كرد و له‌پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، نوسیویه‌تی ( خوای گه‌وره ره‌حمت پێ بكات ئه‌ی پاڵه‌وان، تۆ ئه‌مڕۆ له‌رێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه له‌گه‌ڵ من قسه‌ت كرد، به‌پێكه‌نینه‌وه باسی ریازت كرد). ژماره‌یه‌كی زۆر له‌هاوڵاتیانی سعودی له‌رێگه‌ی هاشتاگی(# عبدولعه‌زیز- فه‌غه‌م) پێداهه‌ڵدانیان بۆ نووسی و تا ئاماده‌كردنی ئه‌م راپۆرته زیاتر له یه‌ك ملیۆن چریكه‌ی بۆ كراوه.
چاودێرانی سعودیه ئاماژه به‌وه‌ده‌كه‌ن، كه كه‌سه گه‌وره‌كان هه‌میشه به‌غه‌در ده‌كوژرێن، به‌شداربووانی تویته‌ر ئاماژه به‌وه‌ده‌كه‌ن كه خه‌فه‌تی سعودییه‌كان بۆ كۆچی دوایی فه‌غه‌م، (له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كی ناڕوونی هه‌بووه و كه‌متر له راگه‌یاندنه‌كانه‌وه ده‌ركه‌وتووه به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌رقاڵی پاسه‌وانیی شا سه‌لمان بووه)، هۆكاره‌كه‌ی له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه "به‌ته‌واوه‌تی و دڵسۆزییه‌وه خزمه‌تی شا سه‌لمان-ی كردووه".
كوشتنێكی به‌رنامه بۆ دارێژراو
به‌ڵام خه‌ڵكانی تر گومان ده‌كه‌ن له‌چۆنێتی كوشتنی و كاته‌كه‌ی، پێیان وایه هه‌وڵێكه بۆ په‌رده‌پۆشكردنی ده‌ستگیركردنی دووهه‌زار سه‌ربازی سعودی له‌لایه‌ن حوسییه‌كانه‌وه، حوسییه‌كانى یه‌مه‌ن كه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پشتیوانی ده‌كرێن رۆژی ٢٨ی٩ رایانگه‌یاند، پرۆسه‌یه‌كی سه‌ربازی گه‌وره‌یان له‌ناوچه سنورییه‌كانی نزیك نه‌جران له‌باشوری سعودیه ئه‌نجامداوه، جه‌ختیان له‌وه‌كرده‌وه كه سێ لیوای سه‌ربازی و فه‌سیڵی هێزی سه‌ربازی سعودیه‌یان تێكشكاندووه، هه‌زاران سه‌ربازی سعودییان ده‌ستبه‌سه‌ركردووه و ده‌ستیشیان به‌سه‌ر سه‌دان ئامێر و چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازیدا گرتووه، و هێرشه‌كه‌ش به‌پشتیوانی فرۆكه‌ی بێ فرۆكه‌وان و موشه‌كی و سیستمی به‌رگری ئاسمانی سه‌ر به‌حوسییه‌كان ئه‌نجامدراوه، سعودیه‌ش هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر ئه‌و راگه‌یاندنه‌ی حوسییه‌كان نه‌بوو. هه‌ندێك كه‌سیش پێیان وایه حوسیه‌كان له‌پشت كوشتنی فه‌غه‌مه‌وه‌ن بۆئه‌وه‌ی پیشانی شا سه‌لمانی بده‌ن كه ده‌گه‌نه پاسه‌وانه‌كانی.
بن سه‌لمان تۆمه‌تباره
عه‌لی ئه‌حمه‌د، كه له‌پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌تۆری كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر خۆی وه‌ك شاره‌زا له‌كارووباری كه‌نداو و رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی تیرۆر و رۆژنامه‌نوسی بنكۆڵكار ده‌ناسێنێت، له‌ژماره‌یه‌ك تویتدا ده‌ڵێت، كۆچی دوای فه‌غه‌م به‌وشێوازه‌و دوای چه‌ند رۆژێك له‌دوورخستنه‌وه‌ی له‌كاره‌كه‌ی جێگه‌ی گومانه.
ئه‌حمه‌د به‌ڵگه به‌وه ده‌هێنێته‌وه، كه گرته ڤیدیۆیه‌ك له‌تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بڵاوبووەته‌وه و تێیدا پاسه‌وانه كوژراوه‌كه‌ی شا سه‌لمان به‌ته‌نها له‌جەده وه‌رزش ده‌كات، ئه‌وه‌ش دوا ده‌ركه‌وتنی بووه، ئه‌و رۆژنامه‌نوسە ده‌ڵێت، هه‌رگیز بڕیارنه‌بووه به‌وشێوه‌یه بێت چونكه سروشتی كاره‌كه‌ی وابووه كه‌ده‌بێت هه‌موو كاتێك له‌نزیك شا سه‌لمان بێت، ده‌شڵێت ئه‌و پاسه‌وانه له‌م مانگه‌دا له‌كاره‌كه‌ی دوورخرابووەوه به‌هۆی شازاده‌ی جێ‌نشین محه‌مه‌د بن سه‌لمانه‌وه ده‌شڵێت زانیاری زیاتر بڵاوده‌كاته‌وه، ئه‌گه‌ر سه‌رچاوه‌كان توانییان پێی بگه‌ن.
له ١٩ی ئایاری رابردوو هۆشداری درایه فه‌غه‌م له‌كوشتنی
ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، فه‌غه‌م زانیاری نهێنی زۆری له‌لابوو به‌وپێیه‌ی ئه‌و له‌ساڵی ٢٠٠٢ وه پاسه‌وانی تایبه‌تی مه‌لیك بووه، ئه‌وه‌ش بووەته جێگه‌ی مه‌ترسی بۆسه‌ر شازاده‌ی جێ‌نشین، به‌دیاریكراوی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه نوسینه‌كه‌ی به‌وشێوه‌یه كۆتایی پێهێناوه( ده‌توانم بڵێم و به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌وه تاوانێكی كوشتنی سیاسی بووه، زانیاری زۆرم له‌و باره‌یه‌وه ده‌ستكه‌وتووه و له‌راپۆرتێكی رۆژنامه‌وانیدا ده‌یانخه‌مه‌ڕوو).
شایه‌نی باسه محه‌مه‌د مەسعه‌ری زانای ئاینی و ئۆپۆزسیۆنی سعودی و ئه‌مینداری گشتی حزبی نوێ بوونه‌وه‌ی ئیسلامی، له ١٩ی ئایاری رابردوو هۆشداری دایه فه‌غه‌م له‌كوشتنی له‌لایه‌ن شازاده‌ی جێنشینی سعودی، له‌پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بۆی نوسی، كه شازاده‌ی جێ‌نشین ده‌یكوژێت و ئامۆژگاری ئه‌وه‌شیكرد، كه هه‌ڵبێت بۆ كۆتایی دونیا (ئوسترالیا و نیوزله‌ندا) پێشئه‌وه‌ی هه‌ناسه‌ی لێ ببڕدرێت.