07:06 - 29/09/2019
ئایا حه‌شدی شه‌عبی له‌پشت هێرشه‌كه‌ی سه‌ر سعودیه‌وه‌یه؟
رۆژنامه‌یه‌كی ئه‌مریكی باسی تێوه‌گلانی عێراق له‌هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كۆمپانیای ئارامكۆی سعودی ده‌كات و ده‌ڵێت، به‌هۆیه‌وه ناكۆكی له‌نێوان سه‌رۆك وه‌زیران و فالح فه‌یاز دروستبووه. ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش له‌كوتله‌ی سائیرون رایده‌گه‌یه‌نێت، واشنتن یه‌كه‌م لایه‌ن بوو دوای هێرشه‌كه رایگه‌یاند، هێرشه‌كه له‌خاكی عێراق-ه‌وه نه‌بووه.
هێرشه‌كه‌ی سه‌ر ئارامكۆ
رۆژی ١٤-٩-٢٠١٩ وه‌زاره‌تی ناوخۆی سعودیه، له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند به‌ره‌به‌یانی ئه‌و رۆژه به‌فڕۆكه‌ی بێ فرۆكه‌وان هێرشكراوه‌ته سه‌ر دوو كارگه‌ی سه‌ر به‌كۆمپانیای ئارامكۆ له پارێزگاكانی به‌قیق و خه‌ریس، زۆری نه‌خایەند سعودیه ئێرانی به‌ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشه تۆمه‌تباركرد، هێرشه‌كه‌ی سه‌ر ئارامكۆ بووه هۆی ئه‌وه‌ی سعودیه به‌رهه‌می رۆژانه‌ی پێنج ملیۆن و ٧٠٠هه‌زار به‌رمیل نەوت كه‌م بكات، به‌گوته‌ی وه‌زیری وزه‌ی سعودیه تا كۆتایی ئه‌م مانگه، بەرهەمی نەوت بۆ ١١ ملیۆن به‌رمیل به‌رزده‌كه‌نه‌وه و تاكۆتایی مانگی داهاتووش، ده‌گاته ١٢ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه.
كێ له‌پشت هێرشه‌كه‌وه‌یه؟
هه‌ر له‌سه‌ره‌تای هێرشه‌كه‌دا سعودیه، ئێرانی به‌ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشه تۆمه‌تباركرد، ده‌نگۆی ئه‌وه‌هه‌بوو هێرشه‌كه له‌خاكی یه‌مه‌ن و له‌لایه‌ن حوسیه‌كانه‌وه ئه‌نجامدرابێت كه پێكهاته‌یه‌كی شیعین و له‌ساڵی ٢٠١٥ وه شه‌ڕیانه له‌گه‌ڵ سعودیه، به‌ڵام له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا رۆژنامه‌ی واشنتن پۆست-ی ئەمەریکی بڵاویكرده‌وه، به‌رپرسانی عێراق هه‌ست به‌نیگه‌رانی ده‌كه‌ن له‌تێوه‌گلانی وڵاته‌كه‌یان له‌و شه‌ڕه و ترسیشیان زیادبووه، دوای هێرشه‌كه‌ی سه‌ر دامه‌زراوه نه‌وتیه‌كانی سعودیه. رۆژنامه‌كه ده‌ڵێت، به‌رپرسانی عێراق دووچاری ئیحراجی بوون دوای ئه‌وه‌ی ده‌نگۆی ئه‌وه‌هه‌یه كه حوسییه‌كان ئه‌و هێرشه‌یان ئه‌نجامنه‌داوه.
تۆڕی هه‌واڵی سی ئێن ئێن-ی ئه‌مریكی له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، هێرشه‌كه له‌رێگه‌ی فرۆكه‌ی ( درون) ئه‌نجامدراوه، كه له‌عێراق-ه‌وه هه‌ستاون نه‌ك له‌یه‌مه‌ن، به‌ڵام عێراق هه‌موو ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی ره‌تكرده‌وه، رۆژنامه ئه‌مریكیه‌كه ده‌ڵێت، عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، دوای ئه‌و ده‌نگۆیانه زۆر توڕه‌بووه و به‌هۆی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌وه عادل عه‌بدولمه‌هدی و فالح فه‌یاز سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان كردووه، تێیدا ئاڵۆزی كه‌وتووەته نێوانیان، رۆژنامه ئه‌مریكیه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك وه‌زیران داوای له سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی كردووه، كۆتایی به‌ئاڵۆزی دۆخی ئه‌منی بهێنێت، حه‌شدی شه‌عبی بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ده‌ستی ده‌وڵه‌ت.
ئه‌مریكا خۆی گوتی عێراق له‌پشت ئه‌و هێرشه‌وه نیه
له‌و باره‌یه‌وه ریاز مه‌سعودی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له فراكسیۆنی سائیرون به په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاند ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای هێرشه‌كه‌ی سه‌ر ئارامكۆ له‌سه‌ر زاری وه‌زیری به‌رگری وڵاته‌كه‌ی رایگه‌یاند، عێراق له‌پشت ئه‌و هێرشه‌وه نه‌بووه، جگه له‌وه‌ش زۆرینه‌ی ئاماژه‌كان ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه عێراق هیچ رۆڵێكی له‌و هێرشه‌ی سه‌ر سعودیه نه‌بووه، سه‌ردانه‌كه‌ی دكتۆر عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانیش بۆ سعودیه، نامه‌یه‌كی ڕوونه كه به‌غداد ده‌یه‌وێت خۆی له‌هه‌موو ئه‌و كێشانه به‌دووربگرێت كه‌له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌ن، و ده‌یه‌وێت په‌یامبه‌رێكی ئاشتی بێت له‌نێوان لایه‌نه ناكۆكه‌كان،"چونكه پێمان وایه عێراق له‌ناوه‌ڕاستی زریانه‌كه‌دایه و هه‌ر كێشه‌یه‌ك له كه‌نداو یان له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕووبدات، به‌دڵنیاییه‌وه به‌شێكی عێراق ده‌گرێته‌وه".
سه‌باره‌ت به‌پرسی حه‌شدی شه‌عبی مه‌سعودی گوتی:"پێویسته دوو شت له‌یه‌ك جیابكه‌ینه‌وه، ئه‌ویش گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، كه رێكخراون له‌چوارچێوه‌ی سیستمی به‌رگری و له‌ژێر كۆنتڕۆڵی حكومه‌تی عێراق-دان، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك گروپی چه‌كدار كه ناتواندرێت ناویان لێبنێین حه‌شدی شه‌عبی، چونكه ئه‌وان گروپ گه‌لێكی ئه‌وتۆن كه ناكرێت له‌سه‌ر پێكهاته‌یه‌كی دیاریكراو ئه‌ژماربكرێن و له‌سه‌رتاسه‌ری عێراق هه‌ن و فه‌رمان له‌شوێنی تر وه‌رده‌گرن، ئه‌مانه له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تن و ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ژماره‌یه‌ك وڵاتی تریش سكاڵایان هه‌یه، له‌بوونی ئه‌و هێزه‌چه‌كدارانه له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ت و به‌قسه‌ی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌چه‌كداره‌كان ناكه‌ن".
ترس هه‌یه عێراق ببێته گۆره‌پانی ململانێی ئه‌مریكا و ئێران
رۆژنامه‌ی واشنتن پۆست ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئاڵۆزبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ئێران، جارێكی تر ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی دروستكردووه كه عێراق ببێته‌وه گۆڕه‌پانی شه‌ڕی ئه‌و دووهێزه، رۆژنامه‌كه ده‌ڵێت، رووداوه‌كانی ئه‌م دواییانه وایكرد، حكومه‌تی عێراق هه‌وڵبدات باڵی میلیشیاكانی هاوپه‌یمانی ئێران ببڕێت.
هێرشه‌كه‌ی ئارامكۆ و گومانه‌كان له‌سه‌ر عێراق وایكرد، رۆژی ٢٥ی ئه‌یلول عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، بچێته سعودیه و له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د بن سه‌لمان شازاده‌ی جێ‌نشین و مه‌لیك سه‌لمان پادشای سعودی كۆبێته‌وه. دوای گه‌ڕانه‌وی عه‌بدولمه‌هدی، نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا كه ٢٦ی ئه‌م مانگه بڵاوكرایه‌وه رایگه‌یاند، دڵنیاییان داوه‌ته لایه‌نی سعودی كه هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌ك بۆسه‌ر هه‌ر وڵاتێك به به‌كارهێنانی خاكی عێراق مایه‌ی قبوڵكردن نییه.
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌سعودیه‌ی گوت بێلایه‌ن ده‌بین
ریاز مه‌سعودی بۆ په‌یسه‌رپرێس گوتیشی:"سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا ئه‌وه‌ی بۆ لایه‌نی سعودی ڕوونكرده‌وه، كه عێراق له‌گه‌ڵ ئێران نابێت دژی سعودیه و له‌گه‌ڵ سعودیه‌ش نابێت دژی ئێران، عێراق وڵاتێكی خاوه‌ن سه‌روه‌رییه و چه‌ندین جه‌نگی به‌سه‌رداهاتووه ئه‌و جه‌نگانه ژێرخانی ئابورییان پێكاوه‌و زیانی گه‌وره‌یان پێگه‌یاندووه، بۆیه عێراق ئاماده‌نییه بچێته جه‌نگێكی نوێوه، سوپا و گه‌لی عێراق ماندوون به‌هۆی زۆری جه‌نگه‌وه، چه‌ند مانگێكه له‌جه‌نگی رێكخراوی تیرۆرستی داعش رزگارمان بووه، پێشتریش گه‌مارۆی ئابوری و پێشتریش شه‌ڕی ئێران-عێراق، بۆیه ته‌واوی كابینه‌كانی حكومه‌ت له‌عێراق پێداگریان له‌سه‌رئه‌وه‌كردووه، كه عێراق ناتوانێت بچێته هیچ جه‌نگێكه‌وه، شه‌ڕیش جگه له وێرانكاری بۆ به‌شداربووانی شه‌ر هیچی تری پێنیه".
هیچ گروپێكی عێراق به‌شداری له‌و شه‌ڕه‌نه‌كردووه
بەگوتەی ریاز مه‌سعودی، چ ئه‌و گروپانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی كه فه‌رمان له‌حكومه‌ت وه‌رده‌گرن، چ ئه‌وانه‌شی كه سه‌ر به‌حكومه‌ت نین، ده‌ستیان له‌هێرشه‌كه‌ی سه‌ر ئارامكۆ نه‌بووه و ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ش به‌م نزیكانه ئاشكراده‌كرێت، پێشبینیش ده‌كرێت له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا ئه‌وه رابگه‌یه‌ندرێت و ئه‌وه پشت راستده‌كاته‌وه كه عێراق له‌پشت ئه‌و هێرشه‌وه نه‌بووه، چه‌ندین لیژنه له‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوه پێكهێندراوه سعودیه خۆی چه‌ند لیژنه‌یه‌كی ناوخۆی پێكهێناوه و هه‌روه‌ها لیژنه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش به به‌هاوكاری ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا تیمی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌تمه‌ند پێكهێندراوه،"هه‌ندێك كه‌س ده‌ڵێن ئێران له‌پشت ئه‌و هێرشه‌وه بووه، هه‌ندێكی تر ده‌ڵێن حوسییه‌كان بوون هه‌ندێكی تر ده‌ڵێن ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆی سعودی بووه، بۆیه باشتره پێش ئه‌نجامه‌كان نه‌كه‌وین".
رێكاره‌كانی سه‌رۆك وه‌زیران بۆ رێكخستنه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی به‌رده‌وامه
رۆژی دووشه‌ممه ١-٧-٢٠١٩ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌چه‌كداره‌كانی عێراق، فه‌رمانی دیوانی ژماره ٢٣٧ی ده‌ركرد، كه‌تایبه‌ت بوو به‌رێكخستنه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی، به‌پێی ئه‌و فه‌رمانه ده‌بێت حه‌شدی شه‌عبی هه‌ڵبوه‌شێته‌وه و ببێته به‌شێك له‌سیستمی به‌رگری عێراق، له‌ژێر فه‌رمانده‌یی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌چه‌كداره‌كان كه سه‌رۆك وه‌زیرانه و ناوی گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی نه‌مێنن، پله سه‌ربازیه‌كانیشیان ده‌بێته فیرقه و لیوا و فه‌وج، رۆژی ١٧-٩-٢٠١٩ و چوار رۆژ دوای هێرشه‌كه‌ی سه‌ر سعودیه، عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌فه‌رمانی دوانی ژماره ٣٣١ په‌یكه‌ری نوێی رێكخستنی حه‌شدی شه‌عبی په‌سه‌ندكرد، به‌پێی په‌یكه‌ره‌نوێكه جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی نه‌ماوه، كه‌له‌لایه‌ن ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندسه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برا، هه‌روه‌ها نابێت حه‌شدی شه‌عبی به‌بێ مۆڵه‌ت چه‌ك هه‌ڵبگرێت، ئه‌ویش بۆ پاراستنی باره‌گاكانیان و به‌رپرسه‌كانیان.
ریاز مه‌سعودی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق باسیلەوەکرد، به‌شێك له‌وهێزانه‌ی پێشتر سه‌ر به‌حه‌شدی شه‌عبی بوون پابه‌ندی چوونه ناو سیستمی به‌رگری نه‌بوون و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، تائێستا چه‌كیان به‌ده‌سته و فه‌رمان له‌سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق وه‌رناگرن.
هه‌رگیز ئێران و ئه‌مریكا شه‌ڕ ناكه‌ن
سه‌باره‌ت به لێدوانی ئیره‌ج مه‌سجدی باڵیۆزی ئێران له‌عێراق كه رایگه‌یاندبوو، ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا هێرش بكاته سه‌ر تاران ئه‌وه ئێران له‌عێراقه‌وه هێرش ده‌كاته سه‌ر ئه‌مریكیه‌كان، ریاز مه‌سعودی له‌و باره‌یه‌وه رایگه‌یاند، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا نه هەرگیز هێرشی كردووەته سه‌ر ئێران و نه‌هێرشیشی ده‌كاته سه‌ر، ئه‌وه‌ی ئێستا له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ڕووده‌دات، ناكۆكی سیاسیه نه‌ك ناكۆكی سه‌ربازی و ئامانج له‌و ناكۆكیه به‌رده‌وامبوونی ولایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكایه به‌هاوپه‌یمانی وڵاتانی كه‌نداو و ترساندنیان به‌ئێران به‌هۆیه‌وه ساڵانه ده‌یان ملیار دۆلار له ئیمارات و قه‌ته‌ر و سعودیه و كوه‌یت و سه‌ڵته‌نه‌ی عومان و عێراق و ئوردن وه‌رده‌گرێت، هه‌موو ئه‌و وڵاتانه پاره‌ده‌ده‌نه ئه‌مریكا بۆ ئه‌وه‌ی بپارێزرێن،"ئه‌گه‌ر ئه‌مه نه‌بێت چ پێویست ده‌كات ٥٥ بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌مریكا له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست هه‌بێت، ئه‌گه‌ر ناوچه‌كه سه‌قامگیر بوایه هیچ پێویستی نه‌ده‌كرد بنكه‌ی سه‌ربازیه ئه‌مریكی لێبێت، جگه له‌وه‌ش جیاوازیه‌كه زۆر گه‌وره‌یه، ئه‌مریكا هێزێكی گه‌وره‌یه و ژماره یه‌كه له‌به‌رامبه‌ردا ئێران، هێزێكی سه‌ربازی لاوازه ناتوانێت رووبه‌ڕووی ئه‌مریكا ببێته‌وه، بۆیه ئێمه پێمان وایه ئه‌وه ململانێیه‌كه له‌پێناوی ده‌ستكه‌وت، سودمه‌ندی یه‌كه‌م به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌مریكا و زیانمه‌ندی یه‌كه‌م و كۆتایی گه‌لانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ن، كه ژێرخانی ئابوری و ئاینده‌یان و نه‌وته‌كه‌یان له‌ده‌ستده‌ده‌ن، بۆئه‌وه‌ی ئه‌وروپییه‌كان رۆژ به‌رۆژ پێش بكه‌ون و ئێمه‌ش رۆژ به‌رۆژ بێینه دواوه".