ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:29 - 28/09/2019

لە بەردەم باڵەخانەی هەدەپەوە بۆ بەردەم ماڵی خانەوادەی ئۆجالان‌

پەیسەر

حكوومەت و میدیای سەر بە حكوومەت لە توركیا هەوڵی بە شەیتانكردنی هەدەپە دەدات. بەڵام باوكی سەربازێكی دیلی دەستی پەكەكە دەڵێت:" ئێمە لەناچاری هاتووینەتە بەر دەگاری هەدەپە. داوا لەم پارتە دەكەین هاوكاریمان بكات تاوەكو جارێكی دیكە كوڕە دیلەكەم لەباوەش بگرمەوە". 


لە رۆژی 3 ئەیلولی 2019 دایكی چەند گەریلایەكی پەكەكە،  چوونە بەردەم بارەگای پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لە ئامەد رایانگەیاند كە ئەوان بەردەم بارەگای هەدەپە بەرنادەن تاوەكو رۆڵەكانیان لە شاخ بۆ دەگەڕێنەوە. لەهەمان كاتدا بەشێك لەو دایكانە ئەم پارتەیان بە "رەوانەكردنی منداڵەكانیان بۆ ناو پەكەكە" تاوانبار كرد. 


لەو كاتەی چاڵاكی ئەم دایكانە بە هاوكاری میدیای سەر بە حكوومەتی توركیا درێژەی دەكێشا، هەدەپە رەوانەكردنی گەنجانی بۆ ناو پەكەكە رەتكردەوە و گووتی:" چەندین ساڵە بەردەم بارەگانمان بە هەمەر و ئۆتۆمبێلی چاودێری پۆلیس و دەزگا ئەمنیەكان چاودێری دەكرێت. دەوروبەرمان هەموو كامیرایە، با یەك بەڵگە بخەنەڕوو". 

هەروەها هەدەپە كۆبوونەوەی دایكی گەریلاكانی لە بەردەم بارەگای خۆی لە ئامادە بە پلانی لەناوبردنی پارتەكەی وەسف كرد، حكوومەت و میدیای سێبەری بە ئامادەكردن و بەڕێوەبردنی ئەم كەمپینە تۆمەتبار كرد

لەلای خۆیەوە (جەمیل بایك) هاوسەرۆكی بەڕێوەبەرایەتی كۆنسەی سەرۆكایەتی كۆما جڤاكێن كوردستانێ (كەجەكە) لە دیمانەیەكی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فوڕات لەمبارەیەوە گووتی:" ئەردۆغان، باخچەلی، میت و پۆلیسی مەدەنی چەند خێزانێكیان هێناوەتە بەری دەرگای هەدەپە". 


لەهەمان دیمانەدا بایك دەڵێت:" پەكەكە چ پەیوەندی بە هەدەپە هەیە؟ هیچ پەیوەندیەكی نیە. ئەو شەڕوانانەی هاتوونەتە ناو پەكەكە لەسەر بنەمایەكی ئارەزوومەندانە هاتوون. بۆ ئازادی نیشتمان، گەل، نامووس و شەڕەف هاتوون. ئەگەر دەردێكیان هەیە با بێن ئەم دەردە بۆ پەكەكە و گەریلا باس بكەن. نەوەكو هەدەپە، هەدەپە هیچ پەیوەندیەكی بەم جۆرە مەسەلانە نیە. دەوڵەتی توركیا، میت و پۆلیسی مەدەنی هەوڵدەدەن رۆژەڤ بگۆڕن، دەخوازن ئەو زوڵمەی لە كورد دەكەن بشارنەوە. هەوڵدەدەن رێككەوتنی دژ بەخۆیان ئاستەنگ بكەن، دەرز بخەنە نێوان هێزە دیموكراتیەكانی كورد و توركیا. بۆ تەواوكردنی قەتل و عامی كورد شەڕێكی ناڕەوای دەروونی بەڕێوەدەبەن. پێویستە ئەو خانەوادانە خزمەت بە قەتل و عامی كورد نەكەن". 


ئیلهامی ئیشق، كە بە (باڵكچی) ناسراوە و بەڕەگەز كوردە و لە رابردوودا بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لە نێوان ئۆجالان و دەوڵەتدا چەند جارێك سەردانی ئیمڕالی كردووە. لە گوتارێكی لەمبارەیەوە دەڵێت:" لەماوەی چەند رۆژی رابردوو تا ئەمڕۆ دەسەڵات بەهەموو ئامرازەكانیەوە، پشتگیری لەو دایكانە دەكات كە لەبەردەم بارەگای هەدەپە گردبوونەتەوە. بە گوێرەی من دەسەڵات كارێكی باش دەكات. چونكە زوو بێت یان درەنگ هاتنە خوارەوە لە شاخ یەكێكە لە پارچەكانی چارەسەری كێشەی كورد. بەبێ هاتنە خوارەوە لە شاخ چارەسەری تەواو نابێت و دەبێت ئامرازێكی هەڕەشە كردن لە چارەسەری". 


هەروەها نووسیوویەتی:" ئەگەر هەدەپە، هاتنە خوارەوە لەشاخ بكاتە رۆژەڤ چاكەیەكی گەورە لەگەڵ خۆی و لەگەڵ ئێمەش دەكات. ئەم چیرۆكە چۆن دەستی پێكرد و كێ دەستیپێكرد ئەوەندە گرنگ نیە. ئەوەی گرنگە دەركەوتنی ئەنجامی گەورەیە كە لە بەرژەوەندی هەموومان دابێت. هەندێك شت بە خراپە دەست پێدەكات ئەوەی گرنگ چۆن كۆتایی بەو شتە دێنین"


چەند رۆژێك دوای دەستپێكردنی كۆبوونەوەی دایكان لەبەردەم بارەگای هەدەپە لە ئامەد لە باكووری كوردستاندا، ئەمجارە خانەوادەی سەرباز و پۆلیسە دیلەكانیش چوونە پاڵ ئەم دایكانە و داوایان لە هەدەپە كرد كوڕە دیلەكانیان لە دەستی پەكەكە بۆ بگەڕێنێتەوە. 
شەوكەت ئاڵتنتاش تەمەن (50)، باوكی موسلیم ئاڵتنتاشە، كە سەربازێكی دیلی توركە لەساڵی 2015 لەدەستی پەكەكە دایە، یەكێكە لەو كەسانەی هاتۆتە بەردەم بارەگای هەدەپە و داوا لە هەدەپە دەكات كوڕەكەی بۆ بگەڕێنێتەوە. ئاڵتنتاش لە وەڵامی پرسیارەكانی (پەیسەر پرێس) دا لەبارەی هەوڵەكانیان بۆ ئازاكردنی كوڕەكەی دەڵێت:" شوێن نەماوە بەسەرینەكەینەوە. هەر شوێنێك كە پێمانوابووە دەتوانین ئەنجامی لێبگرین، لە جارێك زیاتر سەردانمان كردووە. كە بێ ئەنجام بووین، بڕیارماندا بەشداری لە چاڵاكی دایكان بكەین لەبەردەم بارەگای هەدەپە". 

هەروەها دەڵێت:" بڕیارمان هەبوو پێشتر دەست بۆ ئەم چاڵاكیە ببەین، بەڵام رێكخراوی مافی مرۆڤ (İHD) لە ئەنقەرە، ئێمەی پاشگەز كردەوە. ئەگەر نا ماوەی چەند مانگێك پێش ئێستا ئێمە دەهاتینە بەردەم بارەگای هەدەپە"

موسلیم كوڕەكەی شەوكەت لە تەمەنی 19 ساڵی لە 2 تشرینی دووەمی 2015 لەسەر رێگای دێرسیم – پلومەر دەكەوێتە دەست گەریلاكانی پەكەكە. تیمێكی گەریلا دێنە سەر رێگا و ئەو پاسە رادەگرن كە موسلیمی تێدایە. بەگوێرەی شەوكەت ئاڵتنتاش كە كاری باخچەوانی دەكات، سێ مانگ دوای رفاندنی كوڕەكەی لە رێگای ڤیدیۆیەكدا دەزانێ كە كوەكەی هێشتا لەژیاندا ماوە. دوای دوو ساڵ ڤیدیۆیەكی دیكە لە میدیای پەكەكە بڵاودەكرێتەوە كە هەموو سەرباز و پۆلیسە دیلەكانی تێدایە و داوا لە حكوومەت دەكەن هەوڵەكانی بخاتەگەڕ بۆ ئازادكردنیان. باوكی موسلیم لەبارەی ڤیدیۆی دووەمین دەڵێت:" كوڕەكەم زۆر لاواز ببوو لە ڤیدیۆی دووەمیندا و پرسیاری دەكرد بۆچی رزگارمان ناكەن؟".


شەوكەت ئاڵتنتاش بۆ دوا جار وێنەی كوڕەكەی لەو ڤیدیۆیە دەبینێت كە لە 12 ئاداری 2018 بڵاو دەكرێتەوە تیایدا كوڕەكەی و دیلەكانی دیكە هەمان پرسیاری پێشوو دووبارە دەكەنەوە و دەڵێن:" بۆچی رزگارمان ناكەن؟".


هەرچەندە دەوڵەت بۆ ناشیرینكردنی هەدەپە هانی ئەو خانەوادانە دەدات تا بچن بەردەم بارەگای هەدەپە، بەڵام ئەم هاووڵاتیانە، هۆكاری گردبوونەوەیان لەبەردەم بارەگای هەدەپە بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری لەم پارتە بۆ ئازادبوونی رۆڵەكانیان دەگەڕێنەوە.

 

شەوكەت ئاڵتنتاش ئەم بۆچوونەی سەرەوە بەم شێوەیە پشتڕاست دەكاتەوە:" هاتنی ئێمە بۆ بەردەم بارەگای هەدەپە بۆ ئەمەیە. ئامانجی ئێمە ململانێ و شەڕكردن نیە لەگەڵ هەدەپە. كێ بتوانێ رۆڵەكانمان بۆ بێنێتەوە، دەچینە لای ئەوان. داوا لە هەدەپە دەكەین منداڵەكانمان بۆ بێنێتەوە، لەوە زیاتر هیچ مەبەستێكی دیكەمان نیە. بێگومان پێشتر چووینە لای سەركردەكانی هەدەپە، چەندین جار لەگەڵیان دانیشتین. لەگەڵ هەریەك لە ئدریس بالوكن، سری سورەیا ئۆندەر، عوسمان بایدەمیر دانیشتین". 


شەوكەت ئاڵتنتاش، دانیشتووی شاری عەنتابە، بەڵام لە بنەمادا خەڵكی گوندی (ئارغل) ی سەر بە شارۆچكەی خاڵفەتی شاری روهای باكووری كوردستانە. دایكی كوردە و باوكی توركە. گوندەكەی ئاڵتنتاش، كە گوندێكی تورك نشینە، تەنیا 10 خولەك لە گوندی (ئامارە) ی زێدی عەبدولڵا ئۆجالان رێبەری پەكەكە دوورە. بە گوێرەی قسەكانی لەگەڵ خانەوادەی ئۆجالان یەكتر دەناسن و تێكەڵاویان هەیە:" بێگومان، یەكتر باش دەناسن. باپیرانم لەگەڵ باپیرانی ئۆجالان باش یەكتر دەناسن و هاتوچۆیان هەبووە. ئاسایشە چونكە خەڵكی گوندەكان یەكتر دەناسن. بەتایبەتی باپیرم كەسێكی ناسراو بووە". 


بە قسەكانی ئاڵتنتاش دووشتی لەگەڵ یەكتر ناكۆك دەردەكەون، لەلایەك پێی حەیفە كە ئەو هاوشاری عەبدولڵا ئۆجالانە و لەمبارەیەوە دەڵێت:" بەداخەوە كە هاوشاری ئەوم" لەلایەكەی دیكە بۆ ئازادبوونی كوڕەكەی پەنای بۆ ماڵی ئۆجالان بردووە لە گوندی ئامارە. لەمبارەیەوە دەڵێت:" بەر لە چەند مانگێك چووینە گوندەكەی ئۆجالان و ویستمان برایەكەی ببینین، بەڵكو شتێكمان بۆ بكات. بەڵام براكەی لە ماڵ نەبوو، دواتر نەچووینەوە. چونكە ویستمان سەركردەكانی هەدەپە بەسەر بكەینەوە و داواكاری خۆمان ئاراستەی ئەوان بكەین. بۆ ئەمە چووینە ئەنقەرە، ئەمە جاری سێیەمینە دێینە دیاربەكر، بەبێ ئەوەی هیچ ئەنجامێك بگرین". 

ئاڵتنتاش و خانەوادەی سەرباز و پۆلیسە دیلەكانی دەستی پەكەكە، لەدوای ساڵی 2015 هانایان بۆ ئەحمەد داودئۆغڵو برد، چەندین جار سەردانی پەرلەمانی توركیایان كردەوە، دواتریش بۆ ئازادكردنی رۆڵەكانیان داوای ئاشتی لە رای گشتی توركیا كرد


باوكی موسلیم ئاڵتنتاش لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت لە سەردانەكانمان بۆ لای بەرپرسانی دەوڵەت زۆربەی جار ئەم وەڵامەمان دەدرایەوە:" دەوڵەت ئامادەنیە سازش لەگەڵ تیرۆر بكات، چونكە سازشی بچووك سازشی گەورەتری بەدواوە دێت".


لەگەڵ ئەوەشدا پێیوایە:" بەكارهێنانی دەستەواژەی (سازشكردن) راست نیە. بەڵكو ئەوەی پێویستە بكرێت چارەسەری كێشەی دیلەكانە. ئێمە هەوڵ دەدەین لایەنی سێیەم كە هەدەپەە بێنینە ناو هاوكێشەكە و زەمینە بۆ كەسانی نووسەر و ئاكادیمی خۆش دەكەین تا دەنگی خۆیان بەرز بكەنەوە".


لە كۆتایی قسەكانیشیدا شەوكەت ئاڵتنتاش باوكی موسلیم ئاڵتنتاش كە سەربازێكی دیلی دەستی پەكەكەیە دەڵێت:" هەدەپە لایەنی سێیەمە، دەبێت دەستبەكاربێت، یان دەمرم یان كوڕەكەم لەباوەش دەگرمەوە. كاتێك كوڕەكەم بەدیل گیرا تەمەنی 19 ساڵان بوو، لە ئێستادا تەمەنی 24 ساڵە".