ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:38 - 12/09/2019

هێشتا تورکیا و باکووری کوردستان بە یاسای ١٢ی ئەیلول بەڕێوەدەبرێن‌

پەیسەر

"هەرکاتێک بینیتان بەرژەوەندیەکانی دەوڵەت کەوتە مەترسیەوە، کودەتا بکەن" ئەمە وەسیەتی مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرێنەری کۆماری تورکیایه‌ بۆ سوپای وڵاتەکەی.

لە سەر ئەو وەسیەتە، لە ١٢ی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٠دا کودەتایەکی سەربازی بە سەرۆکایەتی کەنعان ئەڤرەن، تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند. دەستوور هەڵوەشێندرایەوە و دەرگاکانی پارتە سیاسیەکان داخران.

 

لە تورکیا دەسەڵاتی سەربازی هاتە سەر حوکم و ئەو پێشکەوتنانەی لە شەستەکانەوە بەهۆی خەباتی پارت و ڕێکخستنە کوردی و چەپەکانەوە دروستبوو، لەناوبران.

نزیکەی ٦٥٠ هەزار کەس دەستگیرکران که‌ نزیکەی ٣٠٠ هەزار کەسیان کوردبوون. ناوی ملیۆنێک و ٦٨٣ کەسیان وەک مەترسیدار تۆمارکرد. سزای سێدارەیان بەسەر ٧ هەزار کەسدا سەپاند، ٥٠ کەس لەسێدارەدران. مافی هاوڵاتیبوون لە ١٤ هەزار کەس سەندرایەوە. ٣٠ هەزار کەس تورکیایان جێهێشت و لە وڵاتانی دیکە بوونه‌ پەنابەر. ٨٥٦ کەس بە هۆی شەڕ و ئەشکەنجەوە گیانیان لەدەستدا. ٩٣٧ فیلم قەدەغەکران. دەرگای ٢٣ هەزار و ٦٧٧ کۆمەڵە و رێکخراو و پارتی سیاسی داخران. نزیکەی ٣٠٠ ڕۆژنامە قەدەغەکران و هەورێکی ڕەش و تاریک باڵی بەسەر تورکیادا کێشا.

 

پارتە چەپەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەکران و چەپبوون وەک مەترسیەکی گەورە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا لەقەڵەمدرا و تا ئێستاش ئەو دۆخە بەردەوامە.

کاریگەریەکانی کودەتای ١٢ ئەیلول لە باکووری کوردستان
نزیکەی ٣٠٠ هەزار کورد دەستگیرکران و باکووری کوردستان بوو بە گرتووخانەیەکی سەرکراوە. هەرچەندە رژێمەکانی پێشووتری تورکیا دانیان به‌ هیچ مافێكی گه‌لی كوردا نه‌ده‌نا، بەڵام ڕژێمی کودەتا تەنانەت ناوی کورد و زمانی کوردیشی وەک تاوانێکی گەورە دەزانی. هەوڵەکانی دەوڵەت بۆ لەناوبردنی که‌لتوور و زمان و ناسنامەی کورد لە بەرزترین ئاستدا بەڕێوەدەبرا.

دەستووری ١٢ی ئەیلول
ڕژێمەکەی کەنعان ئەڤرەن، دەستووری پێشووی تورکیای لەسەره‌تاوە تا کۆتایی گۆڕی. دەستوورێکی سەربازیی لەجێگە دانا. بە پێی دەستوور "هاوڵاتی موڵکی دەوڵەتە" و لەبەرامبەر دەوڵەتدا تاک هیچ مافێکی نییە. هەروەها ئۆپۆزسیۆن بە هیچ شێوەیەک مافی نییە و وەک دوژمنێکی سەرسەختی دەوڵەت تەماشا  دەکرێت. بێجگە لە دەوڵەتی تورکیا، ئاڵای تورکیا، گەلی تورک و زمانی تورکی، هیچ گەل و نەتەوەیەکی دیکە لە تورکیا بوونی نییە. سەندیکا و رێکخراوی مەدەنی بوونی نییە و بە هیچ شێوەیەک ڕەخنە لە دەوڵەت قبوڵناکرێت. بەو شێوەیە ئازادی تاک و ڕای جیاواز و ئازاد بە هەموو شێوەیەک قەدەغەکرا.

کورد و قۆناغی دوای کودەتا
گەلی کورد لە باکووری کوردستان ڕووبەڕووی زوڵم و فشارێکی زۆر بووه‌وه‌. هیچ کەسێک نەیدەتوانی بە ناوی کوردبوونەوە سیاسەت بکات. لەو سەردەمەدا پارتی کرێکارانی کوردستان لە باکووری کوردستان فراوان بووبوو و خەباتی دەکرد. بەو هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر ئەندام و پێشەنگی پەکەکە لە لایەن ڕژێمی کودەتاوە دەستگیرکران و لە زیندانەکاندا گیانیان لەدەستدا.

هۆکارێکی سەرەکی دەستپێکردنی شەڕی چەکداری پەکەکە لە ١٥ی ئابی ١٩٨٤ فشار و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بوو بەرامبەر گەلی کورد. پەکەکە لەو دۆخەدا شەڕی دژی ڕژێمی کودەتا دەستپێکرد و تا ساڵی ١٩٨٧ کودەتاچیەکان له‌ دەسەڵاتدا بوون. لە ئەنجامی ڕیفراندۆمێکدا، یاسای پارتە سیاسیەکان لە تورکیا گۆڕا و پارتە سیاسیە تورکەکان جارێکی تر توانیان بێنەوە گۆڕەپانی سیاسەتەوە. هەڵبژاردنی گشتی کرا و پارتی سۆسیالیست بە سەرۆکایەتی بوڵەنت ئەجەڤیت توانی دەسەڵات بگرێتە دەست. هەرچەندە کودەتاچیەکان لەسەر دەسەڵات نەمابوون، بەڵام هیچ گۆڕانکاریەک لە هەڵوێستی حکومەت بەرامبەر گەلی کورد نەگۆڕا. شەڕی باکووری کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ قورستر دەبوو، لە سەردەمی تانسوو چیللەر و مەسعود یڵماز و بولەند ئەجڤیت دوبارە هەڵبژێردرایه‌وه‌.

کورد و ئاکەپە و دەستووری ١٢ی ئەیلول
دوای ئەوەی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) لە ساڵی ٢٠٠٢دا دەسەڵاتی گرتە دەست و بانگەشەی چارەسەری پرسی کورد و گۆڕینی دەستووری ١٢ی ئەیلولی کرد. ئاکەپە لەو ماته‌وه‌ كه‌ لە دەسەڵایە ژمارەیەکی زۆری مادكانی دەستووری گۆڕیوە، بەڵام ئەو مادانەی پەیوەندیان بە گەلی کوردەوەیە، نەگۆڕاون و هەمان دەستووری کودەتای ١٢ی ئەیلولە. تا ئێستاش دەسەڵاتی تورکیا بانگەشەی یەک زمان، یەک ئاڵا، یەک دەوڵەت و یەک گەل دەکات و مافی گەلی کورد و نەته‌وەکانی دیکەی تورکیا ناناسێت.