12:53 - 13/12/2018
پەیسەرپرێس كێشەی وەزارەتەكانی عێراق بڵاودەكاتەوە
متمانەدان بە هەشت وەزیرەكەی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی ناو ماڵی سێ پێكهاتەكەی عێراقی ئاڵۆزكردووە، ئەوەش لە كاتێكدایە كورد كێشەی خاك و بودجە و پێشمەرگە و یاسای ئەنجومەنی هەرێمەكان و یاسای نەوت و غازی هەیە و سوننەش كێشەی وێران بوونی ناوچەكانی و دۆخی ئەمنی و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانمەندەكانی شەڕی دژی داعش، و كەمی وەبەرهێنان و هاندانی گەڕانەوەی ئاوارەكانی هەیە، شیعەش كە 15 ساڵە دەسەڵاتی عێراقی بەدەستەوەیە، كێشەی حوكمرانی و كەمی خزمەتگوزاری ناوچە شیعیەكانی هەیە، سەرباری ئەوەش عێراق لەململانێی نێوان ئەمریكا و ئێران پێویستی بە سیاسەتێكی ژیرانەی سەركردەكانی شیعە هەیەبۆ ئەوەی قۆناغەكە لەبەرژوەندی وڵاتەكەیان تێپەڕێنن، كەچی كێشەی سەرەكی ئەو لایەنانە لەسەر چەند پۆستێكە كە لەم راپۆرتەدا خراونەتە ڕوو...
كورد
یەكێتی و پارتی و گۆڕأن داوای وەزیری دادی عێراق دەكەن، هەرسێ لایەنەكەش كاندیدیان بۆ ئەو پۆستە پێشكەش كردووە، بەڵام دواجار عادل عەبدولمەهدی دارا نوردەدین كاندیدی نزیك لە پارتی رەوانەی پەرلەمان كرد بۆ ئەوەی متمانەی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت و ببێتە وەزیری داد بۆ ماوەی چوار ساڵ.
ململانێی یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستی وەزیری داد گەیشتۆتە ئاستی ئێسقان شكاندن و، هەردوو لا هەموو تواناكانیان لەسەر ئاستی ناوخۆی و هەرێمایەتی خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی پشتی لایەنی بەرامبەر لەزەوی بدان، هەردوو لاش دەیانەوێت پاڵپشتی لایەنە كوردیەكانی تر بەدەستبهێنن،
بەپێی زانیاریەكانی پەیسەرپرێس یەكێتی دەیەوێت لەرێگەی گۆڕینی خالد شوانی كاندیدی حزبەكەی بە رزگارمحەمەد ئەمین یان كاندیدێكی تر وەك سەركەوتوو لەیاریەكە خۆی وێنا بكات.
سوننە
ناكۆكی نێوان لایەنە سوننەكان لەسەر پۆستی وەزیری بەرگری قوڵ بۆتەوە، سوننەكان حەوت كەسیان بۆ پۆستی وەزیری بەرگری كاندید كردووە لەوانەش سەلیم جبوری سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران، نەیارەكانی جبوری پێیان وایە كەسێكی گونجاو نیە بۆ ئەو پۆستە چونكە شارەزایی لە كاروباری سەربازی نیە، لەبەرامبەردا فەیسەڵ جەربا كاندیدێكی ترە بەڵام جەربا بەعسی بووە ئەوەش كێشەی بۆ دروست كردووە، لە ئێستادا سوننەكان لەنێوان هەردوو بەرەكەی شیعەدا دابەش بوون.
شیعە
ناكۆكی ناو ماڵی شیعە لەسەر پۆستی وەزیری ناوخۆ گەیشتۆتە ئاستێكی مەترسیدار فالح فەیاز كاندیدی بەرەی هاوپەیمانیەتی بینایە بەسەرۆكایەتی نوری مالكی، بەرەكەی تریش كە سەدر رابەرایەتی دەكات رەتی دەكاتەوە، ئەگەرچی شەوی شەممە و یەك شەممەی ئەم هەفتەیە چەند كۆبونەوەیەك لەنێوان لایەنە شیعیەكان بە نێوەندگیری ئێران بەرێوەچووە، بەڵام تا ئێستا لەسەر ئەو پرسە هیچ رێككەوتنێك نیە، بەپێی زانیاریەكانی پەیسەرپرێس هاوپەیمانیەتیەكەی نوری مالكی و هادی عامرییش لەناوخۆیاندا كێشەیان لەسەر كشانەوە یان مانەوەی فالح فەیاز هەیە بەجۆرێك دەوڵەتی یاسای بەوە رازی بوون فەیاز بكێشنەوە بەمەرجێك سەدر رازی بێت نوری مالكی بكرێتە وەزیری ناوخۆ بەڵام سەدر رەتی كردۆتەوە و هاوپەیمانیەتی فەتحیش كە لەلایەن هادی عامریەوە رابەرایەتی دەكرێت و بەشێكە لە هاوپەیمانیەتی بینا بەو پێشنیارە رازی نین.
پۆستێكی تر كە ناكۆكی لەناو ماڵی شیعەدا دروست كردووە جێگری سەرۆك كۆمارە، بەپێی بەدواداچوونێكی پەیسەر پرێس هەریەك لە نوری مالكی و هادی عامری دەیانەوێت پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار وەربگرن، بەتایبەتیش كە پێدەچێت نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەنیاز بێت لەبەرامبەر گۆڕینی وەزیری ناوخۆ كە لەلایەن هاوپەیمانیەتیەكەی ئەوانەوە پشتیوانی دەكرێت پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار مسۆگەر بكات، لەهەمانكاتدا هادی عامری چاوی بڕیوەتە ئەو پۆستە.
رۆژی 9ی ئەم مانگە هودا سەجاد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە هاوپەیمانیەتی نەسر كە لەلایەن حەیدەر عەبادیەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، رایگەیاند پێشنیاری جێگری سەرۆك كۆماریان بۆ عەبادی كردووە بەڵام رەتیكردۆتەوە..
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق تا ئێستا ناوی هیچ كاندیدێكی رەوانەی پەرلەمان نەكردووە بۆ ئەوەی وەك جێگری سەرۆك كۆمار لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە متمانەی پێ بدرێت.