ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:36 - 25/08/2019

چارەنووسی كەسە نزیكەكانی سەدام حسین‌

پەیسەر

ناوی سەدام حسین بۆ نیو سەدە دەچێت لە گوێی ناوچەكەو بگرە هەموو جیهانیش دەزرنگێتەوە، ئەمەش بەشێكی بۆ سەركێشیە لەناوەختەكانی و بەشێكی دیكەی بۆ ئەو تاوانانە دەگەڕێتەوە كە لە ئەنجامدانیان سڵی لە هیچ شتێك نەدەكردەوە، وەك شارەزایانیش باسی دەكەن بەشێكی زۆری بەهۆی كەس و كارو كەسە نزیكەكانیەوە ئەنجامی داون، لێرەدا پرسیار ئەوەیە: دوای ئەوەی لە بەرەبەیانی رۆژی جەژنی قوربانی 2006 دا سەدام حسین كۆتایی بە ژیانی هات و لەسەر پەتی سێدارە خۆی بینیەوە، چارەنووسی كەس و كارو  نزیكەكەكانی چی بەسەر هات؟


ئەگەر چاوێك لە خودی سەدام حسین بپۆشین و نەچینە ناو وردەكارییەكانی ژیانی ئەو سەركردە بەناوبانگەوە ئەوا دەبێت بزانین چارەنووسی ئەوكەسانە چییان بەسەر هات و لە دوای ئەوەی سەدام حسین لە لایەن هێزەكانی ئەمەریكاو هاوپەیمانانەوە لە ساڵی 2003 وە كۆتایی بە هەموو دەسەڵاتەكانی هات،سەدام حسێن عەبدولمەجید ئەلتکریتی ،٢٨ی نیسانی ١٩٣٧ لە گوندی عۆجەی سەربە شاری تكریتی ناوەندی پارێزگای سەڵاحەدین لە دایك بووەو لە ساڵی ١٩٦٣لەگەڵ ساجیدەی كچە خاڵی خۆی ژیانی خێزانی پێکھێناوەو دوو کوڕی بوو بەناوی عودەی و قوسەیوە سێ کچیشی لێ بوو بەناوی حەلاو ڕەغد و رەنا، دەگوترێت سەدام حسین هاوسەری دیكەی هەبووە بەناوی سەمیرە شابەندەر ،  لە 16 تەمووزی 1979لە جێگری یەكەمی سەرۆك كۆمارەوە دەبێتە بێتە سەرۆك كۆمارو  تا 9 نیسان 2003 سەرۆک کۆماری عێراق ماوەتەوە، دوای ئەوەی لە لایەن هاوپەیمانانی عێراق لە 13/9/2003 و لە دوای گەڕانێكی زۆر لە ژێرزەمینی باخێكدا دەستگیركراو دوای دادگایی كردنیان لەسەر چەندین دۆسیەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، دواجارر لە رۆژی 30 کانوونی یەکەمی 2006بەتاوانی ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی دەرهەق بە گوندی دوجەیل لە سێدارەدراو تەرمەكەی لە زێدی خۆی بەخاك سپێردراو دواترلە كاتی هاتنی سوپای تیرۆرستانی داعش تەرمەكەیان بەرەو شوێنێكی دیكە گواستوەتەوە.


عودەی:
لەپەنای دەسەڵاتی سەدام حسین دوو كوڕەكەی دوو دەسەڵاتدارییی دیارو بەرجەستەی عێراقی ئەو سەردەمە بوون، عودەی كوڕە گەورە سەدام حسین كەسێكی توند ڕەوی تاوانكار، لە بواری ڕاگەیاندن و بواری وەزرش و لاوانن كاری دەكرد، چەندین تەلەفزیۆن و رۆژنامەی دامەزراندو سەرۆكایەتی لیژنەی ئۆڵۆمپیادی عێراقی دەركرد ، توانایەكی لە ڕادەبەدەری هەبوو، ماوەیەكی زۆر سكرتێری تایبەتی باوكی بوو، ئەو زۆربەی جارەكان تەنها قسەی باوكی دەگرتە گوێ و لە دژی هەر بەرپرسێكی عێراق دەوەستایەوەو هەندێكجاریش سەرەڕۆیی دەكرد و خەتی باوكیشی نەدەخوێندەوە. هەربۆیە بە فەرمانی سەدام حسین لە ساڵی 1996 هێرشی چەكدارانەی كرایە سەر و نزیكەی 30 فیشەك بەر خۆی و ئۆتۆمبێلەكەی كەوت، ئەویش لەبەر ئەوەی كە بە پێچەوانەی فەرمانەكانی باوكیەوە رەفتاری كردووە. سەرچاوەكان باس لەوەش دەكەن كە عودەی لە شەوێكی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 1988 لە ئاهەنگێكدا كە بۆ ڕاگەیاندنی هاوسەگیری دووەمی لەگەڵ سەمیرە شابەندەر ئامادەكرایوو بۆ ڕێزلێنان لە سۆزان موبارەكیی هاوسەری حوسنی موبارەكی میسر لە بەغداد  بانگهێشتكرابوو، دوای ئەوەی هەمووان بانگهێشت دەكرێن بۆ ئەو ئاهەنگە جگە لە عودەی ، زۆر بێتاقەت دەبیت لەو  نزیكانە ئەویش هەمان شەو ئاهەنگێك ڕێكدەخات  و جەست دەكەن بە خواردنەوە، كاتێك (كامل حنا جوجو)ی پارێزەری تایبەتی سەدام حسین لە خۆشیدا لەسەر  ستەیجی ئاهەنگەكە تەقە دەكات، عودەی كەسێك دەنێرێت كە تەقە نەكات، ئەویش دەڵێت تەنها گوێ بۆ سەدام حسین دەگرێت ، بۆیە عودەی خۆی دەچێت و بە توڕەییەوە پێی دەڵێت بیوەستێنێت، ئەویش هیچ گوێ بە قسەكانی نادات بۆیە بە گاڵۆكەكەی دەدات بەسەریدا و دەكەوێتە سەر زەوی و دواتر دوو فیشەكی دەمانچەی پێوە دەنێت و دەیكوژێت ، هۆكارەكەشی تەنها بۆ ئەوە دەگەڕایەوە كە ئەو ببوە هۆكاری ناساندنی سەمیرە شابەندەر بە سەدامی باوكی و لە شەوەشدا تەقەی خۆشی كردووە، بەو هۆیەوە بڕیاری غیابی 8 ساڵی بۆ دەركرا، ئەویش وەك پەناهەندەیەك چووە ئوسترالیاو نەگەڕایەوە تا ئەو كاتەی مەلیك حوسەینی پادشای ئەردەن تكای بۆ كردوو  گەڕایەوە وڵات و تەنها 3 مانگ زیندانی كرا، هەربۆیە سەدام حسین كەوتە پشتگوێ خستنی عودەی و دەسەڵاتەكانی سنوردار كرد، تا ئەو كاتەی كە لە 22 تەمووزی 2003 لە هێرشێكی  هێزەكانی ئەمەریكا لەگەڵ قوسەی برای پێكەوە كوژران و تەرمەكەیان لە شوێنێكی نەزانراو بەخاك سپێردران.


قوسەی:
قوسەی كوڕی سەدام حسین لە 16/7/1966 لە بەغداد لەدایك بووە ، خوێندنی لەبەغداد تەواوكردووەو دوابڕوانامەی خوێندنی بەشی یاسای زانكۆی بەغداد بووە، ئەو جگە لەوەی دووەم كوڕی سەدام حسین بووە سەرەتا هیچ بایەخێكی سەربازی نەبووە بەڵكو خولیای ڕاوە ماسی بووە لە باشووری عێراق، (لمی)ی كچی ماهیر عبدالرشید لە ساڵی 1988 كردووەتە هاوسەری خۆی، لە جەنگی عێراق و ئێراندا خولیای بابەتی سەربازی دەكەوێتە مێشكی و دەبێتە بەرپرسی سوپای پاسەوانی كۆمار –حەرەس جمهوری- كە لیوایەكی تایبەت بوو لە ژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی سەدام حسین دا و هیچ كەس نەیدەتوانی كارەكانیان ڕەت بكاتەوە، دواتر دەبێتە بەرپرسی هەواڵگری –موخابەراتی عێراق- لە ساڵی 1999 رۆڵی سەرەكی هەبووە لە ئەنجامدانی ئەو تاوانانەی كە لەناوخۆی عێراق كراون بە تایبەت ڕاپەڕینەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە ساڵی 1991، پاشان لە 1999 وەك نوێنەری تایبەتی سەدام حسین لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی دا، هەربۆیە دەسەڵاتەكانی لە هەموو وەزیرەكانی عێراق زیاتر بوو، لە ساڵی 2000 بووەتە ئەندامی سەركردایەتی حیزبی بەعسی عێراق، بووەتە سەرپەرشتیاری مەكتەبی عەسكەری لەناو حیزبدا كە دەسەڵاتەكانی لە وەزیری بەرگریی عێراق بەرزتر بوو. لەجەنگی عێراق لە بەرامبەر ئەمەریكا 2003 سوپای پاسەوانانی كۆمار ڕۆڵی دیاریان بەسەرۆكایەتی قوسەی هەبووە،  دواجار لەگەڵ عودەی براگەورەی دوای ئەنجامدانی شەریكی 6 كاتژمێریی لە یەكێك لە گەڕەكەكانی شاری موسڵ پێكەوە كوژران.


ساجیدە خیرالله و منداڵەكانی:
هاوسەری یەكەم و دایكی منداڵەكانی سەدام حسین و كە خاڵۆزای خۆی بوو ، كچی گەورە بیرمەندی بەعس (خیرالله تلفاح) بوو ساجیدە، لەدایك بووی ساڵی (1937) ی تكریتەو سەرەتا مامۆستا بووەو دواتر ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ (سەدام حوسێن) پێكهێناوە، براكەی (عەدنان خەیرولڵا تولفاح) وەزیری بەرگری بوو.  پاش داگیركردنی عیراق لەلایەن ئەمریكاوە ساجیدە و كچەكانی بۆ ئەردەن هەڵهاتن و پاشان ساجیدە لەگەڵ " حەلا" روویانكردوەتە وڵاتی قەتەر. حەریر حوسێن كامل كە دەكاتە كچە زای سەدام حوسێن ئاشكرای كردوە: وڵاتە عەرەبیەكان مافی نیشتەجێبوون و ناسنامەو مووچە و خانوی نیشتەجێبونیان پێبەخشیون .

باسی لەوەشكردوە سەدام 15 نەوەی هەیە لەوانە ژمارەیەكیان لە ئەردەن دەژین و نەنك و حەلای پوریشی لە قەتەر دەژین.

رەغەد سێ كور و دوو كچی هەیە ، بەڵام رەنا خاوەنی 3 كور و یەك كچە.

حوسێن كە یەكێكە لە كورەكانی رەنای كچی سەدام لە بواری بەبازاركردن دەخۆێنیت لە یەكێك لە زانكۆ نمونەیەكانی ئەردەن.

سەدام كورێكی دیكەی هەیە بەناوی عەلی كە كوری سەمیرە شابەندەری ژنی دووەمی سەدام حوسێن ە كە لە ساڵی 1982 هاوسەرگیری لەگەڵ كردوە بەڵام قەدەغەبوو باسی ئەو هاوسەگیریە بكرێت و دەوترێت ئێستا لە كەنەدا دەژێت.


رەغد:
لە راپۆرتەكی دەیلی مەیلدا باسی ئەوەدەكرێت، كە تاوەكو ئێستاش رەغدی كچی سەدام حسین لە دوای 2003 وە لە ئەردەن نیشتەجێیەو بارودرخی ئابووری زۆرباشەو وەك كەسێك دەرناكەوێت كە بایەخی سیاسی هەبێت و تا ئێستەش جلوبەرگ و پێڵاو و خشڵەكانی لە ماركە هەرە بەناوبانگە جیهانییەكانە، بۆیە پرسیاری ئایا ئەو پارەیە لەكوێ دێنێت؟ لەلای خەڵكی دروستبووە، چونكە ئەو ئێستا لەلایەن خێزانی شاهانەی ئوردن میوانە و ئەگەر ئەو پارەیەش لەلایەن ئەوانەوە پێی بدرێت، شتێكی سەیر دەبێت.

رەغد، كە ئێستا كۆلێكشنێكی خشڵی دیزاین كردووە و بڵاوی كردووەتەوە، بەوە ناسراوە، كە زۆر حەزی لە ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانكارییە و دەشگوترێت چەندین نەشتەرگەری لەلای پزیشكێكی جوانكاری لە ئوردن ئەنجامداوە.

دەیلی مەیل باسی ئەوەشدەكات، كە كاتێك هەواڵی لەسێدارەدانی باوكی پێگەیشتووە، رەغد لە یەكێك لە ئارایشتگاكان بووە و چاوەڕوانی دەكرد چارەسەری سروشتی جوانكاری بە بەردی گەرم، بۆ بكرێت.
 
عودەی و قوسەی هەردوو كوڕی سەدام بەوە ناسرابوون، كە كەسانی تووندوتیژن، بەڵام "رەغد بەوە ناسراوە كە خەڵك لە زمانەكەی دەترسێن، بەجۆرێك فرۆشیاری دووكانێكی عەمان، كە ناوی بۆتیك دو فرەنسییە، لە ساڵی 2006 بە رۆژنامەی دەیلی مەیلی گوتووە، كە ئەوان لە زمانی رەغدە تۆقیون، چونكە ئەو بە هیچ شتێك رازی نییە".

ئەو لە ساڵی 1967 لە بەغداد لەدایك بووە، ساڵی  1983  هاوسەرگیریی كردووە لەگەڵ حسین كامل، كەبە یەكێك لە كەسایەتیەدیارەكانی عێراق دەهاتە ئەژمار و سەرۆكی دەستەی (تصنیع عسكری)بوو، كە بەرپرس بوون لە دابینكردن و دروستكردنی سەرجەم پیشەسازییەكانی سەربازی بە چەكە قەدەغەكراوەكانیشەوە. لە دوای 2003 وە بە پێ و لەڕێگەی چەند قاچاخچییەكەوە دەچنە وڵاتی سوریاو دواتریش لەگەڵ منداڵەكانی دەچێتە ئەردەن و تا ئێستەش لەوێ نیشتەجێیە. چەند جارێك بەفەرمی داوا كراوەتەوە كە ئەردەن بیگەڕینێتەوە بۆ عێراق بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبووە، بەو پێیەی كە بەدواداچوونی جدی بۆ ئەو داواكارییانە ناكرێت پێدەچێت سوور نەبن لەسەر گەڕانەوەی ئەو كەسە نزیكانەی سەدام حسین. چەند جارێكیش تاوانباركراوە بە هاوكاریكردنی داعش بەڵام لەبەر ئەوەی نەچووەتە بەردەم هیچ دادگایەك و تەنها لە میدیاكانەوە تۆمەتباركراوە، ئەویش رەتی كردووەتەوە.


سەمیرە شابەندەر:
رۆژنامەی سەندەی تایمز باس لە هەندێك نهێنی تایبەت  دەكات كە لەڕۆژانی جەنگی 2003 دا هەبووە، سەمیرە شابەندەر گوتوویەتی: 

"لەكاتی شەڕەكەدا پاسەوانەكانی سەدام بەردەوام من و كوڕەكەمیان لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر دەگواستەوە، دووەم هەفتەی شەڕ بوو كە سەدام سەردانی كردین، بەو سەردانە ترسمان كەم بووەوە".ئەوەیشی گوتووە كە "ئەو رۆژەی بەغدا كەوت ، دیسان سەدام هاتەوە لامان، بەڵام دۆخی زۆر خراپ بوو و دڵەڕاوكێیەكی زۆری پێوە دیار بوو، بۆیە ئەو گریا و وەك خۆی گوتی، خیانەتیان لێ كردووە بۆیە دەسەڵاتەكەی رووخا، بەڵام ئاماژەی بە ناوی كەس نەكرد و ئەوەیش بۆ یەكەمین جار بوو سەدام ببینم دەگری".
 شابەندەر گوتوویەتی: سەدام بەر لەوەی بڕوا و ئێمە بەجێ بێڵێت، جانتایەكی دەستیی دایە من كە پێنج ملیۆن دۆلاری تێدا بوو، هەروەها جانتایەك 10 كیلۆ زێڕی تێدا بوو، پاشان بەجێی هێشتین و پاسەوانەكان ئێمەیان بەرەو سنووری سووریا برد، لەوێشەوە بەرەو لبنان چووین و ئیتر ئاگام لە سەدام نەما تا ئەوكاتەی دەستگیركراوەو لەسەر تەلەفزیۆن بینیم. 

دواتریش رۆژنامە بەریتانیایییەكە رای گەیاندووە، تا ئێستە سەمیرە شابەندەر لە لوبنان نیشتەجێیە، بەڵام بەرنامەی هەبوە روو لە فەڕەنسا بكات.

سەمیرە شابەندەر هاوسەری دووەمی سەدام حسین و دایكی یەك منداڵە لە سەدام حسن بەناوی (عەلی) كە ئێستە لە ئەمەریكا نیشتەجێیە، كچی بازرگانێكی گەورەی لوبنانیە و كامل حەنا حجو چێشتلێنەری ماڵیان بووە، بە پێی زانیارییەكان هاوسەری سەمیرە بەرپرسی ئەندازیاریی هێڵی ئاسمانی عێراق بووە، لەبەرئەوەی سەمیرە زۆر جوان بووە هاوسەرەكەی ناچاركراوە كە تەڵاقی بدات، بە پێی سەرچاوەكان بنەماڵەی سەمیرە، هیچ خولیایەكی سیاسەتیان نەبووە، ئەوان لە بنەڕەتدا خەڵكی وڵاتی لوبنانن و دوو خوشك بوون و هەردوكیان شوویان بە فڕۆكەوان كردووە. سەمیرە هاوسەری ئەندازیاری فڕۆكەوانی نورالدین الصافی بووەو ناچار كراوە كە تەڵاقی بدات و سەدام حسین بیخوازێت، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لە دوای ئەو ڕوداوەوە میدیاكان بەهیچ شێوەیەك تیشكیان نەخستوەتە سەر هاوسەرە پێشووەكەی و چارەنووسی بە كوێ گەشتووە.


ماوەتەوە بگوترێت:
هەرچەندە دەسەڵات سەدام حسین و بنەماڵەكەی ئەوەندە بەهێز بوون، كە هەموو عێراقیان كرنترۆڵ كردبوو بەڵام وەك سەرچاوەكان باسی دەكەن لەناوخۆی خۆیاندا خراپترین خێزان بوون و لەبەریەك هەڵوەشاو بوون، ئەوان بە ئێستەشەوە پێكەوە نایانكرێت و هەریەكەیان لە وڵاتێك نیشتەجێن. خانەوادەی سەدام حسین و نەوەكانی كەمێك خولیای گەڕانەوەیان هەیە بۆ سیاسەت و كاری جدیشیان نەكردووە بۆ گەڕانەوەیان. هەرچەندە زۆرینەی میدیاكانی عەرەب بە سەدام حسین دەڵێن شەهید، بەڵام كاتێك دێنە سەر تاوانەكانی ناتوانن پشتیوانی لێبكەن، ئەوان ئەوەندەیان پێبڕاوە كە پەنای خانەوادەو نەوەكانی بدەن و ڕادەستی دەوڵەتی عێراقی نەكەنەوە.