ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:30 - 25/08/2019

هەسەدە لە چ قۆناغێکدایە؟ ئایا دەبێتە هێزێکی سەرەکی ناوچەکە؟‌

پەیسەر

کۆبوونەوەی ساڵانەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە ئامانجی پلانسازیی گونجاو بۆ لەناوبردنی تەواوەتی داعش و بەهێزکردنی ئاسایشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و چەسپاندنی ئاشتی لە نێوان گەلانی ناوچەکە، کۆتاییهات.

 مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە لە وتاریکدا ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی هەسەدە بناغەی گارانتی سوریایەکی یەکگرتووە. باسی لەوەشکرد، شەڕی دژی داعش کۆتایی نەهاتووە، بەڵام هێرشەکانی تورکیا کاریگەریی خراپیان لەسەر بەرەنگاربوونەوەی داعش هەیە.

عەبدی ئاماژەی بەوەدا، ئەوان بۆ ئاشتی و ئارامی و کۆتاییهاتنی قەیرانی سوریا کاردەکەن، بەڵام بەبێ عەفرین ئاشتی لە سوریا ناچەسپێت.

هەسەدە ئەنجامنامەی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، بەڵێن بە خەڵکی خۆیان دەدەن، عەفرین لەژێر داگیرکاریی ڕزگار بکەن و بەرگریی لە خاک و نیشتمانەکەیان بکەن.

لە بەشێکی دیکەی ئەنجامنامەکەدا هەسەدە ئاماژەی بەوەکردووە، پێویستە ڕژێمی سوریا بەشداری لە دیالۆگی "سوری – سوری"دا بکات و هەموو لایەنەکان بەیەکەوە هەوڵی ئارامکردنەوەی وڵات و کۆتاییهێنان بە قەیرانی سوریا بدەن

ڕاشیگەیاند، پێویستە ڕژێم دان بە خۆبەرێوەبەرایەتی ڕۆژئاوای کوردستاندا بنێت و سوریای داهاتوو سوریایەک نەبێت هەموو بڕیارێک لە ناوەندەوە دەربچێت و ناوەند حوکمى هەمووان بکات.

هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" کە پێنج ساڵ لەمەوبەر دامەزرا چۆن توانی لە هێزێکی هەرێمیەوە ببێتە هێزێکی گەورە لە سەر ئاستی ناوچەکە و جیهان؟

دامەزراندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات

هەسەدە لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥دا دامەزرا. لە یەکەمین ڕاگەیاندنیدا باسی ئامانجەکانی دامەزراندنی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، ئامانجی سەرەکیان دروستکردنی سوریایەکی دیموکراسییە کە هەموو پێکهاتە و تاکەکان خاوەنی ماف و ئازادی خۆیان بن.

لە سەردەمێکدا هێزەکانی سوریای دیموکرات دروست بوو، داعش پانتاییەکی زۆری خاکی سوریا و عێراقی کۆنترۆڵکردبوو. لەو کاتەوە هەتا ٢١ی ئازاری ئەمساڵ بەردەوام دژی داعش شەڕی کرد و بە هاوکاری و پشتگیری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی توانی کۆتایی بە خەلافەتی داعش لە سوریا بهێنێت.

هەسەدە یەکەم ئۆپەراسیۆنی لە گوندەکانی حەسەکە و هۆلێ و شەداد دەستیپێکرد، دواتر دەستی بە رزگارکردنی باشووری کانتۆنی کۆبانێ کرد. هەسەدە ئۆپەراسیۆنەکانی لە تەبقا و رەقا درێژەپێدا و لە کۆتاییدا توانی هەموو دێرەزۆر لە تیرۆریستانی داعش پاکبکاتەوە.

هەسەدە توانی ببێتە هیوایەک بۆ خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سوریا، بێجگە لە شەڕی داعش توانی ژمارەیەک هەرێم و ناوچە لە هێرشەکانی تورکیا و سوریا بپارێزێت.

 

بە پێی ئاماری هەسەدە، لە شەڕی دژی داعشدا ١١ هەزار شەڕڤان شەهیدبوون و زیاتر لە ٢٤ هەزار شەڕڤانیش برینداربوون

لەگەڵ سەرکەوتنەکانی ئەو هێزەدا، ژمارەی شەڕڤانەکانی گەیشتە نزیکەی ٧٠ هەزار شەڕڤان، لە ئێستادا خاوەنی ٧٦ فەوجە، هەر فەوجێکیش ٢٥٠ بەشی جیاوازی هەیە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات لە نوسینگەی خانەوادەی شەهیدان و نوسینگەی گشتی و ئەرشیف و ڕاگەیاندن، کاروباری مەدەنی، ئامادەکردن و پەروەردە و ئابوری و لۆجیستیک و چەک، نوسینگەی زانیاری سەربازی و نوسینگەی کاروباری ژنان پێک دێت، نوسینگەکانیش لە هەموو هەرێمەکان چالاکن.

پرۆسەی سەرلەنوێ رێکخستنەوەی هێزەکە بەردەوامە و هەوڵدەدرێت لە کۆبانی و ڕەقا و تەبقا و گرێ سپی و سەرێکانی و قامیشلۆ و هۆلێ و دێرەزۆر، ئەنجومەنی سەربازی بە پێی تایبەتمەندی شار و ناوچەکان دروست بکرێت.

ئامانجێکی سەرەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەوەیە، لە گۆرەپانی نێودەوڵەتیدا لەگەڵ هێزە گەورەکان هاوپەیمانی ببەستێت، نمونەیەکی ئەوەش پەیمانی نێوان هەسەدە و نەتەوە یەکگرتووەکان بوو کە لە ٢٩ی حوزەیراندا بەسترا.