ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:28 - 18/08/2019

ئایا كورد متمانە بە هەنگاوەكانی جەهەپە دەكات؟‌

پەیسەر

دوای سەركەوتنی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا، پارتى گه‌لى كۆماریى(جەهەپە)خەریكی ئامادەكردنی راپۆرتێكە لەبارەی چارەسەری كێشەی كورد. به‌شێك له‌ چاودێران هەنگاوی ئەم پارتە بە (راستگۆیانە) لە قەڵەم دەدەن و نووسەرێكی تورك دەڵێت:"جەهەپە پێشنیار دەكات لە دەستووری توركیادا خوێندن بە زمانی توركی قەبوڵ بكرێت".

پارتی گەلی كۆمار جەهەپە لە ٩ی ئەیلولی ١٩٢٣ دامەزراوە. كۆنترین پارتی سیاسییە لە توركیادا، هەڵگری بیروباوەڕی كەمال ئەتاتورك دامەزرێنەری كۆماری توركیا و سۆسیال دیموكراتیانەیە، بە پارتێكی سەرەكی باڵی چەپی تورك لە قەڵەمدەدرێت. لە سەردەمی یەك پارتیدا لە ساڵی ١٩٢٣ تا ١٩٥٠ بێ ناوبڕ دەسەڵاتدار بووە. 

لە ئێستادا جەهەپە خاوەنی ١٤٤ كورسییە لە پەرلەمانی توركیادا و لەگەڵ (ئی پارتی - İYİ Parti) بەیەكەوە هاوپەیمانی "میللەت" یان پێكهێناوە. لە ساڵی ٢٠١٠ بەدواوە كەمال كلیچدارئۆغڵو كە كوردێكی عەلەوی دێرسیمی-یە سەرۆكایەتی ئەم پارتە دەكات. 

ناو بەناو ئەم پارتە بۆ چارەسەریی كێشەی كورد هەندێك هەنگاوی ناوە

هەرچەندە لەسەردەمی ئەم پارتەدا (جەهەپە)، كورد تووشی گەورەترین و دڕندەترین كۆمەڵكوژی وەكو كۆمەڵكوژیەكانی (گەلی زیلان، دێرسیم و ئاگری) بووەتەوە، بەڵام ناو بەناو ئەم پارتە بۆ چارەسەریی كێشەی كورد هەندێك هەنگاوی ناوە، كە لە مێژووی كۆماری توركیادا بە هەنگاوی دەگمەن بەناو دەكرێت. 

جەهەپە لە ١٥ی ئایاری ساڵی ١٩٩٠ یەكەم راپۆرتی دەربارەی كێشەی كورد لە مێژووی كۆماری توركیادا بڵاوكردەوە. جەهەپە لەدوای سەركەوتنی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیادا لە ٢٦ی ئاداری ١٩٨٩ بەسەر پارتی نیشتمانی دایك (ANAP) بە سەرۆكایەتی سەركۆماری پێشووی توركیا تۆرگوت ئۆزال بڕیاری ئامادەكردن و بڵاوكردنەوەی ئەم راپۆرتەی دەركرد. 

بارودۆخی ئەو سەردەمەی توركیا لە چەندین رووەوە وەكو بارودۆخی ئەمڕۆی توركیا بوو. چۆن جەهەپە لە ٣١ ئادار و ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٩ گورزێكی گەورەی لە دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان  (ئاکپارتی) و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا وەشاند، لە ساڵی ١٩٨٩ بەهەمان شێوە، جەهەپە گورزێكی گەورەی لە پارتەكەی تۆرگوت ئۆزال وەشاند و لەگەڵ شارەوانییەكانی هەریەك لە ئیستانبۆڵ، ئەنقەرە و ئیزمیر ٣٩ شارەوانی لە دەستی ANAP دەرهێنا. 

هەروەها چۆن ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمار و سەرۆكی ئاکپارتی(ئاکپارتی) سەرۆك شارەوانییەكانی جەهەپە وەكو (قازێ باڵ شكاو) بەناو دەكات و هەڕەشەی رێگرتنیان لێدەكات، تۆرگوت ئۆزال بەهەمان شێوە لە ساڵی ١٩٨٩ دا كەمپینێكی توندی لە دژی سەرۆك شارەوانیەكانی جەهەپە دەستپێكردبوو. 

لە ناونیشانی راپۆرتەكەدا ناوی كورد ناهێنێت، بەڵام لەناوەوەی راپۆرتەكەدا باس لە كێشەی كورد هۆكارەكانی كراوە

سەركەوتنی جەهەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە ساڵی ١٩٨٩ دا، بوێری دایە ئەم پارتە دەستپێشخەری بكات لە مەسەلەی چارەسەری كێشەی كورد دا، بەتایبەتی لەو كاتەدا شەڕی پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK) و سوپای توركیا لە بەرفراوانبووندا بوو، ژمارەی ئەو دێهاتە كوردییانەی چۆڵدەكران لە هەڵكشان دابوو، لە شارە كوردییەكانیشدا گوشارێكی هێجگار زۆر بەسەر هاووڵاتیانی كورد پەیڕەودەكرا. جەهەپە لە بارودۆخێكی بەم شێوەدا راپۆرتێكی بەناوی " كێشەی رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵات پێشنیاری چارەسەری" بڵاوكردەوە. هەرچەندە لە ناونیشانی راپۆرتەكەدا ناوی كورد ناهێنێت، بەڵام لەناوەوەی راپۆرتەكەدا باس لە كێشەی كورد، هۆكارەكانی كراوە. هەروەها باس لە سانسۆر، دەربەدەركردن، ئەشكەنجەدان، دەستگیكردنی بە كۆمەڵ، چۆڵكردنی دێهاتەكانی كورد و گوشار لەناو شارە كوردییەكاندا دەكرێت. 

لە دوای سەركەوتنی جەهەپە لە هەڵبژاردنە شارەوانییەكانی توركیادا لە ٣١ی ئادار و ٢٣ی حوزەیرانی رابردوودا، بەرپرسانی ئەم پارتە دەربارەی كێشەی كورد زمانێكی جیاوازتر لەو زمانە بەكاردێنن كە ساڵانی رابردوو قسەیان پێكردووە، لە لێدوانەكانیاندا بۆ چارەسەری كێشەكانی توركیا چارەسەری كێشەی كورد بە مەرجی پێشوەخت لە قەڵەم دەدەن. لە ماوەی رابردوودا هەریەك لە ئەكرەم ئیمائۆغڵو، سەرۆكی شارەوانی گەورەی ئیستانبۆڵ و جانان كافتانجیئۆغڵو سەرۆكی لقی ئێستانبۆڵی جەهەپە لەمبارەیەوە چەند لێدوانێكیان ئاراستەی رای گشتی توركیا و سەركردایەتی جەهەپە كرد. هەر دواییش كەمال كلیچدارئۆغڵو سەرۆكی گشتی جەهەپە لە ٢٩ی مانگی تەمووزی رابردوودا رایگەیاند، كە پارتەكەی بە مەبەستی هەمواركردنەوەی راپۆرتی" ٢٢پرسیار و ٢٢ وەڵام"كە لەلایەن پەرلەمانتاری كوردی جەهەپە سەزگین تانڕیكولو دەربارەی كێشەی كورد لە ساڵی ٢٠١٥ ئامادەكرابوو، كۆمسیۆنێكی لە یاساناس و دەستوورناسان ئامادەكردووە. 

(جەهەپە) چۆن گەیشتە ئەم قۆناغە؟
هەرچەندە جەهەپە خۆی وەكو پارتێكی چەپ و عەلمانی لە قەڵەمدەدات، بەڵام ئەم پارتە پڕە لە دەنگی جیاواز وەكو نەتەوەپەرستی، فاشیستی دژەكورد، لیبڕاڵ، چەپگر و جگە لە كورد. بەتایبەتی دوای پەیڕەوكردنی سیستەمی فرە حزبی لە توركیادا، بەهۆی ئەم راستییەی سەرەوە جەهەپە نەیتوانی ستراتیژێكی دیار بگرێتەبەر و كار بۆ سەرخستنی بكات. 
بەڵام لەدوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی جەهەپە لەلایەن كەمال كلیچدارئۆغڵو، خەریكە دەنگی نەتەوەپەرستان لەناو ئەم پارتە كزدەبێت، كە ئەمەش بە قازانجی كێشەی كوردە. كەمال ئۆزكریاز، سەرۆكی ناوەندی ئەڤراسیا بۆ توێژینەوە و راپرسی، لە وەڵامی پرسیارەكانی (پەیسەر پرێس) دا پێیوایە جەهەپە لەدوای حەوتی حوەزیرانی ٢٠١٥ پلانێكی هەبووە، بۆ بە رۆژەڤكردنی چارەسەری پرسی كورد. لەمبارەیەوە دەڵێت:" كەمال كلیچدارئۆغڵو ویستێكی بەم شێوەیەی هەبوو، بەڵام پڕۆسەی یەك بەدوای یەكی هەڵبژاردنەكان، هەوڵی ئەنجامدانی كودەتای سەربازی، ریفڕاندۆم بۆ گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی بۆ سەرۆكایەتی و هەروەها هەڵبژاردنی شارەوانی دەرفەتی پێنەدا جێبەجێی بكات. دیارە جەهەپە ئەم بارودۆخەی ئێستا بە گونجاو دەزانێت بۆ ئەوەی جارێكی دیكە لە مەسەلەی چارەسەری كێشەی كورد دەستپێشخەری بكات". لەبارەی پلانی جەهەپە چیە؟ ئەوەی كاری بۆ دەكات رەشنووسی پڕۆژەیەكە بۆ چارەسەری یان راپۆرتێك ئامادە دەكات؟

ئۆزكریاز دەڵێت:" جەهەپە راپۆرتێك ئامادەدەكات، تیایدا ئاماژە بە هۆكارەكانی كێشەی كورد و پێشنیارەكانی چارەسەری دەكات. پێموایە لەم راپۆرتەدا جەهەپە پێشنیاری دەستورێكی نوێش دەخاتەڕوو". 

لە هەر كاتێكی رابردوو زیاتر كادیر و بەرپرسانی جەهەپە متمانەیان بە كلیچدارئۆغڵو هەیە

سەرۆكی ناوەندی ئەڤراسیا پێیوایە لە ئێستادا جەهەپە لە بارودۆخێكی بەهێز دایە و كەمال كلیچدارئۆغڵو توانی چەندین كێشەی مەودا درێژی ناو پارتەكەی چارەسەر بكات. بەم شێوەیە درێژە بە قسەكانی دەدات:" لەگەڵ هەوڵەكانی كلیچدارئۆغڵو بۆ بەناوەندی كردنی پارتەكەی، گوتاری جەهەپە گۆڕا بۆ گوتاری خەڵك. كاتێك گەیشتە ئەو ئاستەی لەگەڵ كۆمەڵگادا لە دژی ئاکپارتی بكەوێتە جوڵە، جەهەپە بووە رێبەری ئۆپۆزسیۆنی كۆمەڵایەتی. سەركەوتنی ئەم دواییەی لە هەڵبژاردنەكاندا دەرەنجامی ئەو گۆڕانكاریەیە كە نزیكەی ١٠ ساڵ لەمەوبەر دەستپێكراوە". 

كەمال ئۆزكریاز لە كۆتایی قسەكانیدا هەوڵی جەهەپە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری لەبەرەی ئۆپۆزسیۆندا بە دەرئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانی لە ٣١ی ئادار و ٢٣ی حوزەیرانی رابردوو دەبەستێتەوە و بەم شێوەیە كۆتایی بە قسەكانیدا دەهێنێت:"پێویستە ویستی جەهەپە بۆ لەیەكتر نزیككردنەوەی پارتی دیموكراتی گەلان (HDP) و ئی پارتی(İYİ parti) لەناو ئۆپۆزسیۆنی كۆمەڵایەتیدا باش بخوێنینەوە. كەمال كلیچدارئۆغڵو توانی متمانەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان بەدەست بێنێت و بەم شێوەیە رێككەوتنی دەستبەركرد. لە ئێستادا لەناو جەهەپەدا كەس لەدژی كلیچدارئۆغڵو ناوەستێتەوە پەیوەست بە سیاسەتی رێككەوتن لەگەڵ پارتە سیاسییەكاندا. بە پێچەوانەوە لە هەر كاتێكی رابردوو زیاتر كادیر و بەرپرسانی جەهەپە متمانەیان بە كلیچدارئۆغڵو هەیە".

(جەهەپە) لە چارەسەری كێشەی كورد تا كوێ دەڕوات؟
جەهەپە بە پارتی سیستەم و دەوڵەت لە قەڵەم دەدرێت، بۆیە پێناچێت بیرۆكەی چارەسەری لای ئەم پارتە هێڵە سورەكانی دەوڵەت تێبپەڕێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پارتە ناچارە هەندێك هەنگاوی بوێر بنێت بۆ ئەوەی بتوانێ سەرەنجی رای گشتی تورك و كورد رابكێشێت. بەگوێرەی نووسەر موڕاد سابونجی، سەرنووسەری پێشووی رۆژنامەی (جمهوریەت) زۆربەی جەماوەری جەهەپە پشتگیری لە چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد دەكات. سابونجی لە وەڵامی پرسیارەكانی (پەیسەر پرێس) دا دەڵێت:" لەگەڵ بەرپرسانی باڵای جەهەپە قسەم كردووە، گووتیان لەبارەی كێشەی كورد هەنگاوی گرنگ دەگرینەبەر. پڕۆسەی ٣١ی ئادار و ٢٣ی حوزەیران بەهای هاوبەشی دروستكردووە. لە مەسەلەی چارەسەری كێشەی كورد جەماوەری جەهەپە پشتگیری پارتەكەی دەكات". 

جەهەپە داوادەكات مافی خوێندن بە زمانی كورد لە دەستووری توركیادا جێگیر بكرێت

هەروەها دەڵێت:" بەرپرسێكی باڵای جەهەپە پێی گووتم لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بە ئاشكرا رێككەوتن لەگەڵ HDP سازدەكەین، قۆناغی رێككەوتنی نهێنی بەسەرچووە".
 
لەبارەی ناوەڕۆكی ئەم راپۆرتەی كە جەهەپە خەریكە ئامادەی دەكات موڕاد سابونجی بەم شێوەیە درێژە بە قسەكانی دەدات:" لەناو جەهەپەدا چەندین تەلەفۆنم بۆ هاتووە، تا ئەو ئاستەی لێی تێگەیشتووم یوسف ئەمرە جێگری كەمال كلیچدارئۆغڵو، بەرپرسیارێتی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتەی وەرگرتووە.  جەهەپە لە راپۆرتی خۆیدا لە ساڵی ٢٠١٥ بە ناونیشانی (٢٢ پرسیار و ٢٢ وەڵام) كە پەرلەمانتاری كورد سەزگین تانڕیكولو ئامادەی كردووە، جەخت لەوە دەكاتەوە كە كێشەی كورد بە رێوشوێنی ئەمنی چارەسەر ناكرێت، پەرلەمان بە ناونیشانی چارەسەری لەقەڵەم دەدات. لە راپۆرتی ئەمجارەیدا داوا لە پارتە سیاسییەكان دەكات، كۆمسیۆنی رێككەوتنی كۆمەڵایەتی و لێكۆڵینەوە لە راستییەكاندا درووستبكرێت". 

لە كۆتایی قسەكانیدا سابونجی دەڵێت:"جەهەپە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد چەند پێشنیارێك دەخاتەڕوو، بەتایبەتی داوادەكات مافی خوێندن بە زمانی كورد لە دەستووری توركیادا جێگیر بكرێت". 

كورد چۆن هەنگاوەكانی (جەهەپە) لێكدەداتەوە؟ 
بەهۆی سەركوتكردن، نكۆڵیكردن و بێ مافكردنی كورد لە باكووری كوردستاندا، كۆمەڵگای كورد زوو بە زوو باوەڕ بەم هەنگاوانە ناكات كە پارتە سیاسییەكان دەیگرنەبەر. بەتایبەتی ئەو پارتانەی وەكو جەهەپە كە بە پارتی سیستەم و دەوڵەت دەناسرێن. هەر ئەمەش وایكردووە كۆمەڵگای كورد لە توركیادا ئاستی هۆشیاری و تێگەیشتنی سیاسی بەرزبێتەوە. 

ئیمام تاشچەر، پەرلەمانتاری هەدەپە و نوێنەری شاری ئامەد، پێیوایە جەهەپە بەدرێژایی تەمەنی تەنیا یەك شتی باشی لەبارەی كێشەی كورد كردووە، كە ئەویش راپۆرتی ئەم پارتەیە لە ساڵی ١٩٩٠دا. تاشچەر لەمبارەیەوە بۆ (پەیسەر پرێس) دەڵێت:" لە ئێستادا جەهەپە بانگەشەی شتی باش بۆ كێشەی كورد دەكات، تا نەیبینم باوەڕناكەم، بۆیە هێشتا زووە لەمبارەیەوە قسەبكەین". 

باڵی نەتەوەپەرستی لەناو جەهەپە دا لاواز بووە

رۆژ گیرەسون بەرپرسی ناوەندی (راوەست) بۆ توێژینەوە و راپرسی كە ناوەندەكەی لە شاری ئامەد لە باكووری كوردستان دایە، لە وەڵامی پرسیارەكانی (پەیسەر پرێس) دا پێیوایە مسۆگەركردنی سەركەوتنی جەهەپە لە هەڵبژاردنەكانی شارەوانیدا بە دەنگی كورد بەو واتایە نایێت كورد لە چارەسەركردنی كێشەكەیدا متمانە بە جەهەپە دەكات و ئەم پارتە بەجددی دەزانێت. لەمبارەیەوە دەڵێت:"راستتر دەبێت ئەگەر بڵێین دەنگدەری كورد جەهەپە ی وەكو گۆپاڵ بەكارهێنا بۆ سزادانی ئاکپارتی". 

لەهەمانكاتدا پێیوایە لێدوانی بەرپرسانی جەهەپە وەكو ئیمامئۆغڵو و كەفتانجیئۆغڵو لەدوای پڕۆسەی ٢٣ی حوزەیراندا لەبارەی چارەسەری كێشەی كورد حوكمی نەرێنی دەنگدەری كوردی لەسەر جەهەپە لاوازكردووە.

لەبارەی ناوەڕۆكی راپۆرتی جەهەپە كە هێشتا بڵاونەكراوەتەوە گیرەسۆن بەم شێوەیە درێژە بە قسەكانی دەدات:" وەك چاوەڕێ دەكرێت بە زووانە جەهەپە راپۆرتی ساڵی ٢٠١٥ هەموار دەكاتەوە، بەگوێرەی زانیاریەكانم راپۆرتەكە پێشنیاری جددی لەخۆدەگرێت بە تایبەتی لە مەسەلەی خوێندن بە زمانی دایك و هەروەها دامەزراندن و سوودوەرگرتن لەو مامۆستایانەی بەشی زمان و ئەدەبی كوردیان تەواو كردووە".

جەهەپە بەو هەنگاوانەی لەبارەی كێشەی كورد پشتگیری ئی پارتی لەدەست دەدات

گیرەسۆن لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی ئەو كێشە و گرفتانە دەكات كە لەبەردەم جەهەپە دایە، لەبارەی چارەسەری كێشەی كورد:"زەحمەت نیە ئەگەر بڵێین جەهەپە بەو هەنگاوانەی لەبارەی كێشەی كورد پشتگیری ئی پارتی(İYİ parti) لەدەست دەدات، یان رێككەوتنەكەی لەگەڵ ئی پارتی(İYİ parti)زیانی گەورەی بەردەكەوێت، لەبەر ئەم هۆكارانە، كاتێك جەهەپە بیر لە گرتنەبەری ئەم هەنگاوانە دەكاتەوە، پێویستە پێشوەخت بیر لە هەردوو هاوسەنگی بكاتەوە". 

لە كۆتایی قسەكانیدا رۆژ ڤیرەسون ئەوە ناشارێتەوە كە باڵی نەتەوەپەرستی لەناو جەهەپە دا لاواز بووە، كەمال كلیچدارئۆغڵو ستافەكەی دەتوانن بەرەنگاری هەر جوڵەیەك ببنەوە لەناو پارتەكەیدا. بەڵام بۆ ئەوەی راپۆرتەكەی جەهەپە دەنگدانەوەی باشی هەبێت پێویستە ئەم پارتە ماوەیەك چاوەڕێ بكات تا بلۆكی نەتەوەپەرستیی لاواز دەبێت:"دەبێت جەهەپە چاوەڕێ بكات تاوەكو بابەجان، گول و داودئۆغڵو پارتێكی سیاسی نوێ رادەگەینن، كاریگەری ئەوان ببینێت و بزانی لەبارەی كێشەی كوردی چی دەڵێن و چی دەكەن".