ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

08:23 - 21/07/2019

هێرشه‌كه‌ى ئامرلى بۆسه‌ر حه‌شدى شه‌عبى مشتومڕى دروستكردووه‌‌

پەیسەر

په‌یسه‌رپرێس به‌دواداچوون بۆ هێرشی فڕۆكه‌یه‌ك بۆ سه‌ر ئامرلی ده‌كات، سه‌ركرده‌یه‌كی ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌ڵێت، پێیان وانییه‌ ئیسرائیل له‌پشت هێرشه‌كه‌وه‌ بێت، په‌رله‌مانتارێكی سائیرونیش ده‌ڵێت، به‌دووری نازانن ئیسرائیل هێرشه‌كه‌ی ئه‌نجامدابێت به‌وپێیه‌ی"دوژمنی عێراقه‌".

دوورۆژ پێش ئێستا فرۆكه‌كانی ئیسرائیل، هێرشیانكرده‌ سه‌ر بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی سه‌ر به‌حه‌شدی شه‌عبی له‌ قه‌زای ئامرلی، به‌پێی زانیارییه‌كانی پێگه‌ی (العهد) ئه‌و سێ موشه‌كه‌ی ئیسرائیل هێرشی پێكرده‌ سه‌ر بنكه‌كه‌ى حه‌شدی شه‌عبی، له‌جۆری هاروپ بوون ئه‌و موشه‌كانه‌ توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ هه‌زار كیلۆمه‌تر ببڕن، به‌پێی زانیاریه‌كانی ئه‌و پێگه‌یه‌، موشه‌كه‌كان له‌رێگه‌ی فرۆكه‌ی ئێف ١٦ی ئیسرائیلیه‌وه‌ هاوێژراون و فرۆكه‌كه‌ش له‌ باشوری رۆژهه‌ڵاتی قه‌زای روتبه‌ی پارێزگای ئه‌نباره‌وه‌ ئامانجه‌كانی پێكاوه‌.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌عد متڵه‌بی، سه‌ركرده‌ له‌ده‌وڵه‌تی یاسا به‌ په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاند، یه‌كه‌م داواكاری ئه‌وان ئاشكراكردنی راستییه‌كانه‌ سه‌باره‌ت به‌و هێرشه‌، گرنگترین خاڵ دیاریكردنی به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌و فرۆكه‌یه‌، گوتیشی ئه‌و پێی وانیه‌، ئه‌و فرۆكه‌یه‌ ئیسرائیلی بووبێت به‌ڵكو پێیوایه‌ رێكخراوی داعش یان ئه‌و گروپانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌داعش-ه‌وه‌ هه‌یه‌ یان ئه‌و "رێكخستنه‌ شۆڤێنییانه‌ی كێشه‌یان له‌سه‌ر پرسی كه‌ركوك و ئامرلی هه‌یه‌" و هه‌ڵوێستیان هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر حه‌شدی شه‌عبی، دوای ئاشكراكردنی راستیه‌كان پێویسته‌ حكومه‌تی عێراق ئاراسته‌بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی رێكاری پێویست بگرێته‌ به‌ر بۆ رێگری له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و رووداوه‌.

سه‌عد متڵه‌بی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ڵێن فرۆكه‌ی ئیسرائیلی له‌قه‌زای روتبه‌وه‌ هێرشه‌كه‌ی ئامرلی به‌موشه‌كی هاروپ ئه‌نجامداوه‌، دوورن له‌راستیه‌وه‌.

"ئه‌وهێرشه‌ سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌ت له‌پاراستنی سه‌روه‌ری وڵاته‌كه‌ی لاوازه‌"

لای خۆیه‌وه‌ سه‌باح عگێلی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له‌فراكسیۆنی سائیرون، به‌ په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاند، هێرشه‌كه‌ی سه‌ر ئامرلی پێشێلكردنێكی ئاشكرای سه‌روه‌ری وڵاتێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ریه‌. گوتیشی"ده‌بوایه‌ وه‌ڵامی حكومه‌تی عێراق له‌سه‌ر ئاستی رێكخراوه‌ نێوه‌ده‌وڵه‌تیه‌كان زۆر روونتر بوایه‌، ئه‌و هێرشه‌ سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌ت له‌پاراستنی سه‌روه‌ری وڵاته‌كه‌ی لاوازه‌".

عگێلی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌و پرسه‌ له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران گفتوگۆده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی راستیه‌كان بزانن،"دۆخه‌كه‌ زۆر ئاڵۆزه‌ و رێگه‌ به‌ده‌ستوه‌ردانی له‌و شێوه‌یه‌ نادات، نابێت حكومه‌تی عێراق رێگه‌ به‌وه‌ بدات خاكه‌كه‌ی بكرێته‌ گۆره‌پانی یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كێشه‌ی وڵاتان".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران راشیگه‌یاند، تائێستا روون نه‌بووەته‌وه‌ كێ ئه‌و هێرشه‌ی ئه‌نجامداوه‌، بۆ روونبوونه‌وه‌ی ئه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی پێكهێناوه‌، به‌ڵام به‌دووری نازانن ئیسرائیل له‌پشت هێرشه‌كه‌وه‌ بێت، "چونكه‌ ئیسرائیل به‌لای عێراقه‌وه‌ دووژمنه‌ و هیچ په‌یوه‌ندیه‌كیشیان له‌نێواندا نییه‌".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ده‌گوترێت هێزه‌كانی سه‌ر به‌سوپای پاسداران و موشه‌كی ئێرانی له‌و بنكه‌ سه‌ربازیه‌ بوون، سه‌باح عگێلكی رایگه‌یاند،"بنكه‌سه‌ربازییه‌كانی عێراق ته‌واویان سه‌ربازگه‌ی عێراقین و هێزه‌كانی عێراقیان تێدا جێگیركراوه‌، هیچ هێزێكی بیانی جا ئێرانی بێت یان شوێنێكی تر له‌عێراق نیه‌، به‌ڵام ئه‌و سه‌ربازگانه‌ی تایبه‌ته‌ به‌ئه‌مریكیه‌كان ئه‌وه‌ خۆیان زانیاریان ده‌رباره‌یان لایه‌".

كاتژمێر ٠١:٥٠ و ٠٢:٢٠ ی شه‌وی هه‌ینی، فرۆكه‌یه‌ك هێرشی كرده‌ سه‌ر سه‌ربازگه‌ی شوهه‌دای سه‌ر به‌ لیوای ١٦ی حه‌شدی شه‌عبی و به‌هۆیه‌وه‌ دوو ئه‌ندامی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی برینداربوون.

رۆژی هه‌ینی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا پنتاگۆن، ره‌تیكرده‌وه‌ ئه‌وان هێرشیان كردبێته‌ سه‌ر هیچ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی حه‌شدی شه‌عبی له‌ناو خاكی عێراق.

هه‌مان رۆژ عادل عه‌بدولمه‌هدی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق، فه‌رمانی كرد به‌دروستكردنی لیژنه‌یه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و رووداوه‌ كه‌ له‌فه‌رمانده‌یی هێزه‌ هاوبه‌شه‌كان، نوێنه‌ری فه‌رمانده‌یی هێزی ئاسمانی، نوێنه‌ری فه‌رمانده‌یی به‌رگری ئاسمانی و ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی پێكدێت، بۆ ئه‌وه‌ی راستییه‌كان له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاشكرابكات.

ئامرلی تا ساڵی ٢٠١٧ ناحیه‌ بوو، سه‌ربه‌قه‌زای خورماتوو له‌پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، یه‌كێكه‌ له‌وناوچانه‌ی كه‌ ناكۆكی له‌نێوان هه‌رێم وبه‌غداد له‌سه‌ره‌و ده‌بێت به‌پێی ماده‌ی ١٤٠ی ده‌ستوری عێراقی چاره‌نوسه‌كه‌ی یه‌كلایی بكرێته‌وه‌.