ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:30 - 18/07/2019

دوای بێدەنگكردنی میدیای ناوخۆ، لە هەوڵی بێدەنگكردنی میدیای نێودەوڵەتیدایە!‌

پەیسەر

وەقفی توێژینەوەی (SETA) سەر بە ئاكەپە لە دوا راپۆرتیدا داوا لە حكومەت دەكات، ئەو رۆژنامەنووسانەی بۆ ئاژانس و میدیا نێودەوڵەتیەكان كاردەكەن بخاتە ژێر چاودێرییەوە، بە درێژكراوەی میدیای نێودەوڵەتی لە قەڵەمیان دەدات. ناوەندەكانی رۆژنامەنووسان راپۆرتەكە بە مەترسی لەسەر گیانی ئەو رۆژنامەنووسانە لە قەڵەم دەدەن. رۆژنامەنووسێكی كورد پێیوایە راپۆرتەكەی (SETA) هەوڵێكە بۆ دروستکردنی تەگەرە لەبەردەم پڕۆژەی رۆژنامەنووسانی كوردی باكووری كوردستان كە بە بارودۆخێكی هێجگار خراپدا تێپەڕدەبێت. 

(SETA)، كورتكراوەی وەقفی توێژینەوەی سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتیە. دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) لە ساڵی 2006 دامەزراوە. (SETA) پێنج ئۆفیسی سەرەكی لە شارەكانی، ئەنقەرە، ئیستانبوڵ، واشنتن، بەرلین و قاهیرە هەیە. وەقفی ناوبراو، لەبارەی مەسەلە سیاسی، ئابووریی و كۆمەڵایەتیەكان راپۆرت ئامادە دەكات. رۆڵێكی نافەرمی راوێژكاریی لە بەرژەوەندی حكومەتی ئاكەپە دەبینێت. زۆرجاریش هەوڵدەدات رۆژەڤێك دروستبكات تا رۆژەڤی سەرەكی لەبیر رای گشتی بباتەوە.

ئاکەپە 146 رۆژنامەنووسی تورکیا کە لە میدیا جیهانییەکاندا کاردەکەن، بە ناهاوسەنگ و دژ بە حكومەت لە قەڵەم دەدات

(SETA) لە 6ی ئەم مانگەدا لە راپۆرتەكەیدا كە 196 لاپەڕەیە بەناوی "درێژكراوەی میدیای نێودەوڵەتی لە توركیادا"، ناوی 146 رۆژنامەنووسی هێناوە كە كار بۆ میدیای نێودەوڵەتی دەكەن. هەواڵ و بەدواداچوونی ئەم رۆژنامەنووسانە لە دەزگاكانی راگەیاندنی نێودەوڵەتی وەكو (BBC توركی، دەنگی ئەمریكا توركی، ئاژانسی سپۆتینگی توركی، ئیندیپێندێنتی توركی و رادیۆی نێودەوڵەتی چین) بە ناهاوسەنگ و دژ بە حكومەت لە قەڵەم دەدات. لەناو ئەو رۆژنامەنووسانەی لە راپۆرتەكەدا ناویان هێنراوە، چەند رۆژنامەنووسێكی كورد هەن كە لە توركیا و باكووری كوردستاندا كار بۆ ئەم دەزگایانە دەكەن. (SETA) لە كۆتایی راپۆرتەكەیدا داوا لە حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەكانی دەكات چاودێری ئەم رۆژنامەنووسانە بکەن و رێوشوێنی پێویست بەرامبەریان وەربگرن. 

راپۆرتی (SETA) كە بە واژۆی هەریەك لە ئیسماعیل چاغڵەر، كەوسەر هولیا ئاكدەمیر و سەجا تۆكار ئامادەكراوە، كاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەكی گەورەی لێكەوتەوە. لەدژی ئەم راپۆرتە هەریەك لە نوێنەرانی (كۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی توركیا، یەكێتی نووسەرانی نێودەوڵەتی لقی توركیا، سەندیكای رۆژنامەنووسانی توركیا، سەندیكای نووسەرانی توركیا، یەكێتی دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوە لە توركیا و رێكخراوی رۆژنامەنووسانی سەردەم) بەیاننامەیەكی هاوبەشیان دەركرد و جەختیان لەوە كردەوە (SETA) بەم راپۆرتەی هەڕەشە لە ئازادی رۆژنامەوانی و ئازادی بیروڕا دەكات. هەروەها راپۆرتەكە بە مەترسی بۆ سەر گیانی ئەو 146 رۆژنامەنووسە لە قەڵەم دەدات. 

لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا هاتووە: "ئەو دامەرزاوە میدیاییە دەرەكیانە لە رێی ئەو رۆژنامەنووسانەی ناویان هاتووە، شرۆڤەی فراوان لەسەر توركیا دەكەن و بۆ رای گشتی بڵاودەكەنەوە. پێویستە روونبكرێتەوە كە ئەم دامەزراوانە ئامانجیان لە بڵاوكردنەوەی ئەم هەواڵانە چیە".

بەگوێرەی ئەم راپۆرتە، گرنگیدان بە كێشەی ژن یان پەیوەندیكردن بە پارتێكی یاسایی ناو پەرلەمانی توركیا وەكو (هەدەپە)، گومان هەڵدەگرێت و بە تاوان لە قەڵەم دەدرێت

زەینەب ئۆڕال سەرۆكی یەكێتی نووسەرانی نێودەوڵەتی/لقی توركیا (PEN) لە لێدوانێكیدا بۆ (پەیسەر) لەبارەی راپۆرتەكەی (SETA) گوتی: "بەگوێرەی ئەم راپۆرتە، گرنگیدان بە كێشەی ژن، یان پەیوەندیكردن بە پارتێكی یاسایی ناو پەرلەمانی توركیا وەكو (هەدەپە)، گومان هەڵدەگرێت و بە تاوان لە قەڵەم دەدرێت. بە گوێرەی ئەم راپۆرتە نەک ئەنجامدانی گەندەڵیی تەنانەت باسكردنی بوونی گەندەڵیی تاوانە. بە گوێرەی ئەم راپۆرتە رەخنەگرتن لە حکومەت تاوانە. بەگوێرەی ئەم راپۆرتە دەكرێت ئابووری وڵات بەرباد بكرێت، دەكرێت مافی هەژاران و زەحمەتكێشان بفەوتێت، بەڵام باسكردنی ئەمانە قەدەغەیە. بەگوێرەی ئەم راپۆرتە كوشتنی 30 – 40 ژن لە مانگێكدا لەلایەن پیاوانەوە ئاساییە، بەڵام نووسین لەبارەی كوشتنی ئەم ژنانە تاوانە. ئەم راپۆرتە لەكەیەكی رەشە بۆ ئازادی بیروڕا و ئازادی رۆژنامەوانی. گورزێكی گەورەیە".

لە ئێستادا ئاكەپە خاوەنداریەتی زۆربەی ناوەندەكانی هەواڵ، تیڤی و رۆژنامەکانی تورکیا دەكات. لە نیسانی 2018 دا، (هۆڵدینگ دەمیرزۆن) كە زۆر نزیكە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا، گەورەترین گرووپی میدیای توركی (ئاژانسی هەواڵی دۆغان)ی كڕی، كە خاوەنی چەند كەناڵێكی تیڤی و رۆژنامەیە و گرنگترینیان (CNN TÜRK). لە ژێر رۆشنایی ئەم گۆڕانكاریانەدا ناكرێت باس لە میدیای سەربەخۆ لە توركیادا بكرێت. تەنها سۆشیال میدیا ماوە كە وەكو سەرچاوەیەكی میدیای سەربەخۆ بەكاردەهێنرێت. 

لە ژێر رۆشنایی ئەم گۆڕانكاریانەدا، ناكرێت باس لە میدیای سەربەخۆ بكرێت لە توركیادا. تەنها سۆشیال میدیا ماوە كە وەكو سەرچاوەیەكی میدیای سەربەخۆ بەكاردەهێنرێت

ئەگەرچی میدیا لە توركیادا لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی ئاكەپەدا بونیاد نرابێتەوە، بەڵام كاریگەری جارانی نەماوە. بەهۆی مانشێت و هەواڵی كۆپی، بە تایبەتی تیراژی رۆژنامەكان زۆر كەوتووە. خوێنەر بۆ ئەوەی سەرچاوەی هەواڵی بێلایەن بدۆزێتەوە رووبەڕووی گرفت دەبێتەوە. بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی (هەواڵی سەربەخۆ) ئەركی قورس كەوتە سەر شانی دامەزراوە میدیاییە نێودەوڵەتیەكانی وەكو(BBC توركی، DW ئەڵمانی، دەنگی ئەمریكا توركی، ئاژانسی سپۆتینگی توركی، ئیندیپێندێنتی توركی و رادیۆی نێودەوڵەتی چین)

بە مەبەستی ئامادەكردنی هەواڵ و بەدواداچوونی بێلایەن و بێ حکومدانی پێشوەخت، میدیای نێودەوڵەتی لەم چەند ساڵەی رابردوودا لە توركیا دەستی بە وەبەرهێنان كرد. بەتایبەتی لە ڕێی ئەنتەرنێتەوە بینەر/خوێنەری ئەم میدیایە لە هەڵكشاندایە. لەبەرئەوە ناوبەناو ئەم دامەزراوانە دەبنە ئامانجی میدیاكانی سەر بە ئاكەپە و میدیای سێبەر. هەر كاتێك میدیای نێودەوڵەتی هەواڵێك لەبارەی توركیاوە بڵاودەكاتەوە، میدیای سەر بە ئاكەپە ئەم میدیایە و كارمەندەکانی بە "تیرۆریست" "فەتۆچی" و "پەكەكە" لە قەڵەمدەدات. 
یەنی شەفەق: BBC توركی، DW ئەڵمانی، دەنگی ئەمریكا توركی، FOX تیڤی، یورۆنیوز و ئەحواڵ نیوز،  ئامانجیان ناوزڕاندنی توركیایە
هەر دوایی لە 21 ئایاردا، متمانەدارترین میدیا و رۆژنامە جیهانییەكان بوونە ئامانجی رۆژنامەی (یەنی شەفەق)، كە وەك ئۆرگانی ناوەندی ئاكەپە كاردەكات. رۆژنامەی ناوبراو ناوی هەریەك لە دەزگا بەرچاوەکانی میدیای نێودەوڵەتی وەكو (BBC توركی، DW ئەڵمانی، دەنگی ئەمریكا توركی، FOX تیڤی، یورۆنیوز و ئەحواڵ نیوز) خستە ناو لیستی تاوانباران، بەبێ ئەوەی باس لە پێداویستی خوێنەر/بینەر بكات، رایگەیاند كە ئەم دامەزراوانە ئامانجیان ناوزڕاندنی توركیایە. 

كاردانەوە لەدژی راپۆرتەكەی (SETA) تەنها بە ناوەندە رۆژنامەوانیەكان و رۆژنامەنووسانەوە سنووردار نەبوو، هەریەك لە پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) و پارتەكانی دیكەی بەرەی ئۆپۆزسیۆن رەخنەی توندیان لە راپۆرتەکە گرت. دكتۆر ئازاد بارش، جێگری هاوسەرۆكی هەدەپە و بەرپرسی ڕاگەیاندنی هەدەپە لە لێدوانێكیدا بۆ رای گشتی لەمبارەیەوە دەڵێت: "راپۆرتەكە داوا دەكات دامەزراوە میدیاییەكان سانسۆر بكرێن و رۆژنامەنووسان لە كارەکانیان دەربكرێن، هاوڵاتی ئاراستە دەكات تا سیخوڕی بەسەر رۆژنامەنووسانەوە بكات. وەكو راپۆرتی داواكاری گشتیە، هاوشێوەی راپۆرتی سەردەمی كودەتایە لە بارەی رۆژنامەنووسانەوە. ئەو رۆژنامەنووسانەی لە بەڵگەی (SETA) دا ناویان هاتووە، رۆژنامەنووسی بە توانا و متمانەدارن. ئەو ناوانە، سەرەڕای هەموو گوشار و هەڕەشەكان لەسەر رۆژنامەنووسان، بە خۆڕاگریی لەسەر پیشەكەیان بەردەوامن، راستیەكان بۆ رای گشتی دەگوازنەوە. ئەمە تاوان نییە شتێكە دەبێت شانازی پێوە بكرێت. تاوان ئەوەیە میدیا بخەیتە ژێردەستی خۆت و ئاستەنگ بۆ رای گشتی دروست بكەیت و رێگا نەدەیت هەواڵی راست و بێلایەنیان پێبگات، رۆژنامەنووس تاوانبار بكەیت و بیكەیتە ئامانج. وەكو هەدەپە جارێكی دیكە بەرگریی لە مافی خەڵك دەكەین لە بەدەستهێنانی هەواڵی راست و بەرگریی لە مافی رۆژنامەنووسان دەکەین. هەستی هاوكاری و هەماهەنگی بۆ ئەو هەموو رۆژنامەنووسانە دەردەبڕین كە ناویان لە راپۆرتەكەی (SETA) دا هاتووە. مێژوو ئەو رۆژە رەشانە تێدەپەڕێنێت و تەنها ئەو بەهایانە دەمێننەوە كە مرۆڤەكان دایانهێناوە".

رۆژنامەنووسی كورد مەحمود بۆزئەرسەلان پەیامنێری دەنگی ئەمریكا لە باكووری كوردستان، یەكێكە لەو رۆژنامەنووسانەی ناوی لە لیستەكەی (SETA) دایە

رۆژنامەنووسی كورد مەحمود بۆزئەرسەلان پەیامنێری دەنگی ئەمریكا لە باكووری كوردستان، یەكێكە لەو رۆژنامەنووسانەی ناوی لە لیستەكەی (SETA) دایە. لەبارەی راپۆرتەكە و هۆكار و كاردانەوەکانی بە (پەیسەر)ی گوت: "هۆكاری ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە بە تەواوەتی بێدەنگكردنی میدیایە لە توركیادا. وەكو دەزانن لە توركیادا میدیای ناوخۆ بە تەواوەتی لەژێر چاودێری حکومەتدایە. تەنها میدیای دەرەكی ماوە کە هەواڵ لەبارەی توركیاوە ئامادە بكات. میدیای دەرەكیش بەو شێوەیە هەواڵی بڵاونەكردەوە كە حکومەت دەیەوێت. لەبەرئەوەی حکومەت هیچ ڕێوشوێنێکی راستەوخۆی بەرامبەر میدیای دەرەكی نەگرتووەتەبەر، دەزگاكانی كۆمەڵگای مەدەنی دەستبەكاردەبن. وەقفی ناوبراو بە تەواوەتی لە بەرژەوەندی حکومەتدا كاردەكات. حکومەت پشتگیری دارایی  SETA دەكات". 

بۆزئەرسەلان لەبارەی ناوەرۆكی راپۆرتەكەوە بەم شێوەیە درێژەی بە قسەكانی دا: "راپۆرتەكە سكاڵا لەو رۆژنامەنووسانە دەكات كە كار بۆ چەند دەزگایەكی میدیایی دەكەن و حکومەت خۆشی ناوێن. حکومەت تەنها بە راپۆرتەكەوە نەوەستا، دوای بڵاوكردنەوەی راپۆرتەكە كەناڵەكانی سەر بە حکومەت دەستیانکرد بە پڕوپاگەندەکردن دژی ئەم رۆژنامەنووسانە و ناوزڕاندیان. دەڵێن (بۆچی داواكاری گشتی لەدژی ئەم رۆژنامەنووسە بێدەنگە؟). لە راپۆرتەكەدا راستەوخۆ تۆمەتبار نەکراون، بەڵكو گومانیان لەسەر دروستدەكات و زەمینەی هەڵمەتی گومانكردن لەسەریان خۆشدەكات، پرسیار دەكات بۆچی رۆژنامەنووسان مەدح و سەنای حکومەت ناکەن، بە كورتی دەڵێت: (بۆچی ئەم رۆژنامەنووسانە چەپڵە بۆ حکومەت لێنادەن؟) باسی ئەو هەواڵانە دەكەن كە لەبارەی كێشەی كورد بڵاودەكرێنەوە كە لەگەڵ سیاسەتی حکومەتدا یەکناگرنەوە".

لەچەند رۆژی داهاتوودا لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو رۆژنامەنووسانەدا دەستپێدەكرێت كە لە راپۆرتەكەدا ناویان هاتووە

لە راپۆرتەكەدا ئەم رۆژنامەنووسە وەكو كەسێكی دژ بە حکومەت و ناڕازیی لە قەڵەم دراوە. لەبارەی كاردانەوەی دوای بڵاوكردنەوەی راپۆرتەكە مەحمود بۆزئەرسەلان دەڵێت: "دوای راپۆرتەكە شتێكی ئەوتۆ نیە بیكەم، جگە لە چوونە دادگا. پێشموانیە چوونە دادگا هیچ ئەنجامێكی هەبێت، بەڵام بۆ ئەوەی لە تۆمارەكاندا بمێنێت سكاڵام تۆماركرد. ئەوەی من نیگەران دەكات بێدەنگی حکومەتە لەدوای راپۆرتەكە. ئەمەش ئاماژەیە كە لەچەند رۆژی داهاتوودا لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو رۆژنامەنووسانەدا دەستپێدەكرێت كە لە راپۆرتەكەدا ناویان هاتووە".

(نەڤشین مانگو) ژنە پێشكەشكاری پێشووی (CNN TÜRK) كە پێشتر رایگەیاند بە فەرمانی خودی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە كارەكەی دوورخراوەتەوە، یەكێكە لەو رۆژنامەنووسانەی ناوی لە لیستی راپۆرتی (SETA) دایە. لەبارەی راپۆرتەكە و كاردانەوەكەی بە(پەیسەر)ی گوت: "راپۆرتی (SETA) بە شێوەیەكی زانستی نەنوسراوە. شێوازێکی سیاسی نەگیراوەتەبەر. بۆ نموونە، یەك دوو تویتی رۆژنامەنووسان بە بنەما گیراوە. ئەوانەی بە شێوەیەكی یاسایی كاردەكەن وەكو پشتیوانی رێكخراوە تیرۆریستیەكان لە قەڵەم دراون. بڵاوكردنەوەی راپۆرتەكە تەنها بۆ رای گشتی واتادارە نەک بۆ دەسەڵات. پێموایە دەیانەوێت رۆژنامەنووسان بترسێنن". 

لەبارەی پرسیاری دوای بڵاوكردنەوەی راپۆرتەكە چاوەڕوانی چی دەكەن؟ مانگو دەڵێت: "نازانم چاوەڕنی چی بكەین. لەوانەیە پەخشی ئەم دەزگایانە لە توركیا رابگرن، ئەمەش دەبێتە هەنگاوێكی دیكە بۆ خۆ دابڕینی توركیا لە جیهانی رۆژئاوا و دووركەوتنەوەی زیاتر لە دیموكراسی". 

نەڤشین مانگو وەكو مەحمود بۆزئەرسەلان لەدوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەكە چووەتە دادگا. لەمبارەیەوە دەڵێت:" چاوەڕوان ناكەم دادگا هیچم بۆ بكات. بەڵام وەكو نەریتێك دادگام بەسەر كردەوە". 

ڕاپۆرتەکە جگە لە بەزاندنی سنووری ئیتیكی رۆژنامەوانی، پشت بە هیچ توێژینەوەیەك نابەستێت، تەنها پشتی بە لاپەڕەی تایبەتی خودی رۆژنامەوانەكان بەستووە لە سۆشیال میدیا

كۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی باشووری رۆژهەڵات، كە ناوەندەكەی لە شاری ئامەدی باكووری كوردستانە، بەر لە هەموو دەزگا و رێكخراوەكانی بواری میدیا كاردانەوەی دژی راپۆرتەكەی (SETA) نیشاندا و تیایدا هاتووە: "ئەو راپۆرتەی (SETA) كە لە 6ی تەمموزی 2019دا بڵاوكراوەتەوە، وەكو یاداشتێكە، كە تیایدا چەندین دامەزراوەی میدیای و چەندین هاوپیشەمان تاوانبار دەكات. پێویست بەوە ناكات پرسیار بكەین تا بزانین ئامانجی ئەم راپۆرتە چیە؟ بە ئاشكرا دیارە دەیەوێت هەستی نەرێنی دژی هاوپیشەكانمان دروست بكات، بۆ ئەمەش ناوی دامەزراوە و رۆژنامەنووسەكانی یەك بەیەك هێناوە. جگە لە بەزاندنی سنووری ئیتیكی رۆژنامەوانی، پشت بە هیچ توێژینەوەیەك نابەستێت، تەنها پشتی بە لاپەڕەی تایبەتی خودی رۆژنامەوانەكان لە سۆشیال میدیا بەستووە، بەتایبەتی لەو كاتەدا كە باس لە چاكسازی دادگا دەكرێت سەبارەت بە رۆژنامەنووسان، ئەم راپۆرتە بڵاودەكرێتەوە. لە جیاتی ئەوەی (SETA) تۆمەت بۆ ئەم رۆژنامەنووسانە هەڵبەستێت، پێویستە پرسیار بكات بۆچی ئەمانە ناچاربوون كار بۆ میدیای دەرەكی بكەن؟ وەكو كۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی باشووری رۆژهەڵات، چەند ئەندامێكمان لە راپۆرتەكەی (SETA) دا ناویان هێنراوە كە بەشێوەیەكی نەرێنی تۆمەتبار دەکرێن و وەكو نەیاری حکومەت لە قەڵەم دەدرێن. لەبەرئەوە داوا دەكەین ئەو راپۆرتە هەڵبوەشێنرێتەوە و داوای لێبوردن لەو رۆژنامەنووسانە بكات. هەر رووداوێكی نەخوازراو بەسەر ئەندام و هاوپیشەكانماندا بێت كە ناویان لە راپۆرتەكەدا هاتووە، ئەوە تەنها وەقفی (SETA) لێی بەرپرسیارە و رای گشتی لەمبارەیەوە ئاگادار دەكەینەوە". 

ئەم راپۆرتە بۆ پەكخستنی پڕۆژەی ئەو رۆژنامەنووسانەیە كە لەناوچەكەماندا كاردەكەن. رەوشی رۆژنامەوانی لێرە لەو پەڕی خراپیدایە. هێشتا بەشێكی زۆری بەرپرسانی حکومەت قسە بۆ ئەم رۆژنامەنووسانە ناكەن كە كار بۆ میدیای نێودەوڵەتی دەكەن

فەلات بۆزئەرسەلان، جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی باشووری رۆژهەڵات راپۆرتەكە وەكو هەوڵێك لە قەڵەم دەدات بۆ راگرتن و تێكدانی پڕۆژەی ئەو رۆژنامەنووسە كوردانەی لە باكووری كوردستاندا كاردەكەن. لەمبارەیەوە بۆ (پەیسەر) دەڵێت: "ئەم راپۆرتە بۆ پەكخستنی پڕۆژەی ئەو رۆژنامەنووسانەیە كە لەناوچەكەمان كاردەكەن. رەوشی رۆژنامەوانی لە ناوچەكەماندا لەو پەڕی خراپیدایە. هێشتا بەشێكی زۆری بەرپرسانی حکومەت لە ناوچەكەماندا قسە بۆ ئەم رۆژنامەنووسانە ناكەن كە كار بۆ میدیای نێودەوڵەتی دەكەن. ئەم راپۆرتە بارودۆخە نەرێنیەكە بەرەو خراپتر دەبات. بەڵگەی (SETA) لە بەڵگەیەكی زانستی و هزری، زیاتر بەڵگەیەكی هەواڵگریە، تاوانباركردنی رۆژنامەنووسانە. كۆمەڵەی ئێمە بەر لە هەر دەزگایەكی دیكە هەڵوێستی خۆی لەدژی ئەم راپۆرتە نیشاندا. هەر كردەوە و رووداوێكی نەخوازراو بەسەر ئەندامەكانماندا بێت كە ناویان لە راپۆرتەكەدا هاتووە، تەنها (SETA) بە بەرپرسیار دەزانین".