ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:54 - 01/07/2019

حه‌ریری لە ژووری ئەشكەنجەدانی هۆتێلێكی پێنج ئەستێرەدا‌

پەیسەر

كۆتایی ساڵی 2017 وڵاتانی عەرەبی، شایه‌تی بیستنی دەستلەكاركێشانەوە لەناكاوەكەی سەعد حەریری سەرۆك وەزیرانی لوبنان بوون لە پۆستەكەی، ئەوكاتە دەنگۆی ئەوە بڵاوبوەوە كە ناوبراو لەژێر فشاری سعودییە دەستلەكاركێشانەوەی پێشكه‌شكردووە بەتایبەت كە لەو كاتەدا لە سعودییە بوو، هەرزوو سعودییە ئەو دەنگۆیەی ڕەتكردەوە، بەڵام نوێترین ڕاپۆرتی ئەگنیس كالامارد-ی لێكۆڵەری نێودەوڵەتی لە ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان، پەردەی لەسەر ئەو چەند ڕۆژە لابردووە كە تیایدا حەریری لەسعودییە بووە.

سەعد حەریری لەهۆتێلێكی پێنج ئەستێرە ئەشكەنجەدراوە
بەگوێرەی ڕاپۆرتەكەی كالامارد، سەعد حەریری بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆنگرەی وەبەرهێنان ساڵی 2017  سەردانی سعودییەی كرد، بەرپرسانی سعودییە تا كۆتایهاتنی كۆنگرەكە ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی لوبنان كردووە، بەڵام هەر ڕاستەوخۆ دوای كۆتایهاتنی كۆنگرەكە ناوبراو براوەتە هۆتێلی ڕیتز كارڵتۆن، كە هۆتێلێكی بەناوبانگی سعودییەیە و بوەتە شوێنی زیندانیكردن و ئازاردانی نەیارانی سعودییە، یاخود ئەو كەسانەی بەخواستی خێزانی ئاڵ سعود ناجوڵێنەوە.

دوای ئەوەی سەعد حەریری دەبرێتە ئەو هۆتێلە، سعود قەحتانی یەكێك لەبەرپرسە دەستڕۆیشتوەكانی سعودییە كە محەمەد بن سەلمانی شازادەی جێنشینی سعودییەی لەپشتە، لێكۆڵینەوەی توندی لەگەڵ سەعد حەریری كردووەو ناچاریكردووە دەستلەكاركێشانەوە لەسەرۆكایەتی حكومەتی لوبنان پێشكەش بكات.

سەرۆك وەزیرانی لوبنان ڕووبەڕووی توندترین ئەشكەنجەی دەروونی كراوەتەوە، بەشێوەیەك مامەڵەی لەگەڵكراوە كە دوورە لەهەر جۆرە بەهایەكی مرۆڤایەتی

لەبارەی ئەشكەنجەدانەكەی حەریری لەڕاپۆرتەكەی كالاماردا ئەوە خراوەتەڕوو، سەرۆك وەزیرانی لوبنان ڕووبەڕووی توندترین ئەشكەنجەی دەروونی كراوەتەوە، بەشێوەیەك مامەڵەی لەگەڵكراوە كە دوورە لەهەر جۆرە بەهایەكی مرۆڤایەتی و تەنانەت پیشەیش، چونكە سەعد حەریری سەرۆك وەزیرانی وڵاتێكی سەربەخۆیە.

ئاشكرابوونی ئەشكەنجەدانی سەعد حەریری دۆخێكی شەرمهێنەری بۆ لوبنان دروستكردووە، بەتایبەت كە هێشتا حەریری نكوڵی لەوەدەكات كە دەستبەسەركرابێت و دەڵێت "بەرژەوەندییەكانی لوبنان و سعودییە دەپارێزم".

لەڕاپۆرتەكەدا هەر تەنیا ئاماژە بە ئەشكەنجەی دەروونی سەعد حەریری نەدراوە، بەڵكو باس لەوەشكراوە كە ناوبراو ڕوبەڕوی لێدان بووەتەوە لەلایەن بەرپرسانی سعودییەوە.

سەعد حەریری هەڵگری ڕەگەزنامەی سعودییەیە، دوای ئەوەی ڕوبەڕوی ئەشكەنجەكرایەوە، سەرەنجام لەمانگی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017دا لەپەخشی ڕاستەوخۆدا دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لەسەرۆكایەتی حكومەتی لوبنان پێشكەشكرد.

ئەوەی دواتر دۆخەكەی ئاڵۆزتر كرد هاتنە سەر خەتی ئیمانوێڵ ماكرۆن-ی سەرۆكی فەرەنسا بوو بۆ دۆخی سەعد حەریری و بە ڕوونی ئەوەی ئاشكراكرد، كە حەریری لە سعودییە دەستگیركراوە.

لەسەر هەمان بابەت گۆڤاری نیویۆركەر-ی ئەمریكی، لەزاری دوو بەرپرسی باڵای ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەی بڵاوكردەوە، سەعد حەریری پێیوابووە بانگهێشتكردنەكەی لەلایەن محەمەد بن سەلمانەوە گەرمییەك دەدات بەپەیوەندییەكانی ئەو دووانە، بەڵام دواتر پێچەوانەكەی دەردەكەوێت و بۆ ماوەی 11 كاتژمێر سەعد حەریری ئەشكەنجە دەدرێت، هەربۆیە نیویۆركەر وێنەی محەمەد بن سەلمان بە وێنەی كەسێك نیشاندەدات، كە دەیەوێت نەخشەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەویستی خۆی دابڕێژێتەوە.

پاساوی ئەوكاتەی سەعد حەریری بۆ دەستلەكاركێشانەوەی لەپۆستەكەی ئەوەبوو، كە ئێران و حزبوڵڵای لوبنانی سەرجەم جومگەكانی دەسەڵاتی وڵاتەكەیان كۆنتڕۆڵكردووە، دیارە پێناچێت ئەمریكا و ئیسرائیلیش بێ ئاگابووبن له‌ ئەشكەنجەدانی سعودییە لەگەڵ سەعد حەریری، چونكە هەردوو وڵات نیگەرانن لە چالاكیەكانی حزبوڵڵا دژ بە ئیسرائیل.

ئەنیس كالامارد توانیویەتی بۆ وەرگرتنی زانیاریی لەبارەی ئەشكەنجەدانی حەریری سود لە هەشت سەرچاوەی سعودیی و عەرەبی وەربگرێت، كە سەرجەمیان جەختیانكردوەتەوە لەوەی "مامەڵەی نا مرۆڤانە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی لوبناندا ئەنجامدراوە".

لەنێو هۆتێلەكەدا زۆرترین شێوازی ئەشكەنجەدان، لەسەر شێوازی ئەشكەنجەی دەروونییە، بەڵام هەندێكجار ئەشكەنجەی جەستەیشی تێدەكەوێت

ڕیتز كارڵتۆن، مۆتەكەی بەرپرسان و شازادەكانی عەرەب
ڕیتز كارڵتۆن لە دیوی دەرەوەیدا هۆتێلێكی پێنج ئەستێرەی قەشەنگە، نرخی مانەوەی شەوێك لەو هۆتێلەدا هەزاران دۆلارە، بەڵام ئاخۆ لەنێو هەندێك لە ژوورەكانی ئەو هۆتێلەدا چی دەگوزەرێت؟

ساڵی 2018 بەفەرمانی محەمەد بن سەلمانی شازادەی جێنشینی سعودییە، ژمارەیەك لە هەرە كەسایەتییە دەوڵەمەندەكانی سعودییە دەستگیركران كە لەنێویاندا چەندین شازادە هەبوو، تۆمەتێكیش كە ئاڕاستەیان كرابوو ئەوەبوو ئەو كەسانە تێوەگلاون لە گەندەڵییەوە، لەنێو ئەو كەسانەشدا وەلید بن تەڵاڵ، گەورە سەرمایەداری عەرەب بوونی هەبوو، سەرجەمی ئەو كەسایەتییە گرنگانەش برانە نێو هۆتێلی ڕیتز كارڵتۆنەوە.

ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمزی بەریتانی لەبارەی ئەو كەسانەی لەنێو هۆتێلەكەدان باس لەوەدەكات، كەسانێك كە ئەركی پاسەوانی هۆتێلەكەو بەتایبەت ژووری دەستگیركراوەكانیان پێشپێردراوە، سەر بە دەزگای هەواڵگریی سعودییەن و بەردەوام فەرماندەكەن بەوەی دەستگیركراوەكان دەرگای ژوورەكانیان بەكراوەیی بهێڵنەوە و داینەخەن.

هاوكات ئەو كەسانەی لەوێدا زیندانیی دەكرێن ڕێگەی ئەوەیان پێنادرێت، پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ كەسانی دیكەی نێو هۆتێلەكە ئەنجامبدەن، بۆ پەیوەندیكردنیش بەكەسوكارەكانیانەوە لەژێر ڕێوشوێنێكی توندی ئەمنیی و چاودێریكردندا دەبێت.

جۆری لێپرسینەوە لە دەستگیركراوەكان جیاوازە لەسەرجەم شێوازی لێپرسینەوەكانی جیهان، بۆ نمونە لەكاتەكانی ئێواران و شەواندا لێپرسینەوە لەوە  كەسانە كراوە كە لەنێو هۆتێلەكەدا دەستگیركراون.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە، سعودییە نایەوێت ئەو كەسانەی لەوێ دەستگیردەكرێن دادگایی بكرێن، بۆنمونە ساڵی پار ئەو سەرمایەدار و شازادانەی دەستگیركران، بەبێ دادگایكردن ئازادكران، بەڵام بە هەموویان كە نزیكەی 40 سەرمایەدار و شازادە بوون، بڕی 100 ملیار دۆلاریان لێ كۆكرایەوە، كە ئامانجی سەرەتا و كۆتایی سعودییە كۆكردنەوەی ئەو پارەیە بوو.

لەنێو هۆتێلەكەدا زۆرترین شێوازی ئەشكەنجەدان، لەسەر شێوازی ئەشكەنجەی دەروونییە، بەڵام هەندێكجار ئەشكەنجەی جەستەیشی تێدەكەوێت بەبێ جێهێشتنی ئاسەوار لەسەر جەستەی كەسەكە، بۆنمونە كەسانێك هەبوون بەوشێوەیە ئەشكەنجەدراون كە قاچیان خراوەتە نێو ئاوێكەوە كە كارەبای لەسەر بووە.

سعود قەحتانی كێیە؟
لەزۆر بابەتی هەستاری پەیوەست بەئاسایشی نەتەوەیی سعودییە، ڕاستەوخۆ ناوی سعود قەحتانی دێت، بەڵام ئاخۆ قەحتانی كێیە و گرنگییەكەی چییە لەنێو دەسەڵاتدارانی سعودییە.

سعود قەحتانی كە ڕاوێژكاری محەمەد بن سەلمان بوو، ڕاستەوخۆ دوای كوژرانی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی سعودیی لە كونسوڵخانەی سعودییە لە ئیستانبوڵ، پەنجەی تۆمەتی ئاڕاستەكرا، بەتایبەت كاتێك تۆمارێكی دەنگی ناوبراو بڵاوبوەوە كە تیایدا دەڵێ"سەری ئەو سەگە (مەبەست لەخاشقچی)م بۆ بهێننەوە".

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە وەسفی سعود قەحتانی، دەڵێت "چەكە بێدەنگەكەی سعودییە" ئاژانسی فرانس 24ی فەرەنسیش بە ناونیشانی "قەحتانی، پیاوی كردەوە ناشرینەكانی سعودییە" وەسفی ناوبراو دەكات.

لەگەڵ بڵاوبونەوەی ڕاپۆرتەكەی ئەنیس كالامارد لەبارەی دەستگیركردن و ئەشكەنجەدانی سەعد حەریری، جارێكی دیكە ناوی قەحتانی هێندرایەوە، ئەوەش دەبێتە دووەم جار كە كالاماردی لێكۆڵەری سەر بە نەتەوەیەكگرتوەكان لە ڕاپۆرتەكانیدا باس لە قەحتانی بكات، چونكە لەچەند مانگی ڕابردوودا كالامارد ڕاپۆرتێكی لەبارەی كوشتنی خاشقچی بڵاوكردەوە و قەحتانی بە یەكێك لە تۆمەتبارانی ئەو تاوانە ناوبرد.

قەحتانی بەهۆی ئەو دەسەڵاتە بەرفراوانەی كە محەمەد بن سەلمان پێیبەخشیوە، لەزۆرێك لە بابەتە ئەمنییە هەستیارەكاندا خۆی ڕۆڵدەگێڕێت بەبێ گەڕانەوە بۆ خێزانی ئاڵسعود.

لەنێو سعودییە قەحتانی بەوە ناسراوە، كاردەكات بۆ نیشاندانی "وێنەیەكی جوانی" محەمەد بن سەلمان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەوپێیەی ناوبراو شارەزایی لە ڕاگەیاندندا هەیە، لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەریش زیاتر لە یەك ملیۆن كەس فۆڵه‌وی ناوبراویان كردووە.

لەكاتی پچڕانی پەیوەندییەكانی سعودییە و تەقەر، یەكێك لەو كەسانەی بەتوندی دژی قەتەر و ڕاگەیاندنەكانی بەتایبەت كەناڵی جەزیرە وەستایەوە قەحتانی بوو، تەنانەت كاریدەكرد بۆ قەدەغەی پەخشی ئەو كەناڵە لە سعودییە.