ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:50 - 24/06/2019

"ئه‌وه‌ی له‌ ئیستانبوڵ بیباته‌وه‌، له‌ توركیاش ده‌یباته‌وه‌"‌

پەیسەر

سه‌ركه‌وتنه‌ به‌رچاوه‌كه‌ی ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵو، كاندیده‌كه‌ی ئۆپۆزسیۆن، له‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانی ئیستانبوڵدا، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆك و پارته‌كه‌شی خسته‌ به‌رده‌م دووڕیانێك‌، به ‌تایبه‌ت دوای ئه‌و "په‌یامه‌ تونده‌ی" ده‌نگده‌ری تورك دایه‌ هه‌موولایه‌ك.

ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ئه‌وه‌یان ده‌رخست كه‌ ئیمامئۆغڵۆی ته‌مه‌ن 49 ساڵ سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌، ئێستا ئیمامئۆغڵۆ لای چاودێرانی دۆخی توركیا بووه‌ته‌ ئه‌ستێره‌ی شانۆی سیاسی وڵات، به‌جۆرێك لێی ده‌ڕوانرێت‌ كه‌ ده‌توانێت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی 2023دا كێبڕكێی ئه‌ردۆغان بكات.

به‌گوێره‌ی ئه‌نجامه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان كه‌ ئاژانسی فه‌رمی هه‌واڵه‌كانی توركیا "ئه‌نادۆڵو" بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، دوای جیاكردنه‌وه‌ی 100%ی ده‌نگه‌كان، ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵو كاندیدی ئۆپۆزسیۆن 54.21% و بینالی یڵدرم كاندیدی هاوپه‌یمانیی كۆمار 44.99%ی ده‌نگه‌كانیان به‌ده‌ستهێناوه‌.

تاقیكردنه‌وه‌ی ئاستی جه‌ماوه‌ریی ئه‌ردۆغانه‌
هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ئیسته‌نبوڵ به‌ ته‌نها هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانی نه‌بوو، به‌ڵكو تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك بوو بۆ ئاستی جه‌ماوه‌ریی ئه‌ردۆغان و حزبه‌كه‌ی، له‌كاتێكدا توركیا ڕووبه‌ڕووی كێشه‌ی ئابووریی گه‌وره‌ بووه‌ته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌ردۆغان له‌ ڕابردوودا بێ دوودڵی گوتویه‌تی "ئه‌وه‌ی له‌ ئیستانبوڵ بیباته‌وه،‌ له‌ توركیاش ده‌یباته‌وه‌".

له‌گه‌ڵ به‌ده‌ستهێنانی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی پایته‌ختی ئابووریی توركیا له‌لایه‌ن ئیمامئۆغڵۆوه‌، كه‌ دانیشتووانه‌كه‌ی 16 ملیۆن كه‌سه‌، كاندیده‌كه‌ی ئۆپۆزسیۆن به‌ كردار خۆی له‌ گۆڕه‌پانی سیاسیدا سه‌پاند، له‌ كاتێكدا ئابووریی توركیا به‌ده‌ست به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی هه‌ڵاوسانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت كه‌ ڕێژه‌كه‌ی گه‌یشتووه‌ته‌ 21%، هۆكاره‌كه‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سیاسه‌ته‌كانی ئه‌ردۆغان.

به‌پێی زانیاری و داتاكانی په‌یمانگای ئاماری توركیا، ئاستی نیشانده‌ری متمانه‌ی ئابووریی به‌ مانگی ئایاردا 77.5 خاڵ دابه‌زیوه‌، كه‌ به‌راورد به‌ مانگی پێشووتری 8.5 خاڵی دیكه‌ دابه‌زیوه‌، ئه‌وه‌ش نزمترین ئاستبوو كه‌ له‌ تشرینی یه‌كه‌می 2018وه‌ تۆماری كردبێت.

جگه‌ له‌وه‌ش له‌سه‌ره‌تای 2019وه‌ لیره‌ی توركی 10%ی به‌هاكه‌ی به‌رامبه‌ر دۆلار له‌ده‌ستداوه‌، له‌كاتێكدا له‌ 2018دا به‌ڕێژه‌ی 30% دابه‌زیبوو.

حكومه‌تی توركیا ئومێدی سه‌ركه‌وتنی له‌ ئیستانبوڵ هه‌بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م شاره‌ سه‌رمایه‌یه‌كی زه‌به‌لاح ده‌داته‌ سه‌رۆكی شاره‌وانییه‌كه‌ی، كه‌ به‌ هۆكاری ده‌ربازبوون له‌ قه‌یرانی ئابووریی هه‌ژمارده‌كرێت.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ بینالی یڵدرم كاندیده‌كه‌ی ئه‌ردۆغان سوپایه‌كی میدیایی له‌ پشته‌وه‌ بوو، كه‌ زۆرینه‌یان له‌ژێر هه‌ژموونی خودی ئه‌ردۆغاندا كارده‌كه‌ن، له‌ به‌رامبه‌ردا ئیمامئۆغڵو بۆ ئاخاوتن له‌گه‌ڵ دانیشتووانی ئیستانبوڵ گره‌وی له‌سه‌ر سۆشیال میدیا كرد و سه‌ركه‌وتوو بوو.

ته‌مه‌ل قه‌ره‌مولائۆغڵۆ سه‌رۆكی پارتی سه‌عاده‌ت، له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی شاره‌وانی ئیستانبوڵ له‌ تویتێكدا گوتی، "ڕێز له‌ بڕیاری گه‌ل ده‌گرێت، خواستی گه‌ل سه‌ركه‌وت، جگه‌ له‌ ڕێزگرتن له‌و بڕیاره‌ هیچی دیكه‌مان له‌سه‌ر نییه‌"
له‌به‌رئه‌وه‌ په‌یامه‌كه‌ی خه‌ڵكی ئیسته‌نبوڵ بۆ ئه‌ردۆغان وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی كرداری بوو بۆ گوته‌كه‌ی "ئه‌وه‌ی له‌ ئیستانبوڵ بیباته‌وه،‌ له‌ توركیاش ده‌یباته‌وه‌" دوای ئه‌وه‌ی له‌ دوو هه‌ڵبژاردنی یه‌ك له‌دوای یه‌كدا له‌و شاره‌ گه‌وره‌یه‌ دۆڕا.
له‌ده‌ستدانی ئیستانبوڵ، زلـله‌یه‌كی به‌هێزبوو بۆ حزبه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان، له‌به‌رئه‌وه‌ی شاره‌كه‌ وزه‌ی ئابووریی و كارپێكه‌ری بزوێنه‌ری ئاكه‌په‌ و گرنگترین وێستگه‌ی سیاسی بوو به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 2023.

ئازادییه‌كان له‌سه‌رده‌می ئه‌ردۆغاندا
له‌ هیچ كه‌سێك شاراوه‌ نییه‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ردۆغاندا ئازادییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو پاشه‌كشێیان كردووه‌، ئه‌وه‌ش یه‌كێك بوو له‌و هۆكارانه‌ی دانیشتووانی ئیستانبوڵی هاندا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا تای ته‌رازووه‌كه‌ به‌لای كاندیده‌كه‌ی ئۆپۆزسیۆندا بشكێننه‌وه‌.

دوو ساڵ له‌مه‌به‌ر و له‌ دوای كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌، به‌پێی ئاماره‌ فه‌رمییه‌كان، به‌ تۆمه‌تی تیرۆر و ئه‌ندامێتی له‌ بزوتنه‌وه‌ی خزمه‌تی فه‌تحوڵا گیوله‌ن، كه‌ ئه‌ردۆغان به‌ ئه‌نجامدانی كوده‌تاكه‌ تۆمه‌تباری ده‌كات، له‌ توركیا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ 600 هه‌زار كه‌سدا كراوه‌ و ده‌یان هه‌زار كه‌سیان ده‌ستگیركراون.
 
پێشێلكردنی ئازادییه‌كان له توركیادا‌ ته‌نها ڕۆژنامه‌نووسان و نووسه‌رانی نه‌گرته‌وه‌، به‌ڵكو په‌لی كیشا بۆ سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ی ئاڵای ئۆپۆزسیۆن بوونیان به‌رزكرده‌وه‌ یان ڕه‌خنه‌یان له‌ ئه‌ردۆغان و سیاسه‌ته‌كانی گرتبوو.

ڕێكخراوی په‌یامنێرانی بێسنوور، له‌ڕووی ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌وه‌ توركیای له‌ ڕیزبه‌ندی هه‌157مین وڵاتی جیهاندا پۆلێن كردووه‌، به‌ تایبه‌ت دوای ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ فراوانه‌ی له‌ سێ ساڵی ڕابردوودا حكومه‌تی توركیا بۆ ده‌ستگیركردنی ڕۆژنامه‌نووسان ده‌ستیپێكردووه‌.

جگه‌ له‌وه‌ش، به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتی چاودێرانی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی،  له‌ ته‌مموزی 2016وه‌، به‌هۆی ئه‌شكه‌نجه‌دان و مامه‌ڵه‌ی خراپه‌وه‌ ده‌یان حاڵه‌تی گیانله‌ده‌ستدان له‌ناو زیندانه‌كانی توركیادا تۆماركراون، له‌سه‌رجه‌م حاڵه‌ته‌كانیشدا ده‌سه‌ڵاتداران بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان كردووه‌‌ سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ "خۆیان كوشتووه‌"، به‌بێ ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاشكرایان له‌باره‌وه‌ بكرێت.

سه‌رچاوه‌: سكای نیوز