ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:10 - 17/06/2019

ڕەفحاء، ئەو شوێنەی كه‌ تیایدا عێراقییەكان موچەیەكی خەیاڵی وه‌رده‌گرن‌

پەیسەر

جارێكی دیكە یاسای ڕەفحاء بووەتەوە جێی مشتومڕی لایەنە سیاسییەكانی عێراق و دەیانەوێت ئەو بارە قورسە لەسەر شانی عێراق هەڵبگرن، كە بەهۆیەوە تێچوویەكی زۆر لەسەر دەوڵەت دەكەوێت و موچەی خەیاڵی بۆ كەسانێك بڕاوەتەوە كە دوور و نزیك نازانن عێراق چییە و چۆنە، بەڵام مانگانە لە بانكەكانی وڵاتانی جیهان ئەو موچەیە وەردەگرن كە بۆیانده‌خرێته‌ سەر هەژمارە بانكییەكانیان.

یاسای ڕەفحاء چییە؟
یاسایەكە تایبەتە بە كه‌مپی ڕەفحاء، 20 كیلۆمەتر لە شاری ڕەفحاء-ى سعودییەوه‌ دووره‌، لە ساڵی 1991وە بووەتە شوێنی ئەو عێراقییانەی نەیاری ڕژێمەكەی سەدام حسێن بوون و لە شارەكانی عێراقەوە هەڵاتوون، ژمارەیان 40 هەزار كه‌سه‌ و لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە سەرپەرشتی كراون.


كه‌مپه‌كه‌ به‌سه‌ر 11 چوارگۆشه‌دا دابه‌شكراوه‌، لەهەر یەكێكیاندا خانووی ئامادەكراو بۆ ئه‌و خێزانانه‌ دابینكراوه‌ كە بەهۆی هەڕەشەكانی ڕژێمی بەعسەوە لە عێراق هەڵاتوون.

دوای ساڵی 2003 به‌شێك له‌و كەسانە  بەسەر وڵاتانی ئوسترالیا، ئەمریكا، كەنەدا، دانیمارك، فینلەندا، بەریتانیا، ئێران، هۆڵەندا، نەرویج، سوید، سویسرا و سوریادا دابەشكران و بەشێكی دیكەشیان لە كه‌مپی ڕەفحاء مانەوە.


موچەی خەیاڵی بۆ ئەو كەسانە بڕاوەتەوە
ساڵی 2006 پەرلەمانی عێراق یاسای ڕەفحاء-ی پەسەندكرد، بەگوێرەی ئەو یاسایە هەركەسێكی نیشتەجێی كه‌مپه‌كه‌ موچەیەكی مانگانەی بە بڕی یەك ملیۆن و 200 هەزار دینار بۆ بڕاوه‌ته‌وه‌، ئەو موچەیە منداڵێكی شیرەخۆرە تا كەسێكی بەتەمەنی دەگرتەوە و ساڵانە 40 ملیار دینار لەسەر حكومەت دەكەوێت، ئەوە جگە لە تێچووی چارەسەری پزیشكی و تێچووی گه‌شت و خوێندن لەسەر بودجەی زیندانیانی سیاسی عێراق.


هەمان ئەو كەسانەی لە كه‌مپی ڕەفحان، پارچە زەوی گرانبەهایان لە شوێنی دیاردا وەرگرتووە، ئەوە جگە لە چەندین ئیمتیازاتی دیكە.

ئەو كەسانەی مانگانە ئەو موچە خەیاڵییە وەردەگرن هیچ بەرپرسیارێتییەكیان بەرامبەر عێراق نییە، تەنانەت هەندێكیان منداڵەكانیان لە وڵاتانی ئەوروپا لەدایكبووە و دوورو نزیك نازانن عێراق چییە و چۆنە.

محەمەد عەلی جەنابی، ئەندامی هاوپەیمانیی چاكسازیی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا یاساكەی بە "گەندەڵیی و دزینی پارەی دەوڵەت" ناوبرد و گوتی: "پێویستە پەرلەمان بەزووترین كات ئەو یاسایە هەڵبوەشێنێتەوە، تەنانەت نابێت هەمواریشی بكات، بەڵكو ڕاستەوخۆ هەڵیبوەشێنێتەوە".


ئەوەی ئێستا بووەتە هەڵسوڕێنەری ناڕەزایەتییە ناوخۆییەكان بەرامبەر ئەو یاسایە، هاوپەیمانی سائیرونە كە موقتەدا سەدر سەرۆكایەتی دەكات، ڕیاز دەهش ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانیی سائیرون پێیوایە زۆرینەی ئەو كەسانەی بە یاسای ڕەفحاء موچە وەردەگرن، شایستەی ئەو پارەیە نین و دەبێت ڕێكبخرێتەوە.

كێ ڕێگرە لە هەڵوەشاندنەوەی یاساكە؟
لەگەڵ ئەوەی لە خولەكانی پێشووی پەرلەمانی عێراقدا چەند جارێك هەوڵدراوە یاسای ڕەفحاء هەڵبوەشێندرێتەوە، بەڵام هیچ جارێك هەوڵەكان سەركەوتوو نەبوون، ئەویش بەهۆی فشارە زۆرەكانی سەر پەرلەمان كە لەناوخۆی عێراقەوە نین، بەڵكو فشاری وڵاتانی دراوسێن.

سعودییە دژی هەڵوەشاندنەوەی یاسای ڕەفحایە
بەگوتەی بەشێك لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق، سعودییە دژی هەڵوەشاندنەوەی یاسای ڕەفحایە و پشتگیری لەو كەسانەش ده‌كات كه‌ لەو كه‌مپیە نیشتەجێن، هاوكات ئەمریكا پاڵپشتی مانه‌وه‌ی ئەو كه‌مپیە ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌ پەرلەمان چەندین جار لە هەڵوەشاندنەوەی یاساكەدا شكستیهێناوە.

بەگوێرەی ڕاپرسییەك زۆرینەی شەقامی عێراقی لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی یاساكەدان، تاكە لایەنێك كە بە ئاشكرا دژایەتی یاساكەی كردووە، هاوپەیمانی سائیرونە، بەڵام لەڕووی یاساییەوە پێویستە سەرەتا یاسایەكی نوێ بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای ڕەفحاء دەربكرێت.

تەمەنی 17 ساڵە و موچەی خانەنشینیی بۆ بڕاوەتەوە
یەكێك لەو كەسانەی بەگوێرەی یاسای ڕەفحاء خانەنشینكراوه‌ كەسێكە وەك لە ناسنامەكەیدا ده‌رده‌كه‌وێت، لەدایكبووی ساڵی 1996و مانگانە یەك ملیۆن و 850 هەزار دینار وەردەگرێت.

ئەو كەسە لەساڵی 2013دا خانەنشینییەكەی بۆكراوە و لەو كاتەدا تەمەنی 17 ساڵ بووە، بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی عێراق تەمەنێكی نایاساییە و لەسەروو 30 ساڵ خزمەتەوە كەسێك خانەنشین ده‌كرێت كە بەگشتی تەمەنی خانەنشینی لە سەروو 63 ساڵەوە دەبێت.

كەسایەتییە دیارەكانی كه‌مپی ڕەفحاء
لە كه‌مپه‌كەدا چەندین كەسایەتی سەربازیی پلەباڵای سوپاى پێشووی عێراق هەن كە دوای جەنگی كەنداو بوونە نەیاری ڕژێمەكەی سەدام حسێن و چوونە سعودییە، لەو كەسانەش عەمید تۆفیق یاسری-یە كە ئەفسەر ئیداریی بوو لە باڵیۆزخانەی عێراق لە كوەیت، هەروەها بەرپرسی خۆراك و پێداویستی سەربازیی سوپای عێراق بووە لەساڵانی جەنگی عێراق-ئێران، پاش ئەوەی عێراق لە ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی بیاباندا تێكشكا، عەمید تۆفیق هەڵات و پەیوەندیكرد بە سعودییەوە، لەو كاتەوە تا دەرچوونی لە ڕه‌فحا و گه‌یشتنی بۆ بەریتانیا، لە سعودییە مابووەوە.

یەكێكی دیكە لە كەسایەتییە دیارەكان كە سوودمەندە لە یاسا و ئیمتیازاتەكانی ڕەفحاء، عەمید عەبدولئەمیر عەبیس-ە، كە نوێنەری حكومەتی عێراق بووە لە لیژنەی سەربازیی سەر بە كۆمكاری عەرەبی و دوای بەشداریكردنی لە ڕاپەڕینی خەڵكی پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق و شكستهێنانی ڕاپەڕینەكە، بەرەو ڕەفحاء هەڵات.