ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

07:44 - 15/06/2019

نوێترین توێژینەوەی زانستی نهێنی مردنی سەڵاحەدینی ئەیوبی ئاشكرا دەكات‌

پەیسەر

هۆكارەكانی مردنی سەڵاحەدینی ئەیوبی چین، لەكاتێكدا ئەو لەسەدەی دوازدەدا توانیویەتی جیهانی ئیسلامی یەكبخات و قودس لەدەستی مەسیحیەكانیش وەربگرێتەوە، سەركردایەتی هەموو ئەو هێرشانەبكات كە لەهەڵمەتی سێیەمی خاچپەرستەكاندا ئەنجامدراون؟ چۆن دەبێت تا ئێستا مردنی ئەو كەسایەتیە بە نادیاری و شاراوەیی مابێتەوە؟

لەم ڕاپۆرتەدا هەوڵدەدرێت باس لەنیشانەی ئەو نەخۆشیانە بكرێت كەتوشی سەڵاحەدین هاتووە و (800) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر تۆمار كراون، چوون لەوانەیە لەو ڕێگەیەوە لەشێواز و هۆكاری مردنەكەی سوڵتان سەڵاحەدین شتێك دەستبكەوێت.
 
بە پێی ڕاپۆرتێكی پێگەی (لایڤ ساینس)، دكتۆر ستیفن گلوكمان -پزیشك و مامۆستای پسپۆڕ لە زانكۆی پەنسلڤانیا- لە بیست و پێنجەمین كۆنگرەی ساڵانەی دەستنیشانكردن و شیكاری پزیشكی زانكۆی –میریلاند- دا دەڵێت: ئەو نەخۆشییەی كە سەڵاحەین توشی بووە بریتی بووە لە ( گرانەتا- تایفۆید).

زۆرینەی شارەزا و پزیشكه‌ پسپۆڕەكان (تەنانەت مێژوو نوسەكانیش) باوەڕیان وایە گرانەتا زۆرترین خەڵكی كوشتووە، لەناو ئەو كەسایەتیانەشدا كە بەو نەخۆشییە مردوون ناوەكانی (لینین، داروین، الیانور، رۆزفێڵت و لینكۆڵن) دەهێنن.

لەگەڵ ئەوەشدا -گلوكمان- خۆی لەوە لادەدات بڕیاری یەكلاكەرەوە لەو بارەیەوە بدات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی سوڵتان سەڵاحەدین لەسەردەمێكدا ژیاوە شیكاریی و پشكنینی پزیشكی سەردەمیانە نەبووە.

گرانەتا، یەکێکه‌ لە نەخۆشیەکانی کۆئەندامی ھەرس و لەو نەخۆشیە بڵاوانەیە کە لە زۆربەی وڵاتانی نیمچە پێگەیشتوودا ھەیە و ساڵانە ھەزاران کەس تووشی ئەم نەخۆشیە دەبن . ھۆکاری توشبوون بە نەخۆشیەکە بەکتریایەکە بەناوی (salmonella typhi) کە لەڕێگەی خواردن و خواردنەوەی پیسبوو بە بەکتریای نەخۆشیەکە دەگوازرێتەوە. ئەم نەخۆشیە لە ھیندستان، ئەفریقا و ئەمریکای لاتین زۆر بڵاوە. لەوانەیە بەکتریاکە تەنانەت دوای چاکبوونەوەی نەخۆشەکەش بۆ ماوەی چەندین مانگ یان ساڵ لە تورەکەی زراوی نەخۆشەکەدا بمێنێتەوە، واتە ئەو کەسە دەبێت بەھەڵگری نەخۆشیەکە، ئەمەش ھۆکارێکی سەرەکییە بۆ تووشکردنی کەسانی دیكە، بەکتریاکە (1-5) مانگ توانای ژیانی لەخاکدا ھەیە و لەبەفر و ئاودا (2-3) مانگ و لە پیساییدا (25) رۆژ دەژی و لە(60) پلەی سەدیشدا (20)خولەک دەژی .

بە پێی ڕاپۆرتەكە سەڵاحەدین كەسایەتیەكی دیارە و ڕۆڵی سەرەكی بینیوە لە مێژووی ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەو ڕاپۆرتە لە زاری- تۆم ئەسپریدج- مامۆستای مێژووی سەدەكانی ناوەڕاست لە زانكۆی –كوین ماری- لەندەن، گواستویەتیەوە و دەڵێت: لە سەدەكانی ناوەڕاست و شەڕی خاچپەرستەكاندا سەڵاحەدین یەكێكە لە سەركردە هەرە دیارو بەناوبانگەكانی موسڵمانان و ناكرێت نەزانرێت هۆكاری مردنەكەی چییە؟

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، سەرۆكی پێشووی میسر (جەمال عەبدولناسر-1918-1970) زۆر بە سەڵاحەدین سەرسام بووە، ئەو ناو و ناوبانگە بووە پاڵنەری سەدام حسێن سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق (1937-2006) وێنەی خۆی و سەڵاحەدین بخاتە تەنیشتی یەكتری و لەسەر پوولی نامە –بەرید- چاپی بكات و بۆ چەند ساڵێك لەسەر سەرجەم پۆستەكانی عێراق دایبنێت.

باس لەوە دەكرێت سەڵاحەدینی ئەیوبی لە ساڵی (1137 یان 1138)ی زاینی لە تكریتی باكووری رۆژهەڵاتی عێراق لەدایكبووە، سەڵاحەدین لە خێزانێکی کوردی سەر بە یەکێک لە ھۆزە کوردییە ناودارەکان بە ناوی ھۆزی (ڕەوادیی) لەدایکبووە. شوێنی نیشتەجێبوونی ھۆزی ڕەوادیش لە نزیک شارۆچکەی (دوین)ی ئەرمەنستانە. ئەییووبیەکانیش دەدرێنە پاڵ ئەیوبی کوڕی شادی، كە (باپیرە گەورەی سەڵاحەدین)ە، ھەندێک پۆستی کارگێڕیی لە قەڵای تکریتدا پێ سپێردراوە، کە لەو کاتەدا موڵکی بەھرۆزی خزمەتگوزاری سوڵتانی سەلجوقی (محەمەدی کوڕی مەلیکشا) بوو. 

شادی لەگەڵ دوو کوڕەکەیدا (نەجمەدین ئەیوب) و( ئەسەدەدین شێرکۆ) گواستیەوە بۆ ئەوێ و پلە بەپلە بە پۆستە کارگێڕییەکاندا سەرکەوت تا پۆستی پۆلیسی (شەحنە)ی وەرگرت. کاتێك مرد نەجمەدین ئەیوب بووە جێنشینی و بەھۆی جوامێری و دەستپاکییەوە سوڵتانی سەلجوقی قەڵای تکریتی پێ سپارد و ئەویش بە باشترین شێوە بەڕێوەی برد. ھەروەک ئەسەدەدین شێرکۆی مامی سەڵاحەدین لای سەلجوقییەکان لە پێشەوەی میره‌كاندا بوو، لەتکریت و دەوروبەریدا ناوچەیەکی فراوانیان بۆ تەرخانکردبوو.

ڕۆژی لەدایکبوونی سەڵاحەددین ھاوکات بوو لەگەڵ ئەو ڕۆژەی موجاھیدەدین بەھرۆز، والیی بەغدا، بەھۆی کوژرانی یەکێک لە سەرکردەکانی قەڵا لەلایەن شێرکۆی مامی سەڵاحەدینەوە، فەرمانیدا بە نەجمەدین ئەیوب و ئەسەدەدین شێرکۆی برای تکریت جێبهێلن. ئەوانیش جێیانھێشت و بەرەو موسڵ بەڕێ کەوتن.

ھەردوو برا، نەجمەدین و ئەسەدەدین، چوونە موسڵ و لەلایەن عیمادەدین زەنگییەوە پێشوازییان لێ کرا. لەوێوە بنەماڵەی ئەیوبی گەشەیکرد و نەجمەدین و شێرکۆی برای بوونە یەکێک لە باشترین سەرکردەکانی عیمادەدین. ماوەیەک دواتر، عیمادەدین کوژرا و نورەدین زەنگی کاروباری گرتە دەست. ئەویش بە یارمەتیی ئەیوبیەکان توانی دیمەشق بھێنێتە ناو قەڵەمڕەویی دەوڵەتەکەی.

لە دیمەشقدا سەڵاحەدین فێری زانستە ئیسلامییەکان، ھونەرەکانی سوارچاکی، ڕاو، تیرھاوێژیی و پێداویستیەکانی تری پاڵەوانێتی بوو. کاتێک نورەدین زەنگی لە ساڵی 534ی کۆچی بەعلبەکی داگیرکرد، نەجمەدین ئەیوبی کردە والیی ئەوێ. پاشان، نەجمەدین چوو بۆ دیمەشق و بەم شێوەیە سەڵاحەدین تەمەنی منداڵیی لە بەعلەبەک بەسەربرد.

پێش ھاتنی سەڵاحەدین میسر مەڵبەندی دەوڵەتی فاتیمی بوو. خەلیفەی فاتیمی دەسەڵاتێکی ئه‌وتۆی نەبوو، ھەموو کاروبارەکان بەدەست وەزیرەکانیەوە بوون. بەم شێوەیە ئەسەدەدین شێرکۆ بوو بە پیاوی یەکەم لە وڵاتدا و کاتێک ئەو مرد خەلیفەی فاتیمی وەزارەتی دایە دەست سەڵاحەدین. 

مێژوونوسان باس لەوە دەکەن لەبەر لاوازیی ئەو کاتەی فاتیمیەکان و بەھێزیی زەنگییەکان و زۆریی ژمارەی پشتیوانانی سەڵاحەدین خۆی، زەنگییەکان بۆ دانانی سەڵاحەدین لەو جێگایەدا زۆریان بۆ خەلیفەی فاتیمی ھێناوە و خەلیفە ناچاربووە مل بدات. لەگەڵ ئەمانەشدا، وەرگرتنی وەزارەت بۆ سەڵاحەدین بە ئاشتی نەڕۆیشت و چەند مانگێکی نەبرد سەرباز و فەرمانڕەوا فاتیمییەکان ھەوڵی کوشتنیاندا.

نورەدین لە بەھاری (1174)دا ھێزێکی گەورەی کۆکردەوە و لە ھەوڵێکدا بۆ لابردنی سەڵاحەدین ھێرشی كرده‌ سه‌ر میسر. بەڵام ئەم ھەڵمەتە تەواونەکرا و لە 15ی ئایاری (1174)دا و لە تەمەنی (59)ساڵیدا نورەدین گیانی لەدەستدا. 

بەمردنی نورەدین، سەڵاحەدین بە کردەوە بوو بە پێشەوای میسر و سەربەخۆ بوو لە ھەر شوێنکەوتووییەکی سیاسی. بەم شێوەیە سەڵاحەدین بووە سەرکردەی گەورەترین دەسەڵاتی ئیسلامیی ئەو سەردەمە کە بە (دەوڵەتی ئەیوبی) ناسراوە.

لە بارەی هۆكاری سەرەكی مردنەكەی ئەو كەسایەتییە گەورەیەوە، گلوكمان نەچووەتە ناو وردەكارییەكان و نەیتوانیوە بە تەواوی و بێ دوودڵی بڕیاری لەبارەوە بدات، بەڵام لە هەمان كاتدا وەك گریمانەیەك بە دووری دەزانێت بەهۆی نەخۆشیەكانی (تاعوون یان ئاوڵە)وە گیانی لەدەستدابێت.

بەڵگەشی ئەوەیە ئەو نەخۆشیانە بەخێرایی كەسەكان دەكوژن، لەهەمان كاتیشدا گومانی هەیە بە نەخۆشی –سیل- كۆتایی بە ژیانی هاتبێت، لەبەرئەوەی لەناو تۆمارەكانی ئەو سەردەمەدا و لەناو كتێبە مێژووییەكاندا باس لەوە نەكراوە سەڵاحەدین تووشی هەناسەتوندی بووبێت، كە گەورەترین نیشانەكانی سیلە، بەڵام ئەو پێی وایە لەوانەیە توشی نەخۆشی –مەلاریا- بووبێت. لەبەرئەوەی لەسەر جەستەی (گرژبوونی موو) و (وردە زیپكە) هەبووە و ئەوانەش دوو لە نیشانەكانی نەخۆشی مەلاریان.

لە هەمان كاتدا ئەو گومان لەسەر مەلاریاش دادەنێت و دەڵێت، ئەم نیشانانە لە نەخۆشی -گرانەتا-ش دا هەن، ئەو نەخۆشییەش لەو كاتەو لەو ناوچەیەدا بەربڵاوبووە، كە نیشانەكانی بریتین لە :

تا ( کە دیارترین نیشانەی نەخۆشیەکەیە)، پلەی گەرمی جه‌سته‌ لەسه‌روو (39-41) پله‌ی سه‌دی دەبێت، سەر ئێشە، ئازاری ماسولكەكان و جومگەكان، کەمبوونەوەی لێدانی دڵ، زیادبوونی ھەناسەدان، قەبزی، سکچوون و ڕشانەوە (بە تایبەتی لەمنداڵاندا)، لەرز، بەڵخبوونی زمان و وشكبوونەوەی ناودەم، لاوازبوون و بێهێزی. ئازاری ناوسك. بوونی خاڵی سوور (Rash) له‌سەر پێست و وشكه‌ كۆكە.

زۆرینەی نیشانەكانیش پەیوەندییان بە كۆئەندامی هەرس و هەناسەدانه‌وە هەیە، لەناویشیاندا –گەدە-. شارەزایان باس لەوە دەكەن بەكتریای تایبەت بەو نەخۆشییە تا ئێستەش ماوە و ساڵانە (5700) كەس لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا تووشی دەبن و (75%)یان ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ لەدەرەوە دەگەڕێنەوە ناوخۆی ئەو وڵاتە، بە پێی سەرچاوە تەندروستیەكانی جیهان، ساڵانە (21.500) كەس توشی نەخۆشی گرانەتا دەبن و دوای وەرگرتنی چارەسەر زۆربه‌یان چاكدەبنەوە. 

ئەگەر ئەمڕۆ، كه‌ زانستی پزیشكی زۆر پێشكەوتووە و زۆرینەی نەخۆشیەكان چارەسەریان بۆ دۆزراوەتەوە، ئاشكرایە كە هەشت سەدە له‌مه‌وبه‌ر ئەو چارەسەرانە بە شێوەی ئێستا نەبوون، وەك گلوكمان دەڵێت.
 
وەك گلوكمان باسی دەكات، لە ئێستادا چارەسەری نەرخۆشی گرانەتا ئاسانە و مایه‌ی نیگەرانی مرۆڤایەتی نییە، لەبەرئەوەی لەلایەك كوتانی پێشوەختەی هەیە (ڤاكسین)و ئەگەر كەسێكیش تووش بوو چارەسەر دەكرێت.

بەگوێره‌ی توێژنەوەكانی زانكۆی پەنسلڤانیا، لە ساڵی (1185) زاینیدا و كاتێك سەڵاحەدین تەمەنی (47) ساڵان بووە، ماوەی دوو مانگ تەندروستی ناجێگیربووە. 


پەیوەندی سەڵاحەدین لەگەڵ ریچاردی یەکەمی پادشای ئینگلتەرا، ناسراو بە (شێردڵ Lion heart)، ڕێزلێنانی لە خۆدەگرت و دووربوو لە ڕکابەریی سەربازی، کاتێک ڕێکكەوتنەکە کرا سەڵاحەدین ڕۆیشت بۆ قودس دیوارەکانی سەنگەربەند کرد، خوێندنگە و نەخۆشخانەی تیادا دامەزراند، مانگی ڕەمەزانی ئەو ساڵەی لەوێ بەسەربرد پاشان ڕۆیشت بۆ دیمەشق و دوایین ڕۆژەکانی لەوێ بەسەربرد.

ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ شا ڕیچارد و پەیماننامەی (ڕامەڵە) دوایین كاره‌كانی سەڵاحەدین بوون، لە دوای ڕۆیشتنی ڕیچارد بە ماوەیەکی کەم سەڵاحەدین توشی نەخۆشی بوو، ئەوەش لەدوای گەڕانەوەی لە پێشوازیكردانی كاروانی حاجیانی ئەو ساڵە، لە 20ی شوباتی (1193)زاینیدا كە لەو پێشوازییە گەڕایەوە توشی نەخۆشی بوو، وردە وردە نەخۆشیەکه‌ی زیادی کرد تا لە 3ی ئازاری (1193)زاینیدا و ته‌نها (12ڕۆژ) دوای نه‌خۆشییه‌كه‌ی، لەتەمەنی (75) ساڵیدا لە ناو قەڵای دیمەشقدا کۆچی دوایی کرد، دوای نوێژی عەسری ھەمان ڕۆژ لە نزیک مزگەوتی ئەمەوی لە دیمەشق لەته‌نیشت نورەدین زەنگیەوە به‌خاك سپێردرا، کاتێک خەزێنە تایبەتەکانی کرایەوە بینرا ماڵی تەواوی تیا نییە بۆ بەڕێکردنی ته‌رمه‌کەی و ھیچ ماڵ و موڵکێکی جێنەھێشت، چوونكە زۆربەی لە خێردا بەخشیبوو.