09:55 - 13/06/2019
زۆرینەی كەسوكارەكەی سەدام حسێن لە هەولێرن
هەرچەندە هێزە عێراقیەكان باس لەوەدەكەن گوندی عۆجە(13 كم خۆرئاوای شاری تكریت)ی ناوەندنی پارێزگای سەڵاحەدین و زێدی سەدام حسێن دیكتاتۆری پێشووی عێراقیان كۆنترۆڵكردووەتەوە، كە لە ساڵی 2014وە لەژێر دەسەڵاتی داعش دا بووە، بەڵام تائێستەش دوای پێنج ساڵ لە ئازادكردنەوەی زۆرینەی دانیشتوانەكەی نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و زۆرینەشیان بە ناچاری ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و ئەوانهی تریش ڕوویان لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق كردووە، بە وتەی سەرۆك عەشیرەتەكانی ئەو ناوچەیە هەندێك گروپی چەكدار كە فەرمان لە -حەشدی شەعبی- وەردەگرن، ڕێگرن لە گەڕانەوەیان و هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە كە عۆجە زێدی سەرۆكی پێشووتری عێراق -سەدام حسێن-ە.
سەرۆكی عەشیرەتی ئەلبوناصر(حەسەن نەدا) كە -سەدام حسێن و ئەحمەد حەسەن بەكر-سەرۆكی پێشووتریش لەو عەشیرەتەن، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئەو هێزانەی دەسەڵاتی ناوچەكەیان بەدەستەوەیە لە 2014وە ڕێگرن لە گەڕانەوەی دانیشتوانی گوندەكە،لە ئێستادا 800 خێزانی ئەو گوندە ئاوارەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو خێزانانەی لەكاتی هێرشەكانی ڕێكخراوی تیرۆرستی -داعش- ناوچەكەیان جێهێشتووە، دەبوو حسابی تایبەتیان بۆ بكرایە، ئەوسەرۆك عەشیرەتە باس لەوەش دەكات، هەرچەندە ئێستا عۆجە ئازادكراوە و كەوتووهتەوە دەستی عراقیەكان، بەڵام ئەوان ناتوانن بگەڕێنەوە گوندەكەیان.
سەرۆك عەشیرەتی ئەلبوناصر نایشارێتەوە كە زۆرینەی ئەو خێزانانەی كەسوكاری سەدام حسێنن و خەڵكی گوندی عۆجەن ڕوویان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان كردووە، ئاماژە بۆئەوەش دەكات كه هەوڵی زۆری داوە بۆ گەڕاندنەوەیان بەڵام سەركەوتوو نەبووە. لە درێژەی گوتەكانیدا كە بۆ یەكێك لە ڕادیۆ لۆكاڵیەكانی تكریت قسەی كردووە و گوتویەتی، چەند جارێك پەیوەندیكردووە بە مەرجەعیەتی ئاینی شیعەكانەوە لە نەجەف بەڵام وەڵامی ئەرێنی وەرنەگرتووەو ئەو هەوڵەشی سەركەوتوو نەبووە، ئەو پێی وایە ئەو كێشەیە دەبێت بە فشارێكی نێودەوڵەتی چارەسەر بكرێت.
حەسەن نەدا، سەرسوڕمانی خۆی لەوە دەردەبڕێت كه بۆچی هێزە ئەمنەیەكانی عێراق بە لایانەوه ئاساییە خەڵكی عۆجە لە هەرشوێنێكی عێراق نیشتەجێبن و بسوڕێنەوە تەنها لە زێدی خۆیان -عۆجە- نەبێت؟ باسی لهوهشكردووه كه لەم رۆژانەدا 23 هەزار دۆنم زهوی داچێنراویان به دانهوێڵه لەلایەن دەستێكی نادیارەوە سوتێنراوە.
عەلی ناصری، كە فەرماندەیەكی سەربازیی سەر بەڕژێمی پێشوو بووەو خەڵكی گوندی عۆجەیە دەڵێت: لە 2014دا رێكخراوی داعش هاتنە عۆجەو خەڵكهكهی هەموو ڕایانكرد و ناچاربوون ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن، ئەو بە -العربی الجدید-ی گوتووە، میلیشیاو هێزە عێراقیەكان رێگرن لە گەڕانەوەیان بۆ گوندەكەیان، هەر چەندە چەند جارێكیش هەوڵیداوە بەڵام سەركەوتوو نەبووە.باس لەوەش دەكات، گوندەكەیان دوو بەشە (عۆجەی كۆن) و (عۆجەی نوێ)، هێزە ئەمنیەكان ههردوو بهشهكهیان بهڕووی دانیشتوانهكانیاندا داخستووه، بەو پێیەی كە زێدی سەدام حسێنە.
ئەو فەرماندە سەربازییەی سەردەمی رژێمی پێشوو درێژە بە قسەكانی دەدات و دەڵێت،"لە هەندێك سەرچاوەی سەربازی و ئەمنییەوە بیستوومە كە ماڵەكانمان ڕوخێنراون و كشتوكاڵەكانمان سوتێنروان"، دەشڵێت:"حەشدی شەعبی تەقەیان لە هاوڵاتیەكمان كردووە تهنها لەبەرئەوەی ویستویەتی بچێتەوە ناو گوندهكه، لهبهرئهوه من وادەزانم ئێستە عۆجە لە گوندێكی ئاوەدانەوە بووەتە گوندی تارماییەكان و وێرانەیە".
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین-كە ناوی ئاشكرا نەكراوە- بە میدیاكانی ڕاگەیاندووە، گەڕانەوەی ئاوارەكانی عۆجە بۆ كاتێكی نەزانراو دواخراوە، ئەو بەرپرسە خۆجێیەی عێراق دهشڵێت: ڕێگهنهدان به گەڕانەوەی خەڵكی عۆجە بۆ ڕێگرتنە لە دروستبوونەوەی پەیوەندی ڕوحیی لەگەڵ سەدام حسێن، بەو پێیەی گۆڕەكەی لەو گوندەیەو ناوچەكەش بەهۆی سەدام حسێنەوە ناسراوە.
گوندی عۆجە بەهۆی ئەوەی زێدی سەدام حسێن بووە ناوبانگی خۆی هەبووەو زۆرێك لە فەرماندە حزبی و سەربازییەكانی رژێمی پێشوو خەڵكی ئەو گوندە بوون، ساڵی 2003 و لەكاتی "پرۆسەی ئازادی عێراق"دا لەلایەن میدیاكانی جیهانەوە تیشكی زۆرتری خرایە سەر، پاشان لە 2006دا دوای ئەوەی سەدام حسێن لە سێدارەدرا تەرمەكەی برایەوە ئەوێو بەخاكسپێردرا، جێی سهرنجه كه تا ئێستاش زۆرینەی عەرەبە سونەكانی ئەو ناوچەیە بە پیرۆز سەیری گۆڕی سەدام حسێن دەكەن و هەمیشە بە شەهید ناوی دەبەن.