02:30 - 06/06/2019
ئه‌و ژنانه‌ی به خۆشه‌ویستی و خوێن له ژووره‌كانیانه‌وه بوونه ده‌سه‌ڵاتدار
به‌شی یه‌كه‌م
ئه‌گه‌ر گه‌مه‌كردن به عه‌رش و ململانێكان خۆشترین یاری پادشاكان بووبێت، ئه‌وا ده‌بێت به
درێژایی مێژوو ئه‌و ژن و كچانه له بیر نه‌كه‌ین كه به‌شداری ئه‌و ململانێ‌یان
كردووه. زۆرێك له‌وان له ژووره‌كانیانه‌وه كاروباری وڵاتیان به‌رێوه‌بردووه. هه‌ندێك جاریش له ڕێگه‌ی خۆشه‌ویستی و خوێنه‌وه كه‌سی دیكه‌یان كردووه پادشا.
زۆرجاریش فێڵ و ژاریان[1] له به‌رامبه‌ر مێرد و براكانیان به‌كارهێناوه. له‌م راپۆرته‌دا باس له چوار ئافره‌ت
ده‌كرێت، كه شه‌ڕێكی مه‌ترسیداریان له پێناو گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات
كردووه.
خه‌یزه‌ران كچی عه‌تا... بۆچی فه‌رمانی به كوشتنی كوڕه‌كه‌ی
خۆی كرد؟
" له‌سه‌ر كوڕه‌كه‌م دانیشه. ئه‌و له كۆشكدا له‌سه‌ر
دۆشه‌كه‌كه‌ی خۆی خه‌وتووه. وازی لێمه‌هێنه تاوه‌كو هه‌ناسه‌ی لێده‌بڕێت. ئه‌مشه‌و
هه‌واڵی مردنه‌كه‌یم ده‌وێت. ئه‌گه‌ر بێت و بژی ئه‌وا ده‌ستكراوه نابم له فه‌رمانڕه‌وایه‌تی
خه‌لافه‌تی ئیسلامی، من دایكی خه‌لیفه‌م"
له په‌رتووكی"نواب الله" شاعیر ئه‌حمه‌د ئه‌لشه‌هاوی،
ئاماژه به ڕووداوێك ده‌كات كه باس له كوشتنی خه‌لیفه مو‌سا هادی ده‌كات له‌سه‌ر
ده‌ستی دایكی كه ناوی خه‌یزه‌ران بووه. ئه‌و پێشتر فه‌رمانی به كوشتنی كوڕه‌كه‌ی
كردووه. دواتر هه‌واڵی مردنی كوڕه‌كه‌ی بۆ دێت كه له‌لایه‌ن دراوسێیه‌كه‌وه
كوژراوه. ته‌به‌ڕی له‌سه‌ر مردنی خه‌لیفه مو‌سا ده‌ڵێت" له‌گه‌ڵ گرتنه ده‌ستی
ده‌سه‌ڵات له لایه‌ن موساوه، دایكی فه‌رمانی پێكرد كه وه‌كو باوكی ڕه‌ق بێت و،
له رێگه‌ی كوشتوبڕیه‌وه ده‌سه‌ڵات به‌ڕێوه به‌رێت" ئه‌و كاره‌ش له‌لایه‌ن
مو‌سا هادییه‌وه ڕه‌تكرایه‌وه، فه‌رمان به دایكی كرد، كه خه‌ریكی نوێژكردن و ته‌زبیحات
بێت، مو‌سا هادی به دایكی گوتووه" ئیشی ژنان نییه كه ڕه‌خنه له كاروباری
پادشایه‌تی بگرێت"
خه‌یزه‌ران سه‌ره‌تا یه‌كێك بوو له‌و كه‌نیزانه‌ی كه خه‌لیفه‌ی
عه‌باسی دووه‌م ئه‌بو جه‌عفه‌ری مه‌نسور پێشكه‌شی كوڕه‌كه‌ی محه‌مه‌د مه‌هدی كرد، ئه‌وكاته
محه‌مه‌د مه‌هدی ته‌مه‌نی 15 ساڵ بوو. هۆكاری ئه‌و پێشكه‌شكردنه‌ش ئه‌وه‌بوو كه
توانی به سوپایه‌كی 30 هه‌زار كه‌سیه‌وه، ئارامی بگێڕێته‌وه بۆ خۆراسان. به‌ده‌ر
له‌وه‌ش مه‌هدی ئامۆزایه‌كی خۆی به‌ناوی ڕیته‌ی كچی ئه‌بو عه‌باس ماره‌كرد كه
نازناوی(خوێنمژ) بوو. خه‌یزه‌ران یه‌كه‌مین كوڕی بۆ مه‌هدی هێنا، به‌ناوی مو‌سا
هادی، دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ژنی یه‌كه‌می مه‌هدی ڕیتا نیشته‌جێ بوون، خه‌زیزه‌ران
كوڕێكی دیكه‌ی بوو به ناوی عه‌لییه‌وه، دوای ماوه‌یه‌ك پله‌ی خه‌یزه‌ران لای مه‌هدی
به‌رزتر بوویه‌وه، جارێكی دیكه دووگیان بوو، بۆجاری سێهه‌م كوڕێكی بۆ مه‌هدی
مێردی هێنا، ئه‌ویش هارون ڕه‌شید بوو له ساڵی 148 كۆچی. دوای ئه‌وه خه‌یزه‌ران
چوو له یه‌كێك له‌و كۆشكانه دانیشت كه مه‌نسوڕی باوك پێشكه‌شی جه‌عفه‌ری كوڕی
كردبوو.
خه‌یزه‌ران بووه خانمی یه‌كه‌می كۆشك. توانی به خۆشه‌ویستی مه‌هدی
داگیربكات. تاوه‌كو مێرده‌كه‌ی له 159كۆچی بووه خه‌لیفه. به‌وجۆره خه‌یزه‌ران
له كه‌نیزه‌یه‌كه‌وه بووه خانمی یه‌كه‌می كۆشك، زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان لای خۆی
بوو. دواتر كاتێك مه‌هدی ده‌ستبه‌رداری خه‌لافه‌ت بووه، خه‌لافه‌تی پێشكه‌ش به مو‌سا
هادی كوڕی كرد، دوای ئه‌ویش هارونه ڕه‌شید بووه جێ‌نشین. ئه‌م ژنه بوو به دایكی
دوو خه‌لیفه. ئه‌و كاته‌ش دایكی خه‌لیفه كاروباره‌كانی ده‌وڵه‌تی له ژێر چنگدا
بوو. چه‌ندین كه‌سانی خراپی له خۆی نزیك
ده‌كرده‌وه، چونكه چاوی بڕیبووه پۆستی خه‌لافه‌ت.[2]
دوای ماوه‌یه‌ك خه‌یزه‌ران دركی به‌وه كرد كه مو‌سا
هادی كوڕی وه‌كو باوكی گوێڕایه‌ڵه‌ی فه‌رمانه‌كانی نابێت، هه‌ر بۆیه خه‌یزه‌ران زۆری
له مه‌هدی مێردی ده‌كرد، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌لافه‌ت له مو‌سا هادی وه‌رگرێته‌وه و
هارونه ڕه‌شید بكاته جێ‌نشین. تاوه‌كو ساڵی 170 كۆچی به‌و جۆره هات، مو‌سا هادی
زۆر گوێی له دایكی نه‌ده‌گرت. ئه‌م كاره به نهێنی مایه‌وه تاوه‌كو ئه‌و كاته‌ی،
خه‌یزه‌ران داوای له كوڕه‌كه‌ی كرد كه ویلایه‌تی یه‌مه‌ن بداته خاڵۆی. مو‌سا
هادیش ڕازی بوو به داواكه‌ی به‌مه‌رجێك ئه‌ویش ئه‌وه‌یه یان كچه خاڵه‌كه‌ی ته‌ڵاقده‌دات،
یان ده‌بێته والی یه‌مه‌ن. خاڵۆیشی ڕازی بوو كچه‌كه‌ی ته‌ڵاق بدات به‌و مه‌رجه‌ی بێته
والی یه‌مه‌ن.
ته‌به‌ڕی باس له كێشه‌كانی نێوان ئه‌و دایك و كوڕه ده‌كات،
كه چۆن چاڵیان بۆ یه‌كتر هه‌ڵكه‌ندووه. تاجارێكیان مو‌سا هادی برنجێكی ژاراوی بۆ
دایكی ده‌نێرێت. به‌ڵام خه‌یزه‌ران ده‌زانێت كه ژاری پێوه‌یه. بۆیه سه‌گێك ده‌هێنێت
لێی بخوات، پاشان سه‌گه‌كه گۆشتی گیانی هه‌مووی ده‌وه‌رێت. دواتر خه‌یرزه‌ران ده‌چێته
لای كوڕه‌كه‌ی ده‌ڵێت" زۆر به‌له‌زه‌ت بوو" مو‌سا هادیش وه‌ڵامی ده‌داته‌وه"
نه‌تخوارد، ئه‌گه‌ر بتخواردایه، ئاسوده ده‌بووم. كه‌ی خه‌لیفه دایكێكی وای هه‌بووه."
سلێمانی قانوونی چۆن به فیتی ژنه‌كه‌ی كوڕه‌كه‌ی خۆی
كوشت؟
سه‌رچاوه توركییه‌كان كاتێك ئاماژه به مه‌رگی شازاده
مسته‌فا ده‌كه‌ن، به‌مجۆره باسی ده‌كه‌ن. ئه‌و له‌كاتی جه‌نگدا ده‌یویست چاوی به
سوڵتان سلێمان قانوونی باوكی له كۆنیا بكه‌وێت. كاتێك چووه ژووره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی
ماچی ده‌ستی باوكی بكات. حه‌وت پیاوی باوكی كه به (لاڵه‌كان)ناسرابوون. هه‌ڵیانكوتایه
سه‌ری و ده‌ستگیریان كرد و دواتر كوشتیان. ئه‌وجار ته‌رمه‌كه‌یان له‌به‌رخێوه‌ته‌كه‌ی
سوڵتان دانا. فه‌رمانی كوشتنی شازاده مسته‌فا به فه‌رمانی خودی سوڵتان و به فێل
و ته‌ڵه‌كه‌ی ژنه‌كه‌ی باوكی سوڵتانه ڕۆكسلانه له‌گه‌ڵ ڕۆسته‌م پاشای سه‌دری ئه‌عزه‌م.
ڕۆكسلانه كه‌نیزه‌یه‌كی ڕووسی بوو. سوڵتان سلێمانی قانوونی
وه‌كو دیاری فه‌رمانڕه‌وای قرم له ساڵی 1520 وه‌ریگرتبوو. ڕۆكسلانه له پۆڵه‌ندی
ده‌كرد، خاوه‌نی قژێكی سوور بوو. به بڕوای مێژوونووسان ڕۆكسلانه تێكه‌ڵه‌یه‌ك
بووه له نێوان ڕووس و پۆله‌ندا. توركه‌كان به "خوڕه‌م سوڵتان" ده‌یانناسی.
له‌یه‌كه‌مین ڕۆژه‌كانی ژیانی له كۆشك، به ڕووخۆشیه‌وه مامه‌ڵه‌ی ده‌كرد. بۆیه
خێرا سوڵتان سلێمان خۆشی ویست. ئه‌وان به‌رده‌وام وه‌كو دوو دڵدار ده‌رده‌كه‌وتن. له‌یه‌كێك
له گوتاره‌كانیدا ده‌ڵێـت" سوڵتانه‌كه‌م. ئه‌ی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ڕۆحم. داواكارم
له خوا به نزیكترین كات ده‌موچاوه پیرۆزه‌كه‌تم پێ نیشان بده‌یت".
مێژوونووسان ده‌ڵێن"خوڕه‌م سوڵتان حه‌زی له جوانی
نه‌بوو، به‌ڵام چێژی له كچه سه‌رنجڕاكێشه‌كان ده‌كرد. ئه‌گه‌ر كه‌سێكی وابوایه،
ئه‌وا سوڵتان شوێنێكی تایبه‌تی بۆ ئه‌و كچه له دڵی خۆیدا جێگیر ده‌كرد."
حوسێن مه‌جیب میسری [3] ده‌ڵێت"
ئه‌و به‌جۆرێك كاریگه‌ری له‌سه‌ر سوڵتان درووستكردبوو، هیچ داخوازییه‌كی ڕه‌تنه‌ده‌كرایه‌وه.
خوڕه‌م سوڵتان كه‌نیزه‌یه‌ك دڵی برد، دواتر كوڕێكی لێ‌بوو. به‌جۆرێك خۆی له سوڵتان
نزیككرده‌وه، دواتر بووه ژنی فه‌رمی سوڵتان و كوڕه‌كه‌شی بوو به جێنیشین."
ده‌گوترێت ئه‌و ژنه زۆر زیره‌ك بووه، كه‌سایه‌تیه‌كی
ئاڵۆز و ناڕوونی هه‌بووه. ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر ته‌واوی ژن و كچه‌كانی
كۆشكی عوسمانی هه‌بوو. له مانگی ئایاری 1524 شازاده سه‌لیم له دایكبوو، به‌وه‌ش
بووه سێهه‌مین كوڕی سوڵتان و یه‌كه‌مین كوڕی ڕۆكسلانه. به‌وكاره‌ش پێگه‌ی خۆی گه‌یانده
لووتكه، بۆیه كه‌وته كێبڕكێ له‌گه‌ڵ گوڵبه‌هار ژنی یه‌كه‌می سوڵتان سلێمانی قانوونی
و دایكی شازاده مسته‌فا. به تێپه‌ڕبوونی كات، سوڵتان سلێمانی قانوونی به ته‌واوه‌تی
گوڵبه‌هاری پشتگوێ خست و خووی گرت به رۆكسلانه‌وه.
دوای مردنی دایكی سوڵتان سلێمانی قانوونی" خوڕه‌م
سوڵتان" بووه ژنی شه‌رعی خۆی. هه‌موو ژنه‌كانی دیكه‌ی كۆچپێكرد. هیچ كه‌سێك
له كۆشكی عوسمانی نه‌مایه‌وه، كه ڕكابه‌ری ڕۆكسلانه بێت، جگه له"
بۆسفۆر سوڵتان" یان گوڵبه‌هار. ئه‌و خانمه‌ی یه‌كه‌می حه‌ره‌م بوو. ئیبراهیم
پادشا سه‌دری ئه‌عزه‌م كه مێردی خوشكه‌كه‌ی سوڵتان سلێمان بوو. رۆكسلانه به
فێلێك وایكرد كه شازاده مسته‌فا له باوكی دووربخاته‌وه، دواتر زۆرێك له ده‌سه‌ڵاته‌كانی
گواسته‌وه بۆ گوڵبه‌هار.
له پلانێكی دیكه‌ی ڕۆكسلانه ئه‌وه‌بوو، كه چۆن ئیبراهیم
پاشا بكوژن. بۆیه له 22ی ره‌مه‌زان، ئیبراهیم پاشا بانگكرا بۆ كۆشك تاوه‌كو پێكه‌وه
به‌ربانگ بكه‌نه‌وه. تاوه‌كو نیوه‌شه‌و خه‌ریكی خواردن بوون، كاتێك ئیبراهیم پاشا
رۆیشته‌وه، بۆ ژووره‌كه‌ی خۆی له‌ناو خه‌ودا له‌لایه‌ن یه‌كێك له جه‌لاده‌كانه‌وه
خنكێنرا. ئه‌وكاره‌ش به فه‌رمانی خودی سوڵتان سلێمان قانوونی بوو. بۆیه تاوه‌كو
ئێستا هۆكاری مردنی ئیبراهیم پاشا ڕوون نییه. به‌ڵام هه‌موو لایه‌ك ده‌زانێت كه
ڕۆكسلانه ده‌ستی له‌و كاره‌دا هه‌بووه. بۆ ئه‌وه‌ی ڕوسته‌م پاشا ببێته سه‌دری
ئه‌عزه‌م.
سه‌باره‌ت به كوشتنی شازاده مسته‌فا، جان ئه‌لبجونگ[4] ده‌ڵێت" كۆمه‌ڵێك كه‌سی خراپ له شازاده مسته‌فا نزیكبوونه‌وه و كاریگه‌ریان
له‌سه‌ر مێشكی دروستكردبوو، هه‌میشه هانیان ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی له دژی باوكی یاخی
بێت، بۆیه شازاده مسته‌فا كۆمه‌ڵێك له پیاوانی سوپا و سه‌ربازی له ده‌وری خۆی
كۆكرده‌وه و ئاڵای یاخیبوونی له دژی سوڵتانی باوكی به‌رزكرده‌وه. ڕۆسته‌م پاشا
به كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌وه چووه خزمه‌ت سوڵتان سلێمانی قانوونی و یاخیبوونی كوڕه‌كه‌ی
بۆ پشتڕاستكرده‌وه. یه‌كێك له‌و به‌ڵگانه ئه‌وه‌بوو، كه كوڕه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ شای
ئێران له دژی باوكی قسه‌ی كردووه. بۆیه سوڵتان سلێمانی فه‌رمانیكرد به كوشتنی
كوڕه‌كه‌ی.
ئیسماعیل حه‌قی[5] ده‌ڵێت" شاژنه ڕۆكسلانه ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو له كوشتنی شازاده مسته‌فا.
چونكه ده‌ترسا مسته‌فا پێش كوڕه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست."حه‌قی له درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌ڵێت" رۆكسلانه
هێواش هێواش پلانی داده‌ڕشت. ڕۆسته‌م پاشا ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو له ساخته‌كردنی
ئه‌و به‌ڵگانه‌ی كه گوایه مسته‌فا پاشا ئاراسته‌ی پادشای ئێرانیكردبوو".
[1] ژه‌هر
[2] په‌رتووكی ده‌وڵه‌تی عه‌باسی، قۆناغه مێژوویه‌كان و شارستانیه‌تیان
[3] په‌رتووكی موعجه‌می ده‌وڵه‌تی عوسمانی
[4] په‌رتووكی: دووژنه سوڵتانه‌كه خوڕه‌م و مهرماه
[5] په‌رتووكی: مێژووی عوسمانی