ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:10 - 28/05/2019

ژیاننامه‌ی ئه‌و 12 فه‌ره‌نسیه‌ی له‌ عێراق دادگای ده‌كرێن‌

پەیسەر

دادگای تاوانه‌كانی عێراق له‌ به‌غدای پایتخه‌ت بڕیاریدا به‌ ده‌ركردنی سزای له‌ سێداره‌دان بۆ دوو تیرۆرستی فه‌ره‌نسی ئه‌وه‌ش به‌ پێی مادده‌ی چواری یاسای نه‌هێشتنی تیرۆر.

دوێنێ دووشه‌مه‌ دوو فه‌ره‌نسی دیكه‌ش به‌ تۆمه‌تی به‌شداربوونیان له‌ كرده‌وه‌ی تیرۆرستی به‌ مادده‌ی چواری تیرۆر سزای له‌ سێداره‌دانیان بۆ ده‌رچوو. واته‌ ئێستا له‌ كۆی 12 هاوڵاتی فه‌ره‌نسی كه‌ لای حكومه‌تی عێراق زیندانین چوار دانه‌یان سزای له‌سێداره‌دانیان بۆ ده‌رچووه‌. ئه‌و 12 هاوڵاتیه‌ش له‌ مانگی شوباتی ڕابردوو، 500 چه‌كداری داعش له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی سوریای دیموكراته‌وه‌(قسد) ڕاده‌ستی عێراق كرانه‌وه‌. به‌پێی هه‌واڵی ئاژانسه‌كانی فه‌ره‌نسا ئه‌و 12 هاوڵاتیه‌ فه‌ره‌نسیه‌ له‌به‌رده‌م دادوه‌ردا دانیان به‌ تاوانه‌كانبان ناوه‌ كه‌ له‌ ناو عێراقدا توندوتیژیان ئه‌نجامداوه‌. سزای له‌ سێداره‌دانی ئه‌و چوار تیرۆرسته‌ فه‌ره‌نسیه‌ به‌ مادده‌ی چواری تیرۆر بووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك به‌شداربێت یاخود هاوبه‌شی بكات له‌ كرده‌وه‌ی تیرۆرستی له‌ سێداره‌ ده‌درێت. به‌ پێی مادده‌كه‌ش پلانداڕێژه‌ر و هانده‌ر و له‌ كاری تیرۆرستی، وه‌كو ئه‌نجامده‌ر مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌كرێت.
ئه‌وان كێن؟
ئاژانسی هه‌واڵه‌كانی فه‌ره‌نسا هه‌ر دوێنێ زانیاریان له‌سه‌ر ئه‌و 12 تۆمه‌تباره‌ بڵاو كردۆته‌وه‌ كه‌ تا ئێستا چواركه‌سیان تاوانباربوون.

لێونار لۆپیز
له‌ 26ی ئایاری 2019 لایه‌ن دادگای عێراقه‌وه‌ سزای له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌رچوو. ده‌ستبه‌جێ پارێزه‌ره‌كانی تانه‌یان له‌ بڕیاره‌كه‌ی دادگادا، چونكه‌ پێیان وایه‌ ئه‌و بڕیاره‌ له‌ دادگایه‌كی"خێرا"دراوه‌. لۆپیز ته‌مه‌نی 32 ساڵه‌ و دانیشتووی پاریسه‌، ئه‌و پێشتر له‌ په‌رتووكخانه‌یه‌ك سه‌رقاڵی فرۆشتنی په‌رتووكی ئاینی بووه‌. ئه‌و كاره‌ش له‌سه‌ره‌تای ساڵی دوو هه‌زاره‌كان بووه‌. دواتر له‌سه‌ر پێگه‌ی "ئه‌نسار حه‌ق" چالاكوانێكی چالاك بووه‌، ئه‌و پێگه‌یه‌ سه‌كۆیه‌كی دیاربووه‌ بۆ كه‌سانی توندئاژۆ به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ فه‌ره‌نسی قسه‌یان ده‌كرد.

لیۆنار لۆپیز نازناوی" ئه‌بو ئیبراهیمی ئه‌نده‌لووسی" له‌ خۆی نا، ئه‌وه‌ش كاتێك به‌ ته‌واوه‌تی په‌یوه‌ندی كرد به‌ داعشه‌وه‌. دواتر ئه‌بو ئیبراهیمی ئه‌نده‌لووسی به‌شداری چه‌ندین هێرشی كرد كه‌دژی فه‌ره‌نسا ئه‌نجامدرا.

لۆپیز دوای ئه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریه‌وه‌ خرایه‌ ژێر چاودێرییه‌وه‌ و چونكه‌ كه‌سێكی چالاكبوو له‌و پێگه‌ ئیسلامییه‌، بۆیه‌ ناچاربوو له‌ ته‌مموزی 2015 له‌گه‌ڵ ژن و مناڵه‌كه‌ی فه‌ره‌نسا جێبهێڵێت. له‌وێوه‌ ڕاسته‌وخۆ خۆی گه‌یانده‌ موسڵ دواتریش چۆته‌ سوریا. ئه‌م زانیاریانه‌ له‌لایه‌ن لێكۆڵه‌ره‌ فه‌ره‌نسیه‌كانه‌وه‌ پشت ڕاستكراوه‌ته‌وه‌.
له‌ ساڵی 2018 به‌ شێوه‌ی ئاماده‌ نه‌بوو له‌ لایه‌ن دادگای فه‌ره‌نساوه‌ پێنج ساڵ سزای زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا، دوای سزاكه‌ش له‌لایه‌ن دادگاوه‌ فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ده‌رچوو. ده‌زگای هه‌واڵگری فه‌ره‌نسا چاودێری وردی هه‌نگاوبه‌ هه‌نگاوی ئه‌بو ئیبراهیمی ده‌كرد، به‌ تایبه‌تی له‌ دوای دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی(گوڵه‌گه‌نمه‌كان) كه‌ كۆتای ساڵی 2016 حكومه‌تی فه‌ره‌نسا هه‌ڵیوه‌شانده‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پشكیان هه‌بوو له‌ زیندانیان ده‌گۆڕی به‌ كه‌سانی توندڕه‌و، ئه‌وه‌ش له‌ ژێر په‌رده‌ی پێشكه‌شكردنی هاوكاری به‌و زیندانیانه‌. یه‌كێك له‌ لێكۆڵه‌ره‌ فه‌ره‌نسیه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیان به‌ زنجیره‌ هێرشه‌كانی كانوونی دووه‌می 2015ه‌وه‌ هه‌بووه‌".


كیڤن گۆنۆ
له‌ 26ی ئایاری 2019 له‌لایه‌ن دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراقه‌وه‌ به‌ پێی مادده‌ی چواری تیرۆر سزای له‌ سێداره‌دانی بۆ ده‌رچووه‌. كیڤن له‌ دایكبووی شاری فیجاكه‌ له‌ باشووری خۆرئاوای فه‌ره‌نسا، ته‌مه‌نی 32 ساڵ له‌گه‌ڵ زڕبرایه‌كی به‌ناوی تۆماس كولانج كه‌ ته‌مه‌نی 31ساڵه‌، هاوكات له‌گه‌ڵ دایكی و ژنه‌كه‌ی له‌ سوریا ده‌ستگیركراون.
به‌ پێی دانپێدانانه‌كانی كه‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كراوه‌، باوكی كیڤن چه‌كدارێكی داعش بووه‌ و به‌شداری شه‌ڕه‌كانی كردووه‌، له‌ یه‌كێك له‌ شه‌ڕه‌كانی شاری ڕه‌قه‌ كه‌ پایته‌ختی پێشووی داعش بوو، كوژراوه‌.

ئه‌و ده‌ڵێت به‌ شێوه‌ی قاچاخ له‌ توركیاوه‌ چۆته‌ سووریا، هه‌ر له‌گه‌ڵ گه‌یشتینیدا په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ به‌ره‌ی نووسڕه‌وه‌، دواتریش به‌یعه‌تی به‌ داعش داوه‌ و بۆته‌ ئه‌ندامێكی ئه‌و ڕێكخراوه‌ تیرۆرستیه‌.

كیڤن له‌به‌رده‌م دادوه‌ر گوتی"په‌شیمانم" له‌وه‌ی گه‌شتی سوریام كردووه‌. جه‌ختیشی له‌وه‌ كردووه‌، ئه‌و به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ر هاتۆته‌ موسڵی باكوری عێراق نه‌ك بۆ شه‌ڕكردن.

ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقیش ده‌ڵێن"كیڤن نازناوی (ئه‌بو سوفیان)ه‌. له‌سوریا و عێراق به‌شداری شه‌ڕه‌كانی كردووه‌. له‌ فه‌ره‌نساش به‌هۆی په‌یوه‌ندی به‌ تیرۆرستانه‌وه‌ ماوه‌ی حه‌وت ساڵ به‌ شێوه‌ی ئاماده‌نه‌بوو سزای به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌.

سه‌لیم مه‌عایشۆ
له‌ 26ی ئایاری 2019 له‌لایه‌ن دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراقه‌وه‌ به‌ پێی مادده‌ی چواری تیرۆر سزای له‌ سێداره‌دانی بۆ ده‌رچووه‌. ئه‌م تیرۆرسته‌ ته‌مه‌نی 41 ساڵه‌ و له‌گه‌ڵ كه‌تیبه‌ی تاڕقی كوڕی زیاد كه‌ سه‌ربه‌ ڕێكخراوی داعشن، سه‌ركردایه‌تی ئه‌و كه‌تیبه‌یه‌ عه‌بدئیلا حیمیش-ه‌ ئه‌ویش هاوشێوه‌ی سه‌لیم خه‌ڵكی لونیله‌. ئه‌م زانیاریانه‌ له‌ لایه‌ن ناوه‌ندی شیكردنه‌وه‌ی تیرۆره‌وه‌ پشتڕاستكراوه‌ته‌وه‌.

به‌پێی لێدوانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مریكا، ئه‌م كه‌تیبه‌یه‌ له‌ 300 كه‌س پێكدێت، كه‌ زۆربه‌ی ئه‌ندامه‌كانی ئه‌وروپین و چه‌ندین كرده‌وه‌یان له‌ وڵاتانی سوریا و عێراق و وڵاتی دیكه‌ ئه‌نجامداوه‌.

ناوه‌نده‌كانی دژه‌ تیرۆر له‌ فه‌ره‌نسا ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌، سه‌لیم له‌ شاری ڕه‌قه‌وه‌ بانگی هاوڕێیه‌كی خۆی كردووه‌ به‌ناوی جۆناسان جیفروا كه‌ ئه‌ویش هاوڵاتیه‌كی فه‌ره‌نسیه‌ و له‌ سوریا ده‌ستگیركرا، دواتریش ڕه‌وانه‌ی فه‌ره‌نسا كرایه‌وه‌.

جیفروا خه‌ڵكی تۆلۆزبووه‌، زانیاریگه‌لێكی زۆری ئاشكراكردووه‌. كه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ برازایه‌كی شوویكردۆته‌ كیڤن گۆنۆ.

مسته‌فا مه‌زروقی
له‌ 27ی ئایاری 2019 له‌لایه‌ن دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراقه‌وه‌ به‌ پێی مادده‌ی چواری تیرۆر سزای له‌ سێداره‌دانی بۆ ده‌رچووه‌. چونكه‌ مه‌زروقی به‌شداری چه‌ندین كرده‌وه‌ی تیرۆرستی له‌ ڕیزه‌كانی داعش كردووه‌.

مه‌زروقی ته‌مه‌ن 37 ساڵ له‌ نێوان ساڵانی 2000-2010 له‌ ڕیزی سوپای فه‌ره‌نسا بووه‌. به‌پێی دانپێدانانه‌كانی له‌ ساڵی 2009 خزمه‌تی سه‌ربازی له‌ ئه‌فغانستان بووه‌. ئه‌م سه‌ربازه‌ فه‌ره‌نسیه‌ به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك تونسیه‌ و له‌ شاری تۆلۆز له‌ دایكبووه‌. مه‌زروقی ده‌ڵێت، په‌یوه‌ندی كردنی به‌ داعشه‌وه‌، ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ حه‌زیكردووه‌ له‌ شوێنێكه‌وه‌ بۆ شوێنكی دیكه‌ گه‌شت بكات و بژی. له‌ رێگه‌ی فه‌یسبوكه‌وه‌ په‌یوه‌ندی كردووه‌ به‌ به‌ره‌ی نووسره‌ و دواتریش په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ داعشه‌وه‌. یه‌كه‌مجار چۆته‌ به‌لجیكا له‌وێوه‌ بۆ مه‌غرب، پاشان بۆ توركیا و له‌وێشه‌وه‌ بۆ سوریا. چۆته‌ حه‌له‌ب، له‌ شاری حه‌له‌ب دوای ته‌واوكردنی خولی شه‌ریعه‌ت و سه‌ربازی ڕه‌وانه‌ی موسڵكراوه‌، له‌ موسڵ له‌به‌رامبه‌ر سه‌ركرده‌یه‌كی داعش كه‌ ده‌موچاوهه‌ڵپێكراوێكبووه‌، به‌یعه‌تی داوه‌ به‌ داعش."

جه‌ختیش له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌" ئه‌و سه‌ركردانه‌ی داعش ده‌ترسان خۆیان له‌به‌رامبه‌ر كه‌سانی بیانی ئاشكرا بكه‌ن. نه‌وه‌كو ئه‌و كه‌سه‌ بیانیانه‌ سه‌ربه‌ ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی وڵاتانی جیهان بن".


فیانی ئۆ‌راگی
ئۆراگی ته‌مه‌نی 28 ساڵه‌ و به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك جه‌زائیریه‌، ئه‌و سه‌ره‌تا چۆته‌ ناو به‌ره‌ی نوسڕه‌وه‌ دواتریش له‌ ساڵی 2014 به‌یعه‌تی به‌ داعشداوه‌. له‌ ساڵی 2013 له‌گه‌ڵ لیاس دارانی كه‌ ئه‌ویش به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك جه‌زائیرییه‌، فه‌ره‌نسایان جێهیشتووه‌. دوای ئه‌وه‌ی له‌ شه‌ڕه‌كانی سوریا و عێراق گه‌ڕایه‌وه‌ فه‌ره‌نسا پلانی دانا بۆ كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆرستی و ماوه‌ی هه‌شت ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا.

ئۆراگی له‌ وڵاتی فه‌ره‌نسا ده‌روونناسی خوێندووه‌، به‌ڵام زانكۆی ته‌واو نه‌كردووه‌ و له‌ رێگای هۆڵه‌نداوه‌ چۆته‌ توركیا و له‌وێشه‌وه‌ چۆته‌ سووریا.

به‌ پێی دانپێدانانه‌كانی، ئه‌و به‌ هه‌موو باوه‌ڕێكه‌وه‌ چۆته‌ ناوداعش و پێشتریش له‌ڕێگه‌ی فه‌یسبوكه‌وه‌ ئاگای له‌ كرده‌وه‌ تیرۆرستیه‌كانی داعش بووه‌. به‌ڵام ئه‌و پێش ئه‌وه‌ی ڕووبكاته‌ موسڵ ڕه‌تیكردۆته‌وه‌ به‌یعه‌ت بدات، به‌ڵام له‌ خاوێنگه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ چه‌كداره‌بیانیه‌كان كاریكردووه‌.

محه‌مه‌د به‌ربه‌ری
محه‌مه‌د ته‌مه‌نی 24 ساڵه‌، بچووكترین فه‌ره‌نسیه‌ كه‌ له‌ عێراقدا به‌ تۆمه‌تی داعشبوون دادگای ده‌كرێت. محه‌مه‌د به‌ربه‌ری خه‌ڵكی باشووری فه‌ره‌نسایه‌، له‌ یه‌ك له‌ وێنه‌كانیدا كه‌ ئێستاش له‌ ئه‌نته‌رنێت هه‌یه‌، ئه‌و به‌چه‌كێكه‌وه‌ له‌به‌رده‌م ئاڵایه‌كی داعش وه‌ستاوه‌. ئه‌و ده‌ڵێت ته‌نیا له‌ پارێزگاكانی سوریا جه‌نگاوه‌، به‌ڵام ناوه‌نده‌كانی دژه‌ تیرۆر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هاتۆته‌ عێراقیش.


ئیبراهیم نه‌جاره‌
ئیبراهیم ته‌مه‌نی 33 ساڵه‌ و ئیشی هه‌نارده‌كردنی چه‌كداران بووه‌ بۆ سوریا، فه‌ره‌نسیه‌ككان ده‌ڵێن له‌ كرده‌وه‌یه‌كی ساڵی 2015 به‌شداره‌ كه‌ له‌ فه‌ره‌نسا ئه‌نجامدراوه‌. نه‌جاره‌ هانده‌ری برایه‌كی بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كرده‌وه‌ی تیرۆرستی له‌ شاری میزیۆ له‌ باشووری خۆرهه‌ڵاتی فه‌ره‌نسا ئه‌نجام بدات. ئه‌م پیاوه‌ ئه‌و كاته‌ی له‌ سوریا بووه‌، هه‌ریه‌ك له‌ فوئاد محه‌مه‌د عه‌قاد كه‌ خۆكوژه‌كه‌ی هۆڵی باتاكلان بوو كاتێك كوشتاره‌یه‌گی له‌ 13ی تشرینی دووه‌می 2015 خوڵقاند.

كرم ئه‌لحرشاوی
ته‌مه‌نی 32 ساڵه‌ و له‌ ساڵی 2014 له‌ به‌لجیكاوه‌ چۆته‌ سوریا. رۆژنامه‌ی" هیت لاست نیوش" باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ خۆی و برابچووكێكی له‌گه‌ڵ ژنه‌كانیان به‌هه‌مان شێوه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ داعشه‌وه‌ كردووه‌.

یاسین سه‌قم
ته‌مه‌نی 29 ساڵه‌ و كۆتای ساڵی 2014 فه‌ره‌نسای جێهیشتووه‌، په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ چه‌كدارانی داعشه‌وه‌. له‌ ساڵی 2016 له‌ لایه‌ن دادگای فه‌ره‌نساوه‌ فه‌رمانی ده‌ستگیكردنی بۆ ده‌رچووه‌. سه‌قم خه‌ڵكی شارۆچكه‌ی لونیله‌ كه‌ له‌و شارۆچكه‌یه‌وه‌ نزیكه‌ی 20 كه‌س چۆته‌ ناو داعشه‌وه‌، سه‌قم دواهه‌مین دانه‌یان بووه‌. ئه‌م چه‌كداره‌ی داعش له‌لایه‌ن هێزه‌ كوردیه‌كانی سوریا ده‌ستگیركرا. وێنه‌یه‌كی هه‌یه‌ به‌ چه‌كه‌وه‌ كه‌ كاتێك گیراوه‌ براكه‌ی به‌ناوی كه‌ریمه‌وه‌ كرده‌وه‌یه‌كی خۆكوژی له‌نێوان سنووری ترێبل كه‌ سنووری نێوان عێراق و ئه‌رده‌نه‌ ساڵی 2015 ئه‌نجامدا. یاسین یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ میدیاكانی فه‌ره‌نسا چاوپێكه‌وتنی ئه‌نجامده‌دا و یه‌كێكه‌ له‌ به‌ناوبانگترین جیهادیه‌كانی فه‌ره‌نسا.

مراد دلهوم
ته‌مه‌نی 40 ساڵه‌ و جه‌زائیریه‌، ئه‌م پیاوه‌ له‌ دیر زوور ساڵێك پێش ئێستا ده‌ستگیركرا، به‌ جیهادیه‌كی پیر به‌ناوبانگه‌، له‌ناو داعش دادوه‌ربووه‌، به‌رپرسی كوشتن و ئه‌شكه‌نجه‌دانی خه‌ڵكی بووه‌.

فازڵ تاهیر عویدات
له‌ 27ی ئایاری 2019 دادوه‌ر گوێی له‌ گوته‌كانی ئه‌م تۆمه‌تباره‌ گرت، به‌ڵام دانیشتنی دادگایكردنه‌كه‌ی بۆ دووی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ دواخرا. چونكه‌ ئه‌م تۆمه‌تباره‌ باسی له‌وه‌كرد كه‌ ئه‌شكه‌نجه‌ی زۆردراوه‌، بۆیه‌ دادوه‌ر داوای ڕاپۆرتی پزیشكی كرد. ئه‌م پیاوه‌ ته‌مه‌نی 32 ساڵه‌ و به‌وه‌ناسراوه‌ كه‌ كه‌سێكی زۆر سه‌ركوتكه‌ر و ئه‌شكه‌نجده‌ربووه‌. له‌ ساڵی 2014ه‌وه‌ ئاماده‌ی ئه‌وه‌بوو له‌ پێناو داعشدا بمرێت. به‌ پێی به‌رپرسانی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری 22 كه‌سی خێزانه‌كه‌ی له‌به‌ر ئه‌م تۆمه‌تباره‌ چوونه‌ته‌ ناو داعشه‌وه‌. گومانده‌كرێت كه‌ پلانداڕێژه‌ری ناوی ڕوپیه‌ی باكوری فه‌ره‌نسابووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كرده‌وه‌ی توندوتیژی ئه‌نجامبدرێت.

ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌وكاته‌ی فه‌ره‌نسا ئاگاداربووه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت پلانێك جێبه‌جێبكه‌ن و دواتر له‌ 13ی تشرینی دووه‌می 2015 ئه‌نجامیاندا. له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیدا ساڵی 2015 عویدات ده‌ركه‌وێت كه‌ دڵی خۆشه‌ به‌وه‌ی 130 كه‌س كوژران. ئه‌و گوتی" زۆر دڵم خۆشه‌، كه‌ ده‌بینم ئه‌و هاوڵاتیه‌ كافرانه‌ له‌ ئازار ده‌تلێنه‌وه‌."

بلال كه‌باوی
دادگای تاوانه‌كانی عێراق دادگایكردنه‌كه‌ی دواخست بۆ سێی حوزه‌یرانی ساڵی 2019 كه‌باوی ته‌مه‌نی 32 ساڵ خه‌ڵكی شارۆچكه‌ی سیڤه‌ره‌ له‌ ده‌وروبه‌ری پاریس. له‌ ساڵی 2014ه‌وه‌ فه‌ره‌نسای جێهیشتووه‌ و په‌یوه‌ندیكردۆته‌ داعشه‌وه‌.