ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:24 - 27/05/2019

رۆژئاواى كوردستان كار بۆ دروستكردنى دادگایه‌كى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كات‌

پەیسەر

دامەزراندنی دادگایەكی نێودەوڵەتی تایبەتی بە تاوانەكانی داعش لە رۆژئاوای كوردستاندا، قۆناغی گفتوگۆكردن تێدەپەڕێنێت بەرەو قۆناغی داڕشتنی پڕۆژە دەڕوات. بەرپرسێكی تەڤدەم لەمبارەیەوە دەڵێت"مافی كوردە لەناو ئەم پڕۆژەیەدا رۆڵێكی هەبێت. چونكە بەبێ قوربانیەكانی كورد نەمومكین بوو ئەم پڕۆژەیە لە دایك ببێت". 

بەهۆی نەبوونی دادگایەكی نێودەوڵەتی گشتی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ لێپرسینەوە لە پێشێلكاریەكانی مافی مرۆڤ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ناچار دەبێت، بەپێی تاوانەكان و شێوازەكانیان دادگای نێودەوڵەتی تایبەت بۆ لێكۆڵینەوە و سزادانی تاوانباران لە وڵاتانى جۆربەجۆر ساز بكات. لەم چوارچێوەیەدا ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە 22ى شوباتی 1993 بە هەردوو بڕیاری ژمارە 808 و لە 25 ئایاری 1993 بە بڕیارى 827 دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكانی لە یۆگوسلافیای پێشوو دامەزراند، كە بارەگاكەی لە لاهای بوو. 

هەروەها بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارە 955 لە 8ى تشرینی دووەمی 1994 دادگای نێودەوڵەتی تاوان لە رواندا، دامەزراوە كە وڵاتێكی كیشوەری ئەفریقیایە. رێكخراوی داعش بە ئەنجامدانی چەندین تاوانی دژە مرۆڤایەتی وەكو لە سێدارەدانی بە كۆمەڵ، دەستدرێژیكردن، رفاندن و هێڕشكردنە سەر ناوچە مەدەنیەكان تاوانبار دەكرێت كە لە پێنج ساڵی رابردوو لە چەندین ناوچەی عێراق و سوریا ئەنجامیداوە.

بە درێژایی پڕۆسەی گەماڕۆدان، تەنگ پێ هەڵچنین دواتریش رزگاركردنی ناوچەی باغۆز كە دوا مۆڵگەی داعش بوو، بە هەزاران چەكداری داعش لەگەڵ خێزانەكانیان بەدیل كەوتنە دەست هێزەكانی سوریای دیموكراتی. بەگوێرەی ئاماری رێكخراوی خاچی سوورى نێودەوڵەتی زیاتر لە 47 هەزار دیلی داعش كە بەشێكیان ژن و منداڵن لە كەمپی هۆل سەر بە شاری حەسكێ لە رۆژئاوای كوردستان و باكووری سوریا دەژین.بە گوێرەی بەیاننامەیەكی كۆشكی سپی لە 23ى ئاداری رابردوودا نزیكەی هەزار چەكداری داعش بە رەگەز ئەوروپی بە دیل كەوتوونه‌تە دەست هێزەكانی قەسەدە. 

لە دوای رزگاركردنی ناوچەی باغۆز، كە دوا مۆڵگەی ژێر دەستی داعش بوو لە 25ى ئاداری 2019دا، هێزەكانی سوریای دیموكراتی (قەسەدە) داوای دامەزراندنی دادگایەكی نێودەوڵەتی دەكات، لە باكووری سوریا بۆ دادگاییكردنی ئەندامانی داعش.

قەسەدە كە لەچەندین گرووپی چەكداری كوردی و عەرەبی پێكدێت و یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بە بڕبڕەی پشتی ئەم هێزە دادەنرێت و هاوپەیمانی هەرە بەرچاوی ئەمریكایە لەناوچەكەدا بەبۆنەی كۆتاییهێنان بە داعش لە 25 ئاداری رابردوو بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە" داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین دادگایەكی نێودەوڵەتی تایبەت بۆ دادگاییكردنی تیرۆریستانی داعش لە باكووری رۆژهەڵاتی سوریادا دروست بكات".

لە بەشێكی دیكەدا بەیاننامەكە دەڵێت"دادگای نێودەوڵەتی دەرگا بۆ پڕۆسەیەكی یەكسان بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەكان دەكاتەوە، كە هاوتا بێت لەگەڵ پەیماننامە نێودەوڵەتیەكان لە بارەی مافەكانی مرۆڤ".

ئەم داواكارییەی قەسەدە چەندین خوێندنەوەی جیاجیاى لێكەوتەوە. بەتایبەتی چەندین وڵاتی ئەوروپی ناخوازن چەكدارانی داعش كە خاوەن رەگەزنامەی وڵاتەكەیانن بگەڕێندرێنەوە. لە 21ى شوباتی رابردوو ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی بەلجیكا كە لە چەندین وەزارەت و دەستی ئەمنی لەم وڵاتەدا پێكهاتووە، رایگەیاند، كە پێیان باشە دادگایی نێودەوڵەتی بۆ چەكدارانی داعش لەم وڵاتانە دروستبكرێت (سوریا و عێراق) كە تیایدا تیرۆریستان بەدیل گیراون.

هەروەها داواكاری گشتی بەلجیكا رایگەیاند، كە گەڕانەوەی چەكدارە بەلژیكییەكانی ناو داعش بۆ وڵاتەكەیان زەحمەتە. گوتیشی"ئەو توندڕەوانەی بە غیابی سزای زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندراوە، دەتوانن تانە لە بڕیاری دادگا بدەن. بۆ كۆكردنەوەی بەڵگەكانیش پێویستە لێكۆڵەر و پۆلیس بچنە شوێنی ئەنجامدانی تاوانەكان. كە ئەمەش كارێكی زەحمەتە".

رۆژێك دوای لێدوانەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشی بەلژیكا، لە 22ى شوباتدا ئیمانوێل ماكڕۆن سەركۆماری فەڕەنسا بە پێویستی زانی، كە دیلە فەڕەنسییەكانی ناو داعش لە عێراق و سوریادا دادگایی بكرێن. هەروەها داوایكرد"فەڕەنسا داوا دەكات سزای لە سێدارەدانی تاوانباران بگۆڕدرێت بۆ زیندانی تاهەتایی".

لەوكاتەی زۆربەی وڵاتە ئەوروپییەكانی لێدوانی جیاواز دەدەن لەبارەی چۆنێتی چارەسەركردنی ئەم كێشە، نوێترین هەڵوێست لە حكوومەتی سوید راگەیه‌ندرا. لە 16ى ئایاری 2019 حكوومەتی سوید رایگەیاند، كە لە 3ى تەمموزی داهاتوو لە ستۆكهۆڵمی ئەم وڵاتە كۆبوونەوەیەك بەبەشداری پسپۆران و بەرپرسانی ئەم وڵاتانە ئەنجام دەدرێت، كە هاووڵاتیانیان لەناو داعشدا بوونە و دواتر لەلایەن قەسەدە بەدیل گیراون.

بەگوێرەی بەیاننامەی حكوومەتی سوید كاتی ئەوە هاتووە، گفتوگۆ بكرێت بۆ داڕشتنی پڕۆژەیەكی هاوبەش لەمبارەیەوە. لەمبارەیەوە میكائیل دامبیرج وەزیری ناوخۆی سوید پێیوایە دەكرێت ئەم دادگایە لە شوێنێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بكرێت:" سیستەمی ناوچەیی لەبارە بۆ كۆكردنەوەی بەڵگە و شاهید".

وەزیری ناوبراو، رایگەیاند كە هەریەك لە هۆڵەندا، بەریتانیا، فەڕەنسا و بەلجیكا بەشداری لە كۆبوونەوەی 3ى تەمموزی داهاتوو لە پایتەختی سوید دەكەن. راشیگەیاند كە دەسەڵات و جۆری كردەوەكانی دادگا بەجێدێڵین بۆ پێشبینی ئەم لایەنانە كە لە كۆبوونەوەكە بەشدار دەبن. 

ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی جێبەجێكاری بزوتنەوەی كۆمەڵگای دیموكراتی (تەڤدەم) لە وەڵامی پرسیارەكانی (پەیسەر پرێس) دا هەڵوێستی سوید بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیكە ئەوروپا بە ئەرێنیتر وەسف دەكات و دەڵێت"ئەوەی پەیوەستە بە هەڵوێستی سوید و ئەڵمانیا تا رادەیەك پەسەندە و بەڵام چاوەڕێ دەكەین هەڵوێستەكانیان ببنە كردەیی. دۆسیەی گیراوانی داعش گرنگە، لە هەمان كاتدا ترسناكە و هاوكاری نێودەوڵەتی لەمبارەیەوە گرنگە، پێویستە پشتگیری لۆجستیكی و ئەمنی هەبێت و بەشداری بكەن لە دروستكردنی زیندانی تایبەت. هەموو جیهان لە بەردەم بەرپرسیارێتی دایە و پێویستە بە كردەوە هاوكاری هەبێت".

بەبێ ئەوەی رەنگدانەوەی بۆ سەر میدیاكان هەبێت، ماوەیەكە بەرپرسانی كەناڵی دیپلۆماسی لە رۆژئاوای كوردستاندا، لەمبارەیەوە وتوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی دەكەن بە مەبەستی دۆزینەوەی فۆڕمیلەیەك بۆ دامەزراندنی دادگایەكی نێودەوڵەتی. سەرچاوەیەكی نزیك لەم كەناڵە، كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، لەبارەی گفتوگۆكان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپادا ئەم زانیاریانە بە (پەیسەر پرێس) رادەگەیه‌نێت"دوو تیمی دیپلۆماسی و یاسایی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی لەمبارەیەوە گفتوگۆ دەكەن. لەبەرئەوەی رۆژئاوای كوردستان سەروەریی سیاسی نیە، ناكرێت راستەوخۆ ئەم دادگایە بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری بسپێردرێت. لەلایەكی دیكە وڵاتانی ئەوروپا ناخوازن لەگەڵ سوریادا ئەم كارانە بكەن. هەروەها بەهۆی باڵادەستی حەشدی شەعبی و ئێران متمانەیان بە حكوومەتی عێراق نایێت تا دادگای نێودەوڵەتی لە عێراقدا دروست بكەن".

لەدرێژەی قسەكانیدا هەمان سەرچاوە دەڵێت:" لە ئێستادا گفتوگۆی نێوان هەردوولا لەسەر ئەوە قوڵبۆتەوە، كە مەسەلەی دادگاییكردنی ئەندامانی داعش بە قەسەدە بسپێرن، بەو مەرجەی پڕۆسەی دادگاییكردن بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەكان بێت. لەبەرامبەردا وڵاتانی ئەوروپی زیندانی تایبەت و پێویست بۆ گیراوانی دۆسیەی داعش دروست دەكەن، لە رووی لۆجستیكی، تەكنیكی و دارایی بەڵێنی هاوكاریكردن بە قەسەدە دەدەن".
 
ئاڵدار خەلیل، پێیوایە بوونى هەزاران دیلى داعش لە دەستى قەسەدە مەسەلەیەكى هێجگار كێشەدار و مەترسیدارە. لەمبارەیەوە دەڵێت" ناكرێت بڵێین كۆتایی بە داعش هاتووە بەبێ ئەوەی چارەسەریەك بۆ چارەنووسی ئەم دیلانە بدۆزینەوە. لێرەدا گرنگی دادگای نێودەوڵەتی دەردەكەوێت. لە سایەی نەبوونی هەڵوێستی ئەرێنی و نەبوونی ئامادەكاری بۆ گەڕاندنەوەی ئەم دیلانە بۆ وڵاتەكانیان، پێویسته‌ بیر لە رێگا و لۆژیكی ستراتیژیانەتر بكرێتەوە كە یەكسان بێت بە قەبارەی كاركردن و قوربانیدان لەدژی داعش".

دەربارەى هەوڵى دیپلۆماسى رۆژئاواى كوردستان، بۆ دامەزراندنى دادگایەك بۆ دیلەكانى داعش خەلیل بەم شێوەیە دەدوێت:" لە ئێستادا هەوڵى ئێمە بۆ بەدەستهێنانى پشتگیرییە، وردەكارییەكان دەربارەى چۆنیەتى دادگاكە بۆ گفتوگۆى دیكە بەجێدێڵین بەبێ ئەوەى لە چوارچێوەى نێودەوڵەتى بێینە دەرەوە و بە لەبەرچاوگرتنى هەندێك وردەكارى گرنگ لە مەسەلەى دیلە داعشیەكان، كە دەبێت قسەى كەسوكارى قوربانییەكان لەبەرچاوبگرین".

سەرەڕاى ئەوەى سوپاى سوریا لەم دوو ساڵەى دوایى توانى بەشێكى خاكەكەى لەژێر دەستى جیهادییەكان دەربێنێت، بەڵام لە رووى سیاسى و دیپلۆماسیەوە هێشتا دەسەڵاتى ئەم وڵاتە گۆشەگیرە. ئەمەش دەبێتە ئاستەنگێكى سەرەكى لە مەسەلەى دروستكردنى دادگایەكى نێودەوڵەتى بۆ دیلەكانى داعش لە سوریادا. ئاڵدار خەلیل لە رەهەندێكى دیكە شرۆڤەى ئەم خوێندنەوەیە دەكات" ناوچەكانى ژێر دەستى بەڕێوەبەرایەتى خۆسەر گەورەترین زیانیان بەركەوتووە لەسەر دەستى داعش. ئەوانەى سەركەوتنیان بەسەر داعش بەدەستهێنا پێكهاتەكانى ئەم ناوچەیە بوون. رژێمى سوریا لەمبارەیەوە هیچى پێشكەش نەكردووە. وەكو بەڕێوەبەرایەتى خۆسەر لەمبارەیەوە گفتوگۆ لەگەڵ چەند لایەنێك دەكەین و رژێم دوورى وردەكارى و گفتوگۆكانە". 

دەربارەى ئەگەرى دامەزراندنى داگایەك لەناو خاكى عێراقدا بۆ دادگایى كردنى داعشییەكان، خەلیل بەم شێوەیە راڤەى دەكات" بەوپێیەی ناوچەكەمان لەسەردەستی داعش زیانی گەورەی بەركەوتووە، هەروەها بەهۆی ئەوەی داعش لەسەر خاكەكەمان تێكشكا، 11 هەزار شەهید و 25 هەزار بریندارمان هەیە، ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی ئەم دادگایە لە رۆژئاوا دروست بكرێت، بەڵام ئەگەر بێت و هەندێك شتی دیكە بێنە پێشەوە ئەوە دەكرێت لە چوارچێوەی رێككەوتن و سازش قەبوڵی بكەین".

ئاڵدار خەلیل ئەندامى دەستەى جێبەجێكارى تەڤدەم بەم شێوەیە كۆتایى بە قسەكانى دێنێت:" خەباتی گەلەكەمان و جەنگەكەی لەدژی داعش، هەروەها هەوڵەكانی بۆ بونیادنانی ئەزموونێكی دیموكراتیانە بۆتە ناسنامە و  هەموو جیهان شاهیدى بۆ دەدات دامەزراندنى دادگای نێودەوڵەتی لەسەر خاكى رۆژئاواى كوردستان دەبێتە هەنگاوێكی مێژووی و مێژووی و ناوچەكە دەوڵەمەندتر دەكات. مافی گەلەكەمانە رۆڵێكی لەناو ئەم پڕۆژەیەدا هەبێت، چونكە بەبێ قوربانیەكان نەمومكین بوو ئەم پڕۆژەیە لە دایك بێت".