ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:45 - 22/05/2019

توركیا له‌ناو ئاڵۆزییه‌كانى كه‌ركوكدا ئه‌جێنداى تایبه‌ت جێبه‌جێده‌كات‌

پەیسەر

ئه‌نقه‌ره‌ له‌پاڵ ئه‌و په‌یوه‌ندى و ئاڵوگۆڕانه‌ى له‌گه‌ڵ به‌غدا و هه‌ولێر هه‌یبووه‌، چاوێكى هەر له‌سه‌ر كه‌ركوك بووه‌، كه‌ركوك بۆ توركیا هه‌میشه‌ مایه‌ى سه‌نج بووه‌، له‌دواى ریفراندۆم و رووداوه‌كانى ١٦ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌، ئه‌و وڵاته‌ به‌ نه‌رمى هه‌وڵ ئه‌دات زیاتر خۆى بخزێنێته‌ شاره‌كه‌، په‌یسه‌ر زانیارى هه‌یه‌ كه‌ ئه‌نقه‌ره‌ له‌ ئاڵۆزییه‌كانى ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان، دژ به‌ كورد ده‌ستى هه‌یه‌ و ستراتیژى تایبه‌ت جێبه‌جێده‌كات له‌ناو ئاڵۆزییه‌كاندا.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس كه‌ له‌سه‌رچاوه‌ى ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستى كه‌وتووه‌، په‌یوه‌ندی نهێنی له‌نێوان ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا (میت) و راكان جبوری پارێزگاری كه‌ركوك و چه‌ند گروپێكی عه‌ره‌بی سوننه‌ له‌موسڵ و كه‌ركوك هه‌بووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ماڵه‌ كورده‌كان ناچار بكه‌ن شوێنه‌كانیان جێبهێڵن.

جبورى بۆ ده‌ستپێكردنى ئه‌و پرۆسه‌یه‌ دژه‌ به‌ كورد پشتیوانى توركیاى هه‌بووه‌، ئه‌نقه‌ره‌ به‌ چه‌ند مه‌به‌ستێك له‌ ئێستایا پشتیوانى ئه‌و دۆخه‌ شڵه‌ژاوه‌ى كه‌ركوك ده‌كات، كه‌ دیارترینیان ئه‌وه‌یه‌ له‌رێگه‌ى ئه‌و دۆخه‌وه‌، پلانى ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى شاره‌كه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ى كورد بۆ كه‌ركوك دواده‌خات و ئه‌و پلانه‌ى كه‌ باس ده‌كرێن تێكده‌دات، ده‌توانێت وه‌ك كارتی فشار له‌دژی هه‌رێم و به‌غداش به‌ كاریبهێنێت.

ئامانجێكى دیكه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانى ئه‌نقه‌ره‌ بۆ شڵه‌ژانى دۆخى كه‌ركوك و دواخستنى ئاسایبوونه‌وه‌ى ئەوەیە، ده‌یه‌وێت پرۆسه‌ی كڕینی نه‌وتی كه‌ركوك و هه‌رێم به‌نرخێكی هه‌رزان به‌رده‌وام بێت، به‌تایبه‌تیش كه‌ ترسی هه‌یه‌ دوای رێگرییه‌كانی ئه‌مریكا له‌كڕینی نه‌وتی ئێران، به‌ نرخی هه‌رزان نه‌وتی ده‌ست نه‌كه‌وێت.

توركیا له‌م چه‌ند ساڵه‌ى دوایى به‌ وردى كار له‌سه‌ر كه‌ركوك ده‌كات، ٢٠ی ئابى ساڵى رابردوو، فاتح یەڵدز، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق بە سەردانێک گەیشتە شاری کەرکوک و رایگه‌یاند، كه‌ركوك گرنگى تایبه‌تى بۆ ئه‌وان هه‌یه‌ و گوتى"کەرکوک دڵی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراقە و وڵاتەکەشی چەندین پڕۆژەی هەیە کە لەماوەی (100) رۆژدا جێبەجێیان دەکات و بەشێکیان لەشاری کەرکوکە".

عارف قوربانى نوسه‌ر، ده‌ڵێت، ئه‌وه‌ى ئێستا له‌ كه‌ركوك و ده‌ورووبه‌رى دژ به‌ كورد رووده‌دات، سه‌ره‌تا په‌یوه‌ندى به‌ عه‌قڵیه‌تى به‌غداوه‌ هه‌یه‌ كه‌ باوه‌ڕى به‌ پرۆسه‌ى به‌ عه‌ره‌بكردن هه‌یه‌، دووه‌میش په‌یوه‌ندى به‌سه‌رژمێرى چاوه‌ڕوانكراوى ساڵى داهاتووه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌غدا مه‌به‌ستیه‌تى ئه‌و سه‌رژمێرییه‌ بكاته‌ بنه‌ما بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كێشه‌ى ئه‌و ناوچانه‌، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت پێش ئه‌و سه‌رژمێرییه‌ پێگه‌ى كورد لاواز بكه‌ن و گۆڕانكارى دیمۆگرافى دروست بكه‌ن.

قوربانى بۆ په‌یسه‌ر باسیله‌وه‌كرد، له‌ ١٦ی ئۆكتۆبه‌ریش جۆرێك له‌ هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان عێراق و ئێران توركیا هه‌بوو، به‌ دوورى نابینم ئامانجى دوورمه‌وداى ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ لاوازكردنى پێگه‌ى كورد بێت له‌وچانه‌و زاڵكردنى هه‌ژمونى عه‌ره‌ب، بێت به‌ دوورى نازانم هاوكارى به‌غدا بكه‌ن به‌ ناڕاسته‌وخۆ له‌و هه‌نگاوانه‌ى دژ به‌ كورد ده‌ینێت، له‌دواى سه‌ردانى سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بۆ توركیا جه‌خت له‌ كردنه‌وه‌ى كونسوڵخانه‌ى توركیا كراوه‌ته‌وه‌ له‌ كەركوك، توركیا به‌ چاوى بایه‌خه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ كه‌ركوك چاویشى له‌وه‌یه‌ به‌هێزبێت له‌ شاره‌كه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌گوزه‌رێت توركمانیش له‌ ئاینده‌ لێى زیانمه‌ند ده‌بێـت.

ساڵى رابردوو له‌ رووداوى سوتانى قه‌یسه‌رییه‌ك له‌ شاره‌كه‌ توركیا ئاماده‌یى خۆى بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى بازاڕه‌كه‌ ده‌ربڕى، دواى ئه‌وه‌ى هه‌ردوو حكومه‌تى عێراق و هه‌رێمى كوردستان بێده‌نگییان كرد له‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى زیان لێكه‌وتووان، ئێستا توركیا به‌رنامه‌ى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ له‌ كه‌ركوك كونسوڵخانه‌ بكاته‌وه‌، و نوسینگه‌ى پێدانى ڤیزاشى له‌ شاره‌كه‌ كردووه‌ته‌وه‌.

كاتێك هه‌رێمى كوردستان سه‌رقاڵى ریفراندۆم بوو، گوتارى توركیا و ئه‌ردۆغان له‌ گوتارى هه‌موان توندتربوون سه‌باره‌ت به‌ ئاینده‌ى كه‌ركوك، ئه‌ردۆغان هه‌رزوو گوتى، هه‌ڵكردنى ئاڵا له‌ كه‌ركوك هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌یەو باجى ده‌بێت، گوتیشى، ناوهێنانى كه‌ركوك به‌ شارى كوردى باجى گه‌وره‌ى هه‌یه‌ ئه‌و توندتر قسه‌یكردوو گوتی" كورد له‌ مێژووى كه‌ركوكدا بوونى نییه‌".

به‌پێى ئاماژه‌كان بێت و به‌ له‌به‌رچاوگرتنى بایه‌خى ئه‌نقه‌ره‌ به‌ كه‌ركوك، ئه‌سته‌مه‌ ئێستا توركیا له‌و هاوكێشه‌ ئاڵۆزه‌ى له‌ كه‌ركوك ده‌گوزه‌رێت بێ رۆڵ بێت، پێده‌چێت ئه‌نقه‌ره‌ به‌ وردى كار له‌سه‌ر ئه‌و دروشمانه‌ بكات، كه‌پێشتر سه‌باره‌ت به‌ كوردستانى بوونى كه‌ركوك به‌یانى ده‌كردن، ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ش دژ به‌ كورد ده‌ستیپێكردووه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌و  ده‌ركردن و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌رماڵیان و سوتاندنى به‌رهه‌مه‌كانیان و دورینه‌وه‌یان، بۆ سه‌رژمێرییه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ى ساڵى داهاتوو كورد زیانمه‌ندى یه‌كه‌م ده‌بن و خزمه‌ت به‌ ئه‌جێندا تایبه‌ته‌كه‌ى توركیا و عێراق ده‌كات.

جوان زه‌نگه‌نه‌ ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك ده‌ڵێت، هه‌موو جار وڵاتان له‌ كه‌ركوك بڕیاریان داوه‌و عێراق خۆى بڕیارده‌ر نه‌بووه‌، ئێستا ته‌عریب زۆر به‌ ئاشكرایى ده‌ستیپێكردووه‌، عێراق هیچ كات مه‌له‌فى خۆى به‌ده‌ستى خۆى نه‌بووه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ركوك و بڕیاردان له‌ كەركوك وڵاتانى ده‌ورووبه‌رو  وڵاتانى زلهێز یارییه‌كه‌ ده‌كه‌ن خۆیان بڕیار ده‌ده‌ن كه‌دۆخه‌كه‌ چى لێده‌كه‌ن باشى ده‌كه‌ن یان خراپى ده‌كه‌ن، زه‌نگه‌نه‌ بۆ په‌یسه‌ر گوتیشى"ده‌ستوه‌ردانى وڵاتان په‌یوندى به‌ لاوازى عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌، عێراق هه‌رگیز نه‌یتوانیوه‌ خۆى بڕیار بدات له‌ كه‌ركوك، توركیاش له‌ كه‌ركوك مه‌رامى سیاسى خۆى هه‌یه‌، ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌ى له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌تى عوسمانى بووه‌ بیگێڕێته‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌بێت حكومه‌تى عێراق بیوه‌ستێنێت". 

بەپێی دوایین سه‌رژمێرى ساڵى ١٩٩٧ رێژه‌ى توركمان له‌ كه‌ركوك سه‌دا ٦.٦٦ بووه‌ به‌ڵام توركمانه‌كان پێیان وایه‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ ساخته‌یه‌و له‌وه‌ زیاترن، عه‌ره‌به‌كانیش به‌هه‌موو تواناى خۆیانه‌وه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن رێژه‌ى خۆیان هه‌ڵكشێنن له‌و سه‌رژمێرییه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌، ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م خواستى هه‌ردوولا بوونى ژماره‌ى زۆرى كوردە له‌وناوچانه‌، بۆیه‌ش بارودۆخى شڵه‌ژاوى كورد و هه‌ڵمه‌ته‌كان دژ به‌ كورد خزمه‌ت به‌ ئه‌جێنداى هه‌ردوولا ده‌كات و له‌ به‌رامبه‌ردا له‌ لایه‌نى كوردیش هیچ به‌رنامه‌یه‌ك بۆ رێگرى لەو دۆخە نییە.