ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:01 - 18/05/2019

ئایا ئەردۆغان دەتوانێت دەنگدەری كورد لە ئیمامئۆغڵو دووربخاتەوە؟‌

پەیسەر

ئەگەر كەمێك بگەڕێینەوە دواوە و سەیری فلیمی رووداوە سیاسییەكانی ناو توركیا بكەین و هەموو پارچە تابڵۆی رووداوەكانی ئەم ماوەیەی دوایی بەیەكەوە ببەستینەوە، سەرەداوێكمان دەستدەكەوێت پەلكێشمان دەكات بۆ لای دەنگدەری كورد لە ئیستانبۆڵ.

دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە لە دووبارە كردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانی گەورەی ئیستانبۆڵ لە 23 حوزەیرانی داهاتوو جارێكی دیكە دەنگدەری كورد رۆڵی ئەكتەری سەرەكی بەردەكەوێت. ژمارەی كورد لە ئیستانبۆڵ  بە 5 ملیۆن كەس مەزەندە دەكرێت و لە رووی كۆمەڵایەتیەوە كوردانی ئیستانبۆڵ كۆمەڵگایەكی كۆزمۆپۆلۆتیكن. زۆربەی كوردانی ئیستانبۆڵ ئەو كوردانەن كە لە سەرەتای ساڵانی 1990 بەهۆی شەڕی نێوان پەكەكە و سوپای توركیا گوند و ناوچەكانیان خاپوور كرا بۆ ژیانێكی باشتر روویان لەم شارە گەورە كردووە كە بە پایتەختی ئابووری توركیا دادەنرێت.

بەگوێرەی ئاماری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی توركیا لە هەڵبژاردنی 23 حوزەیراندا زیاتر لە 11 ملیۆن كەس مافی دەنگدانی هەیە. لەگەڵ ئەوەی پێناچێت گۆڕانكاری گەورە لە هەڵبژاردن رووبدات، چونكە ناونیشانی بەشی هەرە زۆری دەنگدەر دیارە، بێ سەیركردنی بەرنامەی كاندیدان پێشوەخت بڕیاری داوە دەنگ بۆ كێ دەدات. ئەوەی چارەنووسی هەردوو كاندیدی سەرەكی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو كاندیدی بەرەی میللەت و بینالی یڵدرم كاندیدی بەرەی كۆمار دیاری دەكات دەنگدەری كوردە.

لە هەڵبژاردنی 31ی ئاداری رابردوودا دەنگدەری كورد چارەنووسی پێنج شارەوانی لە رۆژئاوای توركیادا یەكلایی كردەوە، ئەمەش بە سازشی هەدەپە (پارتی دیموكراتی گەلان) لەگەڵ جەهەپە (پارتی گەلی كۆمار) هاتە ئاراوە. رۆڵی دەنگدەری هەدەپە لە بردنەوەی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو لە ئیستانبۆڵ چارەنووسساز بوو، هەرچەندە جەهەپە بە ئاشكرا باسی ئەم راستیە ناكات، بەڵام نكۆڵیشی لێ نەكردووە. 

بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنی گشتی لە 24 حوزەیرانی 2018، جەهەپە ملیۆنێك دەنگی زیاد كردووە، كە پێدەچێت دەنگی دەنگدەرانی هەدەپە بێت. لەگەڵ ئەوەشدا بە گوێرەی سەرپەرشتیارانی هەدەپە بۆ هەڵبژاردنی 31ی ئادار 200 – 250 هەزار دەنگدەری هەدەپە نەچۆتە سەر سندوقەكانی دەنگدان.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم راستییانە ئەردۆغان ناچارە یاریەك رێكبخات، بەلانی كەم كورد لە پشتگیریكردنی ئیمامئۆغڵو دووربخاتەوە. لە چەند ساڵی رابردوودا ئەردۆغان نیشانی داوە كە ئەو وەستایەكی چاكی دروستكردنی یارییەكانە و دەتوانێ لە رێگایەوە یاری بەرامبەرەكەی پێچەوانە بكاتەوە. ئەنجامی هەڵبژاردنی گشتی لە 7 حوەزیرانی 2015 لەبەرچاوە، چۆن توانی ئەنجامەكە لە 1 تشرینی دووەمدا لە بەرژەوەندی خۆیدا پێچەوانە بكاتەوە. 

لە ئێستادا ئاماژەكانی یاریە نوێیەكەی ئەردۆغان دەركەوتوون. لەلایەك بەردەوامە لەسەر گوتارە توندەكەی دژ بە كورد، لەلایەكەی دیكە دەرگای ترافیكی هاتووچوون لە ئیمڕالی دەكاتەوە. دوای دیداری پارێزەران لە 2ی ئەم مانگە لەگەڵ عەبدولڵا ئۆجالان رێبەری پەكەكە، باس لە سەردانی خانەوادەی ئۆجالان دەكرێت بۆ ئیمڕالی. ئەم یاریە دووسەریەی ئەردۆغان مایەی تێڕامان و وردبوونەوەیە! هەرچەندە لە كردنەوەی دەرگای ئیمڕالی و گفتوگۆ لەگەڵ كورد دا ناونیشانی سەرەكی رۆژئاوای كوردستانیش بێت، بەڵام بۆ راكێشانی دەنگدەری كورد بەلای خۆیدا، یان بەلانی كەم دوورخستنەوەی لە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، مەسەلەی كۆتاییهێنان بە مانگرتنی گیراوانی سیاسی كورد كە گەیشتۆتە قۆناغێكی هەستیار، ئامانجی سەرەكی ئەردۆغانە لە یاری كردنەوەی دەرگای ئیمڕالیدا.
 
وەكو پێشبینی دەكرا، ئەردۆغان لەم یارییەدا ریسكێكی گەورە ناكات، چونكە شەریكەكە دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە بۆ كردنەوەی دەرگای ئیمڕالی چرای سەوزی بۆ هەڵكرد. باخچەلی لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا لە رۆژی سێشەممەی رابردوو (14 ئایاری 2019) گووتی:" ئەگەر بخوازن دەتوانن سەردانی ئیمڕالی بكەن". بەم لێدوانەی باخچەلی دیارە كە ئەردۆغان و باخچەلی لەگەڵ دەوڵەتی شاراوە چەند بڕیارێكی نوێیان گرتووە، ئەردۆغان بەرەو گۆڕینی ستراتیژی هەنگاو دەنێت. راستە لەناو ئەو ستراتیژیە نوێیەدا، رۆژئاوای كوردستان، سوریا، یەپەگە، پەیەدە جێدەگرێت، هەروەها گفتوگۆ لەگەڵ جێمس جێڤری نوێبەری ئەمریكا لە سوریا و گفتوگۆ لەگەڵ رووسیا بەشێكی ئەم ستراتیژیە نوێیەن كە ئەردۆغان خەریكی گەڵاڵەكردنیەتی. بەڵام رەهەند و لایەنی گرنگی ئەم یاریە بۆ ئەوەیە سەر لەنوێ ئەردۆغان شارەوانی ئیستانبۆڵ بباتەوە. ئەردۆغان بە كردنەوەی دەرگای ئیمڕالی و گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجالان چاوەڕێ دەكات دەنگی كورد لە بەرژەوەندی خۆیدا رابكێشێت، جا بە دەنگدان بێ بۆ بیناڵی یڵدرم یان بە نەچوونی كورد بێ بۆ سەر سندوقەكانی دەنگدان.

بۆچی دەگەینە ئەم ئەنجامە؟

لەگەڵ دیداری پارێزەران لەگەڵ موەكیلەكەیان لە ئیمڕالی، دەنگۆی گفتوگۆی هاكان فیدان راوێژكاری(میت)لەگەڵ ئۆجەلان لەبارەی سوریا بڵاوكرایەوە. دەوڵەتیش ئەم دەنگۆیەی بەدرۆ نەخستۆتەوە. ئەم بانگەشانە تابلۆیەكی نوێ لەبەرچاو دروست دەكەن. ئەگەر بەردەوام بێت، درێژە بكێشێت، ئامانجی یەكەمین و رانەگەیەندراوی كۆتاییپێهێنانە بە مانگرتنی بێ سنووری گیراوانی دۆسیەی پەكەكە لە گرتووخانەكانی توركیادا. زەمینەی كۆتاییهێنان بە مانگرتن لە ئارادایە كە ئەویش لە بەرژەوەندی یاریەكەی ئەردۆغان دایە. 

پشتگیریكردنی دایكی گیراوانی سیاسی لە مانگرتووان سنووردارە. ئەو دایكانەی دەخوازن دەوڵەت گوێ لە داواكاری مانگرتووان بگرێت و گۆشەگیری لەسەر ئۆجالان هەڵبگرێت بە بەراورد لەگەڵ ژمارەی گیراوانی دۆسیەی پەكەكە زۆر كەمە. بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی لەناو هەدەپە دزە دەكەنە دەرەوە، ژمارەی دایكی گیراوانی سیاسی كە پشتگیری مانگرتووان دەكەن و لە گۆڕەپانەكاندا خۆپشیاندان ساز دەكەن لە دەوروبەری هەزار كەسە. ئەمەش هەدەپەی تووشی تەنگەزاری كردووە. بۆیە كۆتاییهێنان بە مانگرتن لەناو هەدەپە و دەوروبەرەكەی پشتگیری لێدەكرێت، بەلانی كەم سەر ئێشەی هەدەپە لەمبارەیەوە نامێنێت و دەپڕژێتە سەر كاری دیكە. ئەردۆغان و دەوروبەری ئەم لاوازیە دەبینن، دەخوازن لە رێگای یاریەكەدا بیقۆزنەوە. 

ئەوەی دیارە جەهەپە هێشتا ئەم لاوازیەی نەبینیووە، بەباشیش دركی بە یاریەكەی ئەردۆغان نەكردووە. وەكو رۆژانی دوای هەڵبژاردنی 7 حوزەیرانی 2015 ئەم پارتە بە سەركەوتنە رێژەیەكەی لە هەڵبژاردنی 31 ئادار سەرخۆش بووە. كە ئەمەش گەورەترین مەترسی دروست دەكات بۆ پێچەوانە كردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن لە 23 حوزەیرانی داهاتوودا. ئەگەر ئەردۆغان بتوانێت یاریەكە بەرەوپێش ببات، دوورنیە ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتووی شارەوانی ئیستانبۆڵ لە بەرژەوەندی ئاكەپە و مەهەپە هەڵگەڕێتەوە. ئەوەی دیارە هەدەپە ئەم یاریەی ئەردۆغانی بینیووە و پەیامی ئاگادار كردنەوەی بۆ جەهەپە ناردووە. 

سەرەڕای ئەوەی دەنگدەری كورد پشتگیری ئیمامئۆغڵوی كرد و دەكات، دیسان گوتاری دژە كورد، دژە هەدەپە و دژە ئۆجەلان لەناو جەهەپە درێژەی هەیە. وەكو ئەوەی لەمبارەیەوە جەهەپە لە پێشبڕكێ دابێت لەگەڵ مەهەپە. ئەم گوتارە گەورەترین مەترسییە لەسەر ئەو كوتلە دەنگدەرەی لە دەوروبەری ئیمامئۆغڵو گردبوونەتەوە. دوورنیە ئەردۆغان سوود لەم گوتارە ببینێت و سیناریۆی 1 تشرینی دووەمی 2015 لە 23 حوەزیرانی 2019 دووبارە بكاتەوە.
 
لە ئێستادا ئاماژەكانی گۆڕینی ستراتیژی ئاكەپە – مەهەپە دەركەوتوون. لەبەرامبەریشدا ئۆپۆزسیۆن بە گشتی و جەهەپە بە تایبەتی تەماشاكەرە و پێیوایە بەهەمان ستراتیژی 31 ئادار دەتوانێ ئیستانبۆڵ بباتەوە. 

هەڵبەتە ئەردۆغان كار بۆ بەدەستهێنانی دەنگی كورد دەكات. بەڵام ئەمە ئاسان نابێت، چونكە دەنگدەری كورد لەناو گرووپە دەنگدەرەكانی توركیادا لە هەموویان سیاسی تر و هۆشیار ترە. بە ئامانجی ستراتیژیانە دەنگ بەكاردێنێت. دەنگدەری كورد دەزانێ چارەسەری كێشەی كورد لە رێگای جەهەپە بەدینایێت. لەو كاتەی ئەردۆغان دەیویست خۆی نزیكی یەكێتی ئەوروپا بكات و لەم پێناوەدا هەنگاوی دەنا، جەهەپە لە مەهەپە زیاتر دژی ئەردۆغان وەستایەوە. دەنگدەری كورد دەزانێ لە ئێستادا بەشێكی زۆری سەركردایەتی جەهەپە چەند دژە كوردە. لەگەڵ ئەوەش لە ئێستادا پێیوایە بە پێویستی دەزانێ گورزێك لە بلۆكی فاشیستی مەهەپە – ئاكەپە تێكبشكێنێت. 

گفتوگۆی دەوڵەت لەگەڵ ئۆجەلان نوێیە، چ ئاڕاستەیەك دەگرێت و بەرەو كوێ دەچێت دیارنیە، بەتایبەتی لە مەسەلەی رۆژئاوای كوردستان زۆر زووە قسەیەك و خوێندنەوەیەك بۆ رەوتی رووداوەكان بكرێت. بەڵام لە ئێستادا دەكرێت بڵێین كە كردنەوەی دەرگای ئیمڕالی بەڕووی پارێزەرانی ئۆجالان هیچ كاریگەریەكی لەسەر بژاردەی دەنگدەری كورد نابێت لە ئیستانبۆڵ. هەروەها زەحمەتیشە لەم قۆناغەدا ئۆجالان پەیامی پشتگیریكردنی ئاكەپە و دووركەوتنەوە لە جەهەپە بدات.