ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

09:47 - 16/05/2019

عێراق مه‌كه‌ن به‌ قوربانى ململانێى نێوان ئه‌مريكاو ئێران‌

پەیسەر

بۆ ئه‌وه‌ى پريشكى ئاگرى ئه‌م شه‌ڕه‌ دوور بێت له‌ به‌غداد، پێويسته‌ سه‌ربه‌خۆيى له‌م دوو وڵاته‌ ڕاگه‌يه‌نێت.سياسه‌تى عێراق له‌ دواى داگيركردنه‌كه‌ى ئه‌مريكاى ساڵى 2003 وه‌ سه‌قامگيريه‌كى پێوه‌ ديار بووه‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانى هه‌ر گرژى و ئاڵۆزييه‌كى نێوان ئه‌مريكاو ئێران حكومه‌تی عێراق لاوازتر ده‌رده‌كه‌وێت. ململانيى نێوان ئه‌م دوو دۆسته‌ ده‌ره‌كيه‌يى عێراق سياسه‌تى وڵاته‌كه‌ى كردووه‌ به‌ چه‌ند به‌شێكه‌وه‌و كاروبارى ناوخۆشى توشى ئيفليجى كردووه‌. به‌م دواييانه‌، له‌ گه‌ڵ زياد بوونى گرژييه‌كانى ئه‌مريكاو ئێران، جارێكى تر عێراق ده‌بێته‌وه‌ مه‌يدانى ململانێكانى ئه‌م دوو هێزه‌ و بارو دۆخى هه‌ستيارى ناوخۆيى هه‌رێمى عێراق تێكده‌چێت. بۆ ئه‌وه‌ى عێراق نه‌بێته‌ لايه‌نێكى زه‌ره‌رمه‌ندى شه‌ڕه‌كه‌، پێويسته‌ له‌ ژێر هه‌ژمونى تاران و واشنتۆن بێته‌ ده‌ره‌وه‌و سه‌ربه‌خۆيى خۆى ڕاگه‌يه‌نێت.

له‌ جه‌نگى هه‌شت ساڵه‌ى نێوان عێراق و ئێران، واشنتۆن پشتگيرى ته‌واوى عێراقى كرد بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى كۆمارى ئيسلامى ئێران. به‌ڵام دواى ڕوخانى ڕژێمه‌كه‌ى سه‌دام حوسێن له‌ ساڵى 2003 تاران هه‌وڵى ئاسايى كردنه‌وه‌ى په‌يوه‌نديیه‌كانى دا له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ عێراقيه‌كان كه‌ زۆربه‌يان له‌ ماوه‌ى جه‌نگه‌كه‌دا له‌ ناو خاكى ئێران وه‌ك ئۆپۆزسيۆن دژى ڕژێمه‌كه‌ى سه‌دام خۆيان نيشان دابوو، زۆربه‌ى ميليشياكانى عێراقيش پاڵپشتى بوون. به‌م شيوه‌يه‌ش ده‌ستى ئێران له‌ ناو عێراقى ژێر ده‌سه‌ڵاتى ئه‌مريكا به‌هێز وه‌ده‌ركه‌وت.
له‌ دواى ساڵى 2005 عێراق بووه‌ جێگاى ململانێى ڕێبازه‌ ئاينيه‌كان ( جه‌نگى تائيفى). ميليشيا شيعه‌كان هێرشيان ده‌كرده‌ سه‌ر هێزه‌كان ئه‌مريكا، ياخيى بووه‌ سونيه‌كانيش به‌ سه‌ركردايه‌تى سه‌ركرده‌يه‌كى ناوخۆيى سه‌ر به‌ ڕێكخراوى تيرۆرستى قاعيده‌ به‌ره‌نگارى هێزى داگيركه‌ر و هاوپه‌يمانه‌ عێراقيه‌كان ده‌بوونه‌وه‌، بۆ هێوركردنه‌وه‌ى بارودۆخى ناسه‌قامگيرى وڵات و لێدان له‌و هێزانه‌ ئه‌مريكا هێزى زياترى ڕه‌وانه‌ كرد. ئه‌م هه‌وڵه‌ له‌ ڕوى سه‌ربازييه‌وه‌ سه‌ركه‌وتوو بوو به‌ڵام له‌ دروستكردنى حكومه‌تێكى كاراو كاريگه‌ر شتێكى واى نه‌كرد.

له‌گه‌ڵ كشاندنه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مريكا له‌ عێراق له‌ ساڵى 2011 باڵانسى هێز له‌ به‌رژه‌وه‌ندى حوكمه‌ته‌كه‌ى تاران گۆڕا. بۆ ڕوبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ى هێزه‌ نه‌ياره‌كانى ناو عێراق كه‌ به‌ هۆى ڕاپه‌ڕينى سورياوه‌ ته‌شه‌نه‌ى كردبوو، سه‌رۆك وه‌زيرانى ئه‌وكاته‌ نورى ماليكى زياتر پشتى به‌ ئێران ده‌به‌ست. هێزه‌كانى عێراق له‌و كاته‌دا گه‌نده‌ڵى هێزى له‌به‌ر بڕيبوون. تۆڕى جيهاديه‌ عێراقيه‌كان له‌ سوريا دامه‌زراو دواتريش بوون به‌ ده‌وڵه‌تى ئيسلامى. پاشان له‌ ساڵى 2014 ئه‌م گروپه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ عێراق و به‌شێكى زۆرى خاكى عێراقيان داگير كرد.

له‌م ماوه‌يه‌دا واشنتۆن و تاران توانيان پێكبێنه‌وه‌و كارى هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ن بۆ لێدان له‌ دوژمنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌يان كه‌ چه‌كدارانى داعش بوو. له‌ تۆڵه‌ى سه‌ركه‌وتنه‌ سه‌ربازييه‌كانى گروپى تيرۆرستى داعش ئيداره‌ى سه‌رۆك ئۆباما هێزێكى ئه‌مريكى كه‌ پێك هاتبوون له‌ 5000 سه‌رباز و چه‌ندين ڕاوێژكار و به‌ هاوكارى 79 وڵات توانيان هاوپه‌يمانێتيه‌ك دژى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى پێك بهێنن و تێيدا پاڵپشتى سه‌ربازى و لۆژيكى پێشه‌كه‌ش به‌ حوكمه‌ته‌كه‌ى حيدر عه‌بادی بكه‌ن. له‌ كاتيكدا ئێران له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئه‌م هاوپه‌يمانێتيه‌ بوو به‌ڵام له‌ ڕێگه‌ى چه‌ندين گروپى چه‌كداره‌وه‌ كه‌ هه‌ر مليشياكانى پێشوو بوون خۆى خزانده‌ هه‌مان به‌ره‌وه‌ و شه‌ڕى دژى داعش كرد.  

سه‌ركه‌وتنى ڕێكه‌وتنه‌ ئه‌تۆميه‌كه‌ى ئێرانى ساڵى 2015 له‌ ڕوى پراگماتيكيه‌وه‌ سياسه‌تى كۆمارى ئيسلامى ئێرانى به‌هێزتر كرد و ئاڵۆزييه‌كانى نێوان تاران و واشنتۆن ى هێور كرده‌وه‌. ڕۆحيه‌تى پێكه‌وه‌ كاركردنى له‌ نێوان هه‌ردوو وڵاتدا هێنايه‌ كايه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا كه‌ شه‌ڕى دژى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى نمونه‌يه‌كى دياربوو. له‌ كاتيكدا ويلايه‌ته‌ يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكاو ئێران هيچ كرديه‌كه‌ى سه‌ربازيان پێكه‌وه‌ نه‌بوو به‌ڵام حه‌یده‌ر عه‌بادی توانى پێكه‌وه‌ گونجان له‌ نێوان ئه‌م دوو دوژمنه‌ دروست بكات و ئه‌نجامه‌كه‌شى روخانى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى بوو له‌ عێراق.  

له‌ دواى عه‌بادی، له‌ ئۆكتۆبه‌رى 2018 عادل عه‌بدولمه‌هدی بوو به‌ سه‌رۆك وه‌زيران، په‌يوه‌نديیه‌كانى نێوان ئه‌مريكاو ئێران گرژى تێكه‌وت، به‌ له‌ ناوچوونى داعش ئه‌و ئيشكردن و هه‌مانهه‌نگيه‌ى هه‌يان بوو ئه‌ويش له‌ ناوچوو. هه‌مووى مانگێكى پێ نه‌چوو ئه‌و په‌يوه‌نديیه‌يان گۆڕا بۆ ڕوبه‌روبوونه‌وه‌يه‌كى ئاشكرا، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا بوو كه‌ دۆناڵد تره‌مپ له‌ ڕێكه‌وتنه‌ ئه‌تۆميه‌كه‌ى نێوانيان كشايه‌وه‌و‌ كه‌مپه‌ينى گه‌مارۆى ئابورى بۆ سه‌ر تاران ڕاگه‌ياند. به‌ڵام به‌ ئێستاشه‌وه‌ تاران پابه‌نده‌ به‌ به‌نده‌كانى ريكه‌وتنه‌كه‌وه، به‌ڵام فشاره‌ ناوخۆييه‌كان وا له‌ تاران ده‌كات كه‌ هه‌ڵوێست وه‌رگرێت به‌رامبه‌ر سياسه‌تى دوژمنكارانه‌ى ئه‌مريكاو گه‌مارۆ ئابوريه‌كه‌ى. 

ئێران له‌برى ئه‌وه‌ى بره‌و به‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆميه‌كه‌ى بدات، دێت له‌به‌رژه‌وه‌نديه‌كانى ئه‌مريكا ده‌دات له‌ ناوچه‌كه‌. له‌وانه‌يه‌ ئه‌م بژارده‌ى ئێران كاريگه‌رتر بێت. ئێران له‌ ڕێگه‌ى به‌ كرێگيراوه‌كانيه‌وه‌ ده‌توانێت زيان به‌ به‌رژه‌وه‌نديیه‌كانى ئه‌مريكا بگه‌يه‌نێت و په‌يوه‌ندى ڕاسته‌خۆى خۆيشى به‌ ڕوداوه‌كانه‌وه‌ بشارێته‌وه‌. سه‌ركرده‌يه‌كى سه‌ربازى ئێرانى له‌ ئاستيكى باڵادا ساڵى پار ڕايگه‌ياند " عێراق گونجاوترين شوێنه‌ بۆ جێ به‌جێكردنى هه‌ر وه‌ڵامێك هه‌مانبێت بۆ ئه‌مريكا، خۆ ده‌توانين ئاگرى شه‌ڕى يه‌مه‌ن خۆشتر بكه‌ين، به‌ڵام ئه‌مه‌ كاريگه‌رييه‌كى ناڕاسته‌خۆى له‌سه‌ر ئه‌مريكا ده‌بێت. ئێمه‌ ئه‌زمونمان هه‌يه‌ له‌ عێراق، تواناى ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌مان هه‌يه‌ له‌وێ، ده‌سه‌ڵاتى پێويستمان هه‌يه‌ بۆ لێدان و تۆڵه‌ كردنه‌وه‌ى ده‌ست به‌جێ و خێرا له‌ ئه‌مريكا".

له‌ ئێستادا مه‌ترسى ململانێكان به‌ ته‌و‌اوى هه‌ستى پێ ده‌كرێت. له‌ مانگى ئه‌یلولى ساڵى 2018 جۆن بۆڵتن -ى ڕاوێژكارى ئاسايشى نيشتيمانى زۆر به‌ په‌رۆشى تۆڵه‌كردنه‌وه‌ى لێدانه‌ كوشنده‌كه‌ى سه‌ر دامه‌زراوه‌ ئه‌مريكييه‌كانى به‌غداد و به‌سڕه‌ بوو كه‌ هێرشه‌كان له‌لايه‌ن چه‌كدارانى عێراق به‌ پاڵپشتى ئێرانيه‌كان له‌ ناو خاكى ئێرانه‌وه‌ ئه‌نجام درا بوون. به‌ڵام ئه‌وه‌ى بۆڵتنى سارد كرده‌وه‌ جۆن ماتيسى وه‌زيرى به‌رگرى بوو كه‌ دژى وه‌ستايه‌وه. به‌ڵام بۆ جارى داهاتوو جۆن ماتيسى لێ نابێت و وهه‌ڕه‌شه‌كانى بۆڵتن چيتر زاره‌كى نابن.
 ئێران ده‌توانێت به‌ به‌كارهێنانى هاوپه‌يمانه‌كانى له‌ ناو په‌رله‌مانى عێراقدا شه‌ڕ دژى سه‌ربازانى ئه‌مريكا ڕاگه‌يه‌نێت.

"به‌رهه‌م ساڵه‌حيش قسه‌ى خۆى هه‌يه‌" 
دواى سه‌ردانه‌ ڕانه‌گه‌يه‌نراوه‌كه‌ى مانگى دوانزه‌ى ساڵى پارى تره‌مپ بۆ  بنكه‌ى سه‌ربازى هێزه‌كانى ئه‌مريكا له‌ خۆرئاواى عێراق، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران محه‌مه‌د جواد زه‌ريف گه‌شتێكى پێنج ڕۆژه‌ى بۆ چه‌ندين شارى عێراق كرد. به‌ دواى ئه‌ويشدا له‌ مانگى سێ دا حه‌سه‌ن ڕۆحانى سه‌رۆك كۆمارى ئيسلامى ئێران هه‌مان گه‌شتى ئه‌نجامدا. تره‌مپ ڕايگه‌ياند و گوتى "كه‌ ئه‌و ده‌يه‌وێت سه‌ربازانى ئه‌مريكى له‌ عێراق بمێننه‌وه‌ بۆ له‌ نزيكه‌وه‌ به‌ ئاگا بوون له‌ ئێران، چونكه‌ ئێران مايه‌ى كێشه‌يه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا". ئه‌م ڕوداوه‌ يه‌ك له‌ دواى يه‌كانه‌ كێشه‌كانى نێوان هه‌ردوو ولاتى زه‌قتر كرده‌وه‌. بۆيه‌ سه‌رۆك كۆمارى عێراقى هێنايه‌ قسه‌و گوتى " بارى سه‌رشانى عێراق و عێراقيه‌كان قورستر مه‌كه‌ن، ئێمه‌ لێره‌ين".

حوكمه‌ته‌كه‌ى‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی زۆر له‌وه‌ لاواز تره‌ بتوانێت باڵانسى نێوان ئه‌مريكاو ئێران ڕاگرێت، وه‌ك چۆن ماليكى پێى هه‌ستا،  له‌وانه‌شه‌ كێشه‌و ململانێكان له‌ ئاستيكى مه‌ترسيداردا بن كه‌ نه‌توانرێت نێوه‌ند گيرى تيدا بكرێت. ده‌ركردنى ياسايه‌ك بۆ وه‌ده‌رنانى هێزه‌كانى ئه‌مريكا له‌ عێراق له‌وانه‌يه‌ كوتله‌ى زۆريه‌نه‌ى حكومه‌ت له‌ په‌رله‌ماندا له‌رزۆك بكات. دواى پێنج مانگ له‌ گفتوگۆو دانوسانى دوو لايه‌نى شيعه‌ى براوه‌ى هه‌ڵبژاردن كه زۆرينه‌ى ده‌نگه‌كانيان به‌ ده‌ست هێنابوو كه‌ كوتله‌كانى سائيرون و فه‌تح بوون، عه‌بدولمهدیان وه‌ك سه‌رۆك وه‌زيران هه‌ڵبژارد. به‌ هۆى ململانيكى ئه‌م دواييه‌ى ئه‌مريكاو ئێران، تاران ده‌يه‌وێت په‌يوه‌نديه‌كانى له‌گه‌ڵ كوتله‌ى فه‌تح به‌هێز بكات بۆ ڕيگرى كردن له‌ به‌هێز بوونى حوكمه‌ته‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدیان له‌ ناوخۆدا. له‌ كاتێكدا هه‌ردوو كوتله‌كه‌ له‌ تواناياندا هه‌يه‌ هاريكارى حوكمه‌ت بن له‌وه‌ى له‌سه‌ر پێى خۆى ڕاوه‌ستێت نه‌كه‌وێته‌ نێوان به‌رداشى ئه‌مريكاو ئێرانه‌وه‌.

"هه‌تا فشاره‌كانى ئه‌مريكا بۆ سه‌ر ئێران زياتر بێت، عێراق زياتر وه‌لا ده‌نرێت "
سه‌ره‌ڕاى هه‌بوونى هه‌ر به‌ربه‌ستێك، ئه‌مريكا فشاره‌كانى بۆ سه‌ر ئێران زياتر ده‌كات و به‌مه‌ش عێراق لاوازتر ده‌رده‌كه‌وێت. له‌ دوو مانگى ڕابردوودا وه‌زاره‌تى سامانه‌كانى ئه‌مريكا (حركة الجبناء) كه‌ بزوتنه‌وه‌يه‌كى ميليشيايى شيعه‌ مه‌زهه‌بن به‌ بيانوى وه‌رگرتنى پاڵپشتى دارايى و سه‌ربازى له‌ سوپاى پاسدارانى ئێران خسته‌ ليستى تيرۆره‌وه‌. هه‌روه‌ها سوپاى پاسدارانى شۆڕشى ئيسلامى ئێرانيشى به‌ ڕێكخراوێكى تيرۆرستى بيانى ناساند.

ئه‌م جۆره‌ بڕيارانه‌ ئاگرى شه‌ڕه‌كه‌ خۆشتر ده‌كات و كۆتاييه‌كه‌شى جوڵانه‌وه‌ى سه‌ربازى ده‌بێت له‌ ڕێگه‌ى گروپه‌ چه‌كداره ڕاهێنراوه‌كانى ناو عێراقه‌وه كه‌ ئێستا له‌ ژێر ناوى حه‌شدی شه‌عبین و به‌شيكن له‌ سوپاى عێراق  و به‌شدارى هه‌ڵبژاردنيشيان پێ كراوه‌و كورسى په‌رله‌مانيشيان به‌ ده‌ست هێناوه‌. به‌ هۆى دانانيان له‌ ليستى تيرۆردا هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ سياسى و سه‌ربازييه‌ى هه‌يانه‌ به‌ره‌نگارى هێزه‌كانى ئه‌مريكا ببنه‌وه‌. 

شه‌ڕى ئێستاى ئه‌مريكاو ئێران له‌ ڕيگاى گه‌مارۆى ئابوريه‌وه‌ ده‌ستى پێكردووه‌ ئه‌مريكا ده‌يه‌وێت هه‌موو جيهان به‌ عێراقيشه‌وه‌ له‌م شه‌ڕه‌دا تيوه‌گلێنێ. به‌ڵام ئێران له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دايه‌ عێراقى هاوپه‌يمانى لێ به‌ دوور بگرێت. ئيداره‌ى تره‌مپ 45 ڕۆژ مۆڵه‌تى به‌ عێراقدا په‌يوه‌ندى بازرگانى له‌گه‌ڵ ئێران هه‌بێت بۆ پێدانى پاره‌ى كاره‌باو گازى سروشتى كه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ پێيان ده‌گات. ئه‌مه‌ بۆ عێراقيه‌كان مايه‌ى سه‌رسوڕمان بوو چو‌نكه‌ يه‌ك له‌سه‌ر سێى كاره‌باى عێراق له‌ ئێرانه‌وه‌ دێت. ئه‌مه‌ له‌ كاتێدا تره‌مپ ڕێگاى به‌ هاوپه‌يمانه‌كانى خۆى داوه‌ كه‌ نه‌وت له‌ ئێران بكڕن بۆ ماوه‌ى 180 ڕۆژ كه‌ ئه‌وانيش ژاپۆن و كۆرياى باشورو هندستان و توركيان.

پێشنيارى ئه‌مريكا بۆ عێراق له‌ باره‌ى به‌ ده‌ستهێنانى وزه‌ى كاره‌باوه‌
ده‌سه‌ڵاتدارانى ئه‌مريكا ده‌زانن كه‌ عێراق ناتوانێت به‌و زووانه‌ بڕى كاره‌باى زۆر به‌رهه‌م بێنێت به‌ڵام  له‌ هه‌مان كاتيشدا داوايان له‌ جوكمه‌تى عێراق كردووه‌ كه‌ كه‌متر پشت به‌ ئێران ببه‌ستن ‌ له‌ به‌ده‌ست هێنانى ووزه‌. پێشنيارى چه‌ند وڵاتێكى ترى وه‌ك ئه‌ردن و ميرنيشينه‌ عه‌ره‌بيه‌كانيان كردووه‌ كه‌ عێراق ده‌توانێت كاره‌بايان لێ بكڕێت تا ئه‌و كاته‌ى عێراق كۆمپانيا بيانيه‌كان بانگهێشت بكات بۆ به‌رهه‌م هێنانى كاره‌با له‌و گازه‌ سروشتيه‌ى كه‌ ئێستا به‌ فيرۆ ده‌ڕوات. له‌مه‌شدا واشنتۆن به‌ دواى قازانجى ئابوريه‌وه‌يه‌ چونكه‌ پێشنيارى كرددوه‌ ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ كۆمپانيا ئه‌مريكيه‌كان بكرێت وه‌ك كۆمپانياى جێنێراڵ ئليكترك.

ئيداره‌ى تره‌مپ نه‌ك هه‌ر نايانه‌وێت عێراق سود له‌ به‌رهه‌مى ئێران ببينێت به‌ڵكو ده‌يانه‌وێت هاوپه‌يمانێكى باشيش بيت له‌ هه‌ڵمه‌تى گه‌مارۆ ئابورييه‌كه‌يان بۆ سه‌ر ئه‌و وڵاته‌. بۆ به‌ده‌ست هێنانى ئه‌م ئامانجه‌ش بيانوى كۆتايى هێنان به‌ قه‌رزه‌ كه‌ڵه‌كه‌ بووه‌كانى سه‌ر عێراق ده‌هێننه‌ ئاراوه‌..

"گه‌مارۆى سه‌ر ئێران زيان به‌ عێراق ده‌گه‌يه‌نێت"
گه‌مارۆ يه‌ك له‌ دواى يه‌كه‌كانى ئه‌مريكا بۆ سه‌ر ئێران زيانى به‌ ئابورى عێراقيش ده‌گه‌يه‌نێت چونكه‌ ئاڵ و گۆڕى بازرگانى نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌ ده‌وه‌ستێت. له‌ ماوه‌ى شانزه‌ ساڵى ڕابردودا ئێران توانيويه‌تى ده‌ست به‌سه‌ر به‌رهه‌م هێنان بگرێت له‌ عێراق و ده‌ست به‌رداريشى نابێت . ساڵى ڕابردوو قه‌باره‌ى بازرگانى نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌ 12 مليار دۆلار بووه‌ و هه‌ردوولاش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن كه‌ له‌ چه‌ند ساڵى داهاتوو به‌رزى بكه‌نه‌وه‌ بۆ 20 مليار دۆلار.

به‌هێز بوون و چڕ بوونه‌وه‌ى ئاڵو وگۆڕى بازرگانى نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌ ده‌بێته‌ مايه‌ى نيگه‌رانى بۆ ئه‌مريكا چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆى به‌هێز بوون و پڕ چه‌كبوونى ئه‌و هێزانه‌ى كه‌ ئه‌مريكا هه‌وڵى لاواز كردنيان ده‌دات. هه‌تا واشنتۆن گه‌مارۆكانى سه‌ر سوپاى پاسدارانى شۆڕشى ئيسلامى ئێران زياتر بكات و ده‌رچه‌ى بازرگانيان لێ دابخات ئه‌وان به‌هێزتر ده‌بن له‌ عێراقدا جێ پێى خۆيان له‌ بازاڕى قاچاخى عێراقدا پته‌و تر ده‌كه‌ن. بۆيه‌ سه‌ركرده‌يه‌كى سياسى عێراقى ده‌ڵێت "گه‌مارۆ نابێته‌ هۆى لاوازكردنى ئێران له‌ عێراقدا به‌ڵكو به‌هێزترى ده‌كات، له‌به‌ر مه‌ترسى گه‌مارۆى ئابورى زۆرێك له‌ كۆمپانيا ئێرانيه‌كان ڕوويان له‌ عێراق كردوه‌ . 

"عێراق يه‌كه‌م ولات ده‌بێت كه‌ پريشكى ئاگرى شه‌ڕى ئه‌مريكاو ئێران ده‌يگرێته‌وه‌"
هه‌ره‌شه‌و توندتركردنى كه‌مپه‌ينى گه‌مارۆكه‌ حكومه‌تی عێراق دوورپه‌رێزو لاوازتر ده‌كات، به‌مه‌ش ده‌سه‌ڵاتى هێزه‌ چه‌كداره‌كان به‌ پاڵپشتى ئێران به‌هێزتر و زياتر ده‌كات. هه‌تا ڕۆڵى حكومه‌ت لاوازتر بكرێت، ڕۆڵى ئه‌و هێزه‌ نيمچه‌ ئێڕانيانه‌ زياتر ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ پێشتر شه‌ڕى داعشيان كردوه‌. شه‌ڕى ئابورى سه‌ربازى ئه‌مريكاو ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا بووه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى  مه‌ترسيدار له‌ سه‌ر عێراق. عێراق له‌ توانايدا نيیه‌ ململانێى ئاگرينى ئه‌م دوو هێزه‌ دامركێنێته‌وه‌، ياخود چاوه‌ڕێ بكات تا ماوه‌ى سه‌رۆكايه‌تى تره‌مپ كۆتايى بێت. ده‌ره‌قه‌تى ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى گه‌مارۆى ئابورى سه‌ر ئێرانى نيیه‌و ناشتوانێت ده‌ستبه‌ردارى هێنانى كاره‌باى ئێران ببێت. به‌ تايبه‌تى كه‌ وه‌رزى گه‌رما نزيك ده‌بێته‌وه‌ پله‌ى گه‌رما به‌رز دبێته‌وه‌، عێراق ده‌كوڵێت به‌ تایبه‌تی ‌ باشوور، دوور نيیه‌ ناڕه‌زايى خه‌ڵكى دژى نه‌بوونى خزمه‌تگوزارييه‌كان شه‌قام بته‌نێت و هه‌ڵا درووست ده‌بێت.
پێشنياز چيیه‌ بۆ عێراق تا به‌ سه‌نگ و قورساييه‌وه‌ ده‌ركه‌وێت؟ 
باشترين بژارده‌ بۆ سياسيه‌كانى عێراق هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌يه‌ له‌ ژێر هه‌ژموونى ئه‌م دوو هێزه‌. هه‌نگاوى گرنگيش له‌م بواره‌دا پێويسته‌ سه‌رۆك وه‌زيران و گوته‌بێژى په‌رمان  پێى هه‌ستن ئه‌ويش به‌ ته‌واو كردنى پرۆسه‌ى پێكهێنانى حوكمه‌ت. عێراق پێويستى به‌ حوكمه‌تێكى به‌هێزه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ سه‌نگ و قورساييه‌وه‌ ده‌نگ به‌ ڕوى ئه‌مريكاو ئێراندا به‌رز بكاته‌وه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى فشار له‌سه‌ر وڵاته‌كه‌يان. ده‌بێت عێراق كارى له‌مه‌ودواى پته‌وكردنى په‌يوه‌نديه‌كانى بێت له‌گه‌ڵ ڕۆژئاواو هێنانى ده‌ستى ئاوه‌دان كرده‌وه‌و پته‌وكردنى وڵات له‌و وڵاته‌ ئه‌وروپيانه‌ى كه‌ بێ لايه‌ن ماونه‌ته‌وه‌ و تێوه‌نه‌گلاون له‌ ململانێكانى نێوان ئه‌م دوو هێزه‌. هه‌روه‌ها پێويستى به‌وه‌يه‌ هێزێكى سه‌ربازى تۆكمه‌ دروست بكات و مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مريكاش له‌ ژێر چه‌ترى هێزه‌ فره‌ نه‌ته‌وه‌كاندا بێت وه‌ك ناتۆو ئه‌و هاوپه‌يمانيه‌تيه‌ى بۆ لێدانى داعش پێكهێنرابوو. وه‌ پێويسته‌ ليژنه‌يه‌ك پێكبهێنرێت بۆ گفتوگۆ كردن له‌گه‌ڵ واشنتۆن بۆ به‌خشينى عێراق له‌و گه‌مارۆ ئابورييه‌ى به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پێنراوه‌وه‌و ڕێگه‌ بدرێت عێراق سود له‌ تواناى وزه‌ى ئێران وه‌ربگرێت.  به‌مه‌ش فشار له‌سه‌ر به‌غدا كه‌م ده‌بێته‌وه‌و وا له‌ حوكمه‌ت ده‌كات به‌ شێنه‌يى بير له‌ پێشخستنى كه‌رتى كاره‌با بكاته‌وه‌و سود له‌و گازه‌ سروشتيه‌ وه‌ربگرێت كه‌ هه‌يه‌تى. 

عێراق له‌ ڕوبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ى گه‌مارۆى ئه‌مريكا بۆ سه‌ر ئێران، ده‌توانێت سه‌رنجى وڵاتانى ئه‌وروپا بۆ لاى خۆى ڕابكێشێت وه‌ك هاوبه‌ش و هاوتايه‌كى خۆيان لێي بڕوانن. به‌مه‌ش كه‌مترين پريشكى ئاگرى شه‌ڕى ئه‌م دوو هێزه‌ى به‌رده‌كه‌وێت. عێراق توانيويه‌تى هه‌نگاوێكى باش بنێت له‌ درووستكردنى په‌يوه‌نديه‌كى ته‌ندروست له‌گه‌ڵ وڵاتانى كوه‌يت و ئيمارات و سعوديه‌. به‌م دواييانه‌ سعوديه‌ بڕياريدا به‌ كردنه‌وه‌ى چوار كونسوڵييه‌ له‌ شاره‌كانى عێراق به‌ مه‌به‌ستى ئاسانكارى پێدانى ڤيزا. سه‌رمايه‌دارانى كه‌نداو ده‌توانن هاوكارى عيراق بكه‌ن بۆ بوژاندنه‌وه‌ى ژێرخانى ئابورى و باشتركردنى ژيانى خه‌ڵكه‌كه‌ى به‌ بنيادنانى چه‌ندين پرۆژه‌ى هاوشێوه‌ى پرۆژه‌ى دروستكردنى گه‌وره‌ترين ياريگاى وه‌رزشى له‌ عێراقدا. ئه‌مانه‌و زۆر پرۆژه‌ى تر وا له‌ عێراق ده‌كه‌ن له‌ ڕوى ناوخۆيى و ده‌ره‌كيشه‌وه‌ بكه‌وێته‌ سه‌ر پێى خۆى. 

عێراق له‌ بارودۆخێكى تا ڕاده‌يه‌ك سه‌قامگيرى ناسك دايه‌. به‌ هۆى ئه‌و بارو دۆخه‌ى له‌ ناوخۆدا هه‌يه‌ عێراق نه‌يتوانيوه‌ سياسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى به‌هێز بێت. ئه‌وه‌ى له‌ ناوخۆ ده‌گوزه‌رێ عێراقى له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ره‌وه‌ دواوه‌ بردوه‌ته‌وه‌ گه‌ڕاندويه‌ته‌يه‌وه‌ بۆ ژێر ده‌سه‌ڵاتى ئه‌مريكاو ئێران. چاوه‌ڕاون ده‌كرێت حوكمه‌ته‌كه‌ى عادل عبد المهدى باشتر بێت له‌وانه‌ى پێشوو بۆ كۆتايى هێنان به‌م قه‌یرانه‌، چونكه‌ سه‌ركرده‌ سياسيه‌كانى پشت به‌ تواناكانى خۆيان ده‌به‌ستن ئه‌مه‌ش به‌ ڕوونى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بينرا. سه‌ربه‌خۆ بوونى عێراق به‌رژه‌وه‌نديه‌كى دوور مه‌وداى ئه‌مريكاو ئێران و سه‌رجه‌م وڵاتانى ناوچه‌كه‌يه‌.