ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

10:46 - 15/05/2019

به‌غدادی له‌ كوێیه‌ و پیاوه‌ تازه‌كانی كێن؟‌

پەیسەر

به‌شی سێهه‌م
به‌رپرسێكی ئه‌منی له‌ عێراق له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا ئاشكرایده‌كات، كوشتنی ئه‌بو به‌كر به‌غدادی بۆته‌ گرنگییه‌كی حه‌تمی. چونكه‌ له‌ ئێستادا عێراق شه‌ڕی ڕووخان و تێكشكانی ئه‌و هێزانه‌ ده‌كات، بۆیه‌ ئه‌بو به‌كر به‌غدادی كه‌ "خه‌لیفه‌"ی ئه‌و چه‌كدارانه‌ خۆی پێناسكردووه‌ به‌ كوشتنی ئه‌و هه‌نگاوێكی گرنگ له‌ نه‌مانی داعش ده‌ست پێده‌كات.

به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و له‌ دواین گرته‌ی ڤیدیۆیدا ده‌ركه‌وت، ئه‌و به‌رپرسه‌ ئه‌منییه‌ ده‌ڵێت، دوای دۆڕانه‌ یه‌ك به‌ یه‌كه‌كانی داعش، ئه‌و ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ شه‌ڕه‌كانی دژ به‌ داعش له‌ ئێستادا ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوانی عێراقی گرتۆته‌وه‌. چه‌كدارانی رێكخراوی تێرۆرستی داعش له‌ بیابانه‌كانی باكوور و خۆرئاوای عێراق بڵاو بوونه‌ته‌وه‌. هه‌موو رۆژێكیش كوژراو له‌ رێزكانی ڕێكخراوه‌كه‌ و سوپای عێراقدا هه‌یه‌.


لیوایه‌ك له‌ سوپای عێراق رایگه‌یاندووه‌" هه‌ڕه‌شه‌ ناوخۆییه‌كان ڕاسته‌قیننه‌ و نابێت به‌ سوكی سه‌یری بكرێت. دوای تێكشكانی داعش له‌ ساڵی 2018 جارێكی دیكه‌ هێزه‌كانی خۆیان له‌ ناوخۆ ڕێكخسته‌وه‌. ئه‌و ڕێكخستنه‌ش له‌ سێ كه‌رت پێكهاتوون.
كه‌رتی یه‌كه‌م: خۆرئاوای موسڵ كه‌ ده‌گاته‌وه‌ به‌ سنووری سوریا و باشووری ڕوتبه‌ و نه‌خیل. پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌كان له‌ ڕێگه‌ی كه‌سانی ئاژه‌ڵداره‌وه‌ ده‌كرێت.

كه‌رتی دووه‌م: ناوچه‌كانی به‌عاج و حه‌زه‌ر و بێجی له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین و ده‌گاته‌وه‌ به‌ سامه‌ڕا. له‌م میحوره‌دا چه‌ند مه‌فره‌زه‌یه‌كیان داناوه‌ كه‌ دووری نێوانیان پێنج بۆ 10 كیلۆمه‌تر ده‌بێت. به‌رپرسی ئه‌و مه‌فره‌زانه‌ش خه‌ڵكانی ناوچه‌كه‌ن. ئه‌وه‌ش ڕێگایه‌كی باشه‌ تاوه‌كو بتوانن له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ هه‌ماهه‌نگی بكه‌ن.

كه‌رتی سێهه‌م: ئه‌مه‌یان سه‌خترینه‌ و ده‌كه‌ونه‌ ناوچه‌ی كه‌ركوكه‌وه‌. له‌ كاتێكدا سنووره‌كانی جه‌وه‌ڵ حه‌مرین و مكحول و خانوعه‌ی تێدایه‌ ناوچه‌یه‌كی سه‌ختن، چه‌ندین دۆڵ و شیویان تێدایه‌ و له‌وانه‌ش دۆڵی چای كه‌ درێژییه‌كه‌ی 60 كلیۆمه‌تره‌.

به‌ پێی گوته‌ی هاشم هاشمی كه‌ پسپۆری كاروباری تیرۆرستانه‌ ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌كه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ ناوچه‌كانی باكوور و خۆرئاوای عێراق كه‌ ڕۆژانه‌ پێنج بۆ حه‌وت كوژراو له‌ ڕێزه‌كانی سوپای عێراق هه‌یه‌.


به‌رپرسێكی ده‌زگای هه‌واڵگری عێراقیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ڕێكخراوه‌كه‌ له‌ دوای تێكشكانیه‌وه‌ نزیكه‌ی 68 كرده‌وه‌ی غافڵكوژ(اغتیال)یان ئه‌نجامداوه‌. ئه‌و به‌رپرسه‌ ده‌ڵێت داعش ئه‌و كرده‌وه‌ی تیرۆركردانه‌یان كردۆته‌ به‌شێك له‌ ستراتیژیه‌تی خۆیان. ئه‌وانه‌ی ده‌كوژرێن ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منیه‌كاندا هه‌ماهه‌نگن. پاشان له‌ قه‌زا و ناحیه‌كاندا بازگه‌كان ده‌كه‌ن به‌ ئامانج. له‌ قۆناغی كۆتاییشدا هه‌وڵ ده‌ده‌ن هه‌موو كارێك بكه‌ن تاوه‌كو ده‌ستگرن به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ ده‌ستیان چووه‌.

داعش به‌ شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ سودیان له‌ دۆخی ئابووری و مه‌زهه‌بی خه‌ڵكانی ناوچه‌كه‌ وه‌رگرتووه‌. به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان تۆرێكی گه‌وره‌یان له‌ "مناڵانی خلافه‌" پێكهێناوه‌. به‌ تایبه‌تی له‌و ناوچانه‌ی كه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتبوو. له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا مناڵێك له‌ دایكبووی 2003 له‌ كرده‌وه‌یه‌كی خۆكوژیدا له‌ گه‌ڕه‌كی ئه‌نتساڕ له‌ به‌شی چه‌پی موسڵ خۆی ته‌قانده‌وه‌.

ئه‌م مناڵه‌ باوكی به‌ تۆمه‌تی فرۆشتنی مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ زیندان بووه‌. برایه‌كیشی به‌ تۆمه‌تی تیرۆر له‌ زیندانه‌. ئه‌و كاتێك چۆته‌ ناو داعشه‌وه‌ ته‌مه‌نی 11 ساڵ بووه‌. سه‌رچاوه‌ هه‌واڵگرییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ئه‌كه‌ن، ئه‌وان ناتوانن كۆنتڕۆڵی هاتوچۆ و بیروباوه‌ڕی ئه‌و مناڵانه‌ بكه‌ن، چونكه‌ نازانن ئه‌م مناڵانه‌ چین و چ كاره‌ن.

هه‌موو سه‌رچاوه‌ هه‌واڵگرییه‌كانی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، هێشتا داعش یه‌كێك له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین ڕێكخراوه‌ تیرۆرستیه‌كانی جیهان. ئه‌و لایه‌نانه‌ش كه‌ پاڵپشتی دارایان ده‌كه‌ن هێشتا به‌رده‌وام له‌ پێدانی پاره‌ به‌وان. له‌ ڕووبه‌رێكی دیكه‌دا داعش له‌ بیابانه‌كاندا هه‌ن، هه‌موو تانكه‌رێك كاتێك نه‌وت ده‌گوازێته‌وه‌ ده‌بێت له‌ بری یه‌ك به‌رمیل یه‌ك دۆلار بده‌ن به‌ داعش. ئه‌و وه‌رگرتنی خاوه‌یه‌ ده‌كه‌ونه‌ ناوچه‌كانی خۆرهه‌ڵاته‌وه‌. كه‌ له‌وێوه‌ نه‌وت به‌ره‌و عه‌لاس و عه‌جیل و لیلان ده‌چێت. یاخود ئه‌و گواستنه‌وه‌ی نه‌وته‌ی خۆرئاوا كه‌ به‌ره‌و ئه‌رده‌ن ده‌چێت. له‌ كاتێكدا میشلیا شیعه‌كان و كورده‌كان له‌ هه‌ربه‌رمیلێك پێنج دۆلار وه‌رده‌گرن. سه‌رباره‌ت به‌ پاره‌داركردنی ئه‌وان به‌رپرسان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ داعش چه‌ندین كۆمپانیای له‌ توركیا دامه‌زراندووه‌ تاوه‌كو به‌رده‌وام پاره‌یان بۆ بێت. به‌رپرسێكی باڵای عێراق ده‌ڵێت" ئێمه‌ هه‌موو شتێك له‌سه‌ر ئه‌و كۆمپانیانه‌ ده‌زانین به‌ڵام نازانین ئه‌گه‌ر توركیا بزانێت چی ده‌بێت"


له‌ هه‌فته‌ی ڕابردوودا هێزه‌ ئه‌منییه‌كان وێنه‌ی چه‌ند "تیرۆرست"ێكیان بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ ده‌ستگیركراون و كاریان په‌یدا كردنی پاره‌ بووه‌ بۆ داعش. له‌ ساڵی 2004ه‌وه‌ داعش تاوه‌كو ساڵی 2013 سه‌رانه‌یان له‌ بازرگانانی شاری موسڵ وه‌رده‌گرت. كه‌ به‌ ملیۆنان دۆلار ده‌خه‌ملێنرێت. ئه‌مه‌ش وایكرد كه‌ تۆڕێكی گه‌وره‌ی په‌یوه‌ندی بۆ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی شاره‌كه‌ درووست بكه‌ن.

له‌ دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی گرته‌ ڤیدیۆیه‌كی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان زیاتر ترسیان لێنیشتووه‌ به‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یانه‌وێت جارێكی دیكه‌ شانه‌ نووستووه‌كانیان بێدار بكه‌نه‌وه‌. له‌ كاتێكدا حكومه‌تی عێراقی تیاماوه‌ و نازانێت چاره‌نووسی 200 هه‌زار كه‌سوكاری داعش چیان لێ بكات. به‌رپرسانیش پێیان وایه‌ كامپه‌كان دامه‌زراوه‌یه‌كه‌ بۆ دووباره‌ درووست بوونه‌وه‌ی داعش.

هێزه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی عێراق، زۆر گرنگی به‌ هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر به‌غدادی و له‌ناوبردنی ده‌ده‌ن. ئه‌وان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، له‌ ڕێگه‌ی كه‌سوكاره‌كه‌ی به‌غدادییه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت شوێنی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی هه‌ڵبگرن و له‌ناوی به‌رن. یه‌كێك له‌ سه‌رۆك خێڵه‌كان باس له‌وه‌ده‌كات به‌غدادی له‌ ڕووبه‌رێكی به‌رفراوان ته‌راتێن ده‌كات. به‌ تایبه‌تی له‌و گوندانه‌ی كه‌ چۆڵ بووه‌ و كه‌سی تێدا نه‌ماوه‌. ئه‌و گوندانه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی ناتوانێت بۆی بگه‌ڕێنه‌وه‌، بۆیه‌ ژینگه‌یه‌كی له‌باره‌ بۆ ئه‌وه‌ی داعش تێیدا هاتوچۆ بكات و خه‌ڵكانی ئه‌و گوندانه‌ش له‌ناو كامپه‌كدا ده‌ژین.

له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان به‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌مریكا به‌هایه‌كی خه‌یاڵیان دانا  بۆ ئه‌وه‌ی شوێنی سه‌ركرده‌ی دیاری چه‌كدارانی داعش له‌ عێراق و شام-یان بۆ بدۆزنه‌وه‌.

به‌ پێی هه‌واڵێكی ئاژانسه‌كانی عێراق،  فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانی بڵاوكراوه‌یان به‌سه‌ر شاری ڕومادی بڵاوكردۆته‌وه‌ و داوا له‌ خه‌ڵكی ده‌كه‌ن، هه‌ركه‌سێك شوێنه‌كه‌ی بزانێت ئه‌وا به‌های 25 ملیۆن دۆلار وه‌رده‌گرێت.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پۆلیسی شاری ڕومادی ئاشكرایكردبوو، فرۆكه‌كان بڵاوكراویان بڵاوكردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی خه‌ڵكی ڕومادی ڕاكێشن به‌وه‌ی به‌غدادی به‌رپرسه‌ له‌وه‌ی ژیانی ئه‌وانی وێرانكردووه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ركه‌سێك زانیاری هه‌یه‌ له‌سه‌ری ئه‌وا ده‌توانێت له‌ڕێگه‌ی ئه‌و ژمارانه‌وه‌ په‌یوه‌ندیان پێوه‌ بكات و یان نامه‌یان بۆ بنێرێن و له‌ ڕێگه‌ی واتس ئاپه‌وه‌ ئاگاداریان بكه‌نه‌وه‌.


له‌و بڵاو كراوه‌یه‌دا هاتووه‌" سه‌ركرده‌كه‌ی داعش و چه‌كداره‌كانی زه‌ویه‌كانتانی برد، كه‌سوكاره‌كانتانی كوشت، ئه‌و ئێستا له‌ شوێنێكی پارێزراو خۆی شاردۆته‌وه‌ و دووره‌ له‌و مه‌رگ و وێرانكارییه‌ی كه‌ خۆی درووستی كردووه‌. به‌ زانیارییه‌كانی ئێوه‌ ده‌توانن تۆڵه‌ی لێ وه‌رگرنه‌وه‌."

دوای كه‌وتنی كۆتا قه‌ڵای چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق و شام(داعش) له‌ باغۆز، گه‌وره‌ترین نیشانه‌ی پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئه‌ی سه‌ركرده‌كه‌یان چاره‌نووسی چی لێ به‌سه‌ر دێت؟

به‌ پێی چه‌ندین به‌ڵگه‌ نامه‌ی سه‌ربازی  و هه‌واڵگری، "خه‌لیفه‌"ی چه‌كدارانی داعش ئه‌بو به‌كر به‌غدادی له‌ ناوچه‌ و بیابانه‌كانی سوریا و عیراق ده‌سووڕێته‌وه‌، هه‌ندێكش پێیان وایه‌ كه‌ ئه‌و برینداربووه‌ و یان له‌م شه‌ڕانه‌ی دوایدا كوژراوه‌، یاخود به‌هۆی نه‌خۆشی شه‌كره‌وه‌ مردبێت. به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا هیچ یه‌كێك له‌و هه‌واڵانه‌ پشت ڕاست نه‌كراونه‌ته‌وه‌.

گریمانه‌ی زۆریش ئه‌وه‌یه‌ له‌ نێوان سنووره‌كانی خۆرهه‌ڵاتی عێراق و پارێزگاكانی حه‌مس له‌ ناوه‌ڕاستی سوریا ته‌راتێن بكات. چاودێران پێیان وایه‌ كوڕه‌كه‌ی به‌ناوی" حه‌زیفه‌" له‌م ناوچه‌یه‌ به‌هۆی بۆردومانی فڕۆكه‌كانی ڕووسیاوه‌ له‌ ته‌مموزی ڕابردوو كوژرا بێت، چونكه‌ زانیارییه‌كان باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ كوڕه‌كه‌ی یاوه‌ری باوكی بووه‌.

به‌غدادی له‌ ئێستایه‌ له‌ شوێنێكه‌وه‌ بۆ شوێنێكی دیكه‌ دێت و ده‌چێت، ئه‌و به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ ده‌رناكه‌وێت و ده‌رنه‌كه‌وتووه‌، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت له‌ ته‌مموزی ساڵی 2014 و دوای گرتنی موسڵ و ناساندنی وه‌كو پایته‌ختی خیلافه‌ته‌كه‌یان له‌وه‌ به‌دواوه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌رنه‌كه‌وتووه‌.

واسق هاشمی سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژی عێراقی ده‌ڵێت" به‌غدادی و پاسه‌وانه‌كه‌ی و شۆفێره‌كه‌ی له‌ یه‌ك شوێن بنجگه‌ به‌خۆیان ناگرن. زۆرێك ده‌ڵێن به‌غدادی ده‌ستگیركراوه‌ به‌ڵام شتێكی وا نییه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌یتوانیووه‌ بێته‌ ناو خاكی عێراقه‌وه‌، به‌ڵام له‌ناوچه‌ی باغۆزی سووریا دووركه‌وتۆته‌وه‌، به‌رده‌وامیش ده‌یه‌وێت بێته‌ عێراقه‌وه‌."

هاشمی ئاماژه‌ش به‌وه‌ ده‌كات" به‌پێی ڕاپۆرتی ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان به‌غدادی هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ بگاته‌ عێراق و به‌تایبه‌تی بێته‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا و ناوچه‌ی دۆڵی حۆران، هه‌وڵێكی زۆریش ده‌دات به‌ره‌و خوورماتوو بێت و له‌وێشه‌وه‌ بگاته‌ حه‌ویجه‌ و دیاله‌. ئه‌و كاره‌شه‌ی بۆ ئه‌وه‌یه‌ بوونی خۆی بسه‌لمێنێت."

بەشی یەكەم
بەشی دووەم