12:32 - 14/05/2019
كلیلى ئهستهنبوڵ بهدهست كوردهوهیه
بەرپرسانی هەدەپە لە شارۆچكەكانی ناوچەی سێیەمینی ئیستەنبوڵ، پابەندبوونی پارتەكەیان بە پشتگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو كاندیدی رێككەوتنی (میللەت) بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی گەورەی ئیستانبوڵ دووپات دەكەنەوە. پێیانوایە "هەڵمەتی لەخشتەبردنی"ئاكەپە بێ سوودە و هیچی لێ شین نابێت.
لە دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی شارەوانی گەورەی ئیستانبوڵ لە 23 حوەزیرانی داهاتوودا چاوی هەمووان لەسەر دەنگدەری كوردە. سەرچاوەكانی نزیك دەسەڵات دەڵێن" ئاكەپە ستراتیژی خۆی دەگۆڕێت، هەوڵدەدات دەنگی كورد بەدەست بهێنێت". هەروەها نەتەوەپەرستانی نزیك لە جەهەپەش بانگەشەی"رێككەوتنی ئاكەپە – هەدەپە"دەكەن. بەتایبەتی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ عەبدولڵا ئۆجەلان رێبەری پەكەكە لە هەمان ئەم رۆژەی بڕیاری دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی ئیستانبوڵ راگەیەندرا گومانەكانی زیاتر كردووە و زەمینەی بۆ بانگەشەی و لێكدانەوەی جۆر بەجۆر خۆشكردووە.
بەگوێرەی ئاماری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی توركیا 10 ملیۆن و 560 هەزار و 963 كەس لە ئیستانبوڵ لە 31 ئاداری رابردوو مافی دەنگدانی هەبووە. هەروەها بەهۆی گەورەیی شارەكە لە رووی رووبەر و ژمارەی دانیشتووانەوە، ئیستانبوڵ كراوەتە سێ ناوچەی دەنگدان. زۆرترین دەنگدەری كورد لە ناوچەی سێیەمینی ئیستانبوڵ دەژی و شارۆچكەكانی ئەم ناوچەیە بە كۆگای دەنگی هەدەپە لە قەڵەم دەدرێن.
لە ئێستادا بەشێوەیەكی نا فەرمی ئاكەپە باس لە "نەخشە رێگایەكی نوێ" دەكات. ئەمەش لەگەڵ خۆیدا پرسیاری ئایا گوتاری ئاكەپە لەمەڕ "نەخشە رێگایەكی نوێ" كاریگەری لەسەر دەنگدەری كورد دەبێت؟ ئایا دەسەڵات بە تایبەتی لەناوچەی سێیەمینی ئیستانبوڵ مومكینە ستراتیژیەكی نوێ بخاتەڕوو؟ لە ئەگەر خستنەڕووی ستراتیژیەكی نوێدا ئایا دەنگدەری كورد رازی دەبێت و پشتگیری لە ئاكەپە دەكات؟
زۆربەی دەنگدەرانی كورد لە ناوچەی سێیەمینی ئیستانبوڵ، لە رووی ئابووریەوە هەژارن و لە ساڵانی 1990 دوای خاپووركردنی گوندەكانیان بەهۆی شەڕی پەكەكە و سوپای توركیا روویان لە شارۆچكەكانی ئەم ناوچەیە كردووە. پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لە هەڵبژاردنی 24 حوەزیرانی 2018 دا، لەم ناوچەیە 473 هەزار و 653 دەنگی هێنا كە رێژەكەی دەكاتە 14.40%، هەروەها لەم ناوچەیەدا پێنج نوێنەری ناردە پەرلەمانی توركیا.
لەناو شارۆچكەكانی ناوچەی سێیەمدا هەدەپە لە شارۆچكەی ئەسەنیورد زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا. هەدەپە لەم شارۆچكەیەدا 101 هەزار و 607 دەنگی هێنا كە رێژەكەی دەكاتە 21.96%. هەروەها بە هۆی پشتگیری هەدەپە لە كاندیدی جەهەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانیەكاندا سەرۆكایەتی شارەوانی ئەم شارۆچكەیە گۆڕانی بەسەردا هات و كەوتە دەست جەهەپە.
ئەدیب كارچك، سەرۆكی هەدەپە لە ئەسەنیورد بۆ (پەیسەر پرێس) بەم رستەیە دەست بە وەڵامدانەوەی پرسیارەكان دەكات:" با كەس وەكو پاروویەكی ئاسان سەیری دەنگدەری كورد نەكات، ئێمە هەمان ستراتیژی 31 ئادار جێبەجێ دەكەین. بۆ بنخستنی ئاكەپە – مەهەپە پشتگیری لە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو دەكەین".
كارچك دەڵێت لە ئەسەنیورد 110 هەزار دەنگدەرمان هەیە" لە ئەسەنیورد دەنگدەری هەدەپە لە 31 ئاداردا نەوەكو تەنیا چارەنووسی شارۆچكەكەی یەكلایی كردووەتەوە، بەڵكو چارەنووسی هەموو ئیستانبوڵیشی گۆڕی". دەربارەی دەنگدەری موحافەزەكاری كورد كە پشتگیری لە ئاكەپە دەكات كارچك بەم شێوەیە وەڵام دەداتەوە:" باسی كامە موحافەزەكار دەكەیت؟ پێیانوایە تەنیا ئەوان دیندارن، دەنگدەری ئێمە لەوان دیندارتر و هۆشیارترە. ئەگەر پێیانوایە دیندارەكان دەنگیان پێدەدەن، ئەوە مایەی پێكەنینە. ئایا رێسایەك هەیە بە گوێرەیەوە هەموو دیندارەكان دەنگ بە ئاكەپە بدەن؟ بە پێچەوانەوە دەنگدەری هەدەپە، بەتایبەتی لەم دوایەدا زۆرباش ئاشنا بووە بە هەڵوێستی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات بەسەر دەنگی خەڵكی".
لە كۆتاییدا قسەكانیدا ئەدیب كارچك دەڵێت:"ئەوانەی لە 31 ئادار دەنگیان بە ئاكەپە داوە، لە 23حوزەیراندا لە ئەسەنیورد دەنگ بە ئیمامئۆغڵو دەدەن. چونكە دەسەڵات هەموو شتێك بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاردێنێت. دەستیان بەسەر دادگادا گرتووە، هەموو كەس لەمە نیگەرانە. ئەوانەی دەنگیان بە ئاكەپە داوە یان ناچنە سەر سندوقەكان یان دەنگ بە ئیمامئۆغڵو دەدەن".
لە هەڵبژاردنی شارەوانیەكان لە 31 ئاداردا هەدەپە بۆ شارەوانی شارۆچكەی باغجیلەر سەر بە ئیستانبۆڵ كاندیدی هەبوو. ئەم شارۆچكەیە لەناوچەی سێیەمینی ئیستانبۆڵ وەكو كۆگای دەنگی هەدەپە وایە. لەدوای ئاكەپە هەدەپە زۆرترین دەنگی لەم شارۆچكەیەدا هێنا. لە 24 حوەزیرانی 2018 هەدەپە لەم شارۆچكەیەدا 66 هەزار و 247 دەنگی هێنابوو كە دەكاتە 15.20% هەموو دەنگەكان. (مەدەنی ئاندۆك) كە یەكێكە لە بەرپرسانی هەدەپە و كاندیدی سەرۆكایەتی شارەوانی بوو لە 31 ئاداردا دەربارەی ستراتیژی پارتەكەیان زۆر بە راشكاوانە قسە دەكات و لە وەڵامی (پەیسەر پرێس)دا دەڵێت"بایی دەنكە نیسكێك لە ستراتیژی 31 ئادار پاشەكشە ناكەین. دیداری ئۆجالان ئۆپەراسیۆنی ئاكەپەیە بۆ لەخشتەبردنی دەنگدەر. چونكە هیچ جدیبوونێك لە ئارادانیە. خەڵك زۆر ناڕازیە لە كردەوە نایاساییەكەی دەسەڵات. ئەو ناڕازیبوونە تەنیا بە دەنگدەری كورد سنووردار نیە، بەڵكو جەماوەری ئاكەپەش دەگرێتەوە. ئەمە لە باغجیلەر بەجوانی دیارە. دەنگدەری ئێمە ستراتیژی هەدەپە جێبەجێ دەكات".
لەدوای بڕیاری دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی ئیستانبۆڵ ئاكەپە زمانی خۆی نەرم كردووە بەرامبەر كورد، ئاندۆك ئەمە بە هەڵمەتی (لەخشتەبردن) بەناو دەكات و دەڵێت:" كورد ئەو میللەتە نییە بە دوو قسەی خۆش هەڵخەڵەتێت. لە ئێستا بەدواوە زۆر زەحمەتە، چونكە تۆماری ئاكەپە پڕ بووە، شتێك نەماوە بە كوردی نەكات. ئەگەر پێیانوایە كورد لە بیری چووە، زۆر بەهەڵەدا رۆیشتوون".
مەدەنی ئاندۆك پێیوایە ئاستی سیاسی كورد زۆر لەوە بەرزترە بە ئاكەپە لە خشتە ببردرێت"كورد كوردی رابردوو نیە. ئێمە میللەتێكین دەتوانین بە گوێرەی بارودۆخەكان سیاسەت بكەین. لە ئێستادا نزیكەی 10 هەزار هەڤاڵمان لە زیندان دایە، 10 هەزار هەڤاڵی دیكەمان ناچاربوون وڵات بەجێبێڵن، هەروەها 10 هەزار هەڤاڵی دیكەمان لە هەموو مافێك بێبەشكراون. واتە بزوتنەوەیەكین لە 30 هەزار كادیر بێبەشكراوین. سیاسەتی توركیا دەركەوتووە، ئاكەپە بنكەوت لە 23 حوزەیرانیش جارێكی دیكە بندەكەوێت".
لە شارۆچكەی باخچەلیئەڤلەر، كە شارۆچكەیەكی دیكەی ناوچەی سێیەمینی ئیستانبۆڵە، هەدەپە لە هەڵبژاردنی 24 حوەزیرانی 2018 دا، 48 هەزار و 976 دەنگی هێنا كە دەكاتە 13.35% تەواوی دەنگەكان. محەمەد كوزو سەرۆكی هەدەپە لەم شارۆچەكەیەدا، بەهەمان شێوەی بەرپرسانی هەدەپە لە شارۆچكەكانی دیكەدا گوتاری ئاكەپە "بەدەستهێنانی دەنگی كورد" وەكو ئۆپاراسیۆنی لەخشتەبردن لە قەڵەم دەدات. كوزو لە وەڵامی پرسیارەكانی (پەیسەر پرێس) دا دەڵێت:" پێیانوایە بە دیدارێكی ئۆجەلان دڵی دەنگدەری كورد بەدەست دێنن، پێیانوایە ئاگامان لەو دایكە كوردانە نیە كە هەموو رۆژێك لە باكیركۆی شار بەدەریان دەكەن".
هەروەها دەڵێت:" دەنگدەری ئێمە هۆشیارە لە رووی سیاسییەوە، ئەوانە ناتوانن لە خشتەی ببەن. ئەو دەنگدەرە كوردانەی لە 31 ئادار بایكۆتیان كردووە ئەمجارە دەچنە سەر سندوقەكان، 10% دەنگدەری كورد لە باخچەلیئەڤلەر لە 31 ئادار یان نەچۆتە سەر سندوقی دەنگدان یان بە بەتاڵی پسوولەی دەنگدانی بەكارهێناوە. بانگەشەكانی ئاكەپە كۆتاییان پێنایەت بەڵام بەم بانگەشانە ناتوانێ ئاراستەی دەنگدەری كورد بكات".
كوزو لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باس لە بێكارگیەری بانگەشەكانی ئاكەپە دەكات و دەڵێت:" ئەگەر بانگەشەكان كاریگەریان هەبووایە لە 31 ئادار ئەم ئەنجامە دەرنەدەكەوت. كورد تەنیا پشتگیری لە دیموكراسی راستەقینەوە، بە تەواوەتی هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ئیمڕالی دەكات".
دواتر سەرەنج دەباتە سەر پڕۆسەی مانگرتن:" لەو كاتەی هاوڕێیانمان بەهۆی كردەوەكانی دەسەڵات گیانی خۆیان فیدا دەكەن، هیچ گوتارێكی دەسەڵات كاریگەری لەسەر دەنگدەر نابێت".