ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:20 - 12/05/2019

ئه‌وروپییه‌كان ئاره‌زوو ناكه‌ن كوردستان بكه‌وێته‌ قه‌یرانه‌وه‌‌

پەیسەر

به‌غدا سكاڵا له‌سه‌ر توركيا تۆمار ده‌كات به‌هۆى ڕێگا پێدانى به‌ كورد به‌ به‌كارهێنانى بۆرى نه‌وتى هه‌ردوو وڵات و زه‌ره‌مه‌ندى يه‌كه‌ميش  كه‌مپه‌ينى واشتنتۆنه‌ دژى ئێران.
هه‌ردوو وڵات به‌ پێى ڕه‌زامه‌نديیه‌ نێو ده‌وڵه‌تيه‌كان خاوه‌ندارێتى بۆرى ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى نه‌وتى نێوان هه‌ردوو وڵات ده‌كه‌ن. به‌لام ئه‌نكه‌ره‌ پێى وايه‌ ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ وا له‌ حكومه‌تى هه‌ڕێمى كوردستان ده‌كات ڕاسته‌خۆ بتوانن نه‌وتى خۆيان له‌ ڕێگه‌ى ئه‌م هێڵه‌وه‌ هه‌نارده‌ بكه‌ن،  به‌ڵام به‌غدا به‌رپه‌رچى توركيا ده‌داته‌وه‌و له‌ ژورى بازرگانى جيهانى سكاڵا تۆمار ده‌كات. پێش گه‌شتن به‌ بڕيارێك له‌ لايه‌ن ژورى بازرگانى جيهانيیه‌وه‌ پێويسته‌ ئه‌مريكا ده‌ستبه‌جێ بكه‌وێته‌ خۆى و هه‌رچى زووه‌ ڕێگا بگڕێت له‌وه‌ى ئه‌نكه‌ره‌ بڕيارى داخستنى ئه‌م ده‌ره‌چه‌يه‌ بدات و ڕێگا له‌ ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى نه‌وتى عێراق بگرێت. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدايه‌ كه‌ گه‌مارۆى سه‌ر ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى نه‌وتى ئێران كه‌م و كورتى له‌ بازاڕى نه‌وتى جيهانيدا دروست كردووه‌.


له‌ ڕێكه‌وتنه‌وه‌ بۆ ناوبژيكردنى نێوده‌وڵه‌تی
دامه‌زراندن  و په‌ره‌پێدانى بۆرى ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى نه‌وتى نێوان عێراق و توركيا به‌و مه‌به‌سته‌ بوو كه‌ عێراق بتوانێت ڕۆژانه‌ زياتر له‌ يه‌ك مليۆن به‌رميل نه‌وتى خاوى خۆى له‌ ڕێگه‌ى به‌نده‌رى جيهانه‌وه‌ هه‌نارده‌ى خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكات. مێژووى يه‌كه‌م ڕێكه‌وتنى نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌ له‌سه‌ر دروست كردنى ئه‌م هێڵه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵى 1973 و پاشان له‌ ساڵانى 1976 و 1985 دوا جاريش ساڵى 2010 چه‌ند گۆڕانكاريه‌كيان له‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌دا كرد. له‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ توركيا پێويسته‌ پابه‌ند بێت به‌سه‌رجه‌م ڕێنماييه‌كانى عێراق سه‌باره‌ت به‌ نه‌وتى خاوى هاتووى عێراق له‌ سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانى پاشه‌كه‌وت و باركردن و وێستگه‌ى كۆتايى له‌ ناو خاكى توركيادا. له‌ درێژكردنه‌وه‌ى گرێبه‌سته‌كه‌ی ساڵى 2010 حكومه‌تی  توركيا بۆ لايه‌نى په‌يوه‌ندى دارى عێراقى و به‌ تايبه‌تيش وه‌زيرى نه‌وت ى دووپات كردۆته‌وه‌ كه‌ پابه‌ند ده‌بن سه‌رجه‌م به‌نده‌كانى پێشووى په‌یماننامه‌كانه‌وه‌یه‌وه‌.

له‌ ساڵى 2014 وه‌ توركيا ڕێگاى به‌ حكومه‌تی  هه‌رێمى كوردستان داوه‌ كه‌ به‌ شێوه‌يه‌كى سه‌ربه‌خۆو بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ حكومه‌تی  ناوه‌ند له‌ ڕێگه‌ى بۆرى هه‌ردوو وڵاته‌وه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ شارى بیشخابوره‌وه‌ نه‌وتى خۆى هه‌نارده‌ بكات و به‌مه‌ش كورد ده‌توانێت ڕاسته‌وخۆ نه‌وت بفرۆشێت و داهاتى ده‌ستكه‌وێت و جێگه‌ى بڕينى به‌شه‌ بودجه‌كه‌ى له‌لايه‌ن عێراقه‌وه‌ پڕ بكاته‌وه‌. به‌غدا ئه‌مه‌ى پێ هه‌رسنه‌كراو به‌ ناياسايى ناوى برد. به‌ڵام كورده‌كان ئه‌مه‌يان وه‌ك قه‌ره‌بوو له‌ پاى بڕينى موچه‌كانيان بينيیه‌وه‌. بۆيه‌ له‌ ساڵى 2014 وه‌ ناكۆكى له‌ نێوان هه‌ردوو وڵاتدا ڕويداو ڕێكخراوى فرۆشتنى نه‌وتى عێراق له‌ برى وه‌زاره‌تى نه‌وت داواى له‌ ژورى بازرگانى جيهانى كرد كه‌ نێوه‌ندگيرى بكات و لايه‌نى تۆمه‌تباريش كۆمپانياى جێبه‌جێكارى بۆتاش- ى توركييه‌. له‌ سكاڵانامه‌كه‌دا هاتووه‌ "به‌ گواستنه‌وه‌و پاشه‌كه‌وت كردنى نه‌وتى خاوى هه‌رێمى كوردستان و باركردنى ئه‌م نه‌وته‌ به‌ تانكه‌ر بۆ به‌نده‌رى جيهان و به‌بێ ڕه‌زامه‌ندى وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق،  توركيا و بۆتاش ته‌واو پێچه‌وانه‌ى په‌يماننامه‌ى نێوان هه‌ردوو وڵات مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن.

دواى ساڵانێكى زۆر كاركردن به‌ په‌يماننامه‌كه‌و گۆڕينى ڕژێمى حوكم له‌ عێراق، ئێستا وا خه‌ريكه‌ كار به‌ره‌و كۆتايى ده‌ڕوات. له‌ چاوه‌ڕوانى ده‌ركردنى بڕيارى يه‌كلايى كه‌ره‌وه‌ن له‌ لايه‌ن ژورى بازرگانى جيهانه‌وه‌ كه‌ بڕيار وايه‌ له‌ مانگى تشرینی دووه‌م ده‌ربچێت. ده‌سه‌ڵاتدارانى توركيا پێويسته‌ ملكه‌چى بڕياره‌كه‌ بن،  بڕياره‌كه‌ وا  له‌ حوكه‌تى توركياو كۆمپانياى بۆتاش ده‌كات كه‌ سه‌ر له‌نوێ ڕێنماييه‌كانى حكومه‌تی  عێراق جێ به‌جێ بكه‌ن  سه‌باره‌ت به‌ هه‌نارده‌ كردنى نه‌وتى خاوى عێراق  له‌ ڕێگه‌ى به‌نده‌رى جيهانه‌وه‌و هه‌روه‌ها ئه‌و نه‌وته‌ش كه‌ كۆمپانيا جيهانيه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌رهه‌مى دێنن. پێشبينى ده‌كرێت بڕيارى ژورى بازرگانى جيهانى عێرق ده‌ست كراوه‌ بكات له‌وه‌ى له‌ دانيشتنى داهاتوودا داواى قه‌ره‌بوو بكات.


به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌مريكا له‌ مه‌ترسيدايه‌
هه‌ر ده‌رئه‌‌نجامێكى خراپ لێدانيكى كوشنده‌ ده‌بێت بۆ ئه‌مريكاو هاوپه‌يمانه‌كانى. هه‌ر بڕيارێكى نه‌خوازراو پێوه‌دانێكه‌ له‌ ئه‌ردۆغانى سه‌رۆك كه‌ ئێستا ئابورى وڵاته‌كه‌ى له‌ داڕماندايه‌. له‌ كوردستانى عێراقيش كوردو هاوپشكه‌ بيانيه‌كانيان له‌ بوارى نه‌وت ئاماده‌ى‌ هه‌نارده‌ كردنى نه‌وت نين له‌ ئه‌گه‌رى هه‌بوونى مه‌ترسى و هه‌ڕشه‌ له‌سه‌ريان. ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌ر يه‌ك له‌م دوو وڵاته‌ هه‌نارده‌ كردنى نه‌وت له‌ڕێگه‌ى بۆريه‌وه‌ ڕاگرن ئه‌وا بازاڕى نه‌وتى جيهانى له‌ ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژێكى كه‌مدا نيو مليۆن به‌رميل كورت ده‌هێنێت.

له‌ مانگى نيساندا له‌ ڕێگه‌ى بۆريه‌وه‌ 392 هه‌زار به‌رميل نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان و 86 هه‌زار به‌رميل نه‌وتى شارى كه‌ركوك گواستراوه‌ته‌وه‌. كۆى گشتى ده‌كاته‌ 478 هه‌زار به‌رميل له‌ ڕۆژێكدا. وه‌ستانى ئه‌م بڕه‌ زۆره‌ى نه‌وت له‌ ناكاو به‌ زوويى كاريگه‌رى ده‌بێت به‌ تايبه‌تى به‌م دواييانه‌ كه‌ كه‌مپينى ويلايه‌ته‌ يه‌كگرتوه‌كانى ئه‌مريكا بۆ ڕێگرتن له‌ هه‌نارده‌ كردنى نه‌وتى ئێران گوڕو تينێكى ترى به‌به‌ردا هاتووه‌ وه‌ك كاردانه‌وه‌يه‌ك به‌رامبه‌ر سياسه‌تى ناوخۆيى و به‌رنامه‌ ئه‌تۆميه‌كه‌ى ڕژێمى ئێران. وه‌ستانى هێڵى نه‌وتى نێوان عێراق-توركياو نه‌بوونى نه‌وتى ئێران له‌ بازاڕى نه‌وتى توركياو ناوچه‌ى ده‌رياى ناوه‌ڕاست واتاى بڕينى ئاوه‌ له‌ بنه‌وانه‌وه‌. له‌ ئێستا ئه‌م هێڵه‌ سه‌رچاوه‌ى نه‌وتى خاوه‌ بۆ توركيا،  ته‌نها له‌ مانگى نيساندا به‌ ڕێژه‌ى له‌ %24 كۆى هاورده‌ى توركيا بووه‌. ئێستا له‌ دوو لاوه‌ ڕوسياو ئێران چاوه‌ڕێن تا ببنه‌ جێگره‌وه‌ى نه‌وتى عێراق له‌ بازاڕدا. كه‌ هه‌ر ئه‌م دوو وڵاته‌ سه‌رچاوه‌ى هاورده‌ى له‌ %22 ى نه‌وتى توركيان له‌گه‌ڵ له‌ %73 گازى سروشتى. هيچكام له‌ واشنتۆن و ئه‌ردۆغان نايانه‌وێت توركيا پشت به‌م دوو وڵاته‌ ببه‌سێت بۆ به‌ ده‌ستهێنانى ووزه‌. له‌ ئه‌گه‌رى داخستنى هێڵى نه‌وتى عێراق-توركيا،  ئێران سودمه‌ندى يه‌كه‌م ده‌بێت،  به‌مه‌ش ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ى ناردنى وززه‌ له‌ نێوان خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوادا.

به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌مريكاو عێراق و توركياو حكومه‌تی  هه‌رێمى كوردستان له‌وه‌دايه‌ كه‌ سكاڵاكه‌ى عێراق بوه‌ستێنريت و وكه‌يسه‌كه‌ كۆتايى پێ بهێنرێت. وه‌ هه‌ر يه‌ك له‌ ئه‌مريكاو توركياو هه‌رێمى كوردستان به‌ جيا له‌ هه‌وڵى ڕازى كردنى عێراقن بۆ دواخستنى بڕيارى ژورى بازرگانى جيهانى و هه‌موو هه‌وڵه‌كانيشيان شكستى هێناوه‌. حكومه‌تی  عێراق له‌و بڕوايه‌دايه‌ كه‌ كه‌يسه‌كه‌ ده‌باته‌وه‌و بڕياره‌كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى عێراق ده‌بێت. بۆيه‌ وه‌ستاندنى كه‌يسه‌كه‌ له‌ ڕوى سياسيه‌وه‌ قورس به‌ سه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدیدا ده‌شكێته‌وه‌ كه‌ ئێستا له‌ ژێر گوشارو ڕه‌خنه‌دايه له‌ مه‌ڕ پێدانى به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان بێ ئه‌وه‌ى له‌ به‌رامبه‌ردا هيچ به‌ ده‌ست بێنێت. بۆيه‌ چاوه‌ڕوان ناكرێت به‌ ئاسانى ده‌ستبه‌ردارى ئه‌م كه‌يسه‌ ببێت تا مل به‌ ئه‌نكه‌ره‌ كه‌چ نه‌كات.


عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌ردانى توركيا ده‌كات  
چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ ناوه‌ڕاستى ئه‌م مانگه‌دا عه‌بدولمه‌هدی  سه‌ردانى توركيا بكات و كۆبوونه‌وه‌يه‌كى چاره‌نوسساز ئه‌نجام بدات پێش ده‌رچونى بڕياڕه‌كه‌ كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ مانگى ئه‌یلولی ئه‌مساڵدا يه‌كلايى بكرێته‌وه‌. پێويسته‌ ئه‌مريكا خۆى بۆ ده‌ره‌نجامى كۆبونه‌وه‌كه‌ ئاماده‌ بكات بۆ زاڵ بوون به‌ سه‌ر ئێران و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌و فشاره‌ ناوخۆييه‌ى كه‌ له‌سه‌ريه‌تى. عادل عه‌بدولمه‌هدی  زۆر به‌ وردى و ورياييه‌وه‌ كارى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ كۆبونه‌وه‌ى ئه‌نكه‌ره‌ به‌رهه‌مێكى هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى بيانويه‌ك  بداته‌ ده‌ست ناوخۆى وڵاته‌كه‌ى بۆ وه‌ستاندنى سكاڵاكه‌.

به‌ هۆى چه‌ندين هۆكارى وه‌ك: كڕينى موشه‌كى ئێس 400 له‌ ڕوسياو كێشه‌ى ئه‌منى سه‌رسنور له‌ باكورى سوريا،  له‌ ئێستادا په‌يوه‌نديه‌كانى ئه‌نكه‌ره‌ واشنتۆن هيچ باش نيیه‌. له‌ هه‌ركات سه‌ركرده‌ باڵاكانى هه‌ردوو ولات كۆببنه‌وه‌،  سه‌ركرده‌ ئه‌مريكيه‌كان هۆشيارى ده‌ده‌نه‌ توركيا كه‌ زيره‌كانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ره‌نجامى كه‌يسى داخستنى هێڵى بۆرى نه‌وتى نێوانيان بكه‌ن له‌گه‌ڵ عێراق. نه‌ك ئه‌مريكا خۆى له‌ هه‌وڵدايه‌ به‌ڵكوو له‌ ڕێگه‌ى هاوپه‌يمانه‌ ئه‌وروپيه‌كانيه‌وه‌ ئه‌وانه‌ى كه‌ كه‌مترين تێهه‌ڵپژانيان له‌گه‌ڵ توركيا هه‌يه‌ هه‌وڵ ده‌دات ئه‌م په‌يامه‌ به‌ توركيا بدات. هه‌وڵى زۆرێك له‌ هاوپه‌يمانه‌ ئه‌وروپيه‌كان زياتره‌ له‌ هاريكاریكردنێك، چونكه‌ زۆركه‌ميان ئاره‌زووى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن هه‌رێمى كوردستان بكه‌وێته‌ قه‌يرانه‌وه‌. نايانه‌وێت ڕوسيا به‌هێز تر ببێت، هه‌روه‌ها ناشيانه‌وێت توركيا بخرێته‌ ليستى ڕه‌شه‌وه‌ به‌هۆى ده‌ركردنى بڕيارێكى نێوده‌وڵه‌تى بۆ داخستنى بۆرى نه‌وتى عێراق-توركيا.

له‌ ئێستادا په‌يوه‌ندى نێوان به‌غدا و واشنتۆن له‌ باشيدايه‌،  بۆيه‌ ده‌گونجێت عه‌بدولمه‌هدی  ڕازى بكه‌ن به‌ وازهێنان له‌ سكاڵاكه‌ و له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌مريكا له‌ زۆر بابه‌تى تردا پشتگيرى بكات بۆ نمونه‌ هێزه‌كانى ئه‌مريكا ده‌توانن پشتگيرى عێراق بكه‌ن له‌ ده‌رپه‌ڕاندنى هێزه‌ سه‌ربازيه‌كانى توركيا له‌ به‌عشيقه‌ و چه‌ند شوێنێكى تر كه‌ توركيا له‌ 2015 داگيرى كرد. له‌ ميانه‌ى سه‌ردانه‌كه‌يدا عه‌بدولمه‌هدی  ده‌يه‌وێت ئه‌م بابه‌ته‌ بوروژێنێت به‌ڵام توركيا زۆر سه‌رسه‌ختانه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كات.

واشتنتۆن ده‌توانێت پێشنيارى تر بخاته‌ به‌رده‌م عێراق وه‌ك ڕێگه‌دان به‌ عێراق به‌ كڕينى گازو كاره‌با بۆ ماوه‌ى نۆزده‌ ڕۆژ،  كه‌ ئه‌مه‌ كه‌متر زيان به‌ر به‌رژه‌وه‌نديه‌كانى ئه‌مريكا ده‌گه‌يه‌نێت وه‌ك له‌ ده‌ستدانى وزه‌يه‌كى زۆر له‌ باكوورى عێراق. درێژكردنه‌وه‌ى ئه‌م جۆره‌ ڕێگه‌ پێدانانه‌ى ئه‌مريكا بۆ ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى گازو وزه‌ى ئێران بۆ عێراق له‌به‌رژه‌وندى ئه‌مريكايه‌ چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆى داپۆشينى شكستى ئه‌مريكا له‌ عێراق به‌هۆى كه‌م و كورتى و نه‌بوونى ووزه‌ى پێويست له‌ وه‌رزى هاويندا.  ‌‌